لەنێوان عەلی قەرەداخی‌و قانعی شاعیردا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

دكتۆر عەلی شەریعەتی قسەیەكی زۆر جوانی هەیە " با بازرگانانی ئاین بزانن، رۆژێك دێت خەڵك لێیان ڕادەپەڕێت، بەڵام مەترسیەكە لەوەدایە كە بەو تۆفانەئاینیش لە گەڵ خۆیاندا ڕاپێچی نێو تاریكی دیرۆك بكەن " ڕەنگە قسەی عەلی شەریعەتی زۆر توند تر بێت و من خیانەتم لە ڕاستی گێڕانەوەكەی كردبێت، دكتۆر عەلی قەرەداخی، مامۆستاو ئاینخوازێكی كوردەو ئێستا سەرۆكی یەكێتی زانایانی موسوڵمانی جیهانە، یەكجارو لەبۆنەیەكدا ئەو بەڕێزەم بینیوە، هەستمكرد پیاوێكی ئەدەبدۆست‌و لەسەرخۆیە، لەو بۆنەیەدا من نمونەی چەند شیعری شاعیرێكم هێنایەوە كە بەجۆرێك لەجۆرەكان لە گەڵ خودای خۆیان گفتوگۆ دەكەن‌و هەلاج ئاسا سەردەچن، گفتوگۆكە نەرم‌و شیرینگوفتارانەبوو.

لەماوەی ڕابردودا یەك دوجار زۆر خراپ لەسەر ڕۆژئاوا قسەیكردو بەشان‌و باڵی جۆلانیشدا هەڵیدا، بەدۆستێكم وت نابوو وابكات دیاربوو قسەكەی پێگەیشتبوو، زۆر بەڕێزەوە ڕونكردنەوەیەكی دابوو گوایە دواتریش قسەی دیكەی دەبێت، ئەمڕۆ قسەیەكی زۆر نەشیاوم بینی كە گوایە ئەو كردویەتی، هەسەدەو حزبی شیوعی كەیف لێنیە ئاساییە، بەڵام ریزكردنی هەسەدەو حیزبی شیوعی لە گەڵ بەعسدا ناشرینی‌و بێویژدانی‌و ناڕێكیەكی گەورەیەو نەدەبوو ئەو پیاوە ئەوەبكات، هەسەدە هێزی داكۆكیكاری گەلێكی ستەملێكراوەو بۆ ئازادیش هەزاران شەهیدیداوە، حیزبی شیوعیش بەتایبەت حیزبی شیوعی عێراق‌و كوردستانیەكەش دوو حیزبی خاوەن خەبات‌و تێكۆشانی دورودرێژن‌و بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دكتۆر عەلی ئاوا ئازادانە هەرچی دەڵێت دەیڵێت هەزاران قوربانیانداوەو ئازاترین مرۆڤەكانی نێو زیندانەكانی بەعس بوون.

دكتۆر عەلی پێویستە لەو قسەیە پەشیمان بێتەوە، گەرنا حزبی شیوعی كوردستان‌و عێراق هەقی خۆیان شكاتی لێبكەن‌و داوای سزادانی بكەن، چون ئەو حزبانەی لەتەك بەعسدا چواندوە.

مامۆستا قانعی شاعیر، وێڕای شاعیری‌و ئازادیخوازیی‌و مێژووناسی، مامۆستایەكی ئاینی شارەزاو بەدەم‌و دوبوە، لەخوێندنەوەی شیعرەكانیەوە دەزانی چەند شارەزای ئاین و كۆمەڵگە بووە، بەڵام چونكە كوردێكی ساغ و بێگەرد بووە كوردایەتی و موسوڵمانەتی پێكەوە گرێداوەو شانازی بە هەموو كوردێكی تێكۆشەرەوە كردوە لە سەلاحەدینی ئەیوبیەوە تا چەپێك ، قانع هەرگیز یەك تێكۆشەری لە سەر جیاوازی بیرو ڕا نەداوەتە بەر تانەو تەشەرو شانازی بە كورد بوونی خۆی و هەر كوردێكی دلێرەوە كردووە ، وەك چۆن لەماوەی ڕابردودا دەیان مەلای ئازاو بوێری كورد هەمان ڕێگەی مامۆستا قانعیان گرتە بەرو بە بازرگانە ئاینیەكانی عەرەب و توركیان وت " بە هەمان ئەو چەكەی ئێوە ئێمەی پێ ئەنفال دەكەن و دین بەدەرمان دەكەن وەڵامتان دەدەینەوەو نەفرەت لە بیرو بۆچونی فاشیانەتان دەكەین.

من هیوا خوازبووم دكتۆر عەلی قەرەداخی ئەگەر زۆریش نەبێت شوێن پێ‌هەڵگری مامۆستا قانع بێت نەك هەندێك لێدوان بدات وەك ئەوەی لەسەنگەری دژی گەلەكەیدا بێت، هەسەدە ئەمڕۆ نوێنەرایەتی بەشێكی زۆری گەلی كوردی ڕۆژئاوا دەكات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی