مێردەزمەی بەنێودەوڵەتیبونی کێشەی کورد

2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەجید ساڵح

بەدرێژایی 100 ساڵی رابردوو، مەسەلەی بەنێودەوڵەتی بوونی کێشەی کورد تەنیا ترسێکی ئاسایی نەبووە لە عەقڵییەتی سیاسی تورکیادا، بەڵکو چەندین دەیەیە بووەتە کابوسێکی قورس و خەونی لە ئەنقەرە زڕاندووە، بە هەموو ئامرازەکانی ڕێگری هەر لە ئینکاری بوونی کورد و سەرکوتی سەربازیییەوە بگرە، تا دەگاتە گوشارە دیپلۆماسییەکان هەوڵی داوە کێشەی کورد وەک کێشەیەکی "ناوخۆیی" بمێنێتەوە و نەبێتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەو کابووسەی، کە تەواوی سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بونیاد نابوو، یەک لە دوای یەک لەبەردەم واقیعێکی نوێدا هەرەسی هێنا؛ واقیعێک کە خەباتی کورد لە مەیدانەکانی جەنگ و ئامادەیی بەهێزی لە شەقامی جیهان و وەرچەرخانە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانە نێودەوڵەتییەکاندا سەپاندیان. 

ئەوەی ئەمڕۆ بەدی هاتووە ڕێکەوت نییە، هەروەها دەئەنجامی گۆڕانکارییەکی ئەخلاقی کتوپڕی هەڵوێستی زلهێزەکان نییە، بەڵکو ئەنجامی خەباتێکی کەڵەکەبووی درێژخایەنی قوربانییەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی ڕۆژاوا و راپەڕینی جەماوەری سەرتاسەری کورد لە  سەراپای جیهان و کاری دیپلۆماسی سەرکەوتووانەی سیاسەتمەدارانی کورد بوو کە خوێنی گۆڕی بۆ سیاسەت، و قوربانیدان بۆ یاسا.

پێش ئەوەی کێشەی کورد لە پەرلەمانەکانی ئۆروپا و ئەمریکا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، سەرەتا لە گۆڕەپانەکانی شەڕ نووسرا بوو. پێشمەرگە، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە جێگیرکردنی وێنەی کورد وەک هێزێکی بەرگریکار لە مرۆڤایەتی، پێشمەرگە لە هێڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوی "داعش"، شەرعییەتێکی سەربازی-سیاسی وەرگرتبوو  و هێزە نێودەوڵەتییەکان دانیان پێدا نا، ئەمەش دەرگای لەبەردەم هاوبەشی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. کردەوە

ئەم ئاراستەیە بە شێوەیەکی بێوێنە لە ڕۆژاوای کوردستان پەرەی سەند، گەنجانی کچ و کوڕی کورد نموونەیەکی ناوازەیان بۆ بەرگری پێشکەش کرد. شەڕەکانی کۆبانی و ئەوانەی دوای ئەو هات وێنەی کوردیان لە خەیاڵدانی جیهاندا لە "گەلێکی بێ دەوڵەت" بۆ ئەکتەرێکی سەرەکی لە پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەها مرۆییەکان گۆڕی. لێرەدا بە دیاریکراوی بەنێودەوڵەتی بوونی ڕاستەقینەی مەسەلەی کورد دەستی پێکرد، ئیتر پشتگوێخستنی کورد لە ڕووی سیاسی و ئەخلاقییەوە بوو بە شتێکی مەحاڵ.

لە پاڵ مەیدانی جەنگ، راپەڕینی جەماوەی کورد لە سەراپای جیهان ڕۆڵێکی مەزنی گێڕا کە گرنگییەکەی هیچ کەمتر نەبوو لە خەباتی شەڕڤانان. ئەو خۆپیشاندانانەی کوردستان و پایتەختەکانی ئەورووپا و ئەمریکا و کەنەدای گرتەوە، بەتایبەت لە کاتی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژاوا، فشارێکی سیاسی ڕاستەوخۆی دروست کرد لەسەر پەرلەمانەکان و حکومەتەکان. ئەو جووڵانەوانە خۆڕسک یان رەمزی نەبوون، بەڵکو ڕێکخراو بوون، پەیامی ڕوونیان هەبوو، و پاڵپشت بوون بە گوتارێکی مافی و دیموکراتی.

ئەم خۆپیشاندانانە ئەو دیوارەیان رووخاند کە ئەنقەرە هەوڵی دەدا بۆ دابڕانی کێشەی کورد بە نێودەوڵەتی دروستی بکات، و هێرشی سەر ناوچە کوردییەکانی گۆڕی بۆ دۆسیەی ڕای گشتی، کە چیتر هێزە ڕۆژئاواییەکان نەدەتوانرا بە بیانویی بەرژەوەندی ئابورییەکانیان پشتگوێی بخەن بەبێ تێچووی سیاسی ناوخۆیی.

مەترسیدارترین  وەرچەرخان کە ئەنقەرەی هارکردوە، بریتییە لە گواستنەوەی کێشەی کورد لە خانەی هاوسۆزی سیاسی بۆ گفتوگۆی تەشریعی (یاسایی) فەرمی لە پەرلەمانی بریتانیا و ئەمریکا و یەکێتی ئۆروپا. لە ماوەی رابردوودا بینیمان لەلایەن چەندین پەرلەمانتارەوە پڕۆژەیاسا و بڕیار پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی بریتانیا کرا بۆ پاراستنی کورد، و ڕێگری لە هێرشی سەربازی، و داننان بە ڕۆڵیان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە هەر چارەسەرێکی سیاسیدا

ئەم گفتوگۆ یاساییانە بریتییە لە شکاندنی کردەیی "ڤیتۆ"ی تورکی، و وەرچەرخانێکی نەوعی لە مامەڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ئیتر قبوڵکراو نییە مەسەلەی کورد تەنیا وەک مەسەلەیەکی ئەمنی ناوخۆیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا تەماشا بکرێت، یان وەک ئامرازێکی کاتی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و پاشان فەرامۆش بکرێت.

ئەوەی ئەنقەرە ئەمڕۆ لێی دەترسێت تەنیا گوتار یان هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو واقیعێکی نێودەوڵەتی نوێیە ئێستا کێشەی کورد بە یەکجاری لە تونێلی پەراوێزخستن هاتوەتە دەرەوە، و چووەتە ناو فەزای بەنێودەوڵەتی بوون. ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانە جیهانییەکان دەگوزرێت (موجامەلە)ی سیاسی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی دواخراوە بە ڕاستییەکی جێگیر: کە چیتر ناتوانرێت کورد لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەراوێز بخرێت، و کاتی ئینکاری مافەکانیان کۆتایی هات و چیتر ناگەڕێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی