شەهید بوونی "غەزال مەولان" چەند ڕاستیەكی زۆر روونی دەرخست كە دانە دانە باسیان دەكەین:
یەكەم: لەكاتی ئاگربەست و وەستانی جەنگ و دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و ئەمریكاو دواجار ئیسرائیل، كەچی ئێران درۆن باران و موشەك بارانی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە هەموو كەس باسی ئەخلاق و داب و نەریت و نیەتی باش بكات، نابێت ئێران باسی بكات. سمكۆی شكاك لەكاتی دەعوەت شەهیدتان كرد. قاسملۆ لەكاتی گفتوگۆ شەهیدتان كرد. لەوە زیاتر رون كردنەوەی ناوێت.
دووەم: لەكاتی خۆپیشاندان و هاتنە سەرشەقام بۆ رۆژئاوای كوردستان بەس لەم شارەی سلێمانی خۆپیشاندانی ملیۆنی كرا؟. دەركەوت خەڵك و گەلی كوردستان مەردو كوردپەروەرو هۆشیارن, بەڵام لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریكا دەركەوت یەخە سپی و ئەكادیمی و نوخبەو بۆینباخ لەبەرو قات لەبەری زۆر، خۆفرۆش و نۆكەری ئێرانن و دەیان بەڵگەی ژەهراوی وپیس لە بەرگی هەنگویندا ئەهێننەوە بۆ بەرگریكردن لە داگیركەرانی كوردستان.
سێیەم: چيرۆكی بردنە نەخۆشخانەی شەهید غەزال لە سلێمانی، ئەو راستیەی دەرخست كە هەڕەشەیەكی ئیقلیمی لەلایەن هەر چوار داگیركەرانی كوردستانەوە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، دەركەوت مەترسی زۆر گەورە لەبەردەم دەرگای هەرێمی كوردستانەو لەپشت پەردەوە شتی زۆر مەترسیدار بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە گوتراوەو لە ئێستادا باسی ناكەن، بەڵام ساڵانی داهاتوو دەردەكەوێت جۆری هەڕەشە زۆر مەترسیدارەكانی ئێران و توركیاو عێراق و سوریا چی بوونە دەرهەق بە هەرێمی كوردستان, ئەوەی لەبردنە نەخۆشخانەی شەهید غەزال هەیە زۆر لەوە گەورەترو سەختترە كە دەیبینین!!. دەركەوت ئەم هەموو دوپاتكردنەوەی بێ لایەنیەی هەرێمی كوردستان لە ترسێكی گەورەوەیە!!.
چوارەم: ئەوەی بۆ بڕینی كەزی شەڕڤانە شەهیدەكە كردمان، بۆچی بۆ شەهیدبوونی غەزال نەمانكرد؟. لێرەوە دەمەوێت جارێكی تر بیڵێمەوە كە كوردانی رۆژهەڵات بەهەموو لایەن و پارت و رێكخراوەكانیانەوە زۆر لاوازن لە راگەیاندن، پڕوپاگەندە، گوتار، خوێندنەوەی روداوەكان لە باشوری كوردستان, كوردانی رۆژهەڵات زۆر دابڕاون لە رای گشتی باشوری كوردستان، زۆر دابڕاون لە تێكەڵ بوونیان بە جفاتی باشور، بەڵام باكورو رۆژئاوا وانین، بەدەیان چالاكی و سەردان و گروپ و بیانووی جۆراوجۆر بەردەوام خەریكی تێكەڵ بوونن لەگەڵ كوردانی باشور, كوردانی رۆژهەڵات تەنها لەگەڵ نوخبەی سیاسی و حزبی و چەند لایەنێك پەیوەندیان هەیەو لەمەشدا دابەش بوون. بۆیە كوردی باشور ئاگاداری وردەكاری ناو خەباتی رۆژهەڵات نیە وەك پێویست. دەبێت كوردانی رۆژهەڵات وردترو فراوانترو بەپلان لەگەڵ رای گشتی باشوری كوردستان تێكەڵ ببن. دابڕانێكی زۆریان هەیەو ئەمەش زیانی گەورەی لێداون. دەبێت چالاكی جۆراوجۆری زۆر ئەنجام بدەن بەتایبەتی لەروی هونەری، فەرهەنگی، نەتەوەیی، بۆنەكان، یادەكان، سەردان و بەسەركردنەوەكان، بەهێزكردنی راگەیاندنەكانیان. دروستكردنی سۆسیال میدیایەكی بەهێز. ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان قوڵایی پارچەكانی ترە. بینیتان باشوری كوردستان چۆن بووە پاڵپشتێكی مەزنی رۆژئاوا, كوردانی رۆژهەڵات لەم گوتارە پێویستیان بە پێداچوونەوەی زۆر هەیە.
پێنجەم: لەم شەڕەدا ئێران سەركەوتووە بەسەر كورددا لەروی پڕوپاگەندە، راگەیاندن، گوتار، زاڵ بوون بەسەر رای گشتی، كەشوهەوایەكی وای دروستكردووە كە خەڵك حەز بە روخانی نەكات، تەنانەت هەیە بە ئاشكرا جنێو بە ئەمریكاو ئیسرائیل دەدات، ئەمە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر مەترسیدارەو لەداهاتوو كورد لە عێراق زیانی زۆر گەورەی لێ دەكات, پێویستە ئاراستەی گوتاری رەوای مافی گەلەكەمان و نەتەوەكەمان رونترو وردترو فراوانتر كاری لەسەر بكرێت، هەرگیز نابێت گوتاری چوار دەوڵەتەكە (ئێران، توركیا، عێراق، سوریا) بەسەر گوتاری كوردیدا زاڵ بێت. ئەمە شەڕی مان و نەمانی كوردەو دەبێت بزانین شەهید غەزال شەهیدی هەرچوارپارچەی كوردستان و هەموو ماڵێكی كوردە، داواكارم گەورەترین مەراسیم و تەعزیەو یادەوەری بۆ رێكبخرێت، داواكارم وەك وەڵامێك بۆ مەترسیەكانی داگیركەران لەو شوێنەی سلێمانی كە گیانی پاكی سپارد پەیكەرێكی بۆ دروست بكرێت. یان نەخۆشخانەیەك لە سلێمانی بەناوی شەهید غەزال بكرێت و لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەكەش پەیكەری پیرۆزی دروست بكرێت.
شەهید كردنی موسا ئەنوەرو موژدەخانی هاوسەری لە هەولێر، هەمان ئازاری شەهید غەزالەو بۆ ئەوانیش هیچمان نەكرد، بۆیە داواكارم ئەو شەقام و گەڕەكەی بارەگای قونسوڵخانەی ئێرانی لێیە، شارەوانی بەناوی شەهیدموساو شەهید موژدەی بكات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی