بەشداری جەنەڕاڵ مەزڵوم و ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسی
ئاسایشی میونخ دەرگا بەروی زۆر دەرفەتتا دەکاتەوە، ئەگەر برادەرانی رۆژاڤا بەتایبەت
جەنەراڵ مەزڵوم ئەمە بکاتە دەرفەتێک بەخێرایی سەردانی واشنتۆن بکات و بەر بەو «فەیەزان»ە
بگرێت کە بەرێوەیە لە چەند مانگی داهاتوو.
سەردانی جەنەراڵ مەزڵوم بۆ ئەڵمانیا بە نێوەدنگیری
ئەمریکا و رەزامەندی شەرع بووە (کە ئەمە خالێکی گرنگە بیزانین بێ مەرام نیە) مەبەستەکەش
ئەوەبوە بۆ ئەوەی جەنەراڵ مەزڵوم و ئەندامانی کۆنگرێس روبەرو یەکتر ببینین، بە بەتایبەت
هاوبەشی لەگەڵ شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، بۆ هێورکردنەوەی کۆنگرێس دژی شەرع، و
پیشاندانی ئەوەی گوایە مەزڵوم و شەرع رێکەوتون پێویست بەقەلەقی ناکات، پێویست بە گێڕانەوەی
سزاکان ناکات بۆسەر شەرع.
تۆم باراک مەبەستی بوو وە مەبەستیەتی مەزڵوم نەگاتە
واشنتۆن و دەستی بە ترەمپ نەگات (پلانێک هەیە بۆ وتاردان جەنەراڵ مەزڵوم بانگهێشتی
کۆبونەوەی کۆنگرێس بکرێت). بۆیە هەم شەرع و هەم تورکیا ئەم سەردانەی مەزڵوم بۆ میونخ
وەک پیاڵەیەک ژەهر قبوڵ بوو هەتا بەر بە هەنگاوی مەترسیداری کۆنگرێس بگرن دژی سوریا(خودی
جەنەراڵ مەزڵوم بە دەزگای ئەمارگی وت کە تورکیا پێشتر و لە ساڵانی رابردوو دژی
هاتنی ئەوان بووە بۆ میونخ وە رێگربووە ببەڵام ئێستا رای گۆڕاوە).
بۆیە بۆ تۆم باراک و تورکیا و شەرع، گەشتنی جەنەراڵ
مەزڵوم بە میونخ سەلامەت تر و گەرەنتی ترە لە واشنتۆن و گەشتن بە ترەمپ.
زەردەخەنەی بەر لە مەرگ
تۆم باراک بە مەبەست خۆی لە کۆنفرانسی میونخ دزییەوە
هەتا خۆی لە پرسیار و تورەیی ژمارەیەک ئەندامانی کۆنگرێس بشارێرەوە کە ناوری چەندین
مانگە وەڵامی تەکەفۆنەکانیشیان نایاتەوە. بەڵام مەبەستی بوو پیشانی ئەندامانی کۆنگرێس
بدات کە دۆخی سوریا “زۆر باشە،” مەزڵوم و شەرع تەبان، بۆیە گرفت دروست مەکەن بۆ رێکەوتنەکە
و بۆ کشانەوەی تەواوی سوپای ئەمریکا لە سوریا.
خودی ترەمپ مەبەستیەتی بەر لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس
لە مانگی ١١ ی ئەمساڵ سوپا لە سوریا و عێراق (هەرێمی کوردستانیش) بەتەواوی بکشێنێتەوە،
ترس هەبوو ئاڵۆزییەکانی سوریا ببێتە هۆی مانەوەی زیاتری سوپای ئەمریکا.
مەترسیەکە ئەوەیە خودی لینسی گراهام مانگی ١١ لەبەردەم
هەڵبژاردنەوەدایە و لە ئێستاوە سەرقاڵی بە کەمپینەکەیەوە زیادیکردووە، لە چەند
مانگی داهاتوو دەبێت چاوی لە پشتیوانی ترەمپ بێت و ناتوانێت زۆر فشار بکات ئەگەر دۆخی
سوریا تێکچوو.
بۆیە چاوەروانکراوە شەرع و تورکیا فشارکردنیان
بەردەوام بێت لەسەر رۆژاڤا هەتا هێندە بچوکی ئەکەنەوە کە هیچ مەترسییەکی نەبێت و دەیکەنە
هێزێکی بێ دان و چرنوک وەک دەم پارتی لە تورکیا.
ئەی چۆن رێگری لەمە بکەین؟
سێ ئاراستەی جیامان پێویستە.
پێویستە هەسەدە توانای سەربازی هێندەی تۆکمەی هەبێت
کە نەک نەشکێت، بەڵکو توانای پاشەکشەی بەهێزی بە سوپای سوریا هەبێت لە تەواوی حەسەکە،
و لە شارەکانی تریش دۆخی ئەمنی سوریا بلەرزێنێت و نائارامی هەموو سوریا بگرێتەوە،
نەک شەرەکە تەنیا بهێنێتە ناو شارە کوردییەکان.
هەنگاوی دووەم دەبێ جەنەڕاڵ مەزڵوم بەپەلە سەردانی
ئەمریکا بکات (ئەندامانی کۆنگرێس دەعوەتیان کردووە و کار ئاسانی بۆ ئەکەن) وە لۆبییەکی
چر دەستپێبکات و داوای گەرەنتی ئەمریکی بکات لەبەرامبەر تورکیا و شەرع. پلانێکی درێژخایەنی
مانەوە دابنێ و ترەمپ ببینێ، فشارێک بکات بۆ تێکدانی پلانەکەی تۆم باراک و شەرع و
تورکیا، ئەمە قابیلی کردنە، پلانەکەی تۆم باراک بەشێک نیە لە ستراتیژی نیشتیمانی،
پرۆژەیەکی شەخسی یە و دەتوانرێت تێکبدرێت بەڵام بە پلان.
جەنەڕاڵ مەزڵوم دەبێت لە ئەمریکا و ئەوروپا خۆی
وڵات بە وڵاتی ئەوروپا بگەرێت لەگەڵ رەوەندی کوردی کۆبونەوەی فراوان بکات، ئامادەیان
بکات بۆ هەر ئەگەرێک بۆ جوڵاندنی شەقام بە هێزێکی زیاتر.
بۆیە نابێت زەردەخەنەکانی میونخ فریومان بدات،
نابێت بە روکەش تێبکەوین. جەنەڕاڵ مەزڵوم
پێویستە ئەمجارە خۆی بۆ شەڕێکی قورستر ئامادە بکات بۆ ئەوەی رونەدات، نەک تەوقە و
زەردەخەنەکانی میونخ توشی وەهمی سەرکەوتنی بکات.
سەرکەوت شەمسەدین
١٧/٠٢/٢٠٢٦
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی