ئەوە چ لۆژیك و ئاوەزێكە كارێك خۆت بیكەیت ئەگەر خراپیش بێت كوردایەتیە، بەڵام كارێك یەكێ تر بیكات ئەگەر باشیش بێت خیانەتە، ئەمە چ جۆرە پەروەردەیەكی حزبیە هەمیشە ئەندامەكانت ئامادە كردبێت بۆئەوەی پەلاماری هەموو قسەو هەڵوێست و كردەیەك بدەن كە تۆ لە گەڵی نیت، دەربازبوونی كورد لە ئاوەزی خێڵ بە مانا نەرێنیەكەی هەر ئەوەیە كە جیاوازی ئەوانی ترقەبوڵبكەیت و هەر خۆت پێ شت نەبێت، لە دانانی پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك زۆر قسەو باسی سەیرو جیاوازو نەرێنی كرا ، بەڵام كەس چاوەڕێی كات ناكات ، كەسیش دوو قسەی حسابی نەكرد ، قسەی حسابی بەو مانایەی لە كەركوك دەمانەوێت چی بكەین ، مەبەست لە پێكەوە ژیانی ئاشتیانە چیە، ئاوەزی ناسیونالیزمی كوێر بین و زاڵ چی بەكەس بە خشیوە تا ئێمە تاقیبكەینەوە.
محەمەد سەمعان بووبە پارێزگاری كەركوك، ئەوە یەكەمجارەلە دوای كەوتنی بتەكەوە توركمانێك ئەو پۆستە وەربگرێت ، پێشتر سێ كورد وەریانگرت و ماوەیەكیش عەرەبێكی سەپێنراو ، من هیچ كێشەم لە گەڵ راكان جبوری نەبوو، نەئیشم پێی بوو، نەدەمناسی ، نەبەریەكەوتنم لە گەڵی هەبوو، كێشەم لە گەڵ ئاوەزو بیركردنەوەی ئەودا بوو، بیركردنەوەی فاشیانە ، بیركردنەوەیەكی ناسیونالیستانەی ئەوی تر نەبین ، بۆ كەركوك پەتا مەترسیدارەكە ئەمەیە،یانی كورد بیت و ئەوی تر نەبینی ، توركمان بیت و ئەوی تر نەبینی ، عەرەب بیت و هەرخۆت ببینی ، محەمەد سەمعان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدایە ئەو دەبێت سەرەتا لە دوو شت خۆی دەرباز بكات، یەكەم ئەوەی كە بزانێ توركمانی كەركوك و عێراقەو خۆی نەبەستێت بە دەرەوەی ئەو فۆڕمەوە، چونكە باجی دەبێت، دوەم خۆی پێ شاری ترو كەركوكی تر نەبێت لەوانی تر ، هەڵبەت ئەو گیانە ناسیونالیستیە تاریكە لە خۆیشی و لەئەوانەشدا بسڕێتەوە كە پێیان وایە ئەوە دەسكەوتێكی نەتەوەییە كە ئاغا پارێزگارە، بابەتەكە مرۆیی بوون و كەركوكی بوونە، رێبوار تەها بەو مرۆیی بوون و كەركوكی بوونەی چووبووە دڵی خەڵكەوە دەنا خۆ ئەویش كوردو دواتریش حزبی بوو.
لە سەر ئەو ئاڵ و گۆڕە لە میدیا قسەی جیاوازم كرد ، هەر ئەوەی كەبەشێكیم لێرە ئاماژە پێدا، برادەرێك بۆی نووسیبووم لە سەر فرۆشتنی كەركوك قسەت نیە، ڕامام باشە ئەمانە فرۆشتن بە جی دەزانن، گریمان من لە گەڵ هیچ سیاسەت و هەنگاوێكی یەكێتی نیم، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كوردو توركمان لە شارەكە هەن یان نا، دەبێت پێكەوە بن یان نا ، لاسای رابردوو بكەنەوە لە دژایەتی و پاشقول یان ئەو قۆناغە وەلكەن ، سەیرە ئێستاش دەڵێم هەبوون لە سایەی یەكێتیو كەركوكا بوونە حوت و نەهەنگ و ئەژدیها كەچی ئەوان ئێستا بە گژ یەكێك لە هەنگاوە ئاوەزیەكانی پێكەوە ژیاندا دەچنەوە، كابرایەك لە دوو هەزارو هەژدە دەچێتە ئەمەریكاو دوای چەند ساڵ لە شارێكی زۆر هەستیار پۆستێكی گرنگ دەباتەوە ، دنیاش ئاخر نابێت، محەمەد سەمعان حەوت پشتی لەم وڵاتەیە، با بزانین لەو تاقیكردنەوە قورسە سەردەكەوێت یان نا ، دەكرێ ئەو دەم قسەی ترمان هەبێت .
چیرۆكەكە بەو جۆرەیە كێ باشتری پێیە با بەشدار بێت نەك لە دورەوە تانەو تەشەر بوەشێنێ، ئەو بابایەش وتی كامتان هەرە پاكترینن با ئەو باشتر بكات .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی