پاش هەفتەیەک لە کوشتنی باوکی، موجتەبا خامنەئی کرا بە ڕەهبەر. لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا مشتومڕ زۆر بوو کە ئایا موجتەبا دەبێت یان کەسێکی تر. دیارە پێش ئەم شەڕەش، دەنگۆی جێگرتنەوەی موجتەبا بۆ پۆستەکەی باوکی زۆر بڵاوبوو.
لێرەدا لە وەڵامی ئەم پرسیارە ڕادەمێنم، ئایا موجتەبا یانی چی؟
زۆرێک وەهایان چاوەڕێ دەکرد کە خامنەئی ڕێگرە لەوەی ئێران بە شێوەیەکی پراگماتیکی مامەڵە لە گەڵ ئەمریکادا بکات. بە نەمانی خامنەئی هەر کەسێکی تر بێت ئێران بەرەو کرانەوە دەبات. ئەم خوێندنەوەیە، هەرچەندە لۆجیکی بوو، بەڵام دەرکەوت هەڵە بوو.
لێرەدا حەز دەکەم کەمێک لە نمونەیەکی مێژویی ڕابمێنم کە زۆرجار وەک مۆدێل باسی دەکرا، ئەویش هاتنی دێنگ شیاو پینگ لە پاش ماو و کردنەوەی چین بە ڕوی دونیادا لە میانەی پرۆسەی کرانەوە و چاکسازیی.
موجتەبا هەرگیز دینگ نەبوو، بەڵام ئێستا لەم دۆخەدا زۆر دوورترە لە دینگەوە.
دینگ ڕەنگدانەوەی واقیعێک بوو کە نوخبەی سیاسیی چینی ئەوەیان دەزانی کە ماویزم شکستی هێناوە، بەڵام چۆن وەک سۆڤیەتییان لێنەیەت. بۆیە دینگ لە کاتێکدا توندبوو بەرامبەر خۆپێشاندەرانی تیانگ ئان مین، لە هەمانکاتدا دەستی کرد بە پرۆسەی چاکسازی ئابوریی و کرانەوە بەرامبەر دونیا. بە کورتی کەپیتالیزم بەبێ دیموکراسیی.
بەڵام ئەوەی گرنگ بوو دینگ بیرۆکرات بوو، نەک شەڕکەر.
لە چین باوە کە کوڕی بەرپرسی گەورە پۆستی گەورە وەردەگرێت پێیان دەڵێن پرینسلی یان جۆرێک لە شازادە، بەڵام دینگ وەها نەبوو.
لەم ڕوەوە، موجتەبا کەسێک نیە چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت کە ئێران و داهاتوی لە بەرچاو بگرێت، بەڵکو خوێن و تۆڵە و بەرژەوەندی نوخبەی ئێستا هاندەرییەتی.
دیدێکی تر هەبوو کە موجتەبا نابێت بە جێگرەوەی باوکی چونکە سیستەمەکە جێگەی پشتاوپشتی کوڕ و باوکی تیادا نابێتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی دژ بە پشتاوپشتی دەسەڵاتە لە کرۆکدا وەک لە نوسینەکانی خومەینیدا دەردەکەوێت. دیارە ئەم دیدەش هەڵەبوو. هۆکاری هەڵەی ئەم دیدە تێنەگەیشتن بوو لە سروشتی شۆڕش. دەکرێت بوترێت یەکێک لە پێناسەکانی شۆڕش بریتیە لە گەورەترین درۆی خوێناویی. هەرچەندە لە ئەدەبیاتی کوردیدا چەمکی شۆڕش زۆر پۆزەتیفە، بەبێ بونی یەک تاکە کاری فیکریی لە سەر چیەتی شۆڕش.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە شۆڕشە، بەڵام شۆڕشی لینینی و ئیسلامی نا، شۆڕشی ئازادبونی تاک لە بڕیاردان لە سەر چارەنوسی خۆی، شۆڕشی کانتییانە.
لە لایەکی ترەوە، دەکرێت ئەو خوێندنەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە ئەگەر کەسێک هەبێت بتوانێت ئێران بە ئاراستەیەکی پێچەوانە بەرێت و نوخبەی دینی و سەربازی و سیاسیی لێی قبوڵ بکەن ڕەنگە موجتەبا بێت. بەڵام لە هەمانکاتدا خامنەئی بچوک کەسێکی تەواو نەناسراوە.
ئێستا ئێران لە نێوان کوڕی شا و کوڕی ڕەهبەردا دێت و دەچێت.
لە ١٧٥٦ کاتێک بیرمەندی فەرەنسی ڤۆلتێر لە ئیمپراتۆریەتی پیرۆزی ڕۆمان ڕادەمنێت دەربڕینە گاڵتەجاڕییە ناسراوەکەی دەڵێت: کە ئیمپراتۆریەتی پیرۆزی ڕۆمانی، نە پیرۆزە، نە ئیمپراتۆریەتە، نە ڕۆمان. دیارە کۆماری ئیسلامیش نە کۆماربوو، نە ئیسلامیی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی