پێشەکی
شەڕەکان لەم دەیان ساڵەی دواییدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە
سروشت و ئامراز و ئامانجەکانی بەخۆیەوە بینیوە. شەڕی مۆدێرن چیتر مەرج نییە پشت بە
وێرانکردنی بەربڵاوی شارەکان یان بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی دانیشتوانی سڤیل ببەستێت،
وەک لە شەڕی تەقلیدیدا بوونى هەبوو. بەڵکو ئاڵۆزتر و هەڵبژێردراوتر بووە و
سەرنجی لەسەر پەکخستنی سیستمە ژیانییەکانی دەوڵەت بووە. ئەم گۆڕانکارییە نەخشێکی نوێی
مەترسییەکانی سەپاندووە کە نەک هەر هەڕەشە لە لەشکرەکان، بەڵکو پەیکەری کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی کۆمەڵگاکانیش دەکاتە ئامانج.
ئەم نوسینە ئامانجی شیکردنەوەی لۆژیکی شەڕی مۆدێرن و ئامانجە
ڕاستەقینەکانی و نەخشەکانی داڕمانی کۆمەڵگایە، بە گرنگیدان بە چەمکی مانەوە و ئامادەکاری
خێزان لە سەعات و ڕۆژە سەرەتاییەکانی قەیرانە گەورەکاندا.
یەکەم: گۆڕینی ئامانجەکانی جەنگ لە سەردەمی مۆدێرندا
لە شەڕی هاوچەرخدا، خەڵکی سڤیل چیتر ئامانجی سەربازی ڕاستەوخۆ
نین بەڵکو ئەو نێوەندگیرەن کە ژیانی ئەوان بەهۆی داڕمانی سیستمەکانی دەوروبەر کاریگەرییان
لەسەر دروست دەبێت. ئامانجە ستراتیژییە مۆدێرنەکان لە دەوری ئەم خاڵانە دەسوڕێنەوە:
سیستمی بەرگری ئاسمانی و زەمینی: بۆ لەکارخستنی تواناکانی ڕێگریکردن.
ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ: بۆ پەکخستنی بڕیاردانی سیاسی و سەربازی.
سیستەمی دارایی و بانکی: بۆ ئیفلیجکردنی ئابووری و ڕێگریکردن لە مامەڵەی کاش.
ژێرخانی وزە: سووتەمەنی و کارەبا وەک شاڕەگى ژیانی ئابووری.
تۆڕەکانی گواستنەوە و پەیوەندی: بۆ دابڕانی شار و ناوچەکان لە یەکتر.
ئەم لۆژیکە لەسەر بنەمایەکی بنەڕەتی بنید نراوە: ئەگەر سیستمەکە
بڕووخێت، دەوڵەت دەڕووخێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە داگیرکارییەکی تەواو هەبێت.
دووەم: شێوازی داڕمانی کۆمەڵایەتی لە قەیرانە گەورەکاندا
ئەزموونەکانی ئەم دواییە لە ناوچە جێناکۆکەکان (ئۆکرانیا،
غەززە، سوریا) شێوازێکی کۆمەڵایەتی دووبارەبووەوە لە کاتی قەیرانەکاندا نیشان دەدەن:
ڕووکردنى بەکۆمەڵ بۆ بانکەکان لە ترسی لەدەستدان و نەمانی پارە.
بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەنزینخانەکان و پێشبینی پچڕانی کارەبا.
قەرەباڵغی لە دوکان و بازاڕەکاندا بەهۆی کۆکردنەوەی ئازوقە و خۆراک.
جێگای سەرسوڕمانە کە ئەم ڕەفتارانە بەرزترین ئاستی مەترسی
دروست دەکەن کە خۆى دەبینێتەوە لە دروست بوونى قەرەباڵغی و ئاژاوە و
شەڕ و کەم بوونەوەی خێرای سەرچاوەکان و داڕمانی متمانەی کۆمەڵایەتی.
سێیەم: دەروونناسی مانەوە... ترس وەک فاکتەری کوشندە
توێژینەوەکانی دەروونناسی ڕەفتار لە قەیرانەکاندا ئاماژە بەوە
دەکەن کە ترسی ناڕێکخراو لە شەڕەکاندا کوشندەترین هۆکارە و تەنانەت هەرڕەشەکەى چەک
و برسێتی تێدەپەڕێنێت. ئەو خێزانانەی
پلانێکی ڕوونیان نییە لە کاتى قەیرانەکاندا، بڕیاری بەپەلە دەدەن، لە کاتی لوتکەی مەترسیدا
دەچنە دەرەوە، ترس و دڵەڕاوکێ گوازنەوە بۆ منداڵەکانیان، بەم شێوەیە فشاری دەروونی
گەورەتر دەبێت. لە بەرامبەردا
ئەو خێزانانەى باشتر خۆیان امادە کردووە توانای خۆڕاگری زیاتر نیشان دەدەن، تەنانەت
لە ژێر بارودۆخی گەمارۆدا.
چوارەم: پایەکانی مانەوەی مەدەنی لە شەڕی مۆدێرندا
بنەماکانی خۆڕاگری خێزان دەتوانرێت لە سێ پایەی جەوهەریدا
کورت بکرێتەوە:
بوونى پارەى کاش: لە قەیرانەکاندا سیستمی بانکی کاریگەری خۆی لەدەست دەدات. ئەکاونتی ئەلیکترۆنی و کارت و ئەپڵیکەیشنەکان بێ بەها دەبن. دراوى کاغەزین ئازادی هاتوچۆ، توانای ئاڵوگۆڕکردن،سەربەخۆیی ڕێژەیی لە سیستەمی داڕوخان و خواردن و ئاو دابین دەکات.
توانای مانەوە بەبێ پشت بەستن بە بازاڕەکان بۆ ماوەی لانیکەم ١٤ ڕۆژ هێڵی یەکەمی بەرگری لە ئاژاوە پێکدەهێنێت. بە تایبەتی ئاو دەبێتە سەرچاوەیەکی ستراتیژی تەنانەت لە خۆراک گرنگتر دەبێت.
وزە و سووتەمەنی: وزە واتە: گەرمکەرەوە یان ساردکەرەوە، ڕووناکی و هۆکارەکانى پەیوەندیکردن. لە غیابی کارەبا و ئینتەرنێتدا، ئامرازە سەرەتاییەکان (رادیۆ، پاتری) وەک پێویستییەکى سەرەکى ژیان سەرهەڵدەدەنەوە.
پێنجەم: یاسای یەکەم ٧٢ کاتژمێر
داڕێژەرانى ئەدەبیاتی بەڕێوەبردنی کارەسات لەسەر ئەوە کۆکن
کە مەترسیدارترین قۆناغی هەر قەیرانێک ٧٢ کاتژمێری یەکەمە.یاسای زێڕین ئەوەیە:مەڕۆ بۆ ئەو شوێنەی کە قەرەباڵغی لێیە. ماڵێک کە پێشوەختە
ئامادەکرابێت زۆرجار لە هەموو جوڵەیەکی بێ پلان لە شارەکەدا سەلامەتترە. ئامادەکاریش بە
مانای چاوەڕوانی کارەسات نییە، بەڵکو بە مانای:کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەڕەشە، پاراستنی منداڵان لە ڕووی دەروونییەوە، پاراستنی یەکگرتوویی خێزان. هەروەها ئامادەکاری
تاکەکەسی دەتوانێت لە کاتی پێویستدا بگۆڕێت بۆ توانای یارمەتیدانی ئەوانی دیکە، ڕەهەندێکی
ئەخلاقی کە زۆرجار لە توێژینەوەکانی مانەوەدا چاوپۆشی لێدەکرێت.
ئەنجام
لە شەڕی هاوچەرخدا، مەرج نییە سەرکەوتن بەدەستی هێزى
سەربازى یان دەوڵەمەندترینی ئابوورییەوە بێت، بەڵکو سەرکەوتن بە ڕێکخراوترین، جێگیرترین لە ڕووی دەروونیی و باشترین ئامادەکاری
پێش داڕمان دێتە دی.
تێگەیشتن لە لۆژیکی شەڕی مۆدێرن پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەی
ترسەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانییەوە هەیە لە ڕێگەی زانین
و پلاندانان و بنیاتنانی کولتوورێکی بڵاوکردنەوەى هۆشیارى مانەوە کە بە تەواوی وابەستەی
ئەو سیستمە نییە کە تووشی داڕمان دەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی