سەربەخۆیی گەلی کورد و دەوڵەتی کوردستان قەدەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە! بەیانیەک تورک و عەرەب و فارس خەبەریان دەبێتەوە و دەوڵەتێکی کوردی بەتەنیشت خۆیانەوە وەک دیفاکتۆ دەبینن و ناچاریش دەبن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. بەدڵنیاییەوە ئەوە نە خەیاڵە و نە ئامانجێکی بەدەستنەهاتوە و نە خەونێکی گەشبینانەی کوردێکی ناسیۆنالیستیشە.
نەگەیشتنی کورد لەرابردودا بە سەربەخۆیی و شکستخواردنی لە دروستکردنی دەوڵەتێکی نیشتیمانی بۆ خۆی، رەنگە پێش هەر فاکتەرێکی دەرەکی کاریگەری هۆکارە تایبەتی و ناوخۆییەکانی بێت. یەکێکیش لە دیارترین ئەو بەربەستە لۆکاڵیانە سەرهەڵدانی حزبە لە ستراکچەرێکی ڕێکخراوەیی و فیودڵسیاسی ناقۆڵادا کە بەخێرایەکی زۆر شوێنی دەسەڵاتی خێڵ و هۆزەکانی گرتەوە و تارادەیەکی زۆر شیرازە و ئاراستەی گەشەکردنی کۆمەڵگای کوردستانی گۆڕی، بەڵام بەبێ ئەوەی خۆی بتوانێت لە ئاستی ڕێکخستن و بەڕێوەبردن و سەرکردایەتکردندا مێنتاڵتی خێل تێپەڕێنێت، کەچی هەر لەگەڵ دروستبونیدا بەشێکی زۆر لە نۆرم و نەریت و بەها کۆمەڵایەتییە کوردەوارییەکانی ناو خێڵی کاڵ کردەوە.
بەداخەوە حزب لە جیاتی ئەوەی کورد یەکبخات و هێز بداتە دۆزە رەواکەی، کەچی هات دەستی چەپی کرد بە گژ دەستی ڕاستدا و لە ژێر ناونیشانی ئایدۆلۆجیای جیاوازدا و بەناوی ڕەوایەتی و راستی بیروباوەڕی سیاسییەوە پێشمەرگەی دابەشی گروپگەلی چەکدار کرد و تەنانەت دابەزییە ئاستێک کە کۆمەڵگەی کوردستانی لەناو خێڵ و خێزانیشدا دابەش و پەرتەوازە کردو سەرەنجام خەبات و کوردایەتی بە چەندین تایتڵ و فۆڕم و بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی و پەروەردەی سیاسی جیاوازدا بەلاڕێدابرد کە ئاسەواری ئەو دابەشبونەش ئەوەندە قوڵە تەنانەت شۆڕشەکان و ڕاپەڕین و دواتریش دروستکردنی دامەزراوە سیاسییە گرنگ و مێژوییەکانیش نەیانتوانی یەکیبخەنەوە.
ئەگەر کورد لە مێژودا قوربانی جوگرافیا و نادادی دنیا و دوژمنەکانی بوبێت، ئەوا حوکمی مێژوە کە ئەو قوربانییە بە داهاتویەکی شایستەتر بەو گەلە تێکۆشەر و کۆڵنەدەر و نەبەزە قەرەبو بکاتەوە. بێگومان بەمەرجی یەکبونی هێز و ئیرادە و دیسکۆڕسی سیاسی وەکو ماک بۆ سەرهەڵدانی هێز و کارێزمایەکی نیشتیمانی نوێ کە زەمینە و زەمان بۆ ڕێبەرایەتی سەربەخۆیی دروستیکردبێت و تێپەڕی رێبازە کلاسیکەکانی ئێستای کوردایەتی بکات، کە ئەوەش ڕەنگە لەم قۆناغ و دۆخەدا بۆ زۆر کەس وەک ئاستەم و چاوەڕوان نەکراو دەربکەوێت، بەڵام وەک خەسڵەتی ڕۆژهەڵات کە ڕەگەزی موفاجەئە وەک هەورەبروسکە لەناکاو دێت ئاڕاستەکان دەگۆڕێت و خەونە دورەکان لە چرکەساتێکدا دەکات بە ڕاستی، گۆڕان و سەرهەڵدانێکی ئاوا نوێ و رادیکاڵ هیچ بویەر و ئەگەرێکی دور نییە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی