ئەمریکا کورد بەکاردێنێت بەڵام هەمیشە لە قازانجی کورد دا بووە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

شێرکۆ کرمانج



لەم ڕۆژانە ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر قسەی لێ دەکرێت پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکایە. ئەوەی لە هەموو شتێکیش زیاتر ڕەخنەی لێ بگیردرێت ئەوەیە کە گوایە ئەو پەیوەندییە ئامرازییە و کورد زەرەرمەند بووە لە مامەڵەکانی لەگەڵ ئەمریکا.
ئەم قسانە ئەگەر کەسێکی سادە و کەم شارەزا لە مێژوو و لە سیاسەت بیکات بەبێ ئەوەی کە بزانێت ئەم جۆرە گوتار و تێگەیشتنانە کێ بڵاویان دەکاتەوە ئەوە دەکرێت ئاسایی لێی بڕوانین. بەڵام کاتێک ڕۆژنامەنووسێک، ئەکادیمییەک، یان سیاسەتوانێک قسە لەو بابەتە بکات و بەو ئاراستەیە ئارگیومێنتسازی بکات ئەوە بەڕای من دەچێتە خانەی نەک هەڵە تێگەیشتن بەڵکوو چەواشەکاریی.
پێش ئەوەی بێمە سەر قازانج و زەرەری کورد لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەمەوێت قسە لەسەر یەک دوو دەرکەوتە بکە کە لەم ڕۆژانە بە زەقی هەستی پێ دەکرێت.
یەکەم، ئەوەی ڕوونە داگیرکەرانی کوردستان، لە پێش هەموویانەوە تورکیا و ئێران، خەریکە هار بن کە دەبینن پەیوەندییەکی ئاوەها قسەی لەسەر دەکرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەلەفۆن بۆ سەرکردە کوردەکان دەکات، هاوکات کوردستانیان خەریکی خۆسازدانن. ئەمە هیچ مانایەکی نەبێت مانای ئەوەیە کە ئەم نزیکبوونەوەیە لە قازانجی کوردە لە زەرەری داگیرکەرانە.
دووەم، کەس نییە لەم چەند ڕۆژە هەستی بەوە نەکردبێت کە میدیا چەواشەکارەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی، تەنانەت چەپی ڕادیکالی ڕۆژئاواییش، چەندە تەنگەتاو بوونە بەو لێک نزیکبوونەوەیە. تەنانەت ڕووناکبیر و ئەکادیمیستە بەناو مرۆڤدۆست و مافدۆست و دیموکراتخوازەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی، بەوانەشەوە کە لە ڕۆژئاوا دادەنیشن، هەناسەیان تەنگ بووە و دەیان ناوناتۆرەیان بۆ کورد دۆزیوەتەوە هەر لە جودایخوازییەوە بگرە تا دەگاتە بەکرێگیراویی. ئەمەش وەک خاڵەکەی پێشووتر نیشانەی ئەوەیە کە ئەم پەیوەندی و لێکنزیکبوونەوەیە لە قازانجی کوردە، بۆیە ئەم توێژەش دڵەڕاوکێیان گرتووە.
هەندێک نووسەر و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسی کوردیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم گوتارە چەواشەکارییە و لە هەوڵی ئەوەدان کە کورد لە ئەمریکا دوور بخەنەوە. 
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە کەس نییە پێی خۆش بێت کە کورد بەکاربێت، بەڵام قەتیسکردنی پرسەکە لە بەکارهێنان و ئامرازبوون بۆ پاراستنی کورد نییە بەڵکو بۆ ڕێگریکردنە لەوەی کە نەکا کورد وەک دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣، هەروەها دەستوەردانەکانی لە سووریا لە ٢٠١٤، شتێکی بەرکەوێت و قازانجی لێ بکات. 
مێژوو پێمان دەڵێت کە کورد بەردەوام لە دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە قازانجی کردووە. ئەمە لەبەر ئەوە نەبووە کە ئەمریکا ویستویەتی کورد سوودمەند بێت بەڵکو لە ئاکامی تێوەگلانی کورد لە گەمەکان، بەگشتی، قازانجی کردووە. 
لە ڕاستیدا کورد تەنیا ئەو کاتانە بزاڤەکەی چۆتە پێش و دەسکەوتی گەورەی هەبووە کە لەگەڵ ئەمریکییەکان بووە بە هاوبەش، شەریک. هەموو دەستوەردانێکی ئەمریکی لە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە قازانجی کورد کۆتایی هاتووە. 
دەستوەردانی ئەمریکا لە ١٩٩١، چ بە لێدانی عێراق و دروستبوونی ڕاپەڕین، چ لە کۆڕەو و دانانی ناوچەی دژەفڕین دواجار بە قازانجی کورد شکایەوە. کەس نییە بتوانێت بڵێت کە ئەم دووانەیە (لێدان و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین) فاکتەری سەرکیی بوون کە هەرێمی کوردستانی لە باشوور بەرهەمهێنا. ڕاستە لەو ئاکامەدا کورد زەرەری گیانی لێکەوتووە بەڵام دەستکەوتە نەتەوەییەکان لە ژمار نایەن. ئەوە بەسەر ئاماژە بەوە بکەین کە چۆن باشوور بوو بە قووڵایی ستراتیجی بۆ ڕۆژاڤا لە مانگی ڕابردوودا، هەروەها چۆن باشوور بووە گۆڕەپانی یەکبوونی کوردیی و کۆمەک و یارمەتی کۆکردنەوە بۆ ڕۆژاڤا. ئەمریکا و دەستوەردانەکانی و گەمەکردنی کورد لە یارییەکانی ئەمریکا نەبا هیچ کاتێک کورد لە باشوور بەم ڕۆژە نەدەگەیشت و دەبوو تا ئێستا لەژێر ڕەحمەتی ئەنفال و کیمیاباران با.
ئەمە بۆ ڕۆژاڤاش هەر ڕاستە، دەستوەردانی ئەمریکا و پشتیوانی ئەوان نەبا ئەزموونی ڕۆژاڤا دروست نەدەبوو. ڕاستە ئەمریکا وەک پێویست، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بەهانای کوردەوە نەهاتن، بەڵام ئەوەی ئێستا ماوەتەوە هەر بەگشتی زادەی ئەو پشتیوانیانەیە کە ئەمریکا لە ڕۆژاڤا کردی لە ٢٠١٤ەوە تا ٢٠٢٦. دۆخی کوردی ڕۆژاڤا ئێستا زۆر لە دۆخی کورد لە ٢٠١١ باشترە. بۆ نموونە: کورد لە ڕۆژاڤا سوپای خۆی هەیە؛ دامەزراوەی خۆسەری خۆی هەیە لە بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان؛ مەڕسومی کۆماریی سووری دەرچووە بۆ ناساندنی مافەکانی کورد کە دەکرێت لە دواڕۆژێکی نزیک بخزرێنە ناو دەستوور؛ دیبلۆماسیەتی کوردی لە ڕۆژاڤا گەیشتۆتە ئاستێک کە پێش ٢٠١١ خەونیشی پێ نەدەبینی. بەشداربوونی مەزڵوم عەبدی لە کۆنگرەی میونێخ ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە. ئەمانە هەمووی بەرهەمی ڕاستەوخۆش نەبن هی ناڕاستەوخۆی دەستوەردانی ئەمریکا لە سووریا بوون کە کورد بەشداری لە گەمەکانی ئەمریکا کرد، نەک لە ترسان بچێتەوە ماڵ و هیچی دەست نەکەوێت.
هیچ کامێک لەو دەستکەوتانەش بەرهەمی پێکهاتن و ڕێککەوتنی نووسراو و فەرمی نەبوون لەنێوان ئەمریکا و کورد، بەڵکو بەرهەمی بەشداریکردنی کورد بووە لە گەمەیەک، لە قومارێک، بەبێ پێکهاتن. 
لە کۆتاییدا گرنگە لەسەر دوو خاڵی دیکە هەڵوەستە بکەین. یەکەم، کورد لە گەمەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئەگەر زەرەریشی کردبێت ئەوە لە قازانج زەرەری کردووە، لە ڕۆژاڤا پاشەکشەی کرد بەڵام زیاتر لەو ناوچانەدا بوو کە ناوچەی کوردستانی نەبوون. دووەم، کورد بەبێ بەشداری لەو گەمانە هەر وەک بکەرێکی مردوو و کارتێکی بەکارنەهاتوو دەمێنیتەوە، دواجار بوونیشی، وەک هەمیشە بۆ هەتا هەتایە، لە مەترسیدا دەمێنێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە