کاتێک شێروان ئازاد دەبێت!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیبراهیم عەباس

چەند ڕۆژێکی دیكه‌ یادی ڕۆژنامەگەریی کوردییە. لەسەر شاشەکان قسە دەکرێت، لەسەر مینبەرەکان بەڵێن دەدرێت، ڕاگەیاندنەکان پڕ لەپیرۆزبایی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ دەبێت، بەڵام لەژورێکی تەنگدا، شێروان شێروانی 1277 ڕۆژی تری ماوە، ئازادبکرێت.

یادی ڕۆژنامەگەری چی لەئێمە دەوێت؟ ئاهەنگێک بەبێ شێروان؟ ڕێزلێنانێک بەقەڵەمێکی زیندانیکراوەوە؟ چۆن دەتوانین بڵێین ڕۆژنامەگەری ئازادە، کاتێک ڕۆژنامەنووسێک بۆ وشەیەک، بۆ ڕستەیەک، بۆ پرسیارێک سێ ساڵ‌و نیوی تری لەپێشە؟ ئازادیی شێروان هێشتا گریمانەیە. ژمارەیەکە لەسەر حوکمی دادگا، بەڵام یادی ڕۆژنامەگەری گریمانە نییە. لێرەیە، لە چەند ڕۆژی تردا دەکرێتەوە.

کەواتە با ئەم یادە بکەینە یادێکی ڕاست: یادی ئەو قەڵەمانەی نووسییان‌و باج‌و نرخەکەیاندا، یادی ئەو دەنگانەی بەرزبوونەوەو خنکێنران، یادی شێروان کە لەزیندانەوە هێشتا مامۆستای ڕۆژنامەگەرییە، یادی دەیان قەڵەم کە ئەم دەسەڵاتە بەزوڵم‌و ناهەق شەهیدکردن، کاتێک شێروان ئازاد دەبێت، ئەوکات یادی ڕۆژنامەگەری مانای تەواوی خۆی وەردەگرێتەوە.

تائەوکاتە، هەر یادێکمان ناتەواوە، هەر پیرۆزباییەکمان نیوەچڵە، هەر بەڵێنێکمان قەرزارە بە 1277 ڕۆژی تر، ئازادی بۆ شێروان، شکۆ بۆ قەڵەم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی