سەقامگیری وەک پشووی نێوان دوو کاولکاری.

1 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڤاڵ عارف

تێگەیشتن لە جەوهەری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سیاسی هێزە باڵادەستە جیهانییەکان پێویستی بە تێڕامانێکی قووڵ نییە بەڵکو تەنیا بە وردبوونەوە لەو جیاوازییە فراوانەی لە نێوان گوتاری تیۆری و ڕەفتاری پراکتیکیاندا  هەیە بەسە بۆ ئەوەی ماهییەتی ڕاستەقینەیان بە ڕوونی ببینرێت، ئەم نایەکچوونیەش هەقیقەتی مەرامە واقیعیەکانیان ئاشکرا دەکات و دەیسەلمێنێت، کە ستراتیژیەتی ئەو دەوڵەتانە تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆیان و تێکدانی سەقامگیری سیاسی و ئابووریی وڵاتانی دیکە داڕێژراوە  نەک لەسەر بنەمای ماف و بەها مرۆییەکان.
ئەم تەوژمە سەربازی و ئاڵۆزییە سیاسییانەی ئێستا جیهانیان گیرۆدە کردووە زادەی هەمان ئەو هاوکێشە سیاسییەن و نابێت وەک پێشهاتی کتوپڕ و دابڕاو لەو ڕاستییە ببینرێن بەڵکو ڕەنگدانەوەی ستراتیژێکی مێژوویی جێگیر و چەسپاون، کە ڕەگیان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی داڕشتنی نەخشەی سیاسی جیهاندا هەبووە و تەنها بەپێی وەرچەرخانە سەردەمییەکان بە میکانیزم و فۆرمی جیاوازتر خۆیان بەرهەم هێناوەتەوە جەوهەری ئەم هاوکێشەیەش لەوەدا کورت دەبێتەوە، کە هێزە هەژموونخوازەکان پشێوی وەک ئامرازێک بۆ سەقامگیری خۆیان دەبینن ئەوان لە ڕێگەی دروستکردنی جەنگی بەردەوام و ئاڵۆزییەکانەوە پایەکانی هەژموونی خۆیان دەپارێزن و لەسەر داروپەردووی وڵاتانی دیکە ئاسایش و ئارامی خۆیان بونیاد دەنێنەوە بۆیە ناسینی جەوهەری ئەم ستراتیژە کلیلی تێگەیشتنە لەو تەنگژە و جەنگە یەک لەدوای یەکانەی، کە بەرۆکی ئەم جوگرافیا گەورەیەی جیهانی گرتووە.

هەرچەند لەم کڵاوڕۆژنەیەوە ڕاستییەکان لە هەڵچوون و داچوونی واقیعدا خۆیان دەسەلمێنن و پێویستیان بە شرۆڤە نییە جونکە ئاشکرایە پاراستنی پێگەی زلهێزەکان پێویستی بە دروستکردنی ناوچەی پڕ لە ململانێ هەیە تا هەمیشە جڵەوی هەژموونی بڕیارسازی لە چنگی جەمسەرە باڵادەستە تەکنەلۆژی و سەربازییەکاندا بمێنێتەوە ئەمەش خۆی لە خۆیدا مانای ئەوەیە
پشێوییەکانی ئێستا و ڕابردووش ڕووداوی ئۆرگانیک و بڕیاری لایەنە نێوخۆییەکان نین و هیچ خەسڵەت و پاساوێکی سروشتیان نەبووە بۆ ڕوودان
بەڵکو  تەوژمێکی ستراتیژیی نەخشە بۆکێشراوی دەرەکین و لە پشت پەردەی بڕیارەوە ئاراستەی ڕووداوەکان دەکەن وەک میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ نۆژەنکردنەوەی هەژموون و چەسپاندنی باڵادەستییان بەسەر جیهاندا.

لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژە تەمومژاوییەدا نەخشەڕێگەی وڵاتە زلهێزەکان بۆ جڵەوکردنی کۆی جوگرافیای جیهان بەتایبەت ئەو ناوچانەی جگە لە هەبوونی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی وزە پێگەیەکی ستراتیژیشیان لە ڕێڕەوە ئابوورییەکاندا هەیە هاوکێشەکەی بەم جورە داڕێژراوە، بونیادنانی سەقامگیری ئابووری و بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانی خۆیان لەسەر تێکدان و ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دیکە هەر بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک چەقی ئەم گەمە ناڕەوایە کراوەتە قوربانی ئارامی و ئاسایشی وزەی زلهێزەکان و خراوەتە نێو بازنەیەکی داخراوی جەنگە بێ کۆتاییەکانەوە وەک ئەوەی لە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئێستای سێگۆشەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێراندا دەبینرێت کە لێکەوتەکانی تەواوی  ناوچەکەی گرتووەتەوە بەدیاریکراوی ئەو ووڵاتانەی وەک بزوێنەری پارەدارکردن و دارایی بۆ پڕۆژە و کۆمپانیای وڵاتە زلهێزەکان دەبینرێن و لە خۆشگوزەرانی ڕەها و ئارامیدا بوون، بەڵام ئێستا ئاسەواری ئەم شەڕ و ململانێیانە سەقامگیری ئەوانیشی بەئامانج گرتووە و پەلەکێشی ناو دەرهاویشتە مەترسیدارەکانی کردوون.

ئەم پێشهات و تەشەنە سەندنانەی ئێستا پاشماوەی گومانەکانی ڕەواندەوە و ئەو هەقیقەتەی دەرخست، کە سەقامگیری وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاردێت زلهێزەکان وەک پاداشت دەیدەن بە وڵاتانی گوێڕایەڵ و وەک سزاش لە وڵاتانی یاخی دەسەننەوە بۆیە ئارامی و ئۆقەرەیی لە هیچ بستە جێگایەکی سەرزەوی لەدەرەوەی خواستی جەمسەرە هەژموونخوازەکاندا بەدینایەت و سەقامگیری ئەو وڵاتانەش تەنها ئارامییەکی کڕدراو و بارمتەی ئیرادەی دەرەکییە خۆ ئەگەر لە دەرەوەی بازنەی گوێڕایەڵی بن ئەوا دەبنە نائارامترین جوگرافیای ناوچەکە هەر بۆیە دوژمنی وەهمی و ترساندن و گێچەڵی سیاسی لە دەوروبەریان وەک ئامرازێک بۆ جڵەوکردنی سەرچاوە ئابوورییەکانیان بەکاردێنن وەک دەگوترێت ((بزنیان دەدەنێ و گورگیشیان پێشان دەدەن))
لێرەدا ئەوەی پێوستە بیزانین ئەوەیە، کە  پرۆسەی بە بارمتەگرتنی سەقامگیری و ئابووری و  ژیانی سیاسی جیهان لەلایەن هێزمەندە هەژموونحوازکانەوە بەزۆری لە ڕێگەی سێ کایەی ستراتیژییەوە جێبەجێ دەکرێت:

یەکەم: قۆستنەوەی هەژموونی تەکنەلۆژیە دیجیتاڵی و داهێنانە زانستییەکان و مۆنۆپۆڵکردنی پیشەسازییە سەربازییە پێشکەوتووەکان.

دووەم: دەستەمۆکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و قۆرخکردنی بڕیارەکان و جڵەوکردنی مافی ڤیتۆ بۆ پەکخستنی دادپەروەری و پاراستنی مەرامەکانی خۆیان.
سێیەم: کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکانی وزە و دراو و سیستەمی بانکی وەک میکانیزمی هەژموونگەری و فشار بۆ سەپاندنی مەرامە سیاسییەکان و بە بارمتەگرتنی سەقامگیریی ئابووریی جیهان.

دەرئەنجامی ئەم واقیعەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی، کە گەڕان بەدوای سەقامگیری لە سایەی ئەم نەزمە باڵادەستانەدا تەنها خولانەوەیە لە بازنەیەکی بەتاڵدا چونکە ئەم سیستەمە تەنها ڕووکاری تەنگژەکان دەگۆڕێت نەک ڕەگ و ڕیشەیان و ئەوەشی بە سەقامگیری ناوزەند دەکرێت  پشوویەکی کاتیی جیهانە لە نێوان دوو کاولکاریدا، بۆیە تا ئەو کاتەی نەخشەی وڵاتان لە ژێر هەژموونی ئەم جورە ئاراستە سیاسییەدا بێت مرۆڤایەتی تەنها کەرەستەیەکی یارییە جیۆپۆلیتیکییەکانە و ناحەسێتەوە ئاشتیش وەهمێکە و نابێت بە واقیع چونکە هەقیقەت پێمان دەڵێت سیاسەتی نێودەوڵەتی لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا کورت بووەتەوە  ئەوانیش:
( تیۆری ئاشتی و پراکتیکی شەڕ و کاولکاری)یە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی