دەوڵەتی تورکیای نوێ، لەدامەزراندنیەوە تاکو ئەمڕۆ، ڕۆژ دوای ڕۆژ گەشەو پەرەی بەئایدیۆلۆژیەتی (تورکچێتی)داوە، کە کۆڵەگەیەکی ئەو ئایدیۆلۆژیەتەی ئینکاریکردنو نەسەلماندنی مافەکانی نەتەوەی کوردە، تەنانەت بەوپەڕی توانایەوە هەوڵدەدات لەوڵاتانی تریش ڕێگریی لەگەیشتنی بەمافەکانی بگات. واتە هەر بەوە نەوەستاوە کە هەر لای خۆی کورد لەمافە نەتەوەیی و کولتوریو ئابوریەکانی بێبەش بکات، بگرە لەدژیدا پەلوپۆی بۆ دەرەوەش هاویشتوەو هەمیشە هەوڵیداوە لەسوریاو ئێرانو عێڕاقیش بەهەمان دەردی ببات.
لەماوەی پتر لەسەدو بیست ساڵی رابردوودا ، چەندە بەئاگرو ئاسنو زیندانیکردن خەریکی سەرکوتکردنی بزوتنەوەی رزیخوازیو کۆمەڵە مافخوازەکانەوە کوردی باکور بووە، هەندەش پتر لە رێگای دیبلۆماسی و فشارەوە سەرقالی ئەوە بووە ، کە سئ دەولەتەکەی تریش مافە رەواکانی کورد نەسەلمێنن و نەیدەن.
لەو بوارەدا ئەزمونێکی گەورەی پڕ لە پیلان و سازش و تەلەکەبازی هەیە.ئەو ئەزموون و مێژووە نەبڕاوەیەی کردووەتە وانە و رێنمای ئامانجەکەی!
ئەگەر بەرەو دواوە بگەڕێینەوە سەرەتای دامەزراندنی دەولەتی تورک ، لە سەر کەلاوکانی دەولەتی عوسمانی ، دەبینین کەمال ئەتاتورک بە ناوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی تورک و دوژمنایەیی ولاتە رۆژاواییەکان و بەرژەوەندیی هاوبەش لە یەکێتی سۆڤێت نزیکبووەتەوە و توانیوێتی ستالین قایل بکات ، کە کۆماری کوردستانی سۆر ( ١٩٢٣- ١٩٢٩) هەلوەشێنێتەوە و کوردی ئەوێش پەڕاگەندەی ولاتە سۆڤێتیەکان بکات.
لە کۆنگرەی لۆزانی ١٩٢٣ ێش توانی ولاتە براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم قایل بکات ، کە ئەو بەندانەی لە پەیماننامەی سێڤر لە بەرژەوەندیی کورد دانرابوون پشت گوئ بخەن و بڕیار و راسپاردەکانی لۆزان بە فەرامۆشکردنی مافەکانی گەلی کوردستان دەربچن.
لە ناوخۆشیدا لە رووبەرووبوونەوەی بزوتنەوەی شوڕشگێڕی ئاگری داغ و بزوتنەوەکانی شێخ سەعیدی پیران و سەید رەزای دێرسم بە ئاگر و ئاسن هەموو سنورە ئەخلاقی و مرۆڤایەتیەکانی بەزاندن.
کاتێکیش ١٩٨٤ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گفتوگۆی لەگەل سەددام حسێن کرد ، گەیشتنە قۆناغی مۆرکردنی رێکەوتننامە ، تورکیا بە هەڕەشەی پشتیوانی کردنی ئێران کە ئەو کات لە شەڕێکی خوێناویدا بوون سەددام حسێنی پەشیمان کردەوە.
تورکیا لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە لە دژایەتیکردنی کورد هەرگیز نەوەستاوە و ئەوەی بەرامبەر رۆژاڤاش کردی و دەیکات نمونەیەکی تری زەق و دیارە .
ئێستا کە ئەمریکا و ئیسراێیل لەگەل ئێران لەشەڕدان جارێکی تر تورکیا بە شێوەیەکی وا شێتانە هەراسان بووە ، کە وڵاتانی رۆژاواش تێیبگەن تووشی فۆبیای کورد بووە.
راست و چەپ هەولدەدات ئەمریکا لە کوردی رۆژهەلات نزیک نەبێتەوە ، نەوەک لە ئەنجامی شەڕەکەدا لانی کەم بەشێک لە مافەکانی خۆی دەست بکەوێ!
زۆر دەترسئ هەلومەرجەکانی شەڕەکە لە لایەن دەولەتی ئێران یان بە پێچەوانەوە، لە بەرژەوەندیی کورد بشکێنەوە! ئەوەی جێگای تێڕامان و سەرنجە ئێستا دوو ئاراستەی سیاسی کوردستان خۆیان لەو راستیانە گێل دەکەن . ئاراستەیەک بە پاساوی بڕوا نەکردە حلومەتی ئێستای تورک بە دۆست دەزانئ و ئاراستەیەکیش پێی وایە چارەسەری کێشەی کوردی باکور دەکات! بەلام راستییە مێژوویی و هەنوکەییەکان پێمان دەلێن کە دەولەتی تورک هێشتا تەنیا پاسەوانی گەمارۆدان و سەرکوتکردنی گەلی کوردستانە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی