سەرەتای جەنگی ئێران عیراق ، مەهدی بازرگان تەخوین کرا بە تۆمەتی بروابون بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا ، ئەوزەمان دوبەرەکی دروست بوو لە نیوان ، ئیسلامی عەمامە بەسەرو ئیسلامی چاکەتو پانتۆڵ لەبەر ، سەرکردەی دیاری ئەم تەخوین کردنەش علی خامەنەئی بوو ، جا هەڵوێستە لەسەر خودی خامەنەئی لەناو سیاسەت و بەرێوەبەردن و ئیمامەت و حکومڕانی علی خامەنەئی خۆی بۆ خۆی عەرەب واتەنی حیکایەتی حیکایەتە ، بەڵام هەر لە زوەوە ئەم جۆرە تەخوین کردنە هەبوە و بەردەوامیش هەیە ، مەهدی بازرگان یەکێک لە رۆشنفکرو مامۆستای زانکۆ و سیاسەت مەدارە دیارەکانی ئێران بە گشتی و دوایش جمهوری ئیسلامی بوو ، بازرگان یەکەم سەرۆک وەزیران لە جمهوری ئیسلامی ئێران ،کە ئەندامی بەرەی میللی ئێران و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی نەهزەی ئازادی ئێران بوو ،
بازرگان پێش ئینقلاب مامۆستای زانکۆ و باحیس بوو ، لە ئینقلابەکەی دوکتۆر موسەدەق بەشداری کارای بوە و پۆستی جێگری وەزیری پێ دراوە ، دوای گیران و دەربەدەری و زیندان وەک ماۆستای زانکۆ دەمێنیتەوە بەڵام لە چالاکی حیزبی و سیاسی ناکەوێت ، تا ئینقلابی ١٩٧٨ بۆ ١٩٧٩کە جمهوری ئیسلامی بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، مەهدی بازرگان بەشداری کارای دەبێت و لە تەشکیل کردنی حکومەتدا پۆستی سەرۆک وەزیرانی پێ دەدرێت ، بەڵام هەرزوو ناکۆکی فکری دەکەوێتە نێوان سیاسی کاربەدەستانی ناو جمهوری ئیسلامی لە نێوان دوو بەرەدا ،بەرەی چاکەتو پانتۆڵ لەبەرو بەرەی عەمامە بەسەر ، لەنێوان عەمامە بەسەرەکانیشدا ئایەتوڵا بەهەشتی و تاڵقانی و چەندی تر ناکۆک دەبن بە بەرەی علی خامەنەئی و خڵخاڵی و رەفیق دۆست و ئەوانی تر ، لە زنجیرەیەک تەقینەوەی تیرۆرستی بەهەشتی و تاڵقانی لەناو دەبرێن و پەلاماری مەجاهیدین دەدرێت و بنی صدرو رەجەوی هەڵدێن بۆ عیراق و تەواوی گروپەکانی موجاهین و چەپەکان لە زنجیرەیەک پەلاماری یەک لەدوای یەک لەناو دەبرێن ،
بەڵام لەم تەخوین کردنانەدا کۆمەڵێک لە پۆستو پلەی سیاسی و دەوڵەتداری و حیزبی ، کەنارگیر دەکرێن لەوانە مەهدی بازرگان لەسەر بروا بوونیان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا ، رۆژنامەکان بە مانشێتی گەورە دەیانوسی گفتوگۆ بە دوژمن ، ئەوەی لەگەڵ دوژمن رێکدەکەوێت دوژمنە ،
ئێستەش هەمان بۆچون و هەمان عەقڵیەت ، پەلاماری روحانی سەرۆک کۆماری پێش و وە زەرییفی وەزیری دەرەوەی پێشو بە تۆمەتی بروابونیان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکاو ئیسرائیل ، بەهەمان تیراز دروشمی مەرگ بۆ دوژمنان و هاودەستەکانیان ،گوایە هەر بروایەک بە لێکتێگەیشتن، هاودەستی کردنی دوژمنان و ئیسرائیل و ئەمەریکایە ، ئەمەش دەخەنە چوارچیوەی خیانەتی نیشتمانی و خیانەت لە دین و مەزهەب و ئیمان و رۆحی ئیمام خومەینی ،
لێرەدا پرسیارێک دێتە کایەوە ،
ئایا بەم ئاوازە لە کاری سیاسی و بەم وەزعەی ئێران لەم جەنگە ، ئەم عەقڵیەتە رێگەی نەجاتە یان ئەو عەقڵیەتەی بروای بە لێکتیگەیشتن و گفتوگۆ هەیە ؟ لەسەرێکی ترەوە ئێستە ئێران لە ئیمامی ڕەهبەرەوە تا ریزی دوەمی سەرکردەکانیان لەناو چوە ، گەلۆ کەسیان ماوە تا لێێ بترسن لە میانەی گفتوگۆدا نەفەوتێ ؟
جەنگ بەرەو کوێ ، رەنگە ئەم پرسە تەنها وەڵامەکەی لای سەرکردە زۆر باڵاکانی ئیسرائیل بێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی