لەنێو جیهانێکدا کە بۆتە دارستانێکی دڕندەکان کە هێزە تەماحکار و چاوچنۆکەکان تێیدا زاڵە ، هێرشی دڕندانەی گڕوپە چەکدارەکانی سوریا بۆسەر پارچەیەکی شیرینی کوردستان لەو وڵاتە ئەنجامدرا ، کە هەموو کوردستانیانی وەئاگا هێنا و هاتنە دەنگ و ، هەستیان بەوەکرد کە ئەوە مەترسیەک لە ئارادایە کە هەڕەشە لە خاک و شوناس- کوردان دەکات و ، لەو چرکەساتەدا بیرۆکەی « ئێمە » پێشخرا و نیشتیمان بووە قەلغانێکی بە نرخ و بە کۆمەڵ و ، ئەو ترسە دەرەکیە نیشتیمانپەروەرییەکی بەرز و بڵندی لای هەمووان دروستکرد و ، ڕاستگۆیانە کوردبوون هەڵبژێردرا و بەویژدانەوە نەهيڵدرا ئەو پارچە ئازیزە بکەوێت لەو سەردەمی ئەخلاقیاتی زیرەکی دەستکرددا کە ئەوەی پەیوەستە بە ساختەکاری قووڵ و دزینی بیرۆکە و کێشە ئەخلاقیەکانی کە پەیوەستە بە جەستەی مرۆیی یان ڕەفتارە قێزەوەنەکان و بێئاگابوون لەوەی کە تاوان لەو پارچەیە لە ڕێگەی زیرەکی دەستکرد و کارئاسانی بۆ گڕوپە چەکدارەکان دەکران و ، ویستیان ڕۆژئاڤا لە مەزادێکی کەوتنی ئەخلاقیدا بیفرۆشن ، بەڵام خەنجەر لەپشدان بووە مایەی خۆڕاگری و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنی پەیوەندیەکان و فورسەتێک بۆ خۆبەهێزکردن و هەڵسانەوە بە ڕێسای جیاواز ، ناپاکی ئازارێکی بە سۆ بوو بەڵام لەهەمان کات بووەمایەی گەشەکردن و تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ خوود و ئەوانی تر ، کوردستانی سوریا ڕای گشتی کوردی کردە یەک و کاریگەری لەسەر وەستانی شەڕ هەبوو و ئەمە بووە بەرەنگاریەکی میللی و نەیانهێشت ئەو پیلانە نامەردانەیە کە هەڕەشە بوو بۆ سەر هەموو کوردستان سەربگرێت ، ئەوەی زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا بەشداریکردنی نەوەی نوێ بەتایبەتی نەوەی ( Z ) بوو لە خۆپشاندانەکاندا و وامدەزانی ئەو نەوەیەی ناو تەکنۆلۆژیای نوێ و ئەنتەرنێت شوناسێکی سنوور بڕیان هەیە و پەیوەندیان بە شوناسی کوردەوە پچڕاوە بەڵام بەجۆش و خرۆشەوە هاتنە مەیدان و ئاڵای کوردبوونیان هەڵگرت…..دەیان وڵات و قەوارە هەن لەسەر نەخشە مەحو بوون و نەمان نەک لەبەر شکست و نوچدانی سوپاکەی ، بەڵکو لەبەر شکست و نوچدانی هۆشیاریەکەی و پەرشوبڵاوی بڕیارەکانی بوو ، نموونەی جوانی یەکبوونی کوردان لە هەموو پارچەکان و وڵاتانی جیهان بۆ پشتگیریکردنی کوردانی ڕۆژئاوا و بەرزکردنەوەی ئاڵآی کوردستان شایەتی مانەوەی ئەو هۆشیاریەن کە دەیسەلمێنێت کە هێشتا مەناعەی ناوخۆی کورد ئامادەیە و ئەم چیڕۆکە درێژە بۆتە کلتوورێک کە بەدرێژایی مێژوو دوژمن و ناحەز دەیانویست کوردستان بڕفێنن نەیاتوانی ئەمە بکەن ، چونکە خەڵکەکەی پرسیاری ڕاستیان لەکاتی ڕاستدا دەخستەڕوو ، لەڕاستیدا هیچ شتێک لەدوای هیچ شتێکەوە نایەت و ، هەموو ڕووداوێک لە مێژووەکەماندا هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە پەنجەمۆری خۆی لەسەر ( تۆ کێی ؟ لەبەرچی تۆ کێی ؟ ) و لەبەرچی هەستیاریەکەت بە کۆمەڵگە بچووک و گەورە دروستبووە ، کەواتە کوردبوون کۆمەڵێک لە بەها و بیر و هزر و مومارەساتە کە تەرجەمەی کینونەکەی و ئەو کۆمەڵگەیەی دەوری داوە دەکات و بۆتە وێنەیەکی زهنی ئەو و ، ئەو هەستە زگماکیەیە بەرانبەر بە خاک کە شوناس و ئینیماکەی پێکهێناوە ، خاک و نیشتیمانێک کە هەر تەنها خۆڵ نیە ، بەڵکو هەستە و وەکو دایکە بۆی دەترسێین ، لەوانەیە لێی تووڕەبین ، بەڵام موستەحیلە بیگۆڕینەوە ، دەشێت لەو نیشتیمانەدا لەسەر هەندێک شت جیابین و ئازاربخۆین و ڕەخنە و گللەیی بکەین ، بەڵام مەحاڵە ناپاکی لەگەڵ بکەین یان هەتا بەقسەی تووند بیوڕوشێنین ، ڕەخنە بگرە دەنگت تا بڕ دەکات هەڵبڕە ، بەڵام ڕەخنەکەت مەکە بە ڕقلێبوونێکی نیشتیمان ، چونکە نیشتیمان تەڕەفێک نیە لە ناکۆکی و نەیاریی ، هەموومان ڕاستگۆ بووین لەگەڵ نیشتیمان بەڕاستگۆیی لەگەڵی ئاخفتین و بە ویژدانەوە هەڵمانستاندەوە و دەبێت هەمیشە لە ئامادەیی دابین بۆی .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی