لە فەلسەفەی سیاسیدا چەمکێک هەیە بە ناوی "کۆمەڵگەی نمایش، کە بیرمەندی فەرەنسایی گی دێبۆر دایهێناوە. ناوەڕۆکی ئەم چەمکە دەڵێت:
"لە جیهانی مۆدێرندا، وێنە و نمایش جێگەی ڕاستی دەگرنەوە؛ مرۆڤەکان چیتر سەیری
ئەوە ناکەن بەرپرسێک چی دەکات، بەڵکو سەیری ئەوە دەکەن کە دەردەکەوێت."
لەم سۆنگەیەوە، جیهانی ئەمڕۆ گیرۆدەی پەتایەکی کوشندە بووە بە ناوی پاڵەوانی
ساختە، کە تێیدا کەسانێک بە گوتاری هەستبزوێن و نمایش، خۆیان وەک ڕزگارکەر
نیشان دەدەن، بەڵام لە پشت پەردەوە بەرژەوەندیی گشتی دەبێتە سووتەمەنیی ناوبانگی ئەوان.
پاڵەوانی ساختە لە بۆشاییدا دروست نابێت، بەڵکو لەسەر بنەمای گوتارێکی سۆزداریی داڕێژراو کار دەکات. ئەم جۆرە پاڵەوانانە دەزانن چۆن یاری بە برینەکان، تووڕەیی و بێئومێدیی خەڵک بکەن. ئەوان لە جیاتی پێشکەشکردنی پڕۆژە و چارەسەری زانستی، پەنا دەبەنە بەر دروشم، گوتاری ئەوان هەمیشە
جیهان دەکاتە دوو بەش: ئێمەی پاک و ڕزگارکەر بەرانبەر ئەوانی گەندەڵ و تێکدەر.
لە ڕێگەی ئەم دوانەیەوە، هۆشیاریی گشتی لەکار دەخرێت. خەڵک لە جیاتی ئەوەی پرسیاری ئەوە بکەن بەرنامەی ئەم کاندیدە یان ئەم بەرپرسە چییە بۆ ئابووری؟ دەکەونە داوی
چەپڵەلێدان بۆ قسە زلەکان و گوتارە بریقەدارەکان.
کاتێک کەسێک وەک پاڵەوانێکی ساختە وێنا دەکرێت، گەورەترین زیان بەر دامەزراوەییبوون و بەرژەوەندیی گشتی دەکەوێت. ئەم پرۆسەیە بە سێ
قۆناغ کاردەکات:
1. پەکخستنی عەقڵ: پاڵەوانی ساختە پێویستی بە شوێنکەوتەی کوێر هەیە، نەک هاوڵاتیی هۆشیار. بۆیە هەموو ڕەخنەیەک وەک خیانەت یان دژایەتیی چاکە وێنا دەکرێت.
2. قوربانیکردنی ستراتیژ بۆ تاکتیک: لەبەرئەوەی پاڵەوانی ساختە تەنها بۆ چەپڵە و لایک دەژی، هەمیشە کار لەسەر پڕۆژەی کورتخایەن و نمایش دەکات. ئەو ئامادەیە بودجەیەک کە دەبێت بۆ بنیاتنانی کارگەیەک یان نەخۆشخانەیەک خەرج بکرێت، لە کەمپەینێکی میدیایی بۆ ناساندنی خۆی خەرج بکات.
3. تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی: ئەم جۆرە کارەکتەرانە لەسەر کێشمەکێش دەژین. ئەوان هەمیشە پێویستیان بە دوژمنێکی وەهمی هەیە تا خۆیانی پێ گەورە بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگە و تێکچوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
ئەگەر لە ڕابردوودا دروستکردنی پاڵەوان ساڵانی خایاندبێت، ئێستا لە ڕێگەی سوپای ئەلیکترۆنی و مۆنتاژێکی کاریگەرەوە، دەکرێت لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا کەسێکی بێبایەخ بکرێتە سیمبولی نەتەوەیی. مەترسییەکە لێرەدایە کە جەماوەرێکی زۆر
بەبێ وردبوونەوە لە ڕابردوو و توانای زانستیی ئەو کەسە، دەبنە پارێزەری سەرسەختی، بێ ئاگا لەوەی کە ئەو پاڵەوانە تەنها بڵقێکی میدیاییە و بە یەکەم قەیرانی ڕاستەقینە دەتەقێت.
بەڵام ئایا پاڵەوانی بەرژەوەندیی گشتی مام پێویستە؟
بەرژەوەندیی گشتی پێویستی بە پاڵەوان نییە بەو مانا کلاسیکییەی کە لە ئەفسانەکاندا هەیە؛ بەڵکو پێویستی بە بەڕێوەبەری سەرکەوتوو، سیاسەتکاری بەرپرسیار و یاسای سەروەر هەیە. پاڵەوانی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لە بێدەنگیدا سیستەمێک بنیات دەنێت کە خزمەتی نەوەکانی داهاتوو بکات، نەک ئەو کەسەی لەسەر شاشەکان هاوار دەکات و لە پشت پەردەوە خەریکی تێپەڕاندنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیەتی.
تا ئەو کاتەی هۆشیاری جێگەی سۆز نەگرێتەوە، پیشەسازیی پاڵەوانی ساختە بەردەوام دەبێت لە قوتدانی داهاتوو و تێکدانی بەرژەوەندییە گشتییەکان. کاتی ئەوە هاتووە لە جیاتی چەپڵەلێدان بۆ قسەکان، سەیری کردارەکان بکەین، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی:
ئەو پاڵەوانانەی میدیا دروستیان دەکات، زۆربەی کات هەر میدیاش دەیاننێژێت، بەڵام تێچووەکەی لە گیرفانی خەڵک دەڕوات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی