کاتێک پەردە لەسەر چاو و عەقلی سیاسیە ساکارەکان لادەچێت !!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو



ژیانی ئەوڕۆ نە بە چەمکی ڕاست و هەڵە و نە بە چەمکی ئەخلاق و پڕنسیپەکان و ئایدیاڵە باڵاکان بەڕێوەناچێت ، ژیان بە چەمکی هێز و لاوازی بەڕێوەدەچێت…. بە زیرەکی و گەمژەیی….خۆگونجان و داخوران….بۆیە دەبێت مافەکەت بە هێز و زیرەکی و خۆگونجاندن لەگەڵ واقیع وەربگریت .
                                           ئەمبرتۆ ئیکۆ
دوای شکستەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شەڕی لەگەڵ گڕوپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا ، حالەتێکی نیگەرانی و خەم و ناخۆشی سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە ، نیگەرانی لە ئاییندە و ترس و متمانەنەبوون بە داهاتوو ، کە لەبەرچاوی جیهان قڕکردن ڕوودەدات و کورد وەک تۆپێک لە لایەن تاوانباران و خۆپەرست و بەرژەوەندی خواست ، بێڕێگریەکی ئەخلاقی یان ئایینی یان سیستەمێک کە خەڵک بپارێزێت فڕەدەدرێت ، ئەوڕۆ کۆمەڵگەکەمان خاوەن هیچی تر نیە تەنها هاوار و گریان و لەخۆدان و سکاڵا و گلەیی و تاوانبارکردنی کەسانی تر بە پیلانگێڕی لەسەری و ، گوتنەوەی بالۆرەی دیسان خەنجەریان لەپشداین و کورد-یان کردە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان !!
دەبێت ئێمە ئەوەبزانین کە لەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین کێبڕکێیەکی تووند لەسەر نفوز و ، هێز و ، سامان و ، لەسەر شوێن و پێگە و ، وێنەی زهنی و ، لەسەر مێژوو و بنچینەی شارستانی و ، لەسەر ڕۆلە سیاسی و کلتوری و ڕاگەیاندن هەیە ، ئەمە بۆتە بەشێک لەو واقیعەی ئێمە و دزەی کردۆتە سەر هەموو گۆڕەپانەکە ، لە ئابووریەوە بگرە بۆ گەشتوگوزار لە ڕاگەیاندنەوە بۆ سیاسەت لە پڕۆژەی پەرەپێدان بۆ هێمای شوناس ، بۆیە ئەوڕۆ کوردستان لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە زانینی ئەو گۆڕانکاری و ئەو تەحەدیاتانە کە بەرەڕوو دەبنەوە هەیە ، کە ئەمەش بە یەکگرتوویی و هەماهەنگی هەموو لایەک دەکرێت ، چونکە چارەنووسی کورد یەکە ، ئەم قسەیەم لە ئەدەبیاتی ئیدیعای ناسیۆنالیستیی ڕۆمانسیەوە نەهاتووە ، بەڵکە لە تێگەیشتنی کردەیی و ئیدراککردنی بابەتی بۆ سروشتی کوردی-کوردی دەرچووە ، لەنێو جیهانێکی ترسناک و بێزارکەر کە گەڕانەوەیەکی ئاشکرای لۆژیکی دارستانە ، نە قانون ، نە ڕێسا ، نە بەهاکانی حوکمڕانی ، هەتا ئەو نیفاقە ئەخلاقیەش نیە کە ناشیرن جوان بکات ، خۆرئاوا پەردەی لەسەر چاو و عەقلی زۆربەی کەس لابرد ، چاوی سیاسیە ساکارەکان کە ماوەیەکی درێژبوو بڕوایان بە دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و دادپەروەری دەسەڵاتدارێتی و پاراستی کەمینە و نەتەوە لاوازەکان و بەرگریلێکردنیان هەبوو ، دەرچوو ئەمانە تەنها دروشم بوون و دەرکەوت کە سیستەمی جیهانی کە بانگەشەی بۆ بەهاکان دەکرد گۆڕا بۆ سیستەمێک کە ئیعلانی هێز بکات و ، دەرچوو سەرکردە ستەمکارەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەم ستەمکارییەکانیان بەو پەڕی متمانە و ئازادانە زیاتر دەکەن ، چونکە بەڵتەجی جیهانی نوێ مۆڵەتی پێداون و ، ئەگەر فشارێکی زۆر نەبا گەلێک لە سوریا لەبەردەم جیهاندا قڕدەکرا ، پێم وایە هەسەدە لە ئەزموونی حوکمڕانی خۆی دوو هەڵەی گەورەیکرد  :
یەکەم : جێبەجێکردنی تێزێکی چەپگەرا لەسەر خاک ، ئەویش تێزی هەڵەی « برایەتی گەلان » و وەهمی ئایدۆلۆژیای ئێکسپایەری نێونەتەوەیی ئەنتەرناسیۆنال « اڵاممیە العالمیە »ی تێزی عبداللە ئۆجئالان كە لەسەر بنەمای هزری  «  مارکس - لینین - ستالین » وەرگیراوە ، ئەم تێزە چۆتە ناو مێژوو و کەوتووە وەک کەوتنی وەهمی دروشمی « ئەی کرێکارانی جیهان یەکگرن- یا عمال العالم اتحدوا »ی حزبە شیوعیەکان و ئەوان نەشیانتوانی خوێندنەوەیەکی دروستی سروشتی کۆلۆنیالیزمی ئێستا بکەن و خۆیان بگونجێنن و ، لەهەمان کات لە سروشتی جیهانی نوێ بگەن ، دووەم  : بەتەواوی خۆیان کردبووە کیانێکی وەزیفی ڕووت لە سیاقی ستراتیژیەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش و جێهێشتنیان بۆ چارەنوسێکی نادیار ، ئەمە هەرتەنها نائومێدیەکی سیاسی نەبوو ، بەڵکو چرکەساتێکی ڕوون و ئاشکرای سروشتی تەوزیفکردنی دەرەکی بێ گرنتیکردن بوو ، بۆ سەرلەنوێکردنەوەی دیمەنەکە بەپێی بەرژەوەندیە گەورەکە و ، سەئەنجام کورد لە پڕۆسەیەکی فرۆشتنی ئاشکرادا  جێگۆڕکێکرا و فڕێدرایە بەردەم کەمتیارەکان  ، کورد دەبێت بزانێت کە درۆ گەورە تەواوەکە ئاشکرا بوو و پەردەی ئیدیعاکردن دڕا و ، جیهان ناچارکرا کە خۆی لە ئاوێنەدا بێ مکیاژ ببینێت ، دیموکراسیەت نەکەوت لەبەرئەوەی فەشەلی هێنا ، بەڵکو بە بێ ئەخلاقانە بەکارهات ، ئێمە لەناو فەوزادا ناژین ، بەڵکو لەناو نیزامێکدا دەژین کە ئەوە خەریکی دروستبوونە ، نیزامێک بێ بەهایەکی کۆکەرەوە ، بێ قانونێکی حوکمڕانی و ، بێ هیچ وەهمێکی ئاسوودە و ، ئەوەی پێشتر ئەنجامدەدرا بە شەرمەوە بوو ئەوڕۆ بە متمانەوە ئەنجام دەدرێت ، پێشتر پاساو دەهێنرایەوە ئێستا چیتر پێویست بە پاساو ناکات ، مەترسیە گەورەکە لە کەوتنی وەهمەکە نیە ، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە خوو بە ناشیریینیەوە بگرین دوای ئەوەی ئاشکرا بوو و موعتادبین لەسەری وەک موعتادێکی ماددەی هۆشبەر .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی