لە مێژەوە گوتراوە "شەڕەکان بۆ نەوت دەکرێن"، بەڵام نەوت خۆی دەتوانێت چەکێک بێت و بڕیار لە شەڕەکان بدات، تەرازوی ململانێکان بگۆڕێت.
لە ئێستادا گرژی و ئاڵۆزیەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر گەروی هورمز بەردەوامی هەیە. ڕێگری کردن لە تێپەڕبوونی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە تەنگی بە ئابوری جیهان هەڵچنیوە، جیهان لەبەردەم کارەساتێکی گەورەدایە.
کەواتە چۆن "زێڕی ڕەش" وەک چەکێک بەکارهێنرا بۆ ناچارکردنی نەیارەکان بۆ ملکەچبوون؟
- سەرەتای پشتبەستن بە نەوت
جەنگی جیهانی یەکەم، یەکەم ململانێی سەربازی بوو کە تانک و فڕۆکە تێیدا بەکارهێنرا، ئەمەش وایکرد سووتەمەنی ببێتە پێویستییەکی گرنگ بۆ سوپای ئەو سەردەمە.
هاوپەیمانان ( ڕوسیا، بەلجیکا، فەڕەنسا،بەڕیتانیا و سڕبیا) کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزەیان کردە چەکی یەکلاکەرەوە، کۆمپانیای نەوتی ئینگلیزی- فارس ( بی پی ئێستا) باڵادەستی دەریایی بەریتانیای مسۆگەر کرد.
بەریتانیا لە ڕێگای بەلەمەکانیەوە گەمارۆی بەسەر ئەڵمانیا دا سەپاند و ڕێگری لە گەیشتنی نەوت بۆ بەندەرەکانی ئەو وڵاتە کرد .
پەکخستنی کەرتی وزە، بووە هۆی کەمی سوتەمەنی و خۆراك لە ئەڵمانیا، لە ئەنجامدا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لە دەست دا. یاخیبوونی سەربازان و ناڕەزایی هاوڵاتیان بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی ساڵی ١٩١٨ و لاواز بوونی حکومەتی وڵاتەکە.
- گەمارۆی نەوت لە جەنگی جیهانی دووەم - ١٩٤١
لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، لە ساڵی ١٩٤٠دا ئەمریکا هەناردەکردنی کەرەستەی پیشەسازییە سەربازییەکانی بۆ وڵاتی ژاپۆن سنوردارکرد، بەهۆی سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی ژاپۆن بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێی.
لە تەمموزی ساڵی ١٩٤١ دا قەدەغەکردنی تەواوەتی نەهاردەکردنی نەوت بۆ وڵاتەکە ڕاگەیەندرا، ئەمەش گورزێکی وێرانکەر بوو بۆ ژاپۆن، لەبەر ئەوەی وڵاتەکە بۆ دابینکردنی پێداویستییە نەوتییەکانی پشتی بە ئەمریکا بەستبوو.
ئابووری ژاپۆن بەهۆی گەمارۆی نەوتەوە بەرەو داڕمان دەچوو، ئەمەش پاڵنەرێکی ڕاستەوخۆی پشت هێرشە وێرانکەرەکەی بوو بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە پێرڵ هاربەر، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٢ هەزار سەرباز، دوای هێرشەکە ئەمرکا بە فەرمی جەنگی دژی ژاپۆن ڕاگەیاند، لە کۆتاییدا بووە هۆی شکستی ژاپۆن لە جەنگەکە دا.
- هێرشی سێ قۆڵی و کشانەوەی هێزەکان
دوابەدوای بڕیارەکەی جەمال عەبدول ناسر، سەرۆکی میسر بۆ بە نیشتیمانیکردنی کەناڵی سوێس لە ٢٦ی تەمموزی ١٩٥٦، بەریتانیا، فەرەنسا و ئیسرائیل هێرشێکی سەربازییان بۆ سەر میسر دەستپێکرد.
لە مێژوی میسر دا بە " هێرشی سێ لایەنە" ناسراوە .
لەبەرامبەر هێرشی سێ لایەنەدا، هەردوو وڵاتی سعودیە و سوریا لە ساڵی ١٩٥٦ دا ڕیگریان لە گەیشتنی نەوتی وڵاتەکەین بۆ فەرەنسا و بەریتانیا کرد، کەناڵی سوێس بە ڕووی کەشتییە نەوت هەڵگرەکاندا داخرا .
قەیرانی وزە لە ڕۆژئاوای ئەوروپا بەتایبەت لە هەردوو وڵاتی فەرەنسا و بەریتانیا سەریهەڵدا .
ئەمە یەکەم بایکۆتی گەورەی نەوتی عەرەبی بوو، لەگەڵ فشارە نێودەوڵەتیەکان بووە هۆی کشانەوەی هێزی " هێرشی سێ لایەنە" لە میسر .
- جەنگی بارهەڵگرەکان ١٩٨٤-١٩٨٨
دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، چیتر نەوتی ئێران بۆ "هاوبەشێکی متمانەپێکراو"ی ڕۆژئاوا نەبوو، بەڵکو "کارتی فشار" بوو لە دەستی تاران. لە شەڕی ئێران و عێراق١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ بەکارهات.
دوای ئەوەی هێزی ئاسمانی عێراق بەندەرەکانی ئێرانی کردە ئامانج بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران، ئێران تۆڵەی کردەوە و هێرشی کردە سەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە کەنداوی عەرەبی بۆ پەکخستنی هەناردەکردن. لەم بەشە گرنگەی جیهانەوە بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەندێک لە دەوڵەتانی کەنداو پشتیوانی عێراق دەکەن لە شەڕ دا لەگەڵ ئێران.
- چەکی "زەوی سووتاو" لە داگیرکردنی کوەیت لە ساڵی ١٩٩١
بە درێژایی مێژوو، سوپاکان لە کاتی کشانەوە پشتیان بە سیاسەتی "زەوی سووتاو" بەستووە. لەگەڵ بوونی نەوت بە فاکتەری یەکلاکەرەوە لە شەڕدا، وڵاتان ئەم سیاسەتەیان گرتەبەر بە وێرانکردنی کێڵگە نەوتییەکان بۆ ئەوەی دوژمن سودمەند نەبێت.
دیارترین نموونەی ئەمەش لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوەیت لە ساڵی ١٩٩١بوو، پێش کشانەوەکە زیاتر لە ٦٠٠ بیرە نەوتی کوەیت سووتێنران بۆ بەربەست کردنی پێشڕەوی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لەناوبردنی ژێرخانی وزە و کەمکردنەوەی سامانی نەوتی کوەیت.
ئاگرەکە بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت مانگ بەردەوام بوو، قەبارەی نەوتی سووتاویش بە یەک ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل مەزەندە کرا، ئەمەش بووە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی ژینگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
- چەکی گەمارۆ لە سەردەمی هاوچەرخدا
لە سی ساڵی ڕابردوودا نەوت بۆ هەندێک وڵاتی بەرهەمهێنەر بووە بە نەفرەت. چەکێك نییە لە دەستی ئەوان دا وەك جاران، ئێستا زلهێزەکان بەکاریدەهێنن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر زۆرێک لە وڵاتان وەك ڕوسیا و ئێران.
بە تەنها بەس نییە خاوەنی نەوت بیت، بۆ فرۆشتنی دەبێت بە دۆلار لە ڕێگای سیستمی بانکی جیهانیەوە بیفرۆشیت. لەسەر ئاستی جیهانی، کاتێک گەمارۆکان دەسەپێنرێن، ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوت و بانکەکان دەکرێت کە نرخەکەی بگوازنەوە بۆ وڵاتی بەرهەمهێنەر، بەمەش نەوت لە ڕووی ئابوورییەوە بێ بەها دەبێت.
لێرەدا دەپرسین ئایا ئابوری سەدەی بیست و یەك دەتوانێت بەرگەی "شۆکی نەوتی" دیکە بگرێت ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراویی بمێنێتەوە؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی