ئێران و ئەمریکا، ئاشتی و ئاشووب

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

وەک دۆناڵد ترەمپ دەڵێت "ئێرانییەکان، رێککەوتنیان دەوێت"، بەڵام لە راستیدا ئەوەی ئەمریکا داوای دەکات رێککەوتن نییە، بەڵکو داوای تەسلیمبوون لە ئێران دەکات، هەوڵی تێکشکاندن و ئاواکردنی خۆری ئێران دەدات لە رێگەی مێزی گفتوگۆوە، دەیەوێت ئێران بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە نەک پێشکەوتنی ئێستا.
رێککەوتنی ئەم دوو وڵاتە، بۆ ئەمریکا دەستکەوتی تێدانییە (ئەگەر ئێران وەک وڵاتێکی سیاسی و سەربازی گەورە بمێنێتەوە)، رێککەوتن بۆ ئێران بەردەوامیی سیاسەتی نەرمی لەسەرخۆ جوڵەکردنە، هەر ئەوەش بۆ ئەو باشە کە ئاشتی هەڵبژێرێت. ئەگەر ئێران بچێتە جەنگەوە ئەوا هەرچی بەرهەمهێناوە پێشتر، لەشەڕ و ململانێی ئەمریکادا دەیدۆڕێنێت، بۆیە ئێران زۆر پێی باشە و پێی خۆشە لەگەڵ بچوکترین لێپرسراوی ئەمریکییدا کۆببێتەوە و ناوی لێبنێت "گفتوگۆ لەپێناو ئاشتی"، چونکە بۆ ئێران پرسی ئاشتی هێندەی 400 کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو بەسوودە بۆ ئێران.
لەسەرداوای ئێرانییەکان شوێنی کۆبوونەوەی عێراقچی و ویتکۆف لە ئەستەنبوڵەوە خرایە مەسقەت، ئێران زیرەکبوو لەم یارییە، ترسا لەوەی تورکەکان خاڵێک بۆ دەسپێکی خراپ دابنێن، نادڵنیایی ئێرانییەکان لەگواستنەوەی شوێنی دیدارەکە، تورکیا بوو نەک ئەمریکا. چونکە بەنەزەری ئێرانییەکان، تورکیا و ئەمریکا جددی نین بۆ ئاشتی و ئەوان ئاشووبیان دەوێت، تا هێڵی شیعی کەرت بکەن و هێڵی سوننی جێی بگرێتەوە.
ئەگەر دیداری پزیشکیان و ترەمپ بێتە ئاراوە،  ئێران دەستبەرداری پرسی یۆرانیۆم دەبێت، ئەمەش بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا پێ لەو راستییە دەنێت کە نەیتوانی لەشەڕی دوانزە رۆژەی ئێران ـ ئیسرائیلدا، یۆرانیۆمی ئێران لەناوبدەن.
بۆچی تائێستا ئەمریکا بڕیاری بەکارهێنانی هێزی نەداوە دژی ئێران؟
خاڵی جەوهەری بابەتەکە ئەم وەڵامەیە:
ئێرانییەکان لەسەر دوو تەوەر دەجوڵێن کە دەرفەت بە ئەمریکا نادات لەم کاتەدا هێز بەکاربهێنێت:
یەکەمیان ئێرانییەکان شەڕیان ناوێت و دەزانن لەشەڕی هێزی رەقدا ناهاوسەنگیی هەیە و بۆئەوان پێچەوانەی شەڕ، واتا ئاشتی باشە، بۆیە هەرکاتێک ئاسۆیەک بۆ ئاشتی دەردەکەوێت ئەوان قبوڵی دەکەن، وەک ئەوەی لە ئەستەنبوڵ و مەسقەت و پاریس و ریاز بینرا.
دووەم: لە رووداوەکانی سوریا و حەماس و حزبوڵڵای لوبنانیدا، ئێران وجودی نەبوو، ئێران بە مانای سەربازیی! ئەگینا لەهەموو جیهانی شیعییدا، ئێران بەمانا ئایدۆلۆژی و سیاسیی و دینییەکەی بوونی هەیە، بۆ ئەمریکاش ئێرانێکی سەربازیی بەهێز خەتەرە نەک ئێرانێکی فیکریی، بۆیە تائێستا ئێرانییەکان بەو زیرەکییەی خۆیان لەشەڕ و ئاشووبی ئەمریکا دوورن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی