ئەنجومەنی شارەزایانی سەرکردایەتی ئێران کە لە ٨٨ ئەندام پێکهاتوە، لە ژێر گوشاری سپای پاسداران ڕۆژی سێشەممە ٣ی ئەو مانگە لە"قوم"رۆژی ٥ی هەمان مانگ"موجتەبا خامنەیی" ٥٦ ساڵەی دووەمین کوڕی"عەلی خامنەیی" رابەری پێشوی ئێرانی کوژراو لە دەسپێکی هێڕشەکانی"ئەمریکەو ئیسرائیل"، وەک رابەرێکی نوێی کۆماری ئیسلامی و شەڕێکی دەروونی لەگەڵ"دۆناڵد ترامپ"،هەڵبژارد. ئەم هەڵبژاردنە، پرۆسەیەکی ڕۆتینی لە نێو دەسەڵات نییە، گۆڕانکارییەکی سیاسی هەستیاره، له مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، کە پشتاوپشت لە باوک بۆ کوڕ وەک سیستەمی پاشایەتی دەژمێزردرێ و بڕیارێکی سەردەمی جەنگە کە دەوڵەتی ئەمنی ئەتنوکراتی شیعەگەرایی سەپێنراوە بەسەر گەلانی ئێران، پرسیاری جددی لەسەر ڕێکارە دەستوورییەکان دروست دەکات. پێدەچێت خێرایی و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لە پێشینەی ئەو دەستبژێرەی دەسەڵات بێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە دەرەکییەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامی و بۆشایی سەرکردایەتی لە ئاستە بەرزەکاندا.
وا پێ دەچێت هەڵبژاردنی(سێیەمین رابەری ئێران) مشتومڕێکی بەرفراوان لەسەر سروشتی دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی و داهاتووی ئێران،دروست بکات، لە نێوان ئاسۆی مانەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت بەیەکگرتوویی و ریسکی پارچەپارچەبوونی نێوخۆیی، لەلایەکی دیکە، دەکاتەوە. هەڵبژاردنی رابەر لە سەردەمانێکی قەیراناوی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازیدایە، بەو پێیەی دەستبەکاربوونی دوای قۆناغێکی تێکچوونی باری ناوخۆیی و ململانێی ناوچەیی، هاتە ئاراوە، ئەمەش وایکردووە گواستنەوەی سەرکردایەتی ببێتە بڕیارێکی ستراتیژی بە ئامانجی پاراستن و کۆنترۆڵکردنی ڕژیم لەو قۆناغە هەستیارەدا.
سوپای پاسدارانی ئێرانی، توخمێکی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێرانە، هەژموونگەرایی زۆری خۆی هەبووەو لەو هەڵبژاردنەدا، رۆلێکی تەوەربەندی بینیوە بەهۆی ئەوەی باڵی تونڕەو کە لە پاسداران بەرجەستە دەبێ، لە هەوڵدایە خۆی بەسەر باڵەکانی دیکەی دەسەڵاتدا بسەپێنێ لە ڕیگەی شەرعیەتدان بە هەڵبژاردنی رابەر، کە پەیوەندییەکی قوڵ هەیە لە نێوان"دووەم کوڕی خامەنەئی و لێپرسراویپێشوی ئۆفیسی باوکی" وەک بانگەشەی دەکەن(خامەنئیمان گەنج کردەوە)، بۆ ئەو قۆناخە هەستیارەی کە دەسەڵاتەکەیان پێیدا رەت دەبێت، یەکڕێزی پێکهاتەکانی دەسەڵات، مەرجی یەکەمی بەرەنگارییە لەو ململانێیە دەرەکیەدا.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هاوپەیمانییەتەکی ئاڵۆز لەنێوان "پیاوانی ئایینی، دامەزراوە ئەمنیی سەربازییەکان و لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکان" پێکدێت. راگرتنی باڵانسی هێز لە نیوان باڵە پێکناکۆکەکان"توندڕەو پراگماتیک و تکنۆقرات و سەربازییەکان"، هەر جۆرە تێکچوونێک لەم هاوسەنگییە، دەببێتە هۆی"ناکۆکی ناوخۆیی". لێرەوە چەمکی"پارچەپارچەبوونی ناوخۆ" وەک یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگەرییەکانی بەردەم سەرکردایەتی نوێ دەبینرێ.
ئەمەو هەردوو لایەنی دژ بە ئێران (ئیسرائیل و ئەمریکە)بەلێدوانێکی دوژمنکارانەی ئێرانیان یەکلاکەرەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا: "سەرکردایەتی موجتەبای ڕەتکردەوە و بە قبوڵکراوی دانەنانێین" و هۆشداریشیدا لەوەی کە" بەبێ ڕەزامەندی واشنتۆن، ڕێبەری باڵای نوێ تەمەنی زۆر ناخایەنێت". بەرپرسانی ئیسرائیلیش لە ترامپ ڕوونتر لێدوانیان دا و ڕایانگەیاند"هەر جێنشینێکی (عەلی خامنەیی) وەک ئامانجێکی سەربازیی دەمێنێتەوە"، بە ئاشکراش "وەک کەسایەتییەکی ناساند کە بەدوایدا دەگەڕێن، ئەگەر دوژمنایەتییەکان پەرە بسێنن".
لەو پۆستەدا، "موجتەبا خامنەیی" دەبێ خۆی وەک "ڕابەری بەرگریی ئێران" نیشان بدات، وڵات لە بەرامبەر گوشارە دەرەکییەکان بپارێزێ و بەردەوامی بە پڕۆژەی سیاسییەکەی(ویلایەتی فەقییە)دەدات. ئەگەر سەوداش لەگەڵ مەرجەکانی ترامپ بکات، ئەوا ئاستی دادەبەزێ. پاشەکشەکردنی، ڕەنگە شەڕەکە رادەگرێت. بەرپرسیارێتی ئەو ئیمتیازە ئازاربەخشانە لە ئەستۆ دەگرێت کە بەشێکی زۆری میراتی باوکی تێکدەدەن، لەهەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی واقیعێکی هاوشێوەی دەوڵەتێکی شکستخواردوو دەبێتەوە"ئابوورییەکی پەککەوتە، دامەزراوە لاواز و ناڕەزایی قووڵی جەماوەری کە بەردەوامی دەسەڵاتەکە لە ڕادەبەدەر قوڕس دەکات". وەستانی شەڕ و پێکدادانەکان دەسەڵات و متمانە و دەسەڵات ناگەڕێنێتەوە. ئەگەریش موجتەبا بەردەوام بێت لە ڕێبازە توندڕەوەکەی باوکی لە کاتێکدا بەهێزترین سوپای جیهان شانبەشانی کارامەترین سوپای ناوچەکە لێیدەدات، ئەوا ڕەنگە چانسی سەرکردە نوێیەکە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی بە چەند ڕۆژێک نەک چەند مانگێک، بپێورێت.
لە هەردوو حاڵەتەکەدا،"موجتەبا خامنەیی" ئەگەر لەو جەنگەدا، بەدەردی باوکی نەچێ، ئەوا لە وێرانەکانی دونیای باوکییەوە دەست پێدەکات، هەموو بژاردەکانی کۆماری ئیسلامی تێچووی زۆری دەوێت، بۆ یەکەمجار لە ماوەی چل ساڵدا، مانەوەی دیسانیش گەرەنتی نییە. دواجار ئایندەی سەرکردایەتی نوێ، بەندە بە توانای رابەر بۆ "ئیدارەدانی هاوسەنگی ئاڵۆزی نێوان شەرعیەتی ئایینی، پشتیوانی سەربازی و سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی".ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە پاراستنی لە یەکگرتوویی ریزەکانی لەناو ئەو ڕژمێدەدا، ڕەنگە بتوانێت پێگەی خۆی وەک سێیەمین ڕابەری مەزنی کۆماری ئیسلامی پتەوتر بکات. بەڵام ئەگەر دووبەرەکی نێوخۆیییەکان، چڕتر ببنەوه یان گوشاره دەرەکییەکان زیاتر بن، ئەوا قۆناغێکی گۆڕانکاریی سیاسی قووڵ ڕووبەڕووی دەبێتەوه و داهاتوو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێران له قاڵب بداتەوە، یاخۆد ئێران پارچە دەبێ.
٩ی ئاداری ٢٠٢٦
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی