مەزادخانەی ئەنفال

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. کامەران محەمەد


 (نوخبەیەک کە لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە بازرگانی بە گۆڕەکانەوە دەکەن)



ئایا دەزانن تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵی کوردەواریی لە ئێستادا چییە؟ ئەوەیە کە بتوانیت هەشت هەزار جەستەی زیندەبەچاڵکراو بۆ ملیارەها دۆلاری ناو بانکەکانی دەرەوە بگۆڕیت. ئەوەیە کە بتوانیت لەسەر گۆڕی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک، باڵەخانەی هەور بڕ و تەلاری ئەفسوناوی بۆ خێزانەکەت بونیاد بنێیت. ئەوەی جەنابی سەرۆک خوێندییەوە، وتار نەبوو، بەڵکو لیستێکی نرخەکانە لە مەزادخانەیەکی گەورەدا کە تێیدا خوێنی بارزانییەکان کراوەتە دراوێکی جیهانی بۆ کڕینی شەرعییەتێکی ژەنگاوی.
جێگەی شۆکە، قوربانییەکان لە ژێر زەویدان، بەڵام دەسەڵاتداران لە حەوتەبەقەی ئاسمانەوە، بە هەمان لۆجیکی جەلادەکان نیشتمان بۆ دوو زۆنی پڕ لە ڕق و کینە پارچە پارچە دەکەن.

جەنابی سەرۆک باس لە پەند وەرگرتن و داهاتوو دەکات. با بپرسین چ پەندێک؟ وا دیارە مەبەستی لەو پەندە مەزنەیە کە فێری کردن چۆن نیشتمان لە وزە و داهێنانەکان بەتاڵ بکەنەوە و بانکەکانی خۆیان پڕ بکەن لە پارە. پەندی ئەوان ئەوە بوو کە چۆن گەنجی کورد فێر بکەن واز لە خوێندن بێنن و لە شەڕی نەگریسی براکوژیدا دەستیان بەخوێنی یەک سوربکەن و فێری ڕاکردن بەرەو دەریا و چارەنووسێکی نادیاریان بکەن. واتە هەرێمی کوردستان لە سامانی گەنجەکانی بەتاڵ بکەنەوە و بە هاوردەکان پڕی بکەنەوە و سیمای کوردەواری پێ بسڕنەوە!
ئەو داهاتووەی ئەوان بەڵێنی پێ دەدەن، وەک زنجیرە درامایەکی وەرزی وایە کە تێیدا تەنها ئەکتەرەکان قەڵەو دەبن و تەماشاکەرانیش کە گەلە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ برسیتر و بێئومێدتر دەبن. داهاتوو لای ئەوان تەنها یەک مانای هەیە، ئەویش مانەوەی هەتاهەتایی بنەماڵە لەسەر جەستەی برینداری نیشتماێکی بێ سەروەریی.

ئەوەی شۆککەرترە، هەوڵی جەنابیانە بۆ بەناوچەییکردنی مەرگەساتی ئەنفال. کاتێک سەرۆکی هەرێمێک لە وتارێکی نیشتمانییدا تەنها سوپاسی خەڵکی هەولێر دەکات، ئەمە نیشانەی دەوڵەتمەداریی نییە، بەڵکو نیشانەی قووڵکردنەوەی دوو زۆنی و جیاکارییە. ئایا ئەنفالی بارزانییەکان تەنها خەمی گەڕەکێکی هەولێرە یان خەمی هەموو نەتەوەیەک بوو؟ ئەم ئاماژانە بۆ تۆخکردنەوەی سنوورەکانی ناو دڵمانە، هەتا هەر ناوچەیەک بۆ خۆی بگری
و ئەوانیش لە سەرەوە خەریکی بازرگانی بن. ئافەرین بۆ ئەم دەوڵەتمەدارییەیان کە تێیدا
تەنانەت مەرگ و جینۆسایدیش بەسەر زۆنی زەرد و سەوزدا دابەش دەکەن.

با بە ڕاشکاوی بپرسین بەڕاست چییان کرد؟ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەوان وڵاتیان کردە پۆستەخانەیەکی بێدەسەڵات کە تەنها کارەکەی وەرگرتنی نامەی سەرەخۆشی و نیگەرانییە.
لەسەر ئاستی سیاسیش ئەوان شاکارێکی مەعریفیی تاقانەیان خولقاند، نەتەوەیەکیان کردە
دوو کۆمپانیای بازرگانی کە تاکە شتێک تێیدا یەکبگرێتەوە بەرژەوەندیی خێزانەکانیانە نەک خەمی ئەنفالکراوان. ئابوورییەکەیان چیایەکە لە قەرز و دەریایەکە لە گەندەڵی کە تێیدا دۆلارەکان بەرەو حەوت تەبەقەی ئاسمان دەفڕن و میراتگرەکانی ئەنفالیش لەناو قوڕولیتەی بێکاریدا دەمرن.

ئایا شەرم ناکەن کاتێک باس لە خوێنی شەهیدان دەکەن؟ ئایا ئەو هەشت هەزار بارزانییە بۆ ئەوە خرانە ناو چاڵەکانی مەرگ هەتا ئەوان لەناو باڵەخانە هەور بڕەکاندا باسی قوربانیدانیان بۆ بکەن؟ بارزانییەکان جاڕنامەی ئازادی بوون، دەبوو بکرێنە بزوێنەری دروستکردنی گوتارێکی نەتەوەیی کورد و ڕەگەزێکی دروستکردنی دەوڵەت! بەڵام ئەوان کردیانن بە زنجیرە درامایەکی وەرزی کە تەنها بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانی تەلەفزیۆنەکانیان باسیان دەکەن.
ئەنفالکراوانی بارزان و کوردستان حوکمی دوو زۆن و دوو شار و دوو حیزبیان دەویست؟ یان نیشتمانێکیان دەویست کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ لە سەروو هەموو شتێکەوە بێت؟

ئەمەی ئەوان ناویان ناوە حوکمڕانی لە ڕاستیدا توێکارییەکی جەستەی نیشتمانە. ئەوان نەک هەر ژینگەیان وێران کرد، بەڵکو ڕۆحی مرۆڤی کوردیان ئیفلیج کرد. ڕەشبینی و بێئومێدییان کردە ئۆکسجینی ئەم شارانە. شەرمەزارییەکی مێژووییە کە مرۆڤێک لە سەدەی بیست و یەکدا
بڵێت من لە نیشتمانێکدا ژیاوم کاربەدەستەکانی خەریکی مەزادکردنی یادەوەریی ئەنفال بوون. تێر بوون لە مەرگی ئەوانی تر و بوون بە پاسەوانی ئەو بۆشاییەی کە ناویان ناوە ئایندە لوتکەی داڕمانی ئەخلاقییە.

لە کۆتاییدا دەڵێم وتارەکەیان با بۆ خۆیان بێت، چونکە نەوەی نوێ چیتر بە شمشاڵی گریان مەست نابێت. ئێمە کردارمان دەوێت نەک گوزارشتی جوان. ئەگەر نەتوانن نیشتمانێک دروست بکەن کە تێیدا کوڕی شەهیدێک و کوڕی بەرپرسێک وەک یەک بژین، ئەوا بێدەنگ بن!
چونکە بێدەنگیی ئەوان لەم ساتەدا زۆر باشترە لەو درۆ مەزنانەی کە بەناوی بارزان و کوردستانەوە هەڵیدەڕێژن. مێژوو خۆڵەمێشی ئەنفالکراوان دەپارێزێت، بەڵام دڵنیابن ناوی ئەوان وەک بازرگانەکانی مێژوو لە لاپەڕە ڕەشەکاندا تۆمار دەکات. شەرم دەکەین! بەڵێ شەرم دەکەین کە ئەوان نوێنەرایەتی ئازارەکانمان دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی