لەکاتێکدا زۆربەی خەڵکی کوردستان، هێزە سیاسییەکانو چاودێرانی دۆخی ناوچەکە داوای ئەوەدەکەن کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بۆ پاراستنی گیانی ئەندامو پێشمەرگەکانیان بنکەو بارەگاکانیان بگوازنەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان، بەمەبەستی دورکەوتنەوە لەهێرشە موشەکیو فڕۆکە بێفڕەوانەکانی سوپای پاسداران، هەندێک میدیای نزیک لەدەسەڵات بەهەڵسوکەوتێکی جێگای پرسیار، دەستیانکردوە بەئاشکراکردنی شوێنو ناوچەکانی ئەو هێزانە.
ئەگەر ئەم کردارە بەئەنقەست بێت، نەک تەنها دژ بەبنەماکانی پیشەی ڕاگەیاندنە، بەڵکو پرسیارێکی گەورەی ڕەوشتیو یاسایی دروستدەکات، ڕاگەیاندن نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ ئاسانکردنی هەڕەشە لەسەر گیانی مرۆڤەکان، هیچ پرینسیپێکی ئەخلاقیو هیچ ستانداردێکی پیشەیی ڕێگەنادات کە زانیارییەکی هەستیار کە دەتوانێت ببێتە هۆی کوژرانی خەڵک، بەشێوەیەکی بەرپرسانە بڵاوبکرێتەوە.
لەڕوی سیاسییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری پاراستنی سەلامەتی ناوخۆییو گیانی هەموو ئەوکەسانەیە کە لەناو سنورەکانی هەرێم دەژین، بەبێ جیاوازیی، ئەگەر هەرلایەنێک، بەتایبەتی میدیای نزیک لەدەسەڵات، ببێتە هۆی ئاشکراکردنی شوێنی ئەو هێزانە، ئەوا ئەوە هەڵسوکەوتێکە کە دەتوانێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر گیانیان زیادبکاتو هەروەها ئاستی متمانە بەدامەزراوەکانی هەرێم لاوازبکات.
کوردستان خۆی قوربانی هێرش، کیمیابارانو ئاوارەیی بوە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە دامەزراوەو میدیاکانی، زیاتر لەهەر شوێنێکی دیكه، گرنگی بەپاراستنی گیانی مرۆڤ بدەن، نەک بەبڵاوکردنەوەی زانیارییە هەستیارەکان.
ئەم بابەتە نابێت تەنها بەکێشەیەکی سیاسیی سەیربکرێت، بەڵکو دەبێت وەک کێشەیەکی مرۆییو ئەخلاقی لێی بڕواندرێت، ئازادیی ڕاگەیاندن مانای ئەوەنییە کە هەر زانیارییەک، بەبێ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی، بڵاوبکرێتەوە، ئازادیی، کاتێک مانا دەبەخشێت کە لەگەڵ بەرپرسیارییەتی پیشەییو مرۆیی هاوتەریب بێت.
ئەگەر حکومەتی هەرێم بەڕاستی خۆی بەپابەند بەیاساو مافی مرۆڤ دەزانێت، پێویستە بەڕونی هەڵوێست وەربگرێت، لێکۆڵینەوە لەهەر کردارێک بکات کە دەتوانێت گیانی مرۆڤ بخاتە مەترسیو دڵنیایی بدات کە هیچ میدیایەک، لەژێر هەر ناونیشانێکدا، نابێتە هۆی ئاسانکردنی هێرش لەسەر کەسانی دیکە.
پاراستنی گیانی مرۆڤ، پێش هەر هەڵوێستێکی سیاسیی، بەرپرسیارییەکی ئەخلاقیو نیشتمانییە، هەر کاتێک ئەم بنەمایە لەبیربکرێت، نەک تەنها ڕاگەیاندن، بەڵکو خودی دەسەڵاتیش لەپرهینسیپەکانی خۆی دوردەکەوێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی