لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، بەسەدان خێزان لەهەولێرو ناوچەكانی دیكەی كوردستان كارتی زانیارییان نیشتەجێبوونیان گواستۆتەوە ناوچە دابڕاوەكان، رێژەكە لەزیادبوونە. هۆكارەكەی ئەوەیە دەیانەوێ سودمەند بن لەهەندێك ئیمتیازو بەرژەوەندیی كە لەوناوچانە هەن لەهەرێمی كوردستان نییە.
لەناوچە دابڕاوەكان، ساڵانە بەجۆرێك لەجۆرەكان دامەزراندن هەمیشەیی یان گرێبەست هەیە، زۆربەی ئەو دامەزراندنانە بەخاڵبەندیی یاخود تیروپشكە، پێویستی بەتەزكیەی حزب نییە،
ژیان لەناوچە دابڕێنراوەكان زۆر هەرزانترو ئاسانترە بەراورد بەناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان! لەناوچە دابڕێنراوەكان كارەبا،و سوتەمەنیی زۆر هەرزانترە. نرخی گۆشت و خۆراك و خواردن و تەنانەت نرخی گۆشتیش هاوشێوەی سوتەمەنیی زۆر هەرزانترە! تەنانەت ئەو بەشەخۆراكەی لەناوچە دابڕێنراوەكان دەدرێت بەهاوڵاتیان بەتایبەتیش ئارد، زۆرباشترە لەوەی لەو ئاردەی لەهەرێمی كوردستان دابەشدەكرێت، چونكە ئەو ئاردەی هەرێم، ئاردی ئاشەكانی هەرێمە.
بەدڵنیاییەوە قسەی زۆرترو وردەكاری زیاتر هەیە بیخەینەڕوو. خولاسەی كەلام ئەو قسانەم بۆ ئەوەبوو بڵێم لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، ماوەیەكی زۆر دۆخی هەرێمی كوردستان زۆرباشتربوو لەناوچە دابڕێنراوەكان و ناوچەكانی دیكەی عیراق. ئەوكاتە هەموومان دەمانگوت پێویستە حوكمڕانیی و ژیانی خەڵك لەهەرێم ئەوەندە باشتر ببێت لەعیراق، دانیشتوانیی ناوچە دابڕێنراوەكان خۆزگە بەگەڕانەوە سەر هەرێم بخوازن، بەجۆرێك غەیرە كوردیش لەوناوچانە داوابكەن ناوچەكانیان بگەڕێتەوە سەر هەرێم و ژیان لەژێر سایەی حوكمڕانیی هەرێم بخوازن! كەچی مخابن، وادەرنەچوو، خۆزگە وانەبوایە. وەك دەگوترێت، چمان دانا، چ دەرنەچوو.
بەهەموو پێوەرێك ئێستا ژیان لەژێر سایەی حوكمڕانی هەرێم زۆر خراپترە بەراورد بەناوچەكانی دیكەی عیراق، بۆیە بەپێچەوانەی ئەوەی دەگوترا، ئەوەی هیوامان بۆ دەخواست، دەبینین ئێستا هاوڵاتیانی هەرێم خۆزگە بەژیانی ناوچە دابڕێنراوەكان دەخوازن، لەبری گەڕانەوە بۆسەر هەرێم، ئێستا بەشێك لە خەڵكی ئەو ناوچانە كارتی زانیاریی و نیشتەجێبوونی خۆیان دەگوازنەوە ژێر سایەو حوكمڕانیی بەغدا، لەدانیشتوان و هاوڵاتیی هەرێمی كوردستانەوە خۆیان دەكەنەوە عیراقیی. دەبێ دەسەڵاتدارانی هەرێم لەو راستیە بگەن كە خەڵكی بەدوای ژیانێكی باشتر دەگەڕێن، دروشمبازیی و ئەو كوردایەتیەی بەخەڵكی دەفرۆشنەوە، بۆ ئەوان بۆتە نیعمەت و لەپەنایدا بوونەتە مەڵتی ملیاردێر، بە نازو نیعمەتی ئەو كوردایەتییە، شاباش و موزایەدە دەكەن. خەڵكیش لەكولەمەرگیی.
خۆ ئەگەر بەراوردی دۆخی سیاسی و حوكمڕانیی هەرێم و بەغدا بكەین ئەوە بابەتەكەمان زۆر درێژتر دەبێتەوە، چونكە لەوێ هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەكرێت و حكومەت دروستدەكرێت. گەندەڵكاران دەستگیردەكرێن و پەرلەمان رۆڵی كارای خۆی هەیە و دامەزراوەكانی دەوڵەت سەرباری كەموكوڕیی ئیشی خۆیان دەكەن، بەڵام لەهەرێم هیچ لەسەر هیچ نەماوە (دووكانی عەتارەو دوو قالب سابوون)، ئەم حوكمڕانییە هەرێم لەئەدەبیات و زانستی سیاسی و حوكمڕانیی هیچ پێناسەو وەسفێكی نییە مەگەر خۆیان پێناسەیەكی بكەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی