هەرێمی کوردستان لە پایزێکی درێژەوە…. بۆ زستانێکی مەترسیدار !!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو



دوای سەد ساڵ لە پێشکەشکردنی هەزارا شەهید و ماڵوێرانی و کارەسات لەدوای کارەسات ، بەرهەمەکەی ئەو هەرێمی کوردستانە بوو ، کەوا خەریکە بەدەستی خۆمان لەناوی دەبەین و ، نە لە ناوخۆی خۆمان و نە لەدەرەوەش لەکن دۆستانی خۆرئاوا گوێمان لێڕانەگرتن و هیچ داوایەکی ئەوانمان بۆ خێری ئەو گەل و قەوارەیە جێبەجێنەکرد و  ، جێی متمانە و هاوسۆزی نەماین !! پەندێکی ئەفریقی هەیە کە دەڵێت : ( پێش ئەوەی هەوڵی پێشخستن یان چاککردنی کۆمەڵگەکەت یان نیشتیمانەکەت بدەیت ، سێ کەڕەت سەیری ناو ماڵت بکە )  ئێمە تووشی نەخۆشی موزمنی تێکچوونی ناو ماڵ بووینە ، کاتێک نەتەوەیەک نەخۆش دەبێت ، یەکەم جار نەخۆشیەکەی لە ئابووریەکەی یان سیاسەتەکەی بەدیار ناکەوێت ، بەڵکو لە پەیوەندیەکانی بە خودی خۆی و ، بە زەمەن و ، بەو مانایەی لەپێناویدا دەژیت بەدیاردەکەوێت ، سەیرکە لەناو ئەو زەمەنەدا مرۆڤی کورد بە ماندوێتی وەستاوە ، وەک ئەوەی زەمەن لەداخیلدا بەیەک ئاراستە نەڕوات ، ئەمە پایزێکی دوورودرێژە تووشیانکرد و بەرەو زستانێکی تووش و مەترسیداری  دەیبەن  ، کە باب و باپیرانمان و تێکۆشەران بەڕەنجی خۆیان نیعمەتێکیان بەناوی هەرێمی کوردستان بۆ هێناین تا لەبەری بسێینەوە و  نەک ماندووبین و وایلێبکەن ڕقمان لێیببیتەوە ، وا خەریکە ئێستا  بەدەستی خۆمان لەناوی دەبەن ، نەوەکانی ڕابردوو پێچەوانەی ئەوانی ئێستان ، ئەوان باوەڕێکی قووڵیان بە جەدوای ئەوە هەبوو کە دەیانکرد و خۆیان و ژیانیان بۆتەرخانکرد ، ئەوانی ئێستا کەشوهەوایەکی وایان هێنا ئاراوە کە هەمیشە سەرقاڵی ئەوەبین کە چۆن پێداویستیە مرۆییەکان و خێزانەکانمان لەژێر سایەی قوڕسایی و تەحەدیات و ئاڵوزی دۆخی ئابووری و دەروونی  دابینبکەین ! هەیچیان تێدا نەهێشتەوە و هەموو شتێک سووک کرا ، پێشتر سیاسەت ستاندار و معیاری خۆی هەبوو ، وەک ئەوەی کە زانست و خوێندنیش معیاری خۆی هەبوو ، سیاسەت تەڵکەچێتی و فێڵبازی نەبوو ، زانستیش هەر بڕوانامە و لەقەبی بێناوەڕۆکی بۆش نەبوو  وەکو ئێستا ، لە هەموو ئەوانەدا کۆمەڵگا هێزێکی زیندوو بوو کە خۆشەویستی بۆ کوردستان هەبوو ، کۆمەڵگا خۆی پارێزگاری لەخۆی دەکرد و بەسەر ئەو کارەساتانە سەردەکەوت کە بەسەریدەهات ، ئێستا ئەوەی لەبیریان نەبێت کۆمەڵگەیە و خەریکە شتە بەها و پیرۆزەکان سووکدەکرێن ، بەدرێژایی مێژوو حەیا و ئابڕوو لەکن کورد هێڵی سوور بووە ، بەڵام وا دەبینین  زۆر بێشەرمانە بەوپەڕی بێحەیایی هەرچی پیرۆزیە دەخرێتە ژێر پێ  و وا لەگەڵیشی ڕادێین !! سووکایەتی بە کێشەی نەتەوە و بەها کۆمەڵاتیەکان بە باڵادەستی بەرژەوەندی تەسکی حزبی  و مەکانەی سامان لەسەر حسابی پیرۆزیەکانئ نەتەوە و تەعلیم و هەڵوێستی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دەکەن و ، وایان لەو کوردستانە کرد کە رۆحی تاکەکەسی خۆپەرستیی سەروەر بێت لەگەڵ داچۆڕانی کۆمەڵێک لە بەهای پیرۆز و بەنرخ ، لەوانە بڵاوبونەوەی شێوازێکی نیشتیمانپەروەری قێزەونانە کە لەسەر گۆرانی و دروشمی بەتاڵ و درۆ وەستاوە ، ئەوە جگە لە زاڵبوونی قازانجی خێرا لە دەرەوەی قانون بەسەر کاری جدی ، هەمیشە کۆمەڵگاکان کانیاوی زیندووی دەسەڵات و هێز و سامانەکەیەتی ، بەڵام کاتێک دەسەڵات دابڕا لە کۆمەڵگا یان ئەولویەتی بریتی بوو لە تەحەکومکردن بەسەر کۆمەڵگا و زەبتکردن و کۆنتڕۆلکردنی  دۆخەکەی و دابەشبوون و مەستیی دەسەڵات و پارە و ، بەمەش دەسەڵات  بەرە شکست و لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵگەیەک بەرهەم دەهێنێت تێکشکاوبێت  ، بەمەش دەشکێت و خۆی لەگەڵ دەشکێنێت !! جا یان دەبێت بەو ڕێیە خەراپە تێکچووە خاو و خلیسکە دابڕۆن کە ئێستا پێیدا دەڕۆین کە ئەنجامەکەی داڕمانە یان ئەو فورسەتە بقۆزینەوە و بەو پەڕی بوێری بەخۆماندا بچینەوە و نێوماڵمان ڕێکبخەینەوە و بۆ ڕوودانی گەشەیەکی نوێ کە شایەستەی کوردستان بێت . نەتەوە هەرتەنها وێنەیەک نیە لەسەر نەخشە ڕەسمی بکەین و ، سنوورێکیش نیە بە چەک پارێزگاری لێبکەین و ، ژمارەیەکیش نیە حکومەت  لە بەیاننامەکانی ڕایبگەیەنێت ، نەتەوە لە جەوهەردا حالاتی هۆشیاریە و ، کوردستانیش مێژووێکی مەزنی لە قوربانیدان و بەخشش هەیە ، بۆ وایلێبێت لە ئایندەی بترسین و بیخەنە هەڵدێر و وەک درەختی پایز گەڵاکانی هەڵوەرێندرێن نەک لەبەر ئەوەی «با » بەهيزترە لەو درەختە ، بەڵکە خوودی درەختەکە ئەوەی لەبیر کردووە کە «ئەو »درەختە و ، مرۆڤی کورد لە داخلی خۆیدا هاودژیەکی بە ئازاری هەڵگرتووە لە ئاییندە دەترسێت و ناشتوانی ئەو ماندوبوونەی ئێستا کە توشیبوون بیگۆڕێت بۆیە هەمیشە لە پایزێکی داخلیدا دەژیت و برینە قوڵەکەی ئەوەیە کە پەیوەندیە ڕاستەقینەی خۆی بە خودی خۆی ونکردووە ، نیشانەی بەهاری دادێ لە گووتاری سیاسی نیە و ، لە ژمارەی ئابووری-یش نیە ، بەڵکە لەو چرکەساتەیە کە مرۆڤی کوردستانی لەناو ماڵی خۆی و لە کارەکەی و لە شاقامەکانی بڕیاری لێدەدات بۆ پەڕینەوە لەو پایزە درێژە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی