چیرۆکی فەزیلەی کوردان، چیرۆکی جینۆسایدی گەلێک

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سلێمان مستەفا حەسەن

ساڵی 1988 ساڵێکە کە لەمێژوی کورددا بە خوێن، فرمێسک، ئازار، نادادی، ستەم، جینۆسایدو ئازارەکانی کیمیاباران و ئەنفال و نوگرە سەلمان نوسراوەتەوە. لەپرۆسەی ئەنفالی بەدناودا، هەزاران خێزان لەنیشتمان و لەژیان و ماڵبات جیاکرانەوە. 182 هەزار کەس تەنها لەبەر کوردبون لەلایەن ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن بونە قوربانی جینۆساید. لەناو شوێنە تاریکەکانی ئەو تاوانەدا، زیندانی نوگرەسەلمان ناوی خۆی وەک گۆڕستانێکی زیندوان لەمێژودا تۆمارکردوە، سەگە ڕەشەکان، حەجاج، نوگرە سەلمان، ئەنفال ئەو ناوانەن بەترس و مردنەوە گرێدراون لەبیرەوەری گەلی کورد بۆ هەمیشە لەبیرناکرێن.

لەوێ، ژنان و منداڵان، بەساڵاچوان بەبرسییەتی، تینویەتی و ئەشکەنجەدەدران، لەتینویەتیی خنکان و لەبرسانا مردن، ئەوان دەکوژران و دەکران بەخۆراکی ستەم و نادادی، دەکران بەخۆراکی لمی بیابان، هەندێکیشیان بون بەخۆراکی سەگە ڕەشەکانی بیابان، هەندێکی تر لەناو ژورە تاریکەکاندا بەبێ ناونیشان ونبون چیرۆکەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا ونکردن، ئێستاش بەشێک لەدایکان لەچاوەڕێ ئازیزانیاندان و ڕۆژان بەڕێدەکەن.

ئا لەناو ئەو دۆزەخەدا، جەلادێکی بەعسی، جەلادێکی فاشی، جەلادێکی نازی هەبوو، ئەو لەتەواوی جەلادەکانی تری ناو ئەو دۆزەخە جیاواز بوو، ناوێک بەترس و خوێن لەبیرەوەریی دەربازبواندا ماوەتەوە، ناوێک هەرگیز لەبیرەوەری کەسوکاری ئەنفالکراوان جیانەبوەتەوە ئەویش (حەجاج) جەلادەکەی نوگرەسەلمان، حەجاجێک سیماو سیفەتی بەعس و فاشی و نازیزمی هەڵگرتبوو، ئەو دێوەزمەو مرۆڤخۆرو مەرگهێن و دۆست و برای مردن بوو، ئەو وەحشێک بوو لەپێستی مرۆڤدا.

لەوکاتەدا، لەناو ئەو دۆزەخەدا، کچێکی تەمەن 15 ساڵی هەبوو، کچێک بەناوی فەزیلە، لەیەک ساتدا هەرچی خەونی منداڵی و ئارامی، خەونی خێزان و دڵنیایی هەبوو لێی زەوتکرا. فەزیلە لەلایەن ئەو جەلادەوە هەڵواسرا، ئەشکەنجەدراو لەهەمانکاتدا باوک و دایک و براکەی لێجیاکرانەوەو ئەوان بونە قوربانی ئەو مەرگەساتەی ئەنفال و کارەساتی جینۆساید، ئەوان و هەزارانی تر لەهۆڵەکانی نوگرەسەلمان لەهۆڵەکانی مەرگ ڕۆحیان بەرەو تەختی پەروەردگار گەڕایەوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵایەک و گێڕانەوەی ئەو مەرگەساتە بۆ پەروەردگار. 

جەلادەکان وایاندەزانی کە ئەو کچە وەک هەزاران قوربانی تر لەژێر بارگرانی ئەو مەرگەساتە دەشکێت و کۆڵدەدات و بەکاریگەری ئەو کارەساتە سەر دەنێتەوە، بەڵام فەزیلە نەشکاو کۆڵی نەدا، ئەو شوێنپێی پێشمەرگەو شەرڤانان و گەریلاکانی نیشتمانی هەڵگرت و خەمی مەرگەساتی ئەنفالی کردە هەگبەی، ئەو بڕیاریدا ببێتە دەنگی ئەنفال و چیرۆکەکانی، ئەو بڕیاردا ببێتە بڵندگۆی دەرخستنی ڕاستییەکان.

دوای ساڵانێک، پرۆسەی ئازادی هات، دەرگای زیندانەکان کرانەوە، ڕژێم ڕوخا، بەڵام بۆ فەزیلە چیرۆکەکە کۆتایی نەهات، فەزیلە گەڕایەوە بۆ نوگرە سەلمان، نەک بۆ سەردان و بیرەوەری، بەڵکو بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ بیرەوەرییەکانی، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی ئەو بەشەی ژیانی کە لەنوگرە سەلمان ون ببوو، لەناو ئێسک و پروسکی قوربانییەکاندا، ئێسک و پروسکی دایک و باوک و براکەی دۆزییەوە، بەڵام لەو گەڕانەدا، سەرچاوەیەکی گرنگی دەستکەوت، جەلادەکە هێشتا زیندوە، حەجاج زیندوە.

 ئەو جەلادەی ساڵانێک زۆر خۆی شاردەوە، ون ببوو، وتیان مردوە، پاش هەموو ئەو ساڵانەی لەچاوی دادگاو یاسا ڕایکردو خۆی حەشاردا، بەڵام فەزیلە، ئەو کچەی کە ڕۆژێک قوربانی بوو، بوو بەشوێنکەوتوی داد، بوو بەشوێنکەوتوی دەرخستنی ڕاستییەکان، بوو بەدەنگی ئەنفال.

شوێنپێی جەلادەکەی هەڵگرت و دۆزییەوە، بەوریاییەوە، بەپلانەوە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردەوە، بەمشێوەیە جەلادەکەی نوگرەسەلمان ڕاپێچی زیندان و لێپرسینەوە کرا، گرتنی حەجاج گرتنی مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو، گرتنی حەجاج گرتنی ڕاکردوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو هەڵدانەوەی پەردەبوو لەسەر تاوانەکانی سەدە، هێنانی بکەری تاوانی ئەنفال و نوگرەسەلمان بوو، هەڵدانەوەی لاپەرەکانی چێرۆکی مەرگەساتی گەلێک بوو، نوسینەوە گوێگرتن و دۆکۆمێنتکردنەوەی مەرگەساتی ئەنفال و کارەساتی جینۆساید بوو. ئەمڕۆ، حەجاج لە بەردەم دادگایە، یەکەم دانیشتن ئەنجامدراوە، 22 شاهیدو سکاڵاکار ئامادەبون و زیاتر لە 300 سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.

ئەوەی گێڕامانەوەو نوسیمان تەنها چیرۆکی فەزیلە نییە، تەنها ناوهێنانی ژنێکی کورد نییە… ئەمە چیرۆکی نەتەوەیەکە، ئەمە چیرۆکی کوردانە کە نە ئەنفال، نە کیمیابارن، نە بەعەرەبکردن، نە بەڕاگواستن، نە بەزیندانیکردن نە بەکوشتن توانیان بیشکێن و لەناوی بەرن، نە کات توانيی بیرەوەرییەکانی بسڕێتەوە.

چیرۆکی فەزیلەی کوردان، تەنها پێویستی بەخوێندنەوە نییە، تەنها پێویستی بەوەنییە وەک کارەساتێک سەیری بکەین و هاوخەمی بین… بەڵکو پێویستی بەوە هەیە ببێتە فیلمێکی سینەمایی جیهانی، تاکو دونیا بزانێت کورد چی بینیوەو ژنێکی کورد چۆن لەقوربانییەوە بوو بەدەنگی داد، ڕاستی، دەنگی ئەنفال و مێژوو، دەنگی چیرۆکی کوردان ئەو کوردانەی لەبەر کوردبون زیندەبەچاڵکران و بون بەخۆراکی ستەم و زوڵم و نادادی حەجاج و سەرانی بەعس، با دادگای حەجاج بهێنرێتە کوردستان، با دادوەرانی جیهان بانگهێشتی دادبینیەکە بکرێن، با هەموو چیرۆکەکانی ئەنفال لەمۆزەخانەی ئەنفال بەزیندویەتی هەڵبگیرێن، با قورسای ئەو کارەساتانە بکرێنە خاڵی هێزو هەڵسانەوەو دەستپێکی ژیان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی