بەهێزبوونی کورد لە ڕێگەی هێزی نەرم !!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

محمد خۆشناو

باشە چی دەبوو کە ئەو جوگرافیایەی ناوی کوردستانە نەکەوتبا ناوجەرگەی  ئەو وڵاتە دڕندانەی کە خاکەکەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە !! ئەو جوگرافیایەی کە باوک و باپیرانمان ئاوەدانیانکردوە و لە درەختی دارستانەکانی خانوویان دروستکرد و لە خاکەکەی  ئاو و بەروبوومەکەی دەخۆن ، بەڵام چی دەڵێی کە تاکو ئێستاش لەو زەمەنە تڕاژیۆکۆمیدیەدا چاوی تەماع  و گەڤ و هەڕەشەکردن بەدواوەیەتی و ، لەسەر ئەو خاکە خوێنێکی زۆر ڕژا و ، ئەو جوگرافیایە هەر مایەوە ، جوگرافیا درۆ ناکات  بەڵام مێژوو ئەوە دەکات و زۆر درۆ دەکات و جێگیر و گۆڕاو و دینامێکیە ، ئەمە  ئەوە  ئەو سنوورەی بۆ ئێمە داناوە و ئەمە  ئەوە  ئیلغای سنوور دەکات و داگیری دەکات و کۆنتڕۆلی دەکات و ، جەنگ هەڵدەگیرسێنێت و ناوەکان بە ناوی تر دەگۆڕێت و وڵاتان لادەبات و وڵاتان دروستدەکات ، ئەو جوگرافیایە بۆتە لەعنەت بۆمان و ، بەدرێژایی مێژوو و تائێستاشی لەگەڵدابێت نرخەکەی دەدەین ، ئەمە بۆتە قەدەرێکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بۆمان و ، لەجیاتی ئەوەی ببێتە سەرچاوەی هێز و نفوز بۆمان  کەچی بۆتە بارگراناییەکی قووڕس ، کوردستان بە بەردەوامی ئامانجی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بووە ، شوێنە ستراتیژیەکەی بۆتە بارگرانایی مێژوویی کە گەلەکەی نرخ و وجود و ململانێی کراوەی داوە ، 
   پێم وایە  بە درێژایی ئەزموونە مێژووییەکانی   شۆڕش و خەباتی ڕابردووی خەڵکی کوردستان ، دەرکەوتووە کە  باشترین بژاردە بۆ چارەسەری دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەتایبەتی لەو سەردەمەدا  بریتیە لە  پەنابردن بۆ هێزی نەرم کە دبلۆماسیەت ئامرازێکی ئیستیسنائی هێزی نەرمە و زەڕوڕەتێکی ستراتیژیە بۆ هێنانەدی دەستکەوتی نەتەوەیی  لە زەمەنی زیرەکی دەستکرد و تەکنۆلۆژیای جەنگیی پێشکەوتوو کە زەحمەتە  لێبگەڕێن کورد دەستی پێبگات   بۆیە هێزی نەرم و  بوارە دبلۆماسیەکەی چەکێکی بەهێز و کاریگەرە ، کە  ئەوەتا  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردان و دیدار لەگەڵ سەرکردەو و وەفدی وڵاتان  و دروستکردنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی کوردستان  پیادەی دەکات  و بەکردەییش بەرهەم و دەستکەوتی هەبووە  ، کە ئەمە پێی دەوترێت دبلۆماسیەتی سەرۆکایەتی کە بەهێزترین ئامرازی هێزی نەرمە بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندیە ستڕاتیژیەکان و چەسپاندنی مەکانەکەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و کاریگەریکردن لەسەر سەرۆک و گەورە سیاستمەدارانی جیهان ، زۆرن ئەو گەلانەی جیهان دوای ئازار و ماڵوێرانیەکی زۆر کە لەڕێگەی هێزی نەرمەوە گەیشتنە کەناری ئارام و بەسەر شکستەکانیاندا زاڵ بوو ، لەوانە ئێرلەندا کە لە زۆر خەسڵەتدا لە کورد نزیکن و ژمارەی دانیشتوانیشیان بەقەد هەرێمی کوردستانە و ، بەڕیتانیا  بەشێکی گرانبەهای خاکەکەیان ئێرلەندای باکووری دابڕاند و خستیانە سەر خۆیان و چ نەما بەو گەلەش نەکات  ، ئێستا ئیرلەندا لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە لەسەرووی  بەریتانیایە و ئەو نیشتیمانە بۆتە موعجیزەی ئابووری و تەکنۆلۆژیای ئەوروپا ، هەر هێزی نەرم بوو ژاپۆن و چین و کۆریای باشوور و سەنگاپورا و مالیزیا و ڤیەتنام….تاد گۆڕی ، ئەوڕۆ کە دەبینین هێزی نەرمی کوردستان بەشداری « 62 » مین کۆنفڕاسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا بۆ پرسی کورد لە هەموو کوردستان دەکات کە ئەمە باشترین دەرچەیە بۆ کورد بۆ هێنانەدی پاڵپشتی زیاتر و دانانی سنوورێک بۆ ئەو تەشەنوجاتانەی کە بەرۆکی ئەو جوگرافیایەی گرتووە ، دبلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوپڕی ئارامی و خەندە لەبەردەم کامیڕا و  جوولەی جوان وشەی موجامەلانە و جلوبەرگی شیک لەگەڵ سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان دەنوێنێت ، بەڵام لە ناوەوەدا دەکوڵێت و هاوار دەکات و فشاری پۆستەکەی و ئەو ئەرکەی کە کەتۆتە سەر شانی  کە لەسەروی ئەگەرەکانە و شاخەکان لەژێر قووڕساییەکەی و خەمەکانی  دەناڵێنن ، بەتایبەتی کە ئەگەر ئەو ئەرکە پەیوەست بوو بە گیانی کەسان و ، ئاییندەی نیشتیمان و گەلەکەمان کە بەردەوام هەڕەشەی لێدەکرێت ، ئەم وێنەیە کە هەندێک کەسی زۆر کەم لە دەوروبەری  دبلۆماتکاری پیشەگەر نەبێت نایبینن ، جیهانی ئەوڕۆ چاوەڕێی ئەو کەسە ناکات کە دەستە پاچە وەستاوە و ئەو بۆشاییە دبلۆماسیە کە ئێمە پڕینەکەینەوە ئەوە خەڵکی تر دێت پڕیدەکاتەوە ، بۆیە وەبەرهێنان لە دبلۆماسیەت بۆ کورد وەبەرهێنانە لە ئاییندە بۆ پێکهێنانی ڕای گشتی و ، هەروەها بۆ بونیاتنانی پردی متمانە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ  گەلان و کۆمەڵگاکاندا  .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی