لەمێژوی هەموو نەتەوەکاندا، هەندێک سات هەن کە گرنگییان تەنها لە ڕووداوە سیاسییەکەدا نییە، بەڵکوو لەو پرسیارانەدایە کە لەبارەی مانای دەوڵەت، دادپەروەری، یاسا و ڕەوایەتیی دەسەڵاتەوە دەیانوروژێنن. ئەو هەڵمەتەی ئێستای حکومەتی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەرچەندە لە ڕواڵەتدا بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی باڵا دەستی پێکردووە، بەڵام لە ڕاستیدا تاقیکردنەوەیەکی گەورەی خودی دەوڵەتی عێراقە، چونکە پرسیارەکە ئەوە نییە کە چەند بەرپرس دەستگیردەکرێن یاخود کراون، بەڵکو پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا یاسا دەتوانێت بەسەر هێزدا سەرکەوێت یان هێز هەر وەک هەمیشە بەسەر یاسادا سەردەکەوێت؟.
لەڕاستیدا گەندەڵی تەنها دزینی پارەو موڵکی گشتی نییە بەڵکوو ئەو ساتەیە کە دەوڵەت لە خزمەتگوزاریی هاووڵاتییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازی پاراستنی خزمەتی بەرژەوەندیی تاک و گرووپەکان ، لەو کاتەدا، هاووڵاتی باج بە دەوڵەت نادات بەڵکوو نرخی مانەوەی سیستەمێک دەدات کە متمانەی تێدا ون بووە، ئەوەی هەرقەوارەیەک دەکاتە دەوڵەت نە نەوتەو نە چەک و نە سامانی سروشتیە بەڵکوو متمانەی گشتییە، ئەگەر متمانە لەناو چوو دەوڵەت هەرچەندە خاوەنی دامەزراوەو وەزارەت و یاساش بێت لە ناوەڕۆکدا بەتاڵ دەبێتەوە.
ئەفلاتوون لە کتێبی “کۆمار”دا دەڵێت (خراپیی دەوڵەت لە خراپیی ڕۆحی مرۆڤەکانەوە دەست پێدەکات) واتە پێش ئەوەی گەندەڵی لە خەزێنەی گشتی و سندوقی پارەدا درستببێت لە ویژدان و بیرکردنەوەی بەرپرساندا دروست دەبێت، ئەگەر ئەوەی دەسەڵاتی پێ سپێردراوە پێگەکەی وەک دەستکەوتێکی کەسی ببینێت ئەوا یەکەم هەنگاوی گەندەڵی دەستپێکردوە تەنانەت ئەگەر هێشتا دینارێکیشی نەدزیبێت.
ئەریستۆ لە کتێبی سیاسەت دا جیاوازییەکی گرنگ دەکات و دەڵێت ( حکومڕانی دوو جۆرە: یەکێکیان بۆ بەرژەوەندیی گشتییە، ئەوی تریان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی دەسەڵاتدارانە) هەر کاتێک دەوڵەت لە خزمەتگوزاریی گەلەوە بگوازرێتەوە بۆ پاراستنی دەستەیەکی دیاریکراو لەو ساتەوە دەست بە هەڵوەشاندنەوەی خۆی دەکات هەرچەندە لە دەرەوە بەهێزیش دیار بێت ، ئەم ڕوانگە فەلسەفییانە زۆر نزیکن لەوەی ئێمە ئەمڕۆ لە عێراقدا دەیبینین، ئەگەر هەڵمەتی دژ بە گەندەڵی بتوانێت بەبێ جیاکاری بگاتە هەموو ئەوانەی تاوانیانکردووە ئەوا متمانەیەکی نوێ لە نێوان هاووڵاتی و دەوڵەتدا دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر یاسا تەنها بەسەر لاوازەکاندا جێبەجێ بکرێت ئەوا خۆی دەبێتە بەشێک لە سیستەمی گەندەڵی
کارڵ پۆپەر دەڵێت (پرسیاری گرنگ ئەوە نییە کێ حکومڕانی بکات بەڵکو پرسیار ئەوەیە چۆن سیستەمێک دروست بکەین کە حکومڕانە خراپەکانیش نەتوانن زیانی گەورە بگەیەنن) ئەمە بنەمای بیرکردنەوەی دەوڵەتی مۆدێرنە، دەوڵەت نابێت پشت بە چاکەی تاکەکەس ببەستێت بەڵکوو پێویستە دامەزراوەی وای هەبێت کە خراپترین مرۆڤیش نەتوانێت سیستەمەکە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی.
ماکس ڤێبەر ئەم بیرۆکەیە بە شێوەیەکی تر ڕوون دەکاتەوە ئەو پێی وایە دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر بنەمای دامەزراوەی بێلایەن دروست دەبێت نەک لەسەر بنەمای کەسایەتیی سەرکردەکان ئەگەر دامەزراوەکان ببنە بەشێک لە ملمێلانێی حیزبی ئەوا یاسا دەبێتە ئامراز نەک بنەما.
مۆنتسکیۆ هۆکاری سەرەکیی گەندەڵی لە کۆکردنەوەی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە و دەڵێت( هەر کەسێک دەسەڵاتی هەبێت، هەوڵی زیادکردنی دەدات) بۆیە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و چاودێریکردنی یەکتر نەک تەنها پرسێکی یاساییە بەڵکوو پاراستنی ئازادیی مرۆڤەکانیشە.
هانا ئارێنت کە یەکێکە لە قووڵترین بیرمەندانی سەدەی بیستەم، باسی (ئاساییبوونی خراپە) دەکات لە ڕوانگەی ئەوەوە، مەترسیدارترین جۆری گەندەڵی ئەوە نییە کە زۆر گەورەیە بەڵکوو ئەوەیە کە خەڵک بە هێواشی پێی ڕادێن، کاتێک دزینی پارەی گشتی دەبێتە هەواڵێکی ڕۆژانەی ئاسایی کاتێک خەڵک دەڵێن هەمووان وای دەکەن ئەوا گەندەڵی لە تاوانەوە دەگۆڕێت بۆ کەلتوور لە عێراقدا، ئەم هەڵمەتی ڕووبەڕووبونەی گەندەڵی لە ناو بارودۆخێکی ئاڵۆزدا بەڕێوەدەچێت، هێزە سیاسییەکان و میلیشیاکان و فاکتۆرە هەرێمییەکان بە تایبەتی هەژموونی ئێران پێگەیەکی دیاریان لە دیاریکردنی چارەنووسی ئەم پڕۆسەیەدا هەیە ئەگەر هەڵمەتەکە بگاتە ئەو شوێنانەی کە هێزی چەکداری سیاسییان تێدایە ئەوا تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە دەستپێدەکات، چونکە لێرەدا تەنها باسی دادگا نییە بەڵکوو باسی ئەوەیە ئایا دەوڵەت دەتوانێت بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە مۆنۆپۆلی یاسا و هێز بگەڕێنێتەوە یان نا؟ بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشیارییش پێویستە مێژوو پڕە لەو نموونانەی کە تێیدا هەڵمەتەکانی دژ بە گەندەڵی بوونەتە ئامرازێک بۆ لێدانی نەیارەکان ئەگەر یاسا بە شێوەی پۆلێنکارانە و هەڵبژێردراو جێبەجێ بکرێت ئەوا دادپەروەری بەدی نەهاتووە بەڵکوو شێوازێکی شاراوەی ململانێی سیاسی پەیڕەو کراوە
هەرێمی کوردستانیش لەم پرسیارە بەدەر نییە هەرچەندە زۆر کەس باوەڕیان وایە ئاستی گەندەڵی لە هەرێمدا بە بەراورد بە عێراق کەمترە بەڵام لە فەلسەفەی دادپەروەریدا وشەی (کەمتر)نابێتە هۆکاری (قبووڵکردن) دزینی یەک دینار لە پارەی گشتی هاوشێوەی دزینی ملیۆنان دینارو دۆلارە چونکە لەبنەڕەتدا پێشێلکردنی متمانەی گشتییە لەڕاستئدا گەندەڵی بە ژمارە پێوانە ناکرێت بەڵکوو بە پێشێلکردنی بنەماکانی یاسا دەپێورێت ، حیزبە سیاسییەکانی کوردستانیش لێرەدا بەرپرسیاریەتیەکی مێژووییان لەسەر شانە ئەو حیزبانەی کە لە زەمەنی خەبات و شاخدا بۆ ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ خەباتیان کرد، نابێت ڕێگە بدەن ئەو میراتە ببێتە قوربانیی گەندەڵی خەباتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان بە هیچ شێوەیەک نابێت ببنە کەڤەرێک بۆ پاراستنی گەندەڵکاران ، پاراستنی مێژووش تەنها بە وتار و یادکردنەوە نییە بەڵکوو بە پاککردنەوەی ناوخۆی سیستەمەکەیە
فرانسیس فوکویاما دەڵێت( دەوڵەتی بەهێز ئەوە نییە کە هێزی چەکداری زۆری هەبێت بەڵکوو ئەوەیە کە خاوەنی دامەزراوەی بەهێز بێت) ئەگەر دامەزراوەکان لەسەر بنەمای شایستەیی و شەفافییەت و لێپرسینەوە بونیاد نەنرێن هەر گۆڕانکارییەک تەنها گۆڕینی ناوەکان دەبێت نەک گۆڕینی سیستەمەکە. دارۆن عەجەم ئۆغڵو و جەیمز ڕۆبنسۆن لە کتێبی (دەوڵەتەکان بۆچی شکستیان هێنا؟) دا ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەتەکان کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە دامەزراوەکانیان داهێنەربن نەک تاڵانکەر ، دامەزراوەی تاڵانکەر سامانی گەل دەکاتە موڵکی دەستەیەکی دیاریکراو ئەوەش سەرچاوەی هەموو جۆرە گەندەڵییەکە.
لە کۆتاییدا، وتەیەک هەیە کە زۆرجار دەخرێتە پاڵ کارڵ مارکس هەرچەندە بەم دەستەواژەیە لە دەقەکانیدا نییە بەڵام مانایەکی قووڵی هەیە( یاسا وەک تەنافی جاڵجاڵۆکەیە مێش و مەگەزەکان دەگرێت بەڵام گیناوەرە زەبەلاحەکانی وەک فیلەکان ناگرێت) ئەگەر ئەم هەڵمەتەی حکومەتی عێراق بتوانێت بۆ یەکجار ئەم یاسایە بشکێنێت و فیلەکانیش بخاتە ژێر ڕکێفی یاساوە ئەوا عێراق هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو دەوڵەتی دامەزراوەکان دەنێت، بەڵام ئەگەر تەنها مێش و مەگەزەکان بگرێت ئەوا گەندەڵی لەناو نەچووە بەڵکوو تەنها شێوازی خۆی گۆڕیوە.
دەوڵەت بە هێزی چەک ناپارێزرێت بەڵکوو بە متمانەی گشتی هاووڵاتیان دەپارێزرێت متمانەش بە دروشم دروست نابێت بەڵکوو بە دادپەروەری و شەفافییەت و یەکسانی لەبەردەم یاسادا بەدیدێت، ئەو ڕۆژەی هیچ ناوێک، هیچ حیزبێک، هیچ میلیشیایەک و هیچ بەرپرسێک لە سەرووی یاساوە نەبن ئەو ڕۆژە دەکرێت بڵێین گەندەڵی تەنها لە دادگاکاندا نەدۆڕاوە بەڵکوو لە ویژدانی دەوڵەتیشدا شکستیهێناوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی