ناگەڕێمەوە بۆ مێژوو

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز گەڵاڵی

 زۆر بەوردی ناگەرێمەوە بۆ مێژوو تا سەر لە خوێنەرانی ئازیز نەشێوێنم، دیارە کەموزۆر زۆرینە شارەزاییەکی باشی  لە مێژووی گەلەکەمان و ڕوداوە سیاسیە ناخۆشەکان هەیە.
لە شەڕی (چاڵدیران )کورد بەشێکی کەوتە ژێر کاریگەری عوسمانییە سوننەکان و بەشێکیشی کەوتە ژێر کاریگەری سەفەوییە شیعەکان، بۆیە بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆمان لەژێر بۆیەی ئیسلام لەدەستداو هەردولاش بۆ نەتەوەپەرستی خۆیان ئاین و دەسەڵاتیان بەکارهێنا تاجەنگی جیهانی یەکەم، لە سەردەمی جەنگیش سەرکردەکانی کورد کەوتنە ژێرکاریگەری وتاری ئیسلام و دژی هاوپەیمانەکان وەستانەوە و لە دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حسابێکی دروستیان بۆ کورد نەکردو دوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی کوردستانیان لێ کردینە چوار پارچەو تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش باجی دژایەتیکردنی هاوپەیمانان و نەزانینی خۆمان  دەدەین، ئەوانیش بێ رەحمانە وایان دابەشکردوین بە جۆرێک کە یەکگرتنەوەمان  هەر زۆر زۆر قورس بوە.
لەو کاتەوە کورد خوێن و  فرمێسک و قوربانی دەدات تا هەڵەی ئەوسەردەمە راستبكاتەوە، بەڵام نەک هەر وەک خۆی لێنایەتەوە بەڵکو لەم ڕۆژەوە ئەم چواروڵاتە  هەر جارەی یەکێکیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارمان دەهێنن.
من خۆم( ٣) ساڵ لە تاران و( ١٧) ساڵیش لە تورکیا نوێنەرایەتی جەنابی مامجەلال  و یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستانم کردوە، زۆر چاک دەزانم و تێشدەگەم  دوژمنایەتیکردنی تورکیاو ئیران مانای چییە و زۆر باشیش دەزانم دۆستایەتیەکەشیان مانای چییە و باجەکەشی  چییە؟
ئەمڕۆ لەئەنجامی سیاسەتی نێودەوڵەتی و خەباتی کوردو حزب و لایەنەکانی لە باشور هەرێمی کوردستانمان دروستکراوە، لەڕۆژئاواش هەندێ خاکمان ئازاد بوەو نیمچە ئۆتۆنۆمیەکیش بەدەستهێناوە، لە باکوریش پرۆسەیەکی ئاشتی لەئارادایە گەرچی من پێم وایە هیچی لێ شیننابێ و شتێکی سیاسی دەستوری بە کوردی باکور نادەن، چونکە بە داخەوە بیرکردنەوەی برا تورکەکانمان لەزهنییەتێکی شۆڤینیستی نەتەوە پەرستییەوە سەرچاوەی گرتوە، لەڕۆژهەڵاتیش بەهۆی شە ڕی  ئەمریکا- ئیسرائیل و ئیران بارودۆخێکی سیاسی تازە بۆ کورد هاتۆتە ئاراوە …. بۆیە لەم قۆناغەدا کورد بەگشتی دەبێ زۆر وەستایانە یان سیاسیانە مامەڵە  لەگەڵ بارودۆخەکە بکات، ئەمەش لەرێگەی لۆژیكی کوردانە نەک حزبایەتی.
هەرلایەنێک لەکوردستانی عیراق لەگەڵ تورکیا دۆستایەتی دەکات ،نیوەی کورد جنێوی پێدەدات بێ ئەوەی بزانی بۆ؟ یەکسەر پێت دەڵێن خائین ؟ لەگەڵ ئیرانیش دۆستایەتی دەکەیت نیوەکەی تری بە خائین و جاشت لەقەلەم دەدەن، پیاوی سیاسی و سیاسەتمەداریش نابێ لە جنێو و هێرشی پۆپۆلیستی بترسێ ودەبێ سیقەی بە خۆی ونەتەوەکەی بێت  و پرۆژەكەی لەچوارچێوەی خەتی سوری نەتەوەکەی دەرنەچێت.
ئاشكرا بوو لەم ڕۆژانەی ڕابردوسەرۆكی ئەمریكا ترامپ پەیوەندیکردوە بەسەرکردەکانی کورد و داوای کردوە لەم شەڕەدا کوردان  هاوپەیمانی ئەمریکا بن ؟ بەڕای من ئەمجارە کورد دژی بەرژەوەندی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بەگشتی بڕیار بدات ئیتر هەرگیز لێناگەڕێن کورد بحەسێتەوەو جۆرەها  کێشەو گرفتی گەورەی بۆ دروست دەکەن .
بەڵێ  ئێمە لە کوردستانی عێراق سیقەمان هیچ بە سیاسەتی ئەمریکاو ترامپ نییە، ئاماژە بە (٣) تەجروبە دەکەم ،ڕوخانی کۆماری کوردستان لە مهابادو نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لە ٦ ئازاری ١٩٧٥ و تەجروبەی ڕۆژئاواو ئەنجامی کۆبونەوەی پاریس لە سەرەتای ئەمساڵ٢٠٢٦ کەئەمریکا ڕۆژئاوای پشتگوێ خستو جۆلانی  کردە هاوڕێی  خۆی کە تادوێنێ لەبەری نەیارو سەربە داعش بو.
دۆستایەتیکردنی ئیران بە قەد دوژمنایەتیکردنەکەی خەتەرە، چ دۆستی بیت و نەیار مەترسیدارە، وا چاکە نە دۆستیکی نزیکی بیت وە نەدوژمنێکی سەرسەختیش (وەك سیاسەتی مام).
هەرێمی کوردستان دەبێ یەکەم شت پاراستنی هەرێمی  کوردستان و پشتگیریکردنی لە ئەمریکاو ڕۆژئاوا مسۆگەر بکات بە نوسین و رێککەوتن وکوردی ڕۆژهەڵاتیش سەرپشک بکات و ئەوان خۆیان حزب و لایەنەکانیان بەرژەوەندی خۆیان و ڕۆژهەڵات باشتر دەزان با خۆیان بڕیار بدەن کە چۆن لە گە ڵ هاوپەیمانان ڕەفتار دەکەن . کورد لە باشور ئاگای لە بەرژەوەندی میللەتەکەی خۆی بێت و نە بینە پاشکۆی ئیران وە نە شبینە کەوا سوری بەرلەشکری ئەمریکاو ئیسرائیل، بەڵام نابێ لە دژی سیاسەتی ڕۆژائاو ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەستینەوە، چونکە دژیانبین دوایی لە کێکەکە  نەک هەر بەشمان نابی بەڵکو دەیان جۆلانیشمان بۆ دروستدەکەن بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەبێ هێلکەکانی هەمووی نەخاتە ناو یەک سەبەتە نەبا دوایی هەمووی بشکێن، بۆیە باشتر لەشەرو ئاشتی بەشی دوایی بهێڵرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی