پەرلەمانی ئەوروپا کۆمسیۆنێکی هەیە بەناوی کۆمیسیۆنی سڤیلی تورکیا لەیەکێتی ئەروپا. ئەم کۆمسیۆنە ساڵانە کۆنفرانسێکی چەند ڕۆژە بە ناوی دیالۆگی تورک و کورد ساز دەکات. بەرپرسی کۆمیسیۆنەکە خانمە پرۆفیسۆر و توێژەری نەوریجی کاریانا وێستەرهەیمە. پرۆفیسۆر كاریانا یەکێک لەپشتیوانە دیارەکانی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستانو یەپەژەو پێگەی ژنە لەڕۆژئاوای کوردستانو سوریا.
ساڵی 2004، واتە هەمان ساڵ کە لەیلا زانا لەزیندان ئازادکرا، کۆمسیۆنەکەی یەکێتی ئەوروپا دامەزرا. کۆمسیۆنەکە ڕۆڵێکی ڕاوێژکاریشی سەبارەت بە پەسەندکردنی تورکیا وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا هەیە. ئەو میوانانەی بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت دەکرێن، بە ڕاوێژی کورد و بە ڕەزامەندی کۆمیسۆنەکە ناویان دەخڕێتە لیستی میوانەکانەوە. نوێنەرێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە بروکسل، کەنەکە هاوکاری کۆمیسیۆنەکەیە.
من پێشتر لەیەکێک لەکۆنفرانسەکانی ئەو کۆمیسیۆنەدا، وەک ڕۆژنامەنووس بەشداربووم، لەوێ سەڵاحەدین دەمیرتاشو لەیلا زاناو جەنگیز چاندارو چەندین کەسایەتی ترم بینیوە. ساڵانێکە تورکیا بەفەرمی بایکۆتی ئەو کۆنفرانسەیکردووە، بەڵام کۆنفرانسەکە تائێستاش بەردەوامە، لەگەڵ زیاتر گرنگیپەیداکردنی پرسی کورد لە ناوچەکە، کۆنفرانسەکەش گرنگی زیاتر پەیدادەکات.
بانگهێشتکردنی ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهەڵات عەفرین بۆ بروکسیلی پایتەختی پەرلەمانی ئەوروپا، هەڵگری چەندین ئاماژەی گرنگن:
یەکەم: ئامادەبونی ئەو دوو ژنە کوردە ڕۆژئاواییە لەکۆنفرانسی دیالۆگی تورکیاو کورد، پرسی کورد لە باکوری کوردستان تێدەپەڕێنێت و لەدیمەنێکی گەورەتردا، پرسی کوردو ئاستەنگییەکانی تورکیا دژی کورد، دەوژێنێت.
دوەم: بانگهێشتکردنی ئیلهام ئەحمەدو ڕۆهلات عەفرین، وەک دوو ژنی کورد، وەک دوو نوێنەری پێکهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لەپەرلەمانی ئەوروپا گرنگییەکەی بەهایی و سیمبوڵی قووڵی لای یەکێتيی ئەوروپا هەیە.
سێیەم: پرسی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک پرسێکی گرنگ و زیندوو، لەیەکێتی ئەوروپا، لەناو هۆڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، قورسایی زیاتر پەیدادەکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی