سلێمانی ئەوشارەی قەت ناکەوێ!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز گەڵاڵی

سلێمانی‌و دانیشتوانەکەی پێویستی بەوەنییە كەس پۆزشی بۆ بهێنێتەوە، لەکەیسی پێشمەرگەی ڕێبازی کوردایەتی (غه‌زەل) سلێمانی‌و دانیشتوانەکەی گوناهیان چی بوە تا خەڵكانێك بیانەوێت لەپاڵ ناشرینكردنی سلێمانی‌و خەڵكەكەی باڵای خۆیان بەرزتر نیشانبدەن، كاری جوانخاسی نییە بەتیرو توانجی بێ بەڵگە سەروەرییەكانی ئەمشارە لەبیر بكرێت‌و بەپێچەوانەوە لەکەداربکرێت.

هەموان دەزانین بەڵێ درێخی هەبوە وەک دەڵێن لەبەدەنگەوەچونی شەهیدبونی ئەم پێشمەرگەو کچە قارەمانەی کورد، من خۆم وەک هاوڵاتیەکی کورد نیگەرانم‌و هەست بەشەرمەزاریی دەکەم بەرامبەر بەغەزەل‌و هەموو کوردی ڕۆژهەڵات، چونکە ڕۆژهەڵاتیەکان لەلێقەوماندا هەمیشە پشت‌و پەناهی ئێمە بون.

سلێمانی كە بەردەوام لانكەی كوردایەتی بوە، ماڵی هەموو كوردێك بوە، ناكرێت لەڕوداوێكی وادا جوانییەكانی ئەمشارەو خەڵكەكەی نەبینرێت پەنجەی ترسنۆكی‌و بێ ئیرادەریی بۆ ڕاكێشریت، لەڕابردودا سلێمانی بەورەبەرزیی‌و نەبەردی خۆی ئیرادەی هەموو دیكتاتۆرەكانی عێراق‌و ناوچەكەی شكاندوە، وێناكردنی ئیستای ئەمشارە بەوجۆرە ناپەسەندو چەواشەكارانەیە.
  
رۆحی غەزەلی ئازیز شادبێت‌و هەر بەزیندویەتی لەدڵماندا دەمێنێتەوەو دوژمنانی کوردیش بەمکارانەیان زیاتر ڕیسوا دەبن‌و ناتوانن کورد بخەنەسەر چۆک.

بەداخەوە ئەمڕۆ لەسەرو ئیرادەی خەڵكەوە کوردستان بوه‌تە شوێنی یەكلاکردنەوەی ئەوشەڕە نەگریسەی كه له‌نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل‌و ئێراندا هەیە، ڕۆژانە بۆردوماندەكرێت، لەناو ئەو بۆردومانانەش کوردانی ڕۆژهەڵات دەكرێنە ئامانج، ئەم دەستدرێژیانە بۆسەر هەرێمی كوردستان‌و ئۆردوگای مەدەنیی، وەك یەكە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كە چارەنوسی هەموان یەك شتەو ئەمەش پێویستی بەهەڵویستی جوامێرانەی یەكگرتوانەیە، نەك پەرتكردن‌و خۆ بەقارەمانكردن لەسەر حسابی خوێنی شەهیدان‌و قوربانیەكان.

دوا قسەم ئەوەیە، هەرچەندە من خۆم خەڵكی ئەم شارە نیم، بەڵام شانازیی بەئیرادەو جوانیی ئەم شارەوە دەكەم‌و دڵنیاشم تاسەر سلێمانی‌و دانیشتوانە قارەمانەکەشی، هەر بەخەباتگێڕیی‌و لانکەی کوردایەتی دەمێننەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی