جارێکی دیکە ناوی کورد لەناوەندە بڕیاربەدەستەکانی واشنتۆنو لەزمانی دۆناڵد ترەمپ دەبیسترێتەوە، بەڵام ئەمجارە لەچوارچێوەی ململانێیەکی توندترو ئاڵۆزتر لەگەڵ تاران، لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بەناردنی چەک لەڕێگەی کوردەوە بۆ ناوخۆی ئێران، تەنها گێڕانەوەی ڕوداوێک نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لەجۆری مامەڵەکردنی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەگەڵ دۆزی کورد.
زۆر نوسراوهو وتراوه بۆچی ترەمپ ئێستا باسی پڕچەککردنی کورد دەکات؟ من دهمهوێت لهسێ خاڵدا ڕونى بكهمهوه ئهوانیش:
ـ کارتێکی گوشار دژی ئێران: لهم ڕێگهیهوه ترەمپ کورد وەک هێزێکی کاریگەرو ئامادە لەسەر زەوی دەبینێت کە دەتوانن هاوسەنگیی هێز لەناوخۆی ئێران بگۆڕن، بەلێدوانی گشتیی لەسەر پڕچەککردنیان، پەیامێکی توند بۆ تاران دەنێرێت کە ئەمریکا ئامادەیە پشتگیریی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار بکات بۆ لاوازکردنی ڕژێم.
ـ ستراتیژیی ئەمریکا لەپێش هەموو شتێک: بۆ ئهمهش ترەمپ نایەوێت هێزی پیادەی ئەمریکی بخاتە ناو جەنگێکی نوێی بێکۆتایی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پڕچەککردنی هێزە ناوخۆییەکان (وەک کورد) باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی ئەوان لەبری ئەمریکا شەڕەکە بکەن، بێئەوەی واشنتۆن تێچوی مرۆیی زۆر بدات.
ـ گۆڕانی هاوپەیمانییەکان لەسوریا: لهمڕوهشهوه لەکاتێکدا ترەمپ باسی کوردانی ڕۆژههڵاتى كوردستان (ئێران) دەکات، لەسوریا سیاسەتێکی جیاواز پەیڕەو دەکاتو بەرەو تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو سوپای دەوڵەتی نوێی سوریادا هەنگاو دەنێت، ئەمە دەریدەخات کە کورد بۆ ترەمپ هاوپەیمانێکی هەمیشەیی نییە، بەڵکو ئامرازێکی ستراتیژییە کە بهگوێرهى بەرژەوەندییەکانی ساتەکە بەکاردەهێنرێت.
بۆ کورد، ئەم لێدوانانە شمشێرێکی دودەمە، لەلایەکەوە دانپێدانانە بەپێگەی سەربازییو سیاسیی کورد لەناوچەکە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، کورد دەخاتە ناوجەرگەی ململانێیەکی گەورەی نێودەوڵەتییەوە کە ڕەنگە تێچوەکەی زۆربێت، ترەمپ دەڵێت: من کوردم خۆشدەوێت، بەڵام...، ئەم بەڵامە کڕۆکی سیاسەتی ترەمپە؛ ئەو تەنها کاتێک چەکو پشتگیریی دەدات کە ئەنجامێکی خێراو ڕاستەوخۆی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەبێت.
بۆیه زۆر پێویسته کورد بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم "پڕچەککردنە" بکات، چونکە مێژوو سەلماندویەتی کە لەدونیای ترەمپدا، هاوپەیمانییەکانی ئەمڕۆ دەکرێت سبەینێ لەپێناو ڕێککەوتنێکی گەورەتردا (وەک ئەوەی ئێستا لەگەڵ سوریاو تورکیا دەیکات) بکرێنە قوربانی.
لەلایەکی دیکەشهوە، ئەم لێدوانانەی ترەمپ تەحەدایەکی ڕاستەوخۆیە بۆ هاوسەنگییەکانی هێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت تورکیاو ئێران، چونكه کاتێک ترەمپ باس لەپڕچەککردنی کورد دەکات، تەنها مەبەستی ناردنی چەک نییە، بەڵکو دەخوازێت نەیارانی ئەمریکا لەوە دڵنیابکاتەوە کە واشنتۆن ئامادەیە کارتی کوردی بەکاربهێنێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەر ڕژێمێک کە دژی بەرژەوەندییەکانی بوەستێتەوە، ئەمەش جۆرێکە لە"دیپلۆماسیی هەڕەشە" کە تێیدا کورد دەبێتە ناوەندی کێشمەکێشێکی ههرێمیى گەورە کە ڕەنگە لەکورتخایەندا هێزی سەربازیی کورد زیادبکات، بەڵام لەدرێژخایەندا فشارە ئەمنییەکان لەسەر هەرێمو ناوچە کوردنشینەکان چڕتر دەکاتەوە.
لەکۆتاییدا، پێویستە کورد بەدیدێکی واقیعییانە سەیری ئەم بەڵێنو لێدوانانە بکات، چونکە مێژوی سیاسیی ترەمپ نیشانیداوە کە ئەو زیاتر لەپیاوێکی بازرگان دەچێت نەک ستراتیژیستێکی ئایدۆلۆژیی، بۆ ئەو، پڕچەککردنی کورد وەبەرهێنانێکە کە دەبێت قازانجێکی سیاسیی خێرای هەبێت، وەک لاوازکردنی تاران یان ناچارکردنی ئەنكەرە بۆ پاشەکشە لەهەندێک دۆسیە.
کەواتە، گرنگترین ئەرکی سەرکردایەتیی کورد لەم قۆناغەدا ئەوەیە، چۆن ئەم دەرفەتی پڕچەککردنە بقۆزێتەوە بۆ چەسپاندنی پێگەی یاساییو سیاسیی خۆی، نەک تەنها ببێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی کاتیی ئەمریکا کە ڕەنگە بەگۆڕانی بەرژەوەندییەکان، پشتی تێبکرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی