مەلای کورد کاریگەرانە بەشدارە لە ڕاچڵەکاندنی نەتەوەی کورد
بەهۆی لەشکرکێشیی سوپای عەرەبی سوریا، بۆ سەر هەسەدە، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی فورات، کە بە پشتیوانی و هاوکاریی توورکیا، قەتەر، سعودیە و بە ڕەزامەندی و دەست لەپشتدانی ئەمریکا، بێ هەڵویستیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە سەرکزی و ناڕۆشنیی هەڵویستی ئیسرائیل ئەنجامدرا؛ بووژانەوەیەکی هەست و هۆش و ناخ و ویژدانی نەتەوەیی، لە ئاستێکی میللی و جەماوەریی بەرفراوان، لە هەموو پارچەکانی کوردستان و هاوکات لە ناو ڕەوەندی کورد لە ڕۆژئاوا دروستکرد، بگرە گەیشتە ئاستی سەرنجڕاکێشان و دروستکردنی کاریگەریی، لەسەر نەتەوە و ئایین و کۆمەڵگای تر لە دەرەوەی کوردستان، بە چەشنێک لە ناو ئەوانیشدا؛ هاوسۆزی و لایەنگریەکی بەرچاو؛ بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا بەدیئەکرێت.
ئەم خرۆشانەی هاوڵاتیان، زیاتر خەسڵەتی ڕاچڵەکینی نەتەوەیی لەخۆگرتووە، بە چڕی شەقام و میدیا و سۆشیال میدیای تەنیوە و بووەتە دروستبوونی هەژانێکی گەورە و ڕژانی پێکەوەی فرمێسکی خەم و شادی.
١- ئەردۆگان و ئەحمەد شەرع کەوتنە بەر نەفرەتی مەلای کورد !
یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەم ڕاچڵەکینە نەتەوەییە، بریتیە لە هەڵوێستی جوامێری و مرۆیی و پێشەنگیی بەشێکی بەرچاو، لە زانایان، مەلایانی ئیسلام، ئەهلی مزگەوت، تەکێ و خانەقا و پەیڕەوانی تەریقەتی سۆفیگەری؛ لە بەرگریکردن و نواندنی هەڵوێستی نەتەوەیی و ئایینیی پڕ شکۆ، ئەویش لەسۆنگەی خۆشەویستیی نەتەوە و لەچوارچێوەی بەکارهێنانی ئایین، بۆ خزمەتی نەتەوە موسوڵمانە ستەملێکراوەکەی؛ لە دژی ئەو هێرشە سەربازیانەی سوپاکەی شەرع، کە بە بەکارهێنانی دەمامکی ئایینی ئیسلام جێبەجێی ئەکات.
جێی ئاماژەیە وەزیری ئەوقاف لە دیمەشق، ڕۆژی (١٨/١/٢٠٢٦)؛ بە پەخشنامەیەکی ئاراستەکراو، کە بۆ پێشنوێژی مزگەوتەکانی سوریای ناردوە؛ تیایدا شەڕ لە دژی هەسەدە و کورد؛ بە فتوحاتی ئیسلامی لەقەڵەمئەدات.
هاوکات لە دەرەوەی سووریا، شەرع پشتگیریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئیخوان موسلمین و یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمانی مسۆگەر کردوە؛ بەتایبەتی ڕێکخراوی دووەم، کە شاندێکیان بۆ پیرۆزبایی و پشتیوانیلێکردن؛ سەردانی شەرعیان کرد و کەوتنە پیاهەڵدان پیایدا و ناساندنی بە سەرکردەیەکی شایستە و بلیمەت و پیاوی قۆناغەکە سەختەکە!
ئەتوانین هەڵوێستی زانایان و مەلا و کەسایەتیە ئیسلامیەکانی کوردستان، لەسەر هێرشی سوپای سوریا، بە هاوکاری تورکیا، بۆ سەر هەسەدە و کوردەکان، بەم جۆرە پۆڵین بکەین:
آ/ هەڵوێستی بەرگریی نەتەوەیی : بریتیە لە هەڵویستی بەشێکی زۆرینە، لە زانا و مەلا و پێشنوێژ و وتاربێژ و بانگخوازی ئیسلامیی کوردی، کە بوونە بەشێکی کاریگەر و داینەمۆ، بۆ گەشانەوەی ژیلەمۆی ئەو ڕاچڵەکینە نەتەوەییە.
ئەم بەشە توانیان بە هەڵوێست و پەیام و کردارەکانیان، خۆیان سەرفراز بکەن و ناو و ناوبانگ و شکۆیان زیاتر هەڵبکشێنن و سەری بەرزیان؛ بە مێزەرە سپیە شەکاوەکانیانەوە بپارێزن، بەتایبەتی کە بەهۆی ئەم سەروەریە گەورەیەوە، زیاتر چوونە ناو دڵ و دەروون و ناخی نەتەوەکەیان و بوونە خاوەنی متمانە و پایە و سەنگ و ڕێزی زۆر زیاتر؛ لە ئەوانی تر، کە پێچەوانەی هەڵوێستی ئەمانیان گرتۆتەبەر!
ئەم هەڵوێستە ناوازەیەی زانایان و مەلاکان و ...هتد، لەم قۆناغەدا زۆر پێویست و گرنگ بوو، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی یەکێتیی جیهانیی زانایان و ئیخوان لەسەر کۆمەڵگای موسوڵمانی کوردی؛ چونکە ئەوان لایەنگریی ئەردۆگان و شەرعن؛ لەم هێرشە سەربازیەدا.
ب/ هەڵوێستی پشتیوانیی لە ئەردۆگان و ئەحمەد شەرع : ئەم بەشە ڕێژەکەی کەمایەتیە و بریتیە لە ژمارەیەک کەسایەتی ئیسلامیی ئەژمارکراو لەسەر ئیسلامی سیاسی و بەشێک لە سەرکردە و مەلای کادیر و ئەندام، لە ناو ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی، شانبەشانی تاکە تاکەیەک، لە بانگخوازانی سەلەفیست و سەلەفیزمی جیهادی، هەروەها بریتیە لە هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی جیهانیی زانایان لە کوردستان.
پەیڕەوکەرانی ئەم هەڵوێستە، بە توندی لە میدیا، لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا، لە خۆنیشاندانەکان، لە ناو شەقامی خرۆشاو، لە ناو مزگەوتەکاندا و لە کاتی وتاری هەینیدا؛ بە توندی ڕووبەڕووی ڕەخنە و تووڕەیی هاوڵاتیان و نوێژخوێنان بوونەتەوە و هەندێکیان بە ناچاری، بە هەڵوێستەکانیاندا چوونەتەوە و لەسەر بنەمای نە شیش بسووتێت، نە کەباب؛ پەیام و لێدوانی تازەیان بڵاوکردەوە!
ج/ هەڵوێستی کەڕەی شەربەت : ئەم بەشە ڕێژەکەی کەمترە؛ لە هەڵویستی یەکەم، بریتین لەوانەی کە دەستیان بە کڵاوەکانی خۆیانەوە گرتووە، یان خۆیان کەڕ و نادیدە و بێ ئاگا کردوە، لە دەربڕینی هەڵوێست و پەیام؛ لەسەر ئەو شەڕە لە دژی کورد؛ بە چەشنی کەڕەی شەربەتفرۆشی دەستگێڕ لە سلێمانی، کە لە کاتی فرۆشتنی شەربەتدا و بۆ گێڕانەوەی باقی پارەی شەربەتخۆرەوەکان، خۆی گێل ئەکرد!
پەیڕەوکەرانی ئەم هەڵوێستە، بەتایبەتی لە ناو مزگەوت و لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری هەینیدا؛ ڕووبەڕووی فشار و گووشار و داواکاریی هاوڵاتیان ئەبنەوە، بۆ داکۆکیکردن لە کوردەکانی ڕۆژئاوا، هەندێکیان ئامادە نەبوون و تووشی گرژی بوون لەگەڵ هاوڵاتیان، بە هەمان شێوە هەندێکیان بە ناچاری، بە هەڵوێستەکانیاندا چوونەوە و لەسەر بنەمای نە شیش بسووتێت، نە کەباب؛ لە وتاری هەینیدا، یان لە سۆشیال میدیادا، بە شەرمنانە، یان بە یاریکردن بە ئیدیۆم و وشەکان؛ کاریان بۆ خاوکردنەوەی ئەو گوشار و فشارە کرد، کە لەسەریان دروستبووە.
٢- یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمان و ئاراستەی کار !
ئەم ڕێکخراوە لەبنەڕەتدا بریتیە لە ڕووکار و دەمامکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئیخوان، لە ناو توێژی زانا و خاوەن بڕوانامەی ئیسلامی و مەلای موسوڵمان، لقی لە دەیان وڵاتانی ئیسلامی و لە ناو ڕەوەندی موسوڵمانان لە جیهاندا هەیە و خاوەنی هەزاران هەزار ئەندامە؛ بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بارەگای سەرەکی لە دۆحەی پایتەختی قەتەرە و لە ئێستادا هاوخوێنێکمان سەرۆکێتی!
ئەم ڕێکخراوە سروشت و میکانیزمی کارکردنی بەجۆرێکە؛ ئەندامەکانی لە لقەکاندا، ئەبێت، بەگوێرەی ڕێنمایی و ئاراستە سەرەکیەکانی ڕێکخراوەکە؛ کاری بانگەواز و وتار و لێدوان و دەربڕینی هەڵوێست پەیڕەو بکەن؛ کە بۆیان شۆڕکراوەتەوە؛ بە هەمان شێوە ئەبێت کار بە ناوەرۆکی ئەو فەتوا و بەیاننامە و ڕوونکردنەوە فەرمیانە بکەن، کە سەرۆکایەتیی ڕێکخراوەکە؛ بڵاوی ئەکاتەوە، یان بۆی شۆڕکردونەتەوە، واتە ڕێیپێدراو نین دژ و پێچەوانەی فەتوا و ئەدەبیات و هێڵی گشتیی کارکردن و ناوەرۆکی بەیاننامە و بڵاوکراوەکان، هەڵوێستی جیاواز دەرببڕن.
ئەردۆگان و میری قەتەر؛ کە خاوەنی بڕیار و هەژموونن، بەسەر ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئیخوان و یەکێتیی جیهانیی زانایان؛ لە سەرەتای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و لە سەرەتای (٢٠١١)ەوە و یەکەمجار لە میسرەوە، هەوڵی بەکارهێنان و ئاراستەکردنی پارت و ڕێکخراوەکانی ئیخوان و هێزەکانی تری ئیسلامی سیاسی و ڕەوتی سەلەفیستی جیهادیی پابەند و وابەستە بە خۆیان داوە، بۆ ئامانجی خزمەتکردنی سیاسەت و بەرژەوەندی و دەستتێوەردان و پەلهاویشتنی پێگە و هەژموونی خۆیان لە وڵاتان.
٣- زانا و مەلا و ئیسلامی سیاسی
ئەگەر زانا و مەلای ئیسلام، سەربەخۆ و ئازاد بن و دووربن لە کاریگەری و وابەستەیی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و خۆیان بەدوور بگرن، لە پاشکۆیەتی و درک بە ڕۆڵ و پێگە و ئەرکە ڕاستەقینەکەیان بکەن و بێلایەنانە؛ خۆیان بە جیاوازتر بزانن لە ئیسلامی سیاسی و ئیسلام دوور بخەنەوە لە بەکارهێنان بۆ خزمەتی ئامانجی سیاسی، ئەوا بە دەنگێکی دلێر، ئەتوانن بەرگریی لە نەتەوەکەیان و لەکێشە و ماف و داواکاریە ڕەواکانیان بکەن؛ بەوە لە ناو کۆمەڵگادا زیاتر خۆشەویست و ڕێزلێگیراو و پایەدار و کاریگەر و سەنگین ئەبن، هاوکات ئەتوانن دوور لە هەموو گەڕانەوە و پابەندیەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی، زیاتر خزمەتی ئیسلام بکەن، ئەگەر بەم ئاراستەیە کاریان کرد، ئەوا هاوڵاتیانیش زیاتر متمانەیان پێئەکەن.
زانا و مەلا و بانگخوازی خۆتەرخانکردوو بۆ ئیسلام، ئەبێت خۆیان لە دەرەوەی ململانێی سیاسیی نێوان پارتە سیاسیەکان ببیننەوە، خۆیان بەدوور بگرن لە ئینتیمای هەموو هێز و پارتە سیاسیەکان، بە پارتە سیکۆلاریستەکانیشەوە؛ چونکە ئەزموونەکان چ لە کوردستان، چ لە دەرەوە دەریانخست؛ ئیسلامی سیاسی هێزێکی سیاسیە؛ وەکو هەموو هێزە سیاسیەکانی تر، نەک هێزی ڕاستەقینەی ئایینی ئیسلام، چونکە بە پراکتیکیش دەرکەوت کە ئیسلام و خودی ئیسلامی سیاسی؛ کراونەتە میکانیزمی گەیشتن بە خواست و بەرژەوەندیە تایبەتیە دنیاییەکان، نەک ئامانجە ئایینییەکان، دەیان و سەدان بەڵگە و نموونە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە لەبەردەستن؛ بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی کە چۆن ئایینی ئیسلام، خراوەتە خزمەتی ئامانج و بەرژەوەندیی مادی و دنیایی بەشێکی بەرچاو، لە سەرکردەکانی هێڵی یەکەم و خێزان و بنەماڵەکانیان، لە ناو ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم !
ئەوان بەدەر لە ڕۆڵ و ئەرکی ئایینی، پێویستە لە کاتی ڕووداوە چارەنووسسازەکان و لە پێشهاتە مەترسیدارەکان و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی نەتەوەکەیان؛ بەرانبەر بە پەلامار و دەستدرێژی و ستەمی دوژمنەکان، هەروەها لە کاتی سەرهەڵدانی قەیران و کێشەکاندا؛ وەکو پێشەنگ و داینەمۆ، بێنە مەیدان بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندیە باڵاکان.
٤- هیچ پاڵێوراوێکی مەلای سیاسی دەرناچێت !
لەکۆتاییدا ئەوە بە بیری زانایان و مەلایانی ئیسلامی ئەهێنمەوە؛ ئەگەر ئێوە ببنە سیاسی و کاری سیاسی بۆ ئیسلامی سیاسی بکەن؛ ئەوا چارەنووستان وەکو هەموو ئەو مەلا و بانگخوازە ئیسلامیانە ئەبێت، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عێراقدا، خۆیان پاڵاوت بۆ ئەندامی پەرلەمان و هیچیان دەرنەچوون، ئەمەش ئەو ڕاستیە دووپات ئەکاتەوە؛ چیتر کۆمەڵگای کوردی؛ ئامادە نیە متمانەی دەنگەکانی بداتە پاڵێوراوی زانا و مەلای ئیسلامی سیاسی؛ لەبەرئەوەی ساغبووەوە، ئەو پاڵێوراوانە؛ نوێنەری هێزی سیاسین، نەک خۆتەرخانکردوو بۆ خزمەتی ئیسلام.
لە بەرامبەردا و بەپێچەوانەوە؛ ئێوەی خەمخۆر و داکۆکیکەری نەتەوە ستەملێکراوەکەتان، کە زۆر کات هەوڵدراوە لە بەرامبەر بڕێک پاداشت و هەندێک ئیمتیازاتی تر، ڕاتانبکێشن و بەکارتان بهێنن بۆ دژایەتیی خەباتی نەتەوەکەتان؛ لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بێت؛ بەڵام ئێوە سەری بەرزتان نەوی نەکردوە و پشتتان نەکردۆتە نەتەوەکەتان؛ ڕەتتان کردۆتەوە و بەنەفرەتتان کردون؛ دەرەنجام کۆمەڵگا وەکو سیمبول تێتان ئەڕوانێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی