ئەگەر پێناسەیەكی زانستی كوردایەتی پێشبخەین ئەتوانین بڵێین ئەو كۆمەڵگایەیە كەلەگەڵ پەیدابونی هەر لایەكی جەستەیدا لە برسێتی و نەهامەتی و شەڕ و دیلی و لە ناوبردن شەڕی ڕزگاری بكات و خۆی دەربازبكات لەو بیرو هەڵوێستە دۆگماییانەی مۆركی خۆی لە تەواوی زەمەن و پارچەكان داوەو و هەنگاو بەرەو بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی نیشتمانی یاخود بزوتنەوەیەكی ئازادیخوازی گەل بنێت ،بێ دەنگی نیشتمانی بەرپرسیارێتی قورستر ئەكات،بۆیەمانیفۆستۆی شۆڕشی كوردان زیاتر لەوەی چاوەڕوانی لێ دەكرێ پێویستە ڕۆڵی خۆی ببینێت و هێزی خۆی لە دەست نەدات و ئاراستەی گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكان زۆر جیاوازتر بكات ،چون مێژوی گۆڕانكاری هەمیشە وەرچەرخانی مەزنی بونیادە كۆمەڵایەتییەكەیەتی كە هەنگاو بەرەو كوردایەتی بنێت و دروشمی یان كوردایەتی و خاكەكەی یاخود هیچ ببێتە ئەو ئاڵایەی كە هەرگیز دەستی لێ بەرنەدەن و خۆی لە نەخۆشییەكانی بیری تەسكی حیزبی دەربازبكەن و بەشێكی گەورەی بەرگرینامەكانیان بۆ ناسنامەی كورد و گەشتنی بێت بۆ گەلێكی هاوچەرخ و زەمینە كۆمەڵایەتییەكان بكرێ بە كۆتێز و بەرەو پێكهاتەیەكی باڵاتر ببرێت ،
بینینی ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕو ئەدات گرنگە،بینینێك كە تەنها كوێرەی تەماشاكار نەبێت ،چون یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری و هێزە ئیمپریالیستییەكان ڕەش كردنەوەو سەركوتكردنی ڕاستییە مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكانە لەژێرسامی ئاینگەرایی كەوایان پیشان ئەدات كە مرۆڤ نابیت ببێتە ناوكی پۆڵایینی بەرەی ڕزگاری نەتەوەیی ،ئەوەی لە ڕۆژئاوا ئەگوزەرێ هەست كردن و تێگەشتنە لەوەی كە كوردان بونەتە قوربانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ،دەركەوت ئەو هێزی بەرخودانەی یەكگرتویی نێو خۆت پێت ئەبەخشێت هیچ لایەن و دەوڵتێكی دیكە ناتوانێت پێشكەشت بكات ، ساڵانێكە ڕۆژئاوای كوردستان و پارچەیەكی جەستەی نیشتمانی كوردان دوچاری نكوڵیكردن و قەدەغەكارییەكی ڕەها هاتوە لە ڕێگای كردەوە سنور نەناسەكانی ئاسیمیلاسیۆنەوە هەوڵی تەواوكردنی ئەم بەشەی كوردستان ئەدرێت ،ئەو قۆناغەی كوردانی ڕۆژئاوا بە خۆوە ئەیبینێ هەڵگرتنی خەمی هەمو پارچەكانی دیكەیە، بۆیە كاتی ئەوەیە كە بە كوردی بیر بكەینەوە و كەمتر بە لۆژیكی حیزبی بیر بكەینەوە چونكە هەڵگری بیری كوردایەتی گرنگییەكی زۆر گەورەی هەیە،
بیری تەسكی حیزبی ساڵانێكی زۆرە بەزركراوەتەوەو پێویستی بە ڕوخاندنە ئەمەش ئەو دیوارە سامناكەیە مسۆگەر پێویستە چیدیكە بڕوخێندرێ و ئامانجی هەموان ڕەوتی بەرەو یەك بون بێت ،چون تەنهایەك گرتن مەیلی تەواوكاری ومەیلی تێپەڕكردنی كەم و كورتییە ،هیچ نەتەوەیەك نابینرێ بە دڵخوازی یان بە زۆر وازی لە نەتەوەكەی خۆی هێنابێت ،ئایا گەلان و دەوڵەتانی دیكە دەستبەرداری نەتەوەی خۆیان ئەبن ؟نەخێر نابن. بەم هۆكارەیە فیكری نەتەوەیی پێویستی بە پشتبەستی بەهێزی جەوهەری خۆی هەیە،بۆیە خۆ پێكهێنان و پێگەیاندن خاوەندارێتی كردن لەنێو خۆمان زیاتر لە بون بە خاوەن ناسنامەمان ئەبات .
ئێستای ڕۆژئاوای كوردستان لەنێو گوشەر بەرداشی هێزە دوژمنكارەكانی كوردایە،بێگومان كردەوەیەكی لەم چەشنە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا جێگای نییە كە ناهێڵێت گەلێكی بەرخۆدێر و خاوەن ڕەهەندی ئازادی و مرۆیی تەنانەت بە ئۆتۆنۆمیش بگات ،هێشتا ئێش و زیانی شەڕی بەرەنگاری تیرۆر لەلایەن كوردانی ڕۆژئاوا ساڕێژ نەبوە بە ئومێدی گەشتن و بون بەرەوچارەسەرییەك لەژێر چەتری هاوپەیمانان ،بەڵام ڕونە لە سیستەمی سەرمایەداری و ئیمپریالیستی دەرفەتەكان بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان لێك ئەدەنەوەو ئامانجی یەكەم وكۆتاییان بەهای مادییە نەوەك مرۆیی و دیموكراسی ،ئەوەی ڕو ئەدات بازاڕێكی هاوبەشی ئیمپریالیستییەكان و زلهێزەكانە ،ئێستا هاوزمان و نەتەوەكەمان. لە ڕۆژئاوا لەژێر سایەی زلهێز و وڵاتە هەرێمە دژبەرەكانی وەك توركیا مانەوەیان كەوتۆتە ژێر فشار و لەناوبردن و نكوڵیكردنێكی لە جاران خراپتر و بەرفراوانترین تیرۆری میللیگەرایی و نەتەوەیی .
هەڵوێستی ئاكاری هەموان شۆڕشێكی زەینی و فیكرییە لە لوتكەدا،دۆزینەوەیەكی گەورەو كارابونێكی بەهێزە كە سەرجەم كۆمەڵان لەدەوری كوردبون كۆ ئەكاتەوە چون ناسنامەی نەتەوەیی بۆ هەر تاكێك گرنگە ،ئێمە نابێت بیانی بین بیانیبون دابڕانە لە حەقیقەت و خۆكردنە بە ئەنكیدۆیەك ،ئاكاری بونی ئێمە هێزی ژیانە بۆ خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا ،لە هەمان كاتدا خۆ ئازادكردنیشە لەهەر پێشهات و ڕوداوگەلێكی نەخوازراو كە بەسەر گەلی باشوردا دێت !تێگەی دیاریش هەربەم شێوەیە، كە ڕێگری لە بە كۆڵۆنیكردنی كوردستان بگیرێ .
دانایی پەیوەندی بە هۆشیارییەوە هەیە و ناودێركردنێكە كە پەیوەندی بە ئاست و توانستەوە هەیە،بۆیە ئەم هەڵوێستە تۆكمەترین هەڵوێستە كە چیدیكە كوردایەتی بۆ هەموان ببێتە دەرەتانێك كە ئەو خاكەی تیایدا ئەژین كوردایەتی تێیدا تێك نەچوەو هێشتا هزری نەتەوەبون لە گەشەدایە،ئەمەیە بەهێزترین هەلی گەشتن بە ئامانجەكان وبۆیە ئیتر كاتێتی بگەڕێینەوە بۆ ئەو شوێنەی حەقیقەتمان لێ بزركردوە و هەموان پێكەوە هەوڵ بدەین كە كار و خەباتمان بكەینە وزەیەكی كۆ و هاوبەش لە سیستەمێكدا و بیسەلمێنن كە ئێمە بونیادی نەتەوەیەكین تا مرۆڤایەتی هەبێت تەواو نابین .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی