وێنای ئەوە بکە، دوو کەس لە پەنجەرەی قاوەخانەیەکەوە سەیری شەقام دەکەن. لە مۆبایلەکەیاندا هەمان هەواڵ دەخوێننەوە:
"پێویستە ئەم بڕیارە دووبارە هەڵسەنگێندرێتەوە."
یەکێکیان دەڵێت: "باشە، ئەمە ڕەخنەیەکی تەندروستە.""
ئەوی دیکە کەمێک دەوەستێت و دەڵێت: "ڕەنگە. بەڵام با بزانین ئەم قسەیە چی دەکات"
چونکە هەمان ڕستە هەمیشە هەمان کار ناکات. زمان تەنها گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکو کردارە. ئەگەر شارەزایەک لە دوای پشکنینی بەڵگەکان و داتاکانەوە ئەو قسەیە بکات، ڕەنگە مەبەستی ئەوە بێت کە بڕیارەکە کێشەی هەیە و دەبێت باشتر بکرێت. ئەو دەیەوێت دەرگای چاکسازی بکاتەوە. بەڵام ئەگەر هەمان ڕستە لەسەر شانۆیەکی سیاسی، لە نێوان هاوار و چەپڵەلێداندا بوترێت، ڕەنگە کارێکی تر بکات. ڕەنگە هەوڵ بدات خەڵک بەرەو هەڵوێستێکی دیاریکراو ببات، یان بە ناوی ڕەخنەوە دەیەوێت بەرپرسیارێتی لەسەر شانی خۆی لابات.
وشەکان هەمان وشەن، بەڵام مەبەست و کاریان جیاوازن. هەندێک جار کەسێک پرسیار دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا نایەوێت وەڵام بزانێت. دەیەوێت فشاری زیاتر دروست بکات. وەک ئەوەی بڵێت: "ئایا ئێوە هیچ بەرپرسیارێتیتان هەیە؟" لە ڕواڵەتدا پرسیارە، بەڵام لە کاردا تۆمەتبارکردنە. یان کەسێک دەڵێت: "من تەنها حەقیقەت دەڵێم." ئەمە ڕەنگە ڕاستگۆیی بێت. بەڵام هەندێک جار ئەم ڕستەیە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی ڕێگای ڕەخنە و بەڵگەهێنانەوە دابخات. پێش ئەوەی تۆ بپرسیت "بەڵگەکەت چییە؟"، خۆی لە شوێنی حەقیقەت داناوە.
لە گفتوگۆی گشتی، ئەوەی گرنگە تەنها ئەوە نییە کە قسەکە ڕاستە یان نا. گرنگە بزانین ئەو قسەیە چ هەوڵێک دەدات و کێ بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەکەی هەڵدەگرێت؟ دەیەوێت ڕوون بکاتەوە؟ یان دەیەوێت کەسێک بێدەنگ بکات؟ کاتێک ئەم جیاوازییە دەبینین، دەقەکان بە شێوەیەکی تر دەخوێنینەوە.
لە کۆتایی هەواڵەکەدا، ئەو دوو کەسەی قاوەخانەکە جارێکی تر سەیری ڕستەکە دەکەن. "پێویستە ئەم بڕیارە دووبارە هەڵسەنگێندرێتەوە." ئەمجار یەکێکیان تەنها ناپرسێت: "چی وتراوە؟ " دەپرسێت: "ئەم قسەیە دەیەوێت من بەرەو کوێ ببات؟ و کێ بەرپرسیارێتی ئەو ئاراستەیەی هەڵگرتووە؟"
ئەمە گۆڕانکارییەکە لە بینینی ڕووکەشیی دەقەوە بۆ خوێندنەوەی مرۆییانە. چونکە لە کۆتاییدا، هەر وشەیەک کە دەوترێت، کاریگەری لەسەر ژیان و چارەنووسی مرۆڤێک هەیە. کاتێک بە وردی لە پشتی وشەکان دەڕوانین، ئاسانتر دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان دەنگی ڕاست و دەنگی ساختەدا. لەو کاتەدا، چیتر بە ئاسانی هەڵناخەڵەتێندرێین؛ بەڵکو بڕیاری خۆمان بە هۆشیاری دەگرین، داوای بەڵگە دەکەین و بەرپرسیارێتی لە قسەکەر دەخوازین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی