لە بەردەم قەڵا لە كۆبونەوەیەكی جەماوەریدا مەلایەكی گەنجی كورد ، وتی ئەوان دەمانكوژن ، ئێمەش دەیانتۆپێنین ، یەكی دی گوتی ئەوەی بە ئەڵاهو ئەكبەر دەمكوژێ بە هەمان پەیام دەیكوژم ، مەلا مەسعودی كانی كوردە وەك چۆن عەبدوڵا پەشێو دەیگوت قڕمان دەكەن قوڕتان بە سەر ، ئەویش وا دەڵێت ، ئەوە یەكەمجارە مەلای كورد بەو جۆرە تەڤلی ڕاپەڕین بێت ، ئەمە دركی مەلای كوردە بەو هەڕەشەو مەترسیە گەورەیەی لە سەركوردە لە هەموو كوردستان ، ئێستا ئیتر مەلای كورد دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕاستە ڕێی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری كۆیی و قانعی شاعیرو هەموو ئەو مەلایانەی كورد ، مرۆڤی كورد ، ئاینی كوردی هیچ بە كەمتر لە عەرەب و تورك و فارس و مرۆڤی ئەو نەتەوانەو ئاینی ئەو نەتەوانە بە كەمتر نازانن، زمانی كوردی ، دیرۆكی كوردی ، هونەرو چاندو ئەدەبی كوردی ، ئاهەنگ و دیلانێی كوردی هەموو ئەوانە تایبەت مەندی و جوانی كوردن ناكرێت بە ناوی دین ، یان هەر ناوێكی ترەوە پەلامار بدرێن ، قانعی شاعیر زۆر سەرتر دەچێت و دەڵێت "دەبێت مەڕنەموك بە زمانی كوردی بدا تەڵقینم " گەر نا .
مەلای كورد دەبێت بگاتە ئەو ڕاستیە فەتواكەی وەزارەتی ئەوقافی سوریای داعش ، فەتواكەی عەلی حەسەن مەجید بۆ ئەنفالی كورد ، دەكرێت وەك دوو فەتوای عەرەبی ئاینی و عەرەبی عەلمانی تەمەشا بكرێن و ئەوان چاك و خراپیان ، دەوڵەت و سەرانی ئەوان ئاوا سەیر كورد دەكەن ، بەردەوام پەروەردەی نەوەكانیشیان دەكەن ئاوا سەیر كورد بكەن ، ئەمە بۆ تورك و تاڕادەیەكی زۆریش بۆ فارسیش وەسایە، بۆیە مەلای كورد دەبێت هەر ئەوە بكات كە ئێستا دەیكات ، پێویستە سەرجەم مەلای كورد ، ڕوون و ڕەوان پەیامی كورد بوونی خۆیان لە ڕێی دكتۆر عەلی قەرەداخیەوە بۆ یەكێتی زانایانی ئیلامی جیهانی ، دەوڵەتمەدارانی عەرەب و تورك و فارس بنێرن و بڵێن " هەركەس ستەممان لێبكات بە هەمان جۆر ستەمی لێدەكەینەوە" هەرچەند كورد هەرگیز ژن و منداڵ و بە تەمەن ناكوژێت ، ئەو تەنانەت دیلیش ناكوژێت وەك ئەوەی نەوەكانی مەغۆل و پێپەتیەكان دەیكەن ، مەلای كورد دەبێت مەزهەبی جیاوازی خۆی ، شافعی بوونەكەی ، داب و نەریت و زمان و كەلتوری جیاوازی خۆی بۆ سەربەخۆی گەلەكەی بخاتە گەڕو بەوانی دیكە بڵێت ئێمە لە ئێوە جیاوازین ، مەزهەبمان ، موسوڵمان بوونمان ، كوردبوونمان جیاوازە، دوو مەلی جیاوازین مەلی ئێمە بۆ ئازادی دەخوێنێ و مەلی ئێوە گۆشتی مرۆڤ دەخوات .
ئەمەی ئێستا ڕاپەڕین و ڕاچەنینی مەلای كوردە ، دۆزینەوەی ڕێگا ڕاستەكەیە، ئەو ڕێگە راستەی كە ئێمەش هیچمان لە وانی تر كەمتر نیەو بگرە بە ئاكار تر ، موسوڵمانتر ، دیموكراسی ترو لێبوردە ترین ، مەلای كورد دەبێت ڕون وڕەوان ئەو راستیەبە جیهانی ئیلامی بڵێت " مرۆڤبوون ، كورد بوون ، موسوڵمان بوون ، ئازادی و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی ، دەبێت پێش ئەو دیموكراتی گەلانە بكەوێت كە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین و دوژمنەكانمان دەمانكوژن ، مەلای كورد وەك مەلای عەرەب و تورك پێویستە پشتگیری هەر هەوڵێكی سەرانی ڕاستگۆو بە ڕومەتی كورد بكات كە بیانەوێت چوار چێوەیەك بۆ كورد دروست بكەن ، بۆ ئەوە پەیوەندی كردن بە ئیسرائیل و دینی ئیبراهیمی و هەر كەسێكەوە نەكفرە نەهێڵی سور.
ناكرێت مەلای كورد خۆی لە مەلای عەرەب و تورك و فارس بە مەكتر بزانێ ، ئەوانی پێ زاناترو خوێنەوار تر بێت ، دوای پەیامی ئەوان بكەوێت و ئاگای لە ئێش و ئازاری میلەتەكەی نەبێت ، یان نەیەوێت ئاگای لێبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی