لە بابەتێکی ڕەخنەئامێز و ورد و پڕزانیاری و قووڵ و فیکری لەمەڕ
بەکارهێنانی چەمک و چەمکسازیی، نووسەر و ڕووناکبیر، ڕێبوار سیوەیلی، ڕەخنەیەکی
ئێجگار زۆری لە بابەتێکی من گرتووە کە بە ناونیشانی "تەعریب و تەرحیل، ئامرازەکانی
دەوڵەتی عێراق بۆ لەناوبردنی کورد" لە ماڵپەڕی سەکۆ بۆ
نیشتمانسازی بڵاو بۆتەوە. بەشێکی ڕەخنەکانی بەڕاستی نەک هەر جێگەی دەستخۆشییە
بەڵکوو شایستەی هەڵوەستەکردنە چونکە چوارچێوەی فکری و تیوری تێگەیشتن و توێژینەوە
لەپەیوەند بە پڕۆسەکانی تەعریب و تەرحیل و جینۆسایدی کورد لە عێراق فراوانتر و
قووڵتر دەکاتەوە و دەیبات بۆ ئاستێکی باڵای ئەکادیمی و زانستی، بۆیە خوێنەران هاندەدەم
بۆ خوێندنەوەی، کە هەمدیسان لە ماڵپەڕی سەکۆ بەناونیشانی "لە «تەعریب»ەوە بۆ «بەئەویدیکردن»: لە
وەڵامنامەیەکدا بۆ شێرکۆ کرمانج" بڵاو بۆتەوە.
لە هەمووی گرنگتر، بابەتەکەی سیوەیلی بۆ من وەئاگاهاتنەوەش بوو
لەوەی کە نەک هەر ئەو خۆی بە هەڵە لە هەندێک چەمکەکانی کە من بەکارم هێناون
گەیشتووە، بەڵکوو بۆ خۆشم لە پلەبەندی و گرنگی و چەمکەکان بەئاگاهاتمەوە. لە
هەمووی زەقتر، وەک لە ناونیشانی بابەتەکەی پێشووتری من دەردەکەوێت، من تەعریبـم
وەک ئامرازێک بۆ لەناوبردنی کورد بەکارهێناوە، کەچی لەڕاستیدا، وەک لەم بابەتەش
هەوڵدەدەم بیسەلمێنم، تەرحیل و جینۆساید وەک ئامراز بۆ تەعریبی کوردستان
بەکارهاتوون. ئەوە بەو مانایەیە، ئەگەر ئەمڕۆ بابەتەکە بڵاو بکەمەوە ئەوە بەو
ناونیشانە بڵاوی دەکەمەوە: "تەرحیل و جینۆساید، ئامرازەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ
تەعریبکردنی/بەعەرەبستانکردنی کوردستان." لە خوارەوە هەوڵدراوە گفتۆگۆ و
شرۆڤەی ئەو چەمک و زاراوانە بکرێن و وەڵامێکیش بۆ ڕەخنەکانی سیوەیلی بخەمە ڕوو کە
دواجار ببێتە مایەی فراوانتربوونی تێگەیشتنەکانمان بۆ پڕۆسەکانی تەعریب و ئەنفال و
جینۆسایدی کورد لە باشووری وڵات و بەشدارییەکیش بێت لە ئەدبیاتی کوردی لە پەیوەند
بەو پرسانە.
سەرەتا دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە سەکۆ بۆ نیشتمانسازی لە
نووسیندا پلەی ئەکادیمی (وەک دکتۆر) یان پێشگری وەک بەڕێز وکاک بەکارناهێنێت، بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ڕێبوار سیوەیلی ئەم
جۆرە پلە و پێشگرانەی لە نووسینەکەی خۆیدا بەکارهێنابوو بەڵام سەکۆ لایداون. منیش
لێرە پابەند دەبم بە ستایلی سەکۆ و پێشگر و پلەی ئەکادیمی بەکارناهێنم، ئەگەرنا
ڕێبوار سیوەیلی چ وەک ئەکادیمی چ وەک هاوڕێ ڕێزی تایبەتی هەیە لای من. با
بگەڕێینەوە سەر کڕۆکی پرسەکە، لەم بڕگانەی خوارەوە هەوڵدەدەم هەڵوەستەی زیاتر
لەسەر ئەو خاڵانە بکەم کە هاوڕانیم لەگەڵ سیوەیلی، ئەوانەشی کە هاوڕام لێرە و لەوێ
ئاماژەیەکی خێرایان پێ دەکەم.
بەکورتی، دەتوانم ڕەخنەکانی سیوەیلی لە دوو خاڵدا کورت بکەمەوە،
یەکەمیان هەڵەتێگەیشتنێک لە پێناسە و تێگەیشتنی من بۆ هەندێک چەمک، بەتایبەتی
چەمکی "تەعریب"؛ دووەمیان، تێگەیشتنی جیای ئەو بۆ هەندێک چەمک و
دەستنیشانکردنی هەندێک ڕەهەند و لێکەوتە و دەرئەنجامی پڕۆسەکانی تەعریب و تەرحیل و
جینۆساید کورد لە عێراق، کە بەشێکیان من یان پەیم پێ نەبردبوون یان لە شوێنی دیکە
نەک لەو بابەتەی کە جەنابی خستبوویە ژێر زەڕەبین باس و شرۆڤەم کردوون. لە خوارەوە
گفتوگۆی ڕەخنە و سەرنجەکانی سیوەیلی دەکەم، لەپاڵ ئەویش قووڵتر و وردتر شەنوکەوی پڕۆسە
و چەمکی تەعریب دەکەم.
یەکەم، "تەعریب" لای سیوەیلی و لای من
سیوەیلی کێشەی سەرەکی لە توێژینەوەکەی مندا لەوەدا دەبینێت کە
گوایە من زاراوەی "تەعریب" بۆ "گونجان" و "خۆگونجاندن"ی
کورد لە عێراق دا دەبینم و بەکاردێنم. ئەو دەڵێت: "کاتێک دەگوترێت تەعریب، وا
دەگەیەندرێت کە دەسەڵات هەوڵی داوە کورد وەک هێزێک بەشدارى پێ بکات لە ناو جەستەی
نەتەوەی عەرەب یان شارستانیەتی ئیسلامیدا، واتە کورد ڕابهێنێت تا شانازیى بە عەرەببوونەوە
بکات. لە ڕاستیدا، من هیچ کاتێک "تەعریب"م نە بەو شێوەیە بینیوە، نە وا
پێناسەم کردووە، نە پێم وابووە دەوڵەتی عێراق مەبەستی لە تەعریب "گونجان"
یان "خۆگونجاندنی" کورد بووبێت.
تا ئەو ڕادەی من ئاگادار بم، وەک لە کتێبێکی عارف قوربانی
دەردەکەوێت، یەکەم کەس کە زاراوەی تەعریبی لە ئەدەبیاتی فەرمی دەوڵەتی عێراقیدا بەکار
هێنابێت، قائید فرقەی کەرکووک لە سوپای عێراقدا بووە. ئەو لە نامەیەکدا کە لە
١٩٢٩ بۆ سەرۆکی ئەڕکانی سوپا نووسیویەتی، دەڵێت: ئەو عەرەبانەی ئێستا لە کەرکووکـن
ژمارەیان زۆر کەمە ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت بۆ تەعریبکردنی کەرکووک، بۆیە
داوا دەکەم کە عەرەب بنێرن بۆ پارێزگاکە. ئەم دەربڕینەی قائید فرقەی کەرکووک دوو
ڕاستیی گرنگ دەردەخەن، یەکەم، کە پەیوەندی بە پێناسەی تەعریبەوە هەیە و خاڵی
ناکۆکی سیوەیلی و منیشە، ئەویش ئەوەیە کە مەبەست لە تەعریب هێندەی هێنانی عەرەبە
بۆ کوردستان هێندە بەعەرەبکردنی کوردەکانی کەرکووک و کوردستان نییە. ئەگەر مەبەست
لە تەعریب "گونجاندن" یان "خۆگونجاندن" بوایە، قائید فرقە
دەکرا لەبری ناردنی عەرەب داوا بکات کە هاوکاری ماددی بکرێت، یان یاسای نوێ
دەربکرێت، تاوەکوو کوردەکانی کەرکووک بەعەرەب بکەن. بەڵام، لەبەر ئەوەی مەبەست
زەوتکردن و داگیرکردنی خاک بووە بۆ هەتاهەتایە، بۆیە داوای ناردنی عەرەب دەکات
تاوەکوو لە پڕۆسەیەکی درێژخایەن و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، ژمارەی عەرەب
لە کەرکووک زیاد بکرێت. دیارە دواتر دەرپەڕاندنی کوردیشی لەو پارێزگایە هاتە سەر،
هاوشانی هێنانی عەرەب. دووەم، بە بنەما لەسەر ئەوەی کە ئەم نامەیە لە فەرمانبەرێکی
دەوڵەتییەوە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە نێردراوە، هاوکات، لەبەر ئەوەی نامەکە بەبێ
پێچوپەنا، بەئاشکرا ئاماژە بە زاراوەیەکی ئاوەها لە دەقێکی فەرمیدا دەکات، ئەوە نیشانەی
ئەوەیە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، نیاز و کردەی تەعریب لە
ئاستی باڵا لە دەوڵەت و حکومەتدا گفتوگۆی لەسەر کراوە و پلانی بۆ داڕێژراوە.
تێگەیشتن و پێناسەی من بۆ "تەعریب"، دەتوانم بڵێم
مەبەستی دەوڵەتی عێراقیش لە تەعریب، وەک لە کورتە-توێژینەوەکەی چەند ڕۆژ پێشووتر
ئاماژەم پێ کردووە، ئەوەیە کە تەعریب "ستراتیجیەتێکی سیاسیی حکوومەتەکانی
عێراق بوو... کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک داڕێژرا بوو بۆ گۆڕینی دیموگرافیا و
ناسنامەی ناوچە پلان بۆ دانراوەکان، ئەویش بە دەرکردنی کوردەکان و نیشتەجێکردنی
عەرەبی هاوردەکراو... لە جێگەی کورد." ڕوونتر بڵێم:
دەوڵەتی عێراقی لە "تەعریب" پێش ئەوەی مەبەستی تاکی کورد، وەک کەس، بێت تاوەکوو بیکات بە عەرەب، وەک ئەوەی سیوەیلی باسی لێوە دەکات، ئامانجی ئەندامانی کۆمەڵگەی/نەتەوەی کورد بووە لە شوێنی جیا جیا لە باشووری کوردستان (بۆ زانیاری زیاتر، تەماشای کتێبی "شوناسی عێراق"، ل.ل. ٣٦٢-٣٧٦ بکەن).
لە تەعریبدا/بەعەرەبکردندا، کورد لە ناوچە کوردستانییەکان دەرپەڕێندراوە، ماڵوحاڵی دەستی بەسەردا گیراوە، خانووبەرەی سووتێنرا یان داڕمێنراوە، واتە کورد سڕێنراوەتەوە (cleansed) لەو ناوچانە. ئینجا عەرەبی هاوردە هێنراوەتە جێگەیان، پارەیان پێدراوە، خانوویان بۆ دروستکراوە، قەردیان بۆ تەرخان کراوە، پڕۆژەیان بۆ فەراهەم کراوە، هتد. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد وەک تاک بە ئامانج نەگیراوە بەڵکوو وەک نەتەوە، هاوکات وەک خاک و زێد و نیشتمان، واتە کوردستان بە ئامانج کراوە.
مەبەستی پشت تەعریب "گونجاندنی" کورد نەبووە لە عێراقدا، بەڵکوو ئامانج داگیرکردنی خاکەکەی بووە، واتە مەبەست بەعەرەبکردنی کورد نەبووە بەڵکوو بەعەرەبستانکردنی کوردستان بووە، ڕێک وەک ئەوەی کە نیشتیمان عەبدولقادر، شاعیر، لە سەرنجێکی لەسەر بابەتەکەی سیوەیلی دەری بڕیوە.
بۆ سیاسەتوانە عێراقیییەکان بەگشتی و بەعسییەکان بەتایبەتی، کورد "میوانە" لەسەر "خاکی عەرەب" (تەماشای دەستووری ١٩٤٧ی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی بکە، کە ئێستاش لەم لینکە وەک خۆی دەستکاری نەکراوە)، بۆیە یان دەبێت خاکەکە بەجێبێڵێت یان دەبێت بتاوێنرێتەوە و لە کوردبوون داماڵدرێت. بەڵام وەک لە پڕۆسەی تەعریب دەردەکەوێت، دەوڵەتی عێراقی بەگشتی ئەوەی یەکەمی هەڵبژاردووە، هەربۆیەشە، لەسەر خاکی خۆی دەری دەکات و عەرەب دێنێتە جێگەی. ئەمە نە "گونجاندنە" نە "خۆگونجاندن"، وەک ئەوەی سیوەیلی پێناسەی دەکات.
بە سەرنجدانێکی خێرا لە پڕۆسەی تەعریب بۆت دەردەکەوێت کە دەوڵەتی عێراقی هەر لە دوای دامەزراندنییەوە درێژەپێدەر و هەمان ئەو پڕۆسانەی تەعریبی جێبەجێ کردووە کە بەدرێژایی مێژوو لە دژی کورد و کوردستان پەیڕەوکراوە، کە خۆی لە بەخشکەیی هاتنی عەرەب بۆ باکوور و ناچاکردنی کورد بۆ هەڵکشان بۆ شاخەکان، دەبینێتەوە. ئەمە لە نەمانی (یان ئێجگار کەم بوونی) کورد لە بەدرە و جەسان و مەندەلی و جەلەولا و حەویجە و قەراج و دەشتی نەینەوا و سیمێڵ و زومار و شنگال دەردەکەوێت. لەم ناوچانە بەگشتی کوردێک بوونی نییە کە کاتی خۆی خۆی گونجاندبێت یان دەوڵەتی عێراق ئەوی گونجاندبێت. تەعریب بە واتەی بەعەرەبکردنی کورد نایەت، بەڵکوو بە مانای سڕینەوەی کورد لە زێد و نیشتمان و زەوتکردنی خاک و وڵاتەکەی دێت. من هەر ئاوای تێگەیشتووم و پێشم وایە دەوڵەتی عێراقی هەر ئەوە مەبەستی بووە لە تەعریبدا.
هەر کاتێک گوندێک تەعریب کراوە، خەڵکەکەی یان لەناوبراون وەک لە حالەتی ئەنفال، یان تەرحیل و تەهیجیر کراون وەک لە حالەتی گوندەکانی کەندێناوە. ئێمە لە گابەرەکە دوو جار گوندەکەمان بەر هەڵمەتی تەعریب کەوتووە، لە ١٩٦٣ و ١٩٨٧، هیچ جارێک دەوڵەتی عێراقی داوای لە خەڵکی گابەرەکە نەکردووە وەرن ببن بە عەرەب و لێتان خۆش دەبین، بەڵکوو هەر دوو جارەکە ئێمە دەرپەڕێنراوین، گوندەکەمان خاپوور کراوە، ئینجا عەرەبیان هێناوەتە سەر خاکی ئێمە. ئەمە "گونجاندن" و "خۆگۆنجاندن" نییە بەڵکوو ئەمە زەوتکردن و داگیرکردنی خاک و وڵاتە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەعریب پێش لەناوبردنی کورد مەبەست لێی سڕینەوەی کوردستان بووە، وەک خاک و نیشتمانی کوردستانیان. کەسەکان چیان بەسەر دێت بۆ عێراق کێشە نەبووە، چونکە بۆ ئەوان خاک گرنگ بووە، ڕێک وەک ئەوەی ئیبراهیم مەلازادە، ئەکادیمی، لە کۆمێنێکدا بۆ ڕێبوار سیوەیلی لەسەر بابەتەکەیدا نووسیویەتی.
لە درێژەی ڕەخنەکانی، ڕێبوار سیوەیلی دەڵێت: ئێمەمانان بۆیە زاراوەی تەعریب بەکاردێنین چونکە «دەوڵەت خۆی لە بەڵگەنامە فەرمییەکانیدا (وەک بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) زاراوەی تەعریبی بەکارهێناوە، بۆیە بەکارهێنانی لە ئەکادیمیادا بەڵگەیەکی کۆنکرێتیی مێژوویی و کارگێڕییە.» من دەڵێم نەخێر لەبەر ئەوە نییە بەڵکوو لەبەر هۆکاری دووەمە کە بەڕێزی هەر لەوێدا ئاماژەی پێ دەکات و دەڵێت «تەعریب ئامانجە سیاسییەکە بوو و ئەنفال و تەرحیل ئامرازی توندوتیژ بوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.». بەڵێ، ئەنفال و تەرحیل و تەهجیر و جینۆساید هەموویان ئامراز و میتۆدی گەیشتن بە تەعریب بوون کە دوا ئامانج بەعەرەبستانکردنی کوردستان بوو، چونکە مەبەست لە تەعریب "گونجاندن" و "خۆگونجاندن" نەبوو بەڵکوو ڕیشەکێشکردنی بوونی کورد بوو لەسەر خاک و نیشتمانەکەی و جێگریکردنی عەرەب لە شوێنیان.
دووەم، ئەنفال و تەعریب، تەواوکەری یەکدین نەک ڕەتکەرەوەی یەکدی
خاڵێکی دیکەی ناکۆکی لەنێوان ڕێبوار سیوەیلی و من لە بابەتەکە لەسەر
پەیوەندی نێوان پڕۆسەی ئەنفال و پڕۆسەی تەعریبە. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بڵێم
کە بەبێ خوێندنەوەی ئەو توێژینەوە هاوبەشەی کە ئارام ڕەفعەت و من ئەنجامان داوە و لە
گۆڤاری (National Identities) بە ئینگلیزی بڵاوبۆتەوە لەگەڵ ئەو بڕگەیەی کە لەژێر ناونیشانی "ئەنفال: سڕینەوەی کورد لە پارێزگای
کەرکووک" لە کتێبی "شوناسی عێراق"دا هاتووە و لە نووسینی خۆمە،
هەندێک زەحمەتە لە دروستکردنی ئەو پەیوەندییە بگەین. سەرەڕای ئەوە لێرە هەوڵدەدەم
بەکورتی بە خستنەڕووی چەند ڕاستییەک ئەو پەیوەندییە نیشان بدەم.
بەڵام پێش ئەوە، دەمەوێت بڵێم لێرەش سیوەیلی بە هەڵە لە من تێگەیشتووە. ئەو دەڵێت: "کەسێک یان
سیستەمێک، کە بیەوێت نەتەوەیەک «بەعەرەب بکات» یان شوناسەکەى بگۆڕێت، پاکتاوی
جەستەیی و بایۆلۆجی ناکات. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و زیندەبەچاڵکردنی هەزاران
منداڵ و ژن لە بیابانەکانی نۆگرە سەلمان، ئامرازی پرۆسەی «تەعریب» نین، بەڵکوو
ئامرازی کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدن." هەڵە تێگەیشتنەکە لەوەدایە کە میکانیزمەکانی
لەناوبردنی کورد لە عێراق لەیەکدی جودا بکرێنەوە، کە پێ دەچێت سیوەیلی ئەوە بکات.
من پێم وایە، هەموو میکانیزمەکانی لەناوبردنی کورد لە عێراق، چ تەرحیل (ڕاگواستن) بێت،
چ تەهجیر (چۆڵکردن) بێت، چ تەعریب بێت، چ کۆمەڵکوژی (جینۆساید) بێت، چ بەبەعسیکردن
بێت، چ کوشتنی تاکە کەس بێت، تەواوکەری یەکدین و مەبەست و ئامانج لێیان کۆکردنەوە
و بەرزەفتکردن و کۆنتڕۆڵکردن و لەناوبردن و سڕینەوەی نەک هەر کورد بووە بەڵکوو لە
هەمان کاتیشدا داگیرکردنی خاکی کوردستان بووە. دەوڵەتی عێراق هەرچی کردبێت و چ
میکانیزمێکی بەکارهێنابێت، دوا ئامانج و دوا مەبەست زەوتکردن و بێخەڵکردن و
بێخاوەنکردنی خاکی کوردستان بووە، ئەویش بۆ درێژەدان بە داگیرکاریی و مسۆگەرکردن و
بردنی سەروەت و سامانی سەر عەرد و بن عەردی کوردستان.
هەر چۆنێک بێت، چەند خاڵێک گرنگە کە هەڵوەستەی لەسەر بکەین لەمەڕ
پەیوەندی نێوان ئەنفال و تەعریب، بەڵام تەعریب وەک ئەوەی من لێی تێگەیشتووم و لەسەرەوە
ڕوونم کردەوە نەک وەک ئەوەی سیوەیلی لە بابەتەکەیدا خستوویەتیە ڕوو.
من لە لە کورتە-توێژینەوەکە و لە کتێبی "شوناسی عێراق" و توێژینەوە و سیمینارەکانم بە وردی لەسەر پەیوەندی نێوان ئەنفال و تەعریب قسەم کردووە. هۆکاری پشت هەستکردنم بەو پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگای کەرکووک ئەنفالکراون بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، کە من لە توێژینەوەکانم بە "حەوز" ناوم بردوون. بەپێی توێژینەوەکانی من ٨٨٪ی هەموو ئەوانەی لە کوردستان ئەنفالکراون لە حەوزی کەرکووک بوون. لە توێژینەوەکان بە ژمارە و داتا و خشتە و نەخشە ئەوەم سەلماندووە، کە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەریان. بەڵام لێرە ئاماژە بە دوو موفارەقە دەکەم. یەکەم، لە کاتی ئەنفالەکاندا ئەو کەسانەی کە لە ناوچەکانی ئەنفالی دوو (حەوزی سلێمانی) بەرە و عەربەت و سلێمانی ڕۆیشتوون، بەگشتی بە سەلامەتی ڕزگاریان بووە. کەچی ئەو خەڵکانەی هەر لە قۆناغی دووەمی ئەنفالکان بەرەو خوار بۆ ناوچەی گەرمیان، واتە حەوزی کەرکووک هەڵاتان، هەموویان وەک ئەوانەی قۆناغەکانی سێ و چوار لە ئەنفالەکان گیراون و شونبزر کراون. دووەم، لە قۆناغی چواری ئەنفالەکان کە ناوچەی خاڵخاڵانی لە حەوزی کەرکووک و دەشتی کۆیەی لە حەوزی هەولێر کردبووە ئامانج، ئەوە خەڵکە مەدەنییەکەی خاڵخاڵان زۆربەیان گیران و بێسەروشوێن کران، بەڵام هەمان مامەڵە لەگەڵ ئەوانەی دەشتی کۆیە، حەوزی هەولێر، نەکراوە. بەپێی داتا پشتڕاستکراوەکان لەو ٧٢٠١ کەسەی کە لە ئەنفالی سێ لەناوبردراون تەنیا ٨٥٤ کەسی لە دەشتی کۆیەی حەوزی هەولێر بووە، کەچی ٦١٦٧ لە ناوچەی خاڵخاڵانی پارێزگای کەرکووک بوون. ئەمانە و ئەو بەڵگە و داتایانەی دیکە کە لێرە ئاماژەم پێ نەکردوون، هەموو دەیسەلمێنن کە مامەڵەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ خەڵکی حەوزی/پارێزگای کەرکووک جیا بووە لەگەڵ خەڵکی پارێزگاکانی دیکە چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەنفال لە پارێزگای کەرکووک سڕینەوەی بوونی کورد بووە لەو پارێزگا دەوڵەمەند بە نەوتە تاوەکوو کارئاسانی بۆ پڕۆسەی تەعریبی پارێزگاکە بکات. بەمەش زەمانەتی پچڕاندنی ئەو بەشەی خاکی کوردستان بکات، کە عێراقییەکان، بەعسی و نابەعسییەکان، پێیان وابووە کە تەنیا بە سڕینەوەی کورد لە کوردستان ناتوانن زەمانەتی زەوتکردنی یەکجارەکی خاکی کوردستان بکەن بەڵکوو بە هاوردەکردنی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە زێدی ئەوان لەسەر خاکی کوردستان ئەم هەوڵە بە ئامانج دەگات. هەر بۆیەشە من پێم وایە ئەنفال ئامراز بووە بۆ تەعریب، واتە تەعریب ئامانجە سەرەکییەکەیە و ئەنفال چەک و میتۆدی جێبەجێکردن بووە. بەڵام، وەک پێشتر پێداگری لەسەر کرا، تەعریب بەواتای بەعەرەبستانکردنی کوردستان نەک بەعەرەبکردنی تاک و ئینسانی کورد.
ئەو سنوورەی کە لە ١٩٩١ دەوڵەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی کێشا، دوای ئەوەی دامودەزگا و دامەزراوە ئەمنی و ئیدارییەکانی لە بەشێک لە کوردستان کێشایەوە، هەمان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن کە هێندەی دەوڵەتی عێراق چاوی لە کەرکووک و ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەکان بووە هێندە نە کورد، نە بوونی کورد، نە ئەو بەشانەی دیکەی باشووری کوردستان گرنگی بۆی هەبووە. ئەم ئەنجامگیرییەش لە کتێبی "شوناسی عێراق" بەدرێژیی و بەوردی هەڵوێستەی لەسەر کراوە و شرۆڤە کراوە. سەرەتا دەبێت بزانین کە ئەو سنوورە سنووری ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمییە نییە کە دەوڵەتی عێراق لە ١٩٧٤ تاکلایەنە دانی پێدانا، بەڵکوو سنوورێکی نوێیە بۆ ئەو بەشەی کوردستان. ئەمەش قسەی زۆر هەڵدەگرێت بەڵام لە کتێبەکدا گوتوومە: ڕژێمی عێراقی نیاز و پلانێکی ستراتیجی هەبوو لەپشت کشانەوەی لەو ناوچە کوردستانییانەی ئێستا بە هەرێم ناسراوە. حکومەتی عێراقی بە کێشانەوەی هێز و دامودەزگاکانی سنوورێکی نوێی بۆ ناوچە کوردستانییەکان کێشا، "ئەویش بە بڕینی ئەو ناوچانەی کە لەو دواییانە نەوتیان تێدا دۆزرابۆوە وەک مەخموور و دیبەگە لەگەڵ چاڵەنەوتەکانی خورماڵە، کە درێژکراوەی چاڵەنەوتەکانی 'ئاڤانە'یە، وەک بابەگوڕگوڕ لە گەورە-چاڵەنەوتەکانی ناوچەکەن. خورماڵە و دیبەگە و مەخموور پێشتر بەشێک بوون لەو ناوچە ئۆتۆنۆمییەی کە حکومەتی عێراقی تاکلایەنانە لە ١٩٧٤دا ڕایگەیاندبوو، کەچی لە تخوبکێشانەکەی ١٩٩١دا لە ناوچە ئۆتۆنۆمەکە دابڕێنران. چەند ناوچەیەکی دیکەش کە پێشتر بەشێک نەبوون لە ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەی ١٩٧٤، وەک ئاکرێ و کفری و کەلار، لەگەڵ سنوورکێشانەوەکەی ئەمجارە خرانە سەر ئەو ناوچانەی کە ئێستا وەک هەرێمی کوردستان ناسراوە" (تەماشای نەخشەی ژمارە ٧-١ بکە لە کتێبی شوناسی عێراق). ئەو ناوچانەی کە عێراق دایبڕین کڕۆکی ئەو ناوچانە پێک دەهێنن کە لە پڕۆسەکانی تەعریب تەرکیزیان خرابووە سەر، کەندێناوە و قەراج و تەواوی پارێزگای کەرکووک. لێرە دەمەوێت بڵێم کە دابڕینی ئەو ناوچانە و سڕینەوەی کورد لەو دەڤەرانە بەشێواز و میکانیزمی جیاجیا ئەنجام دەدران، بە ئەنفال و جینۆسایدیشەوە. واتە، ئامانج دزین و زەوتکردنی خاک بووە، بەڵام میکانیزم، تەرحیل و تەهجیر و ئەنفال و جینۆساید بووە. کێشەی سەرەکی لە ئارگیومێنتەکانی سیوەیلی ئەوەیە کە پاڵنەری ئابووری سیاسی (جیۆئیکۆنۆمیک) لە پشت پڕۆسەکان نابینێت، ئەوەش لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ پسپۆڕی ئەو کە فەلسەفە و سۆسیۆلۆجییە. هەر بۆیەش ئەو چەمکانەی کە ئەو خستویەتی ڕوو و من کەڵکم لێ وەرگرتن و دنیابینی منیان لەو بوارەدا فراوانتر کرد ئەوانەن کە پەیوەندیان بە ڕەهەندە مرۆیی و سۆسیۆلۆجییەکانەوە هەیە. بەگشتی پاڵنەری ئابووری لە پشت زۆربەی جینۆسایدەکان لە جیهاندا خۆی حەشار داوە. نازییە ئەڵمانەکان جووەکانیان بەس لەبەر ئەوە جینۆساید نەکرد کە دینیان یان گرووپی ئیتنیان لە ئەڵمانەکان جیاواز بوو، بەڵکوو هۆکارێکی سەرەکی لە پشت هۆلۆکۆست دەوڵەمەندی و توانای دارایی و بازرگانی جووەکان بوو. ئەمە بۆ کوردە-فەیلییەکانیش ڕاستە چونکە کوردبوون و شیعەبوونی کوردە-فەیلییەکان تاکە هۆکاری جینۆسایدییان نەبوو، بەڵکوو هۆکاری هەرە سەرەکی ئەوە بوو کە کوردە-فەیلییەکان دەوڵەمەندبوون و کۆنتڕۆڵی بانکەکان و بازاڕی شۆرجە و بازرگانی هەناردە و هاوردەی عێراقـیان کردبوو. من توێژینەوەیەکم لەسەر ئەو پرسە لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاو کردۆتەوە بەناونیشانی "بۆ کوردە-فەیلییەکان لە عێراق دەرپەڕێنران؟"، کە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆی. هەر چۆنێک بێت، دەتوانم بڵێم سەرەڕای هاوڕانەبوونم لە هەندێک پرس و ڕەهەند، ئەوا تێگەیشتنەکانی سیوەیلی و من دەکرێت وەک تەواوکەری یەکدی تەماشا بکرێن، کە خزمەت بە ئەدەبیاتی کوردی دەکەن لەم کایە ئەکادیمییەدا.
ڕێبوار سیوەیلی گفتوگۆی قسەکانی عەلی حەسەن مەجیدی کردووە و ڕەخنەی لەو ئەنجامگیرییە گرتووە کە من پێی گەیشتووم لە پەیوەندی لە نێوان قسەکان و پڕۆسەی تەعریب. من لەوێدا قسەی خۆم کردووە بۆیە ناگەڕێمەوە سەری، خوێنەر دەتوانێت بابەتەکەی من بخوێنێتەوە، بەڵام هەوڵدەدەم کە ئاماژە بە بەڵگەیەکی دیکە بکەم لەو پەیوەندەدا. وەفیق سامەڕائی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیستیخباراتی عەسکەریی عێراق، دوای ئەوەی لە بەغدا ڕایکرد و ڕووی لە هەرێم کرد، لە ناوەڕاستی نەوەتەکان کۆڕێک لە سلێمانی ساز دەکات. لەوێدا، سامەڕائی گوتویەتی، من جارێک لە سەدام حوسێن، سەرۆکی عێراق (١٩٧٩-٢٠٠٣)ـم پرسیوە، هەڵمەتەکانی ئەنفال کاتێکی زۆری ویست، نزیکەی هەشت مانگ، بەشێکی زۆر لە سوپای عێراق تەرخان کرابوون بۆ ئەو هەڵمەتانە، لانی کەم دوو فەیلەق، کەچی ژمارەی ئەو کەسانەی لەو هەڵمەتانە دەستگیرکران (بە دەربڕینی ئەو) زۆر نەبوون؛ باشە سەیدی (مەبەستی سەدام بووە)، مەگەر نەدەکرا لەبری ئەمە ئێمە لە شارێکمان دابا، خۆ ژمارەی کوژراوە کوردەکان زۆر لەوە زیاتر دەبوو. گوایە (وەکعارف قوربانی کە ئامادەی کۆڕەکە بووە و چەند جارێک ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕاومەتەوە) وەڵامی سەدام ئەوە بووە: بەڵێ، من دەمتوانی بە نیو سەعات، بە چەکی کیمیایی لە هەولێر یان لە سلێمانی بدەم بە سەدان هەزار کورد بکوژم، بەڵام ئامانجی من کوشتنی خەڵک نەبوو، بەڵکوو مەبەستم بووە ئەو ناوچانەی کە بەر هەڵمەتەکان کەوتوون (کە وەک لێرە سەلماندمان ٨٨٪ لە پارێزگای کەرکووک بوون) عەرەبی لێ نیشتەجێ بکەم. ئەم چیرۆکە پشتڕاستی ئەو ئارگیومێنتەی من دەکاتەوە کە دەڵێت: "پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەنفال و تەعریبدا هەیە". هاوکات، ئەوە دەسەلمێنێت کە لە توێژینەوەکانم دووبارەم کردۆتەوە، کە "ڕاستە مەبەست لە ئەنفال قڕکردنی بەشێک لە خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام ئامانجێکی سەرەکی و ستراتیجی لە پشت پڕۆسەی ئەنفال سڕینەوەی کورد بوو لە پارێزگای کەرکووک،" واتە تەعریبی کوردستان، نەک بەعەرەبکردنی تاکی کورد.
سیوەیلی لە ڕەخنەکانی لە چەمکە بەکارهاتووەکانی من، چەند چەمکێک پەرە پێ دەدات، کە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات لە ٢٠٠٣وە لە کتێبی "قەفەسی ئاسنین" گفتوگۆی کردوون، کە بەڕاستی پڕبایەخن. ئەو دەڵێت: ئەو لێدوانانەی عەلی حەسەن مەجید، کە من ئاماژەم پێ کردوون بۆ سەلماندنی پەیوەندی نێوان تەعریب و ئەنفال، "دانپێدانانە بە پڕۆسەى «بەدوژمنکردن» نەک بەعەرەبکردن، لە شوێنێکی دیکە چەمکی "بەئەویدیکردن"یش پەرە پێ دەدات". لێرە هاوڕام کە بەردەوام، حکوومەت و ڕژێمە عێراقییەکان، کوردیان وەک دوژمن و ئەویدیکە وێنا کردووە، ئەمە بەشێکە لە پڕۆسەی بەئاساییشکردنی پرسی کورد کە من لە کتێبی "سەد ساڵ دوای سیڤەر" لە بەشی دووەمدا شرۆڤەم کردووە. بەڵام من پێم وایە بەئەویدیکەکردن (othering) و بەدوژمنکردنی کورد بۆ پاساودان و زەمینەخۆشکردنی جینۆسایدی کورد بووە، کە پێم وایە لێرە سیوەیلی هاوڕامە. بەڵام وەک پێشتر جەختم لەسەر کردەوە من جینۆساید بە کۆتائامانجی دەوڵەت و حکومەتەکانی عێراق نازانم، بەڵکوو وەک گوتم، جینۆساید (بە هەموو فۆرمەکانی) میکانیزم و میتۆد بوون بۆ تەعەریبکردنی کوردستان. دەشکرێت بڵێین، کە تەعریب و بەدوژمنکردن و بەئەویدیکەکردن و جینۆساید هەموویان چەندین پڕۆسەن کە تەواوکەری یەکدین نەک ڕەتکەرەوەی یەکدی. بەڵام لەوەدا هاوڕای سیوەیلیـم کە دبێژت: کاتێک عەلی حەسەن مەجید دەڵێت وایان لێ دەکەم هەموویان عەگالی عەرەبی لەسەر بکەن یان شەڕواڵ لەپێ دەکەم، "ئەمە گوزارشت لە پرۆسەیەکی فەرهەنگیی بەعەرەبکردن ناکات، بەڵکوو گوزارشت لە سووکایەتیپێکردن و زۆرداری و داماڵینی کەرامەت دەکات." بەڵێ، لە ڕاستیدا گرنگی بابەتە ڕەخنەییەکەی سیوەیلی لە هێنانە پێشی چەمکگەلی وەک ئەوانەی لێرە گفتۆگۆ کران لەگەڵ چەمکگەلی وەک "سووکایەتیپێکردن" و "زۆرداری" و "داماڵینی کەرامەت"ـن. ئەم چەمکانە گوزارشت لە داگیرکەربوونی عێراق دەکەن، بەڵام هاوکات گوزارشت لە هەوڵی بەعەرەبکردنی، تەعریبی، کوردیش دەکات، وەک ئەوەی کە سیوەیلی پێناسە بۆ بەعەرەبکردن دەکات.
سێیەم، تەرحیل و تەعریب: هاوڕایی و ڕەخنە لە یەکدی
لە درێژەی بابەتە ڕەخنەئامێزەکەی، ڕێبوار سیوەیلی دیدێکی دیکەی
من ڕەخنە دەکات. ئەو دبێژت "ئەگەر ستراتیجیەتی دەوڵەت «تەعریب» بووایە، دەبوو
ئەم گوندە سنوورییانەش [ئەوانەی بە قووڵایی ٢٠ کم لەسەر سنوورەکانی تورکیا و ئێران
ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێکان] پڕ بکرێنەوە لە عەرەب. بەڵام کاتێک ناوچەکە دەکرێتە
«زۆنی قەدەغەکراو»، ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت لەسەر بنەمای بەئەویدیکەکردن
کار دەکات، واتە پاککردنەوەی خاکەکە لە بوونی کورد وەک ئامانجێکی سەرەکی.
بەڵێ، تەرحیل و تەعریب لێک جیاوازن، بەڵام من هەردووکیان وەک
دوو پڕۆسەی هاوتەریب و تەواوکەری یەکدی دەبینم بۆ لەناوبردنی کورد، واتە ئەگەر
تەرحیل بووبیتە مایەی تەعریب یان نا، ئەوە هەر مەبەست لێی سڕینەوەی کورد بووە، کە
دواجار مەبەست لێی بە عێراقییکردن و بەعەرەبکردنی کوردستانە، جا لێرە کوردەکان وەک
جەستە دەمێینن یان نا گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە کە تێی بگەین تەرحیل و تەعریب و
جینۆسایدی کورد پڕۆسەگەلی هاوشانی یەکدی بوون. پڕۆسەشن نەک کردەیەکی یەکجارەکی،
پڕۆسەیەک کە سەدان ساڵە دەستی پێ کردووە. دەوڵەتی عێراقی بە بوونی بەعس و بەبێ
بوونی بەعس، واتە پێش بەعس و دوای بەعس لەسەری بەردەوام بوون و لەسەری بەردەوامن.
پێشم وایە شەڕی کوێت نەبا، ڕاپەڕین و کۆڕەو نەبا، دەوڵەتی عێراقی بەخەستی لەسەر
پڕۆسەکانی تەعریب و جینۆسایدی کورد بەردەوام دەبوو تاوەکوو، نەک کوردی بەعەرەب
دەکرد، بەڵکوو تاوەکوو کوردستانی خاڵی دەکرد لە کورد و خاکەکەی وەک بەشێک لە
نیشتمانی عەرەب/عێراق لەقەڵەم دەدا.
هاوکات من لەم کورتە-توێژینەوە نا، کە بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ
توێژینەوەکانی تێزی دکتۆراکەم و کارەکانم لە کتێبی "شوناسی عێراق"، بەڵکوو
لە کارە سەرەکییەکانی دیکەم، باسی ئەوەم کردووە کە بۆچی عێراق ناوچە سنوورییە
شاخاوییەکانی لە نزیک سنووری ئێران و تورکیا سەرەڕای ڕاگواستن، تەعریب نەکرد. لەوێدا
گوتوومە: "یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی تەعریبنەکردنی گوندە سنوورەییەکان
ئەوەبوو کە پارێزگاریکردن لە عەرەبە هاوردەکان زۆر زەحمەت دەبوو بۆ حکومەت چونکە
ئەو ناوچانە بەدەگمەن لەلایەن حکومەتەکانی عێراق کۆنتڕۆڵکراون، ئەوە ئەگەر نەڵێین
هیچ کاتێک دەستیان پێڕانەگەیشتووە، چونکە پێشمەرگە کەم تا زۆر بەردەوام لەو
ناوچانە بوونیان هەبووە" (تەماشای کتێبی شوناسی عێراق بکە).
بەڵێ، لەوەش لەگەڵ سیوەیلی هاوڕام کە دەڵێت: "قەدەغەکردنی
کارکردنی کورد لە گوندەکان و کەرکووک، هەوڵدان نەبوو بۆ ئەوەی کوردەکە ببێتە عەرەب،
بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ برسییکردن، خنکاندنی ئابووری و دەرپەڕاندنی فیزیکیی کورد لە
سەر ماڵ و زەویی خۆی. بەعس باش دەیزانی کە بە بەستنی عەگالێک کوردێک نابێتە عەرەب،
بەڵکوو ئەمە «نمایشێکی سەربازییانەی دەسەڵات» بوو بۆ سڕینەوەی ئیرادەی ڕەگەزێک."
وایە، بەڵام ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە دەرپەڕاندنەکە بۆ جێگرتنەوەی ناوچەکان بە
عەرەبی هاوردە بووە، ئەمەش جەوهەری تەعریبە.
هاوکات، ئەوەش ڕاستە کە "ڕاگواستنى لادێنشینەکان بۆ ئۆردوگای
زۆرەملێ لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەربازیدا، پڕۆسەیەک بوو بۆ: یەکەم، داڕماندنى
بونیادی ئابووریی خۆبژێوی کورد تاوەکوو کورد نەکرێتە «عەرەب»، بەڵکوو ببرێتە ئاستی
بوونەوەرێکی بەکاربەری بێ ئیرادە و سەرشۆڕ کە بەتەواوی پشتی بە کۆپۆنی خۆراکی دەوڵەت
ببەستێت. دووەم، کۆنتڕۆڵی ئەمنی و پۆلیسی؛ کۆکردنەوەی سەدان هەزار مرۆڤ لە شێوەی زیندانی
کراوەدا (ghettoization) بۆ ئەوەی ڕێگە لە
هەر جووڵەیەکی ڕزگاریخوازی بگیرێت." هاوڕای سیوەیلیـم، بەڵام ئەمە
فرەڕەهەندی و فرەدەرکەوتە و فرەلێکەوتەی تەرحیل و تەهیجیر نیشان دەدات. هاوکات،
منیش لە کتێبی شوناسی عێراق گوتوومە: "ڕاگواستن و چۆڵکردنی دێهاتەکان
دیمەنەکانی داگیرکاریی ناوخۆیی (internal colonization) لەخۆنیشان دەدا."
هەر لەو کتێبەشدا نووسیوەمە کە "مەبەستی سەرەکی ڕژێم لە ڕاگواستن و چۆڵکردنی
گوندە سنوورییەکان، یەکەم، کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری خەڵکی کوردی ناوچە
دوورەدەستەکان بوو لە ئۆردوگا زۆرەملێکان لە نزیک شارە گەورەکان تاوەکوو [حکوومەت]
بتوانێت لەنزیکەوە چاودێری و کۆنتڕۆڵیان بکات. دووەم، حکومەت دەیویست ناوچە
کوردییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ داببڕێت بۆئەوەی ئەگەرەکانی پەیوەندی و وەرگرتنی
یارمەتی لە وڵاتە جیرانەکان و کوردانی نیشتەجێ لەو وڵاتانە کەم بکاتەوە."
ئەنجام
لە کۆتاییدا، پێویستە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە
بابەتەکەی ڕێبوار سیوەیلی یەکێکە لەو وەڵامە ڕەخنەییانەی کە بە وردبینی و
زانستیبوون و ئاشنابوون بە چەمک و تیۆری، گفتوگۆکان لە پەیوەند بە چەمکگەلی وەک
تەعریب و تەرحیل (ڕاگواستن) و تەهجیر (چۆڵکردن) و جینۆساید لە ئاستی دەربڕینێکی
ڕۆژنامەوانی بۆ ئاستی گفتوگۆیەکی ئەکادیمی و زانستی بەرز دەکاتەوە. بە تایبەت،
پەرەپێدانی چەمکگەلێک وەک «بەئەویدیکردن»، «بەدوژمنکردن»، «سووکایەتیپێکردن» و
«داماڵینی کەرامەت»، کە هەنگاوی گرنگن بۆ تێگەیشتنی فراوانتر لە شێوازی مامەڵەی
دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کورد. هەرچەندە لە هەندێک خاڵدا جیاوازیی تێگەیشتنمان هەیە،
بەڵام زۆربەی ئەو ڕەخنانە هەم جێگەی سوپاسن و هەم دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی گفتوگۆ و
تێگەیشتنەکان.
ئەوەی من لەم وەڵامەدا هەوڵم دا ڕوونی بکەمەوە ئەوەیە کە
«تەعریب» لە تێگەیشتنی مندا پێش هەر شتێک ستراتیجییەکی سیاسی دەوڵەتی عێراق بوو بۆ
گۆڕینی دیمۆگرافی و زەوتکردنی خاکی کوردستان، نەک پڕۆژەیەک بۆ بەعەرەبکردنی تاکی
کورد. بۆیە تەرحیل و تەهجیر و ئەنفال و جینۆساید و تەعریب لە تێڕوانینی مندا نە
پڕۆسەی دژبەیەکن، بەڵکوو ئامراز و میکانیزمی جیاوازن بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانجی
ستراتیجی؛ واتە سڕینەوەی بوونی کورد لە خاکی کوردستان بۆ درێژەدان بە داگیرکاریی.
لەو ڕوانگەیەوە، جیاوازیی سەرەکی نێوان من و سیوەیلی زیاتر
لەسەر پێناسە و چوارچێوەی تیوریی چەمکی «تەعریب»ە، نەک لەسەر خودی تاوانەکان یان
سروشتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی عێراق. هیوام وایە ئەم گفتوگۆیە ببێتە دەستپێکی
گفتوگۆیەکی زانستیی فراوانتر کە تێیدا هەموومان بە هاوکاری یەکدی چەمک و
تێگەیشتنەکانمان قووڵتر بکەین و مێژووی ئەو تاوانانە بە وردی و زانستی بخەینە
بەردەم خوێنەر.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی