لەدۆخی ئێستادا، بەرپرسانی تەندروستی دەبێت رووبەڕوی ئەم پرسیارانە بکرێنەوە: چەند تەختی چاودێری چڕمان هەیە؟ چەند هۆڵی نەشتەرگەری و پزیشك و پەرستارمان لە ناوەندە هەستیارەکاندا هەیە؟ چەندە دەرمان و پێداویستی عەمبارکراومان هەیە؟
سلێمانی.. ئاوێنەی کەموکورتییەکان:
سلێمانی، جاران نموونەی باشی خزمەتگوزاری تەندروستی بوو، ئێستا بووەتە ئەو جێگایەی کە متمانەی خەڵک بە کەرتی گشتی شکەستپێدەهێنێت. راستە هەزاران هاوڵاتی کەم دەرامەت روو لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن بەڵام هەر لەوێوە بە بیانوی نەبوونی پزیشک و ئامێر و دەرمان جارێکی تر ئاراستەی کەرتی ئەهلی دەکرێنەوە، کێشەی سەرەکی تەنها ئەوە نییە کە ئەم دۆخەمان هەیە، کێشە ئەوەیە کە بەرپرسانی تەندروستی ئەم دیاردەیەیان کردووە بە (باری ئاسایی).
تاقیکردنەوەی کۆرۆنا:
لەکاتی کۆرۆنادا، ئاشکرابوو کەرتی تەندروستی ئێمە چەندە لاوازە، دەریخست کارەساتەکان تەنها کێشە دروستناکەن بەڵکو لاوازییەکانیش دەردەخەن.
لە هەرێمی کوردستاندا، لەبەرئەوەی کۆرۆنا وەک کارەساتێکی جیهانی و خواکردە، لێکدەدرایەوە، کەمترین رەخنە لە بەڕێوەبردنی تەندروستی گیرا، لەکاتێکدا کەمی تەختەکانی چاودێری چڕ و نادادپەروەری لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، چەندین خێزانی لە دەرفەتی رزگارکردنی نەخۆشەکانیان بێ بەش کرد.
لەهەمان کاتدا، لاوازی سیستمی داتا و تۆمارکردن وایکردبوو زۆرجار چارەسەری نەخۆشەکان بەبێ پلانی روون و هەڵسەنگاندنی زانستی بەڕێوەبچێت.
ئەوەی کەرتی تەندروستی لە کاتی کۆرۆنادا پاراست، سیستمەکە نەبوو، بەڵکو ئەو لەشکرەبوو لە پزیشك و کارمەندی دڵسۆز کە لە روانگەی نیشتمانی و ئایینی و مرۆڤدۆستییەوە رێگەیان لە داڕمانی گرت.
ئەمڕۆ بەهۆی سەختی ژیان و خراپی ئیدارەدانی ئەو کەرتە، هەمان ئەو پزیشك و کارمەندانە بەلێشاو، ئاراستەی دڵسۆزی و خزمەتەکانیان بۆ کەرتی تایبەت، وەردەگێڕن.
ئەگەری کارەساتی جەنگ:
لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، جەنگ و قەیرانی دارایی تەنها مەترسییەکی سەربازی نییە بەڵکو تەنگانەیەکی تەندروستی ئاڵۆزە، لەوانەیە سیناریۆکان بۆدۆخی جەنگ جیاوازبێت بەڵام هەموویان لە خاڵێکدا هاوبەشن: فشاری زیاتر لەسەر کەرتی تەندروستی ئێمە دروستدەکات لەکاتێکدا خۆی بە ئاستەم کاردەکات.
مەترسی راستەقینە:
مەترسییەکە تەنها ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکە نییە، بەڵکو مەترسی گەورە لەسەر هاوڵاتیانی ئێمە، چارەسەر نەکردنی دنیایەک کەموکورتییە کە لای هەموومان دیار و زانراون.
هێزی کەرتی تەندروستی بە ژمارەی سەردانییەکانی نەخۆش ناپێورێت، بەڵکو بە توانای ئەو کەرتە لە پاراستنی تەندروستی و گیرفانی هاوڵاتیان دەپێورێت، بەتایبەتی لەکاتی قەیراندا.
پرسیارە سەرەکییەکە لە بەرپابوونی هەر مەترسییەکدا ئەوەیە: کێ خزمەتگوزاری بەردەکەوێت و کێ بێبەش دەکرێت؟ ئەمانە تەنها پرسیاری ئەخلاقی قوڵ نین کە رووبەرووی بەرپرسانی تەندروستی بکەینەوە، بەڵکو، مافی سەرەتایین بۆ هاوڵاتیبوون و دڵنیایی دەستەجەمعی.
چارەسەرە هەنوکەییەکان:
لەجیاتی شانازیکردن بە دۆخی کەرتی تەندروستی و بەستنەوەی هەموو کەموکورتییەکان بە قەیرانی داراییەوە، پێویستە دەستبەجێ ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکرێن:
یەکەم- کردنەوەی دەرگای نەخۆشخانەکان بەڕووی هەڵسەنگاندنی بێلایەن و زانستی، دوورکەوتنەوە لەو هەستەی کە هەموو رەخنەیەک دوژمنایەتییە.
دووەم- دابینکردنی مافی راستەقینەی پزیشك و کارمەندانی تەندروستی، پێداچوونەوەی دادپەروەرانە بە ئەرک و مافەکانیاندا.
سێیەم- دروستکردنی تیمی رووبەڕوبوونەوەی قەیران و پلانی ئامادەکاری بۆ بەگەڕخستنی باشتری نەخۆشخانەکان و دیاریکردنی پێداویستییەکان و عەمبارکردنی دەرمان و وردبوونەوەی پێشوەختە بۆ هەر پێشهاتێک.
دادگای تەندروستی:
دواجار، هەموومان هیواخوازین کە وڵات و ناوچەکەمان بەدووربێت لە جەنگ و کارەسات، بەڵام، خوانەکردە لەبارە سەختەکاندا، خەڵک پرسیار لەبارەی کۆنفڕانس و چالاکییەکانی بەڕێوبەرە گشتییەکانەوە ناکەن، ئەوان پرسیاریان لەبارەی: فەراهەمبوونی تەختی چاودێری چڕ و ئامبوڵانس و پزیشک و دەرمان دەبێت. ئەگەر ئەم وەڵامانە بەردەست نەبوون، ئەوکات، جگە لە بێ ئەمەکی هیچ پاساوێک نامێنێتەوە. چونکە جەنگ تاقیکردنەوە نییە، دادگای تەندروستییە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی