خاوەنی دیدگای نەرمەهێز

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم

نەرمە هێز یاخود هێزی نەرم زاراوەیەکی سیاسی نوێیەو بۆ یەكەم جار جەنڕاڵی خانەنشینكراوی ئەمریكی و مامۆستای زانكۆی هارڤارد (جۆزیف نای) لەساڵی 1980 ئه‌م زاراوه‌ی به‌كارهێنا، بەکارهێنانی نەرمەهیز ڕێگەیە بۆ ڕەتکردنەوەی جەنگ و هێزی ڕەق و توندوتیژیی و پێکدادانی سەربازی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتی و ناتوندوتیژيی.

لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە زۆرێک لە وڵاتانی دونیا پەیڕەوی نەرمەهێزیان کرد بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سیاسیەکان، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا باشترین فاکتۆرێک کە بەکاریهێنا بۆ ئەوەی لە جەنگی سارددا بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەتی جاران سەرکەوتووبێت نەرمەهێز بوو ،بەو میکانیزم و ڕێکارو بنەمایانەی کە خۆی دەیویست و سەرەنجامیش لە جەنگەکەدا سەرکەوت.

کاریگەری میدیا لە گەیاندنی پەیامی نەرمەهێزدا زۆر گرنگ و بەهێزە، لە دوای پەیدابوونی میدیاو  هۆکارەکانی پێشکەوتنی میدیاوە باشترین فاکتەرێک بۆ گەیاندنی پەیامی نەرمەهێز بەکارهێنانی هەموو جۆرەکانی میدیایە لە ڕاگەیاندنی بینراو،بیستراو، نوسراو، بەم ڕێگایەش هۆکارەکانی گەیاندن زۆر ئاسنترە لەجاران.

لەپاش ئەو پێشکەوتنە بەرچاوانەی لە دوای پەیدابوونی ئینتەرنێتەوە پەیدابوو بەتایبەت لەدوای پەیدابوونی سۆشیاڵ میدیاوە ئیتر ئێستا جیهانی شاشەبەندو دیجیتاڵ لە گیرفانی زۆرینەی دانیشتوانی جیهاندایەو بەکەمترین کات و تێچوو دەتوانیت زۆرترین پەیام بگەیەنیت ئیتر گەیاندنی پەیام زۆر ئاسانتربوە وە کاریگەری نەرمەهێزیش زۆر لەجاران بەهێزتر بوە.

هۆکارەکانی دیکەی وەک هونەرو دیبلۆماسیەت و هاوکاری مرۆی و ئاین و  تەندروستی و زۆر فاکتۆری دیکە لە جیهاندا هەن و بەکاریش هێنراون وەک نەرمەهێز کە هەریەک لەمانە کاریگەری  ئاسۆی لەسەر ئاستی  زۆرینەی کۆمەڵگەکانی جیهان هەبوەو هەیە، وەلێ ئەوەی کە ئامانجی ئەم وتارەیە بەکارهێنانی نەرمەهێزە لەلایەن کەسایەتیەکی سیاسیەوە لە هەرێمی کوردستان وەک بیروبڕواو پرەنسیپ و بەها کە زادەی قوتابخانەو ڕێبازەکەیەتی بۆچارەسەرکردنی کێشەو ئاریشەکان بەجۆرێک کە زۆرینەی هەرەزۆری جارەکانیش لەپشتی پەردەوەو بەبێدەنگی و دور لەچاوی میدیاو بانگەشە بۆکردن ئەوکارە گرنگانە ئەنجامدەدات.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسروشت سیاسیەکی نەرم و لەسەر خۆو پشوودرێژە، زەمەنێکە کار لەسەر ئەوە دەکات هەموو ململانێ و ئاریشەکان بە نەرمەهێزو گفتووگۆو دانوستان چارەسەر بکات نەک بە پێکدادان و بەریەککەوتن و توندوتیژی ئەمەش وایکردوە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەکەو بگرە جیهانیش شاهێدی ئاشتیخوازی بۆ بدەن و وەک خاوەنی بیرۆکەی نەرمەهێز بیناسن.

باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسانە بەکارهێنانی نەرمەهێزبوو بەشێوەیەکی بێدەنگ و لەسەرخۆ لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان نێچیرڤان بارزانیەوە لە شەڕو ئاڵۆزیەکانی مانگی جێنیوەری ئەمساڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ،کاریگەری نەرمەهێزی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەشاردرایەوەو وێڕای هەوڵە گەورەو چڕوپڕەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک نێچیرڤان هێندە لەپشت پەردەکانەوە لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەرخەت بوو سەرەنجام ڕۆژنامەیەکی گرنگی وەک ئەلمانیتۆر ڕاپۆرتێکی لەسەر بڵاو کردەوە لە ناوەرۆکی بابەتەکەدا دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی پێوەندی بە فرانکلین گراهام (کەسایەتی دیاریی ئایینی)  کردووە. گراهام لە ڕێککەوتی 16ى 1ى 2026، نامەیەکی بۆ سەرۆک ترەمپ نووسیوە و داوای لە ترەمپ کردووە تا کوردەکان بپارێزن. ترەمپ وەڵامی داوەتەوە و وتویە "جێبەجێکرا".

بەمجۆرە دەرکەوت کە سەرۆک نێچیرڤان توانی وەک کاراکتەرێکی ئاشتی خوازی خاوەن هێزی نەرم دەورێکی زۆر گرنگ و کاریگەر ببینێت لەپێشگرتن بەخوێنڕشتن و گەیشتن بەڕێککەوتنی نێوان هەسەدەو ئەحمەد شەرع و کۆتایهێنان بەو جەنگەی ئەگەر بەردەوامبوایە زۆر شوێنی دیکەی دەسوتان.

لەئێستاداو دوای ئەو هەموو ساڵە لەکوشتن و وێرانکاريی و هەوڵی سڕینەوەی بەرامبەر ئیتر کاتی خۆیەتی هەمومان هانی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیە کوردستانی و عێراقیەکان بدەین کە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەیەک باشترین بژاردە بەکارهێنانی نەرمە هێزە نەک هێزی ڕەق و جەنگ و  وێرانەو خوێنڕشتن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی