بەئاوڕدانەوە لەدەستپێکی بونیادنانی پرۆسەی سیاسیی عێراقی نوێ و وردبونەوە لەپێشهات و ئاماژە سیاسییەکانی ئێستا، جۆرێک لەتارمایی دوبارەبونەوەی خواست و سیناریۆکان بۆ چۆنیەتی داڕشتنەوەی نەخشەی حوکمڕانی لەداهاتوی عێراقدا بەدیدەکرێت، بەڵام ئەمجارەیان لەناو هەلومەرج و واقیعێکی سیاسیی جیاوازدا.
ئەوەی ئێستا لەجوڵەو مامەڵە سیاسیەکانی تۆم باراکدا دەبینرێت هەمان ستراتیژو هەنگاوەکانی پۆڵ بریمەرمان بیردەخاتەوە کاتێک لەپاش ڕوخانی رژێمی بەعس لەساڵی (2003) وەک حاکمی مەدەنی ئەمریکا لەعێراق دەستبەکاربوو، برێمەر، کە بەئەقڵیەتێکی ناوەندگەرایی ڕەهاوە پێی نایە بەغدا، هەرزوو پرۆسەی سیاسيی عێراقی خستە نێو وەرچەرخانێکی تاقەتپڕوکێنەوەو هەوڵیدا سیستەمێکی ناوەندی بەهێز بۆ عێراق دابڕێژێت و قورسایی نەتەوەیی کورد لەو هاوکێشە نوێیەدا سنوردار بکات لەرێگەی توانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەنێو دامەزراوەکانی حکومەتی نوێی عێراقدا، ئەوەش ڕاستەوخۆ دژبوو لەگەڵ خەونی فیدراڵیەت و خواستەکانی کورد لەهەرێمی کوردستاندا.
هەروەک بیرهێنانەوە خواستە ناتەباکانی برێمەر لەهەگبە سیاسییەکەیدا بۆ سەرپێخستنەوەی عێراق دژی خواستەکانی کورد بەگشتيی، ئەم دوو خاڵە بون:
یەکەم: برێمەر هەوڵێکی زۆریدا ڕێگريی بکات لەجێگیرکردنی مافی ڤیتۆ بۆ کورد لەدەستوردا، تا نەتوانرێت بڕیارە ستراتیژییەکان بەخواستی پێکهاتەیەک تێپەڕێنرێن.
دوەم: هەستیارترین خاڵی برێمەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە بوو کە ئەو وەک بەربەستێکی جددی لەبەردەم پرۆژەکەیدا سەیری دەکرد دەیویست لەچوارچێوەی پێکهاتەکانی سوپای نوێی عێراقدا بیانتوێنێتەوە.
بۆیە دەتوانین بڵێین قۆناغی پۆڵ برێمەر جەنگێکی سیاسی بوو، بۆ دیاریکردن و لەقاڵبدانی قەبارەی نەتەوەیی کورد لەعێراقی نوێدا.
ئێستاش، کە سەرنج دەخەینە سەر جوڵە سیاسییەکانی تۆم باراک وەک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا وا دەردەکەوێت لەپشت پەردەی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە هەڵگری هەمان ئامانج و پەیام بێت، بەڵام بەڕیتمێکی دیکەو لەقۆناغێکی جیاوازتردا، خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم دوو کارەکتەرە لەپراگماتیزمێکی سارددا کورتدەبێتەوە کە تێیدا بەرژەوەندییە کورتخایەنەکان دەخرێنە پێش هەموو بنەما نەتەوەیی و مێژووییەکانی گەلانی ناوچەکەوە.
ئەگەر برێمەر بەبڕیاری فەرمی و ڕاستەوخۆ هەوڵی لاوازکردنی پێگەی کوردی دابێت، ئەوا تێڕوانینی سیاسیی باراک و هاوشێوەکانی زیاتر لەچوارچێوەی هاوسەنگی هێزو ڕازیکردنی جەمسەرە هەرێمایەتیەکاندا خۆی دەبینێتەوە ئەم تێڕوانینەش زۆرجار لەسەر حیسابی کورد شکاوەتەوە وەک ئەوەی لەرۆژئاوای کوردستان بینیمان.
لەواقیعیشدا، هەردوو کارەکتەری پۆڵ برێمەرو تۆم باراک لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە، کە کورد نەک وەک هاوبەشێکی ستراتیژيی، بەڵکو وەک کارتێکی فشارو ئامرازێک بۆ جێگیرکردنی هاوکێشە گشتییەکانی ناوچەکەو عێراق دەبینن، ئەمەش ئەو راستیە تاڵەیە، کە پێویستی بەئاگاییەکی سیاسی قووڵ و بەردەوام هەیە، تا ڕێگەنەدرێت مێژوی گوشارەکانی برێمەر، لەبەرگێکی نوێ و لەژێر ناوی جیاوازدا دوبارەبێتەوە، چونکە تێڕوانینی ئەم جۆرە کارەکتەرانە لەسەر بنەمای سوود و تێچووی کاتی بونیاد نراوە، ئەوان هەمیشە ئامادەن هاوکێشەکان بگۆڕن ئەگەر بەرژەوەندییە باڵاکانیان لەناوچەکەدا وا بخوازێت. هەربۆیە تێگەیشتن لەم هاوشێوە فیکری و سیاسییە هەنگاوی کرداری پێویستە بۆ داڕشتنی گوتارێکی یەکگرتووی نیشتمانی بەتایبەت لەهەرێمی کوردساندا بەرامبەر بەو ناوەندانەی ، کە هێشتا وەک سەردەمی برێمەر، بەڵام بە زمانێکی جیاوازتر بیر دەکەنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی