دوایی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاو لێکەوتەی کۆمەڵێک ڕێکەوتنی تازە لەگەڵ ئەنقەرە، تابلۆی نەخشە ڕێگاکەی ئەمریکا بۆ ناوچەکەو بەتایبەت ئامانجەکانی لەمەڕ تورکیاو ئەو مەتەڵەی لەپشت هەموو ئەو ( موغازەلە) ی تڕامپ بۆ تورکیا ڕوون دەبێتەوە...
ئەمریکا لەعێراقەوە، چی بۆ تورکیا دەستەبەرکرد؟ دەستکەوتی ئەمریکا چین؟ کۆبونەوە لوتکەی ناتۆ لە6_8 مانگی ڕابردوو لەتورکیا بەڕێوەچوو، ڕەنگە بەشێکی زۆری چاوەکانی چاودێرانی سیاسی و میدياکان لەسەر چۆنیەتی هاوکاری و پاڵپشتیکردنی ئیدارەی ئەمریکاو بەتایبەت خودی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕامپ لەڕووی پیشەسازی سەربازی و سیستمەکانی بەرگری و f_35 هەڵگرتنی سزادارايیەکان و کێشمەکێشمی s_400 بوبێت.
بەڵام بەپێچەوانەوە هیچ لەمانە بابەتە سەرەکیەکە نەبوون. تڕامپ بەئاسانی خۆی لەقەرەی کێشەو سەرئێشیەکانی یاسایی لەگەڵ کۆنگرێسی وڵاتەکەی نادات. بەڵکو پلانەکەی تڕامپ بۆ ئەوەی تورکیا جارێکیتر وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژو هەمئاهەنگ لەگەڵ نەخشەرێگایی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگونجێنی و کێشەی بۆ دروست نەکات و خۆی لەگرفتی تورکیا ڕزگار بکات.
دەرگایی نەوتی عێراقی بەسەر تورکیادا واڵاکردەوە. خاڵی لاوازی تورکیا ئەو قەیرانە ئابووریە گەورەیەیە کەتێی کەوتووەو ساڵانێکی باڵانسەکەی پێ سەنگ ناکرێتەوە. چارەسەرکردنی پرسی دابەزینی نرخی دراوەکەی پێویستی بەپاڵپشتی سەرچاوەی داهاتی زۆر بەهێز هەبوو، نمونەی ( یەدەگی نەوت و ئاڵتون، کانزا بەبەهاکان،،، هتد) کەتورکیا لەم بوارەدا وڵاتێکی هەژارو هاوردەکارە بەتایبەت نەوت و غاز.
بۆیە ئەمریکا لەهەوڵێکی بێ وێنەدا دەرفەتی بۆ تورکیا ڕەخساند ببێتە هاوبەش لەدەرهێنانی نەوتی بیرە نەوتە هەرە گرنگ و ستراتیژیەکانی عێراق. گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ گەورەترین کۆمپانیا بەرهەمهێنی نەوت( بی پی و کۆنوکۆفیلپس) بکات.
بەدەستهێنانی داهات لەڕێگای نەوت، غازو بەکارخستنی بەندەرەکانی هێلی بۆڕی گواستنەوەی نەوت و دورخستنەوەی تورکیا لەبەربەستە یاسایەکان و هەموو ئەمانە بەشێکن لەوبەخشینانەی تڕامپ کە لەلووتکەی ناتۆ بەتورکیای بەخشی.. واتا تڕامپ لەڕێگایی بەغداو کەرکوکەوە ئەنقەرە دەبوژێنێتەوە. سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەنقەرە، بەتەواوەتی لەخزمەتی ئەنقەرە دابوو. ئەنقەرەو بەغدا ڕەهەندێکی تازەی شەراکەتیان لەبواری ووزەدا هێنایە کایەوە.
عێراق و تورکیا لەچوارچێوەی نەخشەڕێگایی ئەمریکا ڕێکەوتنە باوەکانی سەبارەت بەگواستنەوەی نەوت تێدەپەڕێنن، واتا لەئامرازی گواستنەوە، دەگۆڕێ بۆ ئامرازی بەرهەمهێنانی هاوبەش. بەپێی دواین ڕێکەوتن کۆمپانیایی نەوتی تورکیا(TPAO) لەڕۆژی 28 تەمووز بەپشکداری %15 ڕێکەوتنی واژۆکردوە لەگەڵ (BP.and Conoco Phillips) کەلەکێڵگە گەورەکانی دەرهێنانی نەوت لەعێراق و بەتایبەت لەکەرکوک کاردەکەن.
ئەم ڕێکەوتنە بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوتی( بابەگوڕگوڕ، هاڤانا، باحەسەن، چەمەبۆر، خەباز) کەکۆی گشتی بەرهەم هێنانی ئەم کێڵگانە ڕۆژانە زیاترە لە300 هەزار بەرمیل. بێگومان لایەنی تورکیا ئەم ڕێکەوتنە بەدەستکەوتێکی مێژووی بۆخۆی دەبێنێ.
هەرلەم چوارچێوەیەشدا وەزیری ووزە و سامانە سروشتیەکانی تورکیا،، ئاڵب ئەرسلان بەیرەقدار، لەلێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ووتی:"ئەمە هەنگاوێکی بێوێنەیەو کۆمپانیای نەوتی تورکیا لەگەڵ هاوبەشەکانی لەکۆمپانیاکانی وزەی نیشتیمانی پاکستانی بەهاوبەشی کار بۆ بەرهەم هێنانی نەوتی عێراق دەکەن." ئەم قسانەی بەیرەقدار،، بەمانای ئەوەیە کە تورکیا هێشتا توانایی تەکنیکی ئەوەندە گەورەیی نیە بتوانێ سەربەخۆ لەبیرە نەوتیەکانی عێراق نەوت دەربهێنێ. هەرچەندە تورکیا چاوەڕوانی ئەم هەلە زێڕینە نەبوو، کەبەم نزیکییە بۆی بڕەخسێت، وا بەئاسانی بێتە شەریکی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان لەنەوتی کەرکوک. بەتابەتی کەخۆی بەهۆی گواستنەوەی نایاسایی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان سزایی 1.2 ملیار دۆلاری هەیە. 26 تەمووزی 2026 دواین ڕۆژی کۆتایی ڕێکەوتنەکەی ساڵی 1973 لەنێوان عێراق وتورکیا لەبواری گواستنەوەی نەوت بەهێلی بۆڕی عێراق- تورکیا بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا. هەرلەو ڕۆژەدا عێراق گرێبەستی یەک ساڵی بۆ تورکیا درێژکردەوە و بەبییانوی ئەوەی تادەگەنە دەرئەنجامێکی کۆتایی لەدانوستانەکان لەگەڵ تورکیا، واتا،، تا تەمووزی 2027 نەوتی عێراق بەڕێگایی بۆڕی کەرکوک -جەیهان بەڕێدەکرێ.. بەمانایەکى تر تا یەکلابونەوەی پرسی گەروی هورمزو دیاریکردی چارەنوسی جەنگی ئێران- ئەمریکا. عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پشت کوالیسەکانی سەردانەکەی بە ئەردۆغانی ووتبوو:" دەتوانین ڕۆژانە یەک ملیۆن نەوتتان پێ بدەین.
ئەمەش لەپایی چی؟ یاخود بەفشاری کێ؟ بەپێیی سارچاوە دارەیەکانی ئەمریکا،،، ئەمریکا لەدوایی دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی کۆمپانیا ئەمریکیەکان بەبڕی 60 ملیار دۆلار رێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتەکەی زەیدی لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامداوە و لەناویشیاندا ( سەفەقات) بەئامانجی دروستکردنی ڕێگەیەکی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی نەوتی کەنداو وەک شوێنگرەوەێەکی گەروی(هورمز) بۆیە هەم دەستبەکارکردنەوەی پڕۆژەی( ڕێگایی گەشەپێدان) کەزەیدی وەک ڕووباری سێیەمی نێوان عێراق و تورکیا وەسفیکرد. وەک شادەمارێکی ڕێگایی ووشکانی بۆ بازرگانی و گواستنەوەی نەوت و هەم کارابونەوەی زیاتر لەبەندەرەکانی گواستنەوەی نەوت بەڕێگایی عێراق-تورکیا- سوریا. کە ئەمەش لایەنێکی تری ڕێکەوتنەی تڕامپ و ئەردۆغانە لەئێوارە خوانەکەی کۆشکی کۆماری ئەنقەرە و لەپەراوێزی لووتکەی ناتۆ. تورکیا نیازەکانی تڕامپی باش خوێندۆتەوە و هەروەها دۆخە ناچاریەکەی عێراقیش دەقۆزێتەوە.ـ هەر لەو میانەشدا وەزیر بەیرەقدار،، رایگەیاند:" وڵاتەکەی تەنها لەچوارچێوەی گواستنەوەی نەوتی خاوکار ناکات، بەڵکو کاری نوێی و هاوبەش لەبوارەکانی نەوت وغازی سروشتی و ژێرخانی ووزە لەگەڵ عێراقدا دەکات. وەک بەشێکیش لەڕێکەوتنەکە تورکیا پێشنیازی ئەوەی کردوە کەڕێگە بەکۆمپانیایی بەکاربردن و گواستنەوەی نەوت (بۆتاش) بدرێت کەبەردەوام بێت لەگواستنەوەی نەوتی خاو بۆ ماوەی یەک ساڵیتر و عێراق ڕەزامەند بووە." هەروەها ووتی:" پڕۆژەی بەستنەوەی هێلی بۆڕی نەوتی (بەسڕە) لەباشووری عێراق بە (حدیسیە) لەڕۆژئاوایی عێراق و لەوێشەوە بەبەندەری جەیهان لەتورکیا و بەندەری (بانیاس) لەکەنارئاوەکانی سوریا لەقۆناغی دیراسەکردندایە." بەمەش بۆ تورکیا هەلێکی تر دەڕەخسێت تاوەکو بەتەواوەتی دەست بەسەر شادەمارەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق و بەشێک لە ئابووری سوریادا بگرێت. لەهەمان کاتدا تورکیا لەبەرنامەیدا هەیە کە هاوبەشیکردنی لەکێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک بیگەێنێتە ئامانجە سەرەکیەکەی کە تورکیا دەیەوێت. ئەویش دروستکردنی پاڵپشتە بۆ دراوەکەی و بەرزکردنەوەی نرخی داروەکەیەتی لە(EMF) .. هەروەها لەداهاتوودا وائەکات کەکۆمپانیا تورکەکان و بە ئەقڵی ئەندازیاری پاکستانیەکان ئاستی بەرهەمهێنان بگەێنە یەک ملیۆن بەرمیل لەنەوت غازی سروشتی و بەمەش بەڵێنەکەی زەیدی دێتەدی. هەروەها ئەو خەونەی تورکیاش بەدیدێت کەلەوڵاتێکی هاوردەکاری نەوت و غاز، ببێتە وڵاتێکی بەرهەمهێن و هەناردەکار... بۆیە ڕێژەی %15 بۆ تورکیا لەژمارەو ڕێژە زیاتر، پرسی گەیاندنی تورکیایە بۆ سەر نەخشەی ووزە لەجیهان..
دەستکەوتەکانی تورکیا چین لەم ڕێکەوتنانە؟
1. قایمکردنی پێگەی تورکیا لەناو بازاڕی ووزەی نێودەوڵەتی.
٢. بەدەستهێنانی زۆرترین دراوی بیانی، بەتایبەت دۆلار.
٣. پاراستنی ئاسایشی ووزەی وڵاتەکەی و تەمینکردنی بۆماوەیەکی درێژخایەن.
٤. داهاتێکی ستراتیژی و جێگیر بۆ تورکیا. ٥.بەرزبوونەوەی نرخی لێرەی تورکی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەوپێیەش ئابووری تورکیا دەبوژێتەوەو ڕەنگە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لەسیاسەتی ئابووری ناوخۆی تورکیاو کاریگەری زۆر لەسەر ساحەی سیاسەتی ناوخۆیش بکات و زیاتر گەرەنتی مانەوەبێ بۆ ئەردۆغان.
بەرامبەر ئەمە ئەمریکاو بەریتانیا چیان لەتورکیا دەوێت؟
١.دورکەوتنەوە لەڕوسیاو پشتیوانی ئۆکرانیا.
٢. هاوکاریکردنی ئەمریکا لەپرسی ئاسایشی عێراق، بەتایبەت لەچەککردنی گروپەچەکدارەکان و حەشدی تورکمانی کە ژمارەیەک لەسەرکردەکانیان وەلایان بۆ تورکیا هەیە.
٣. کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ لێدانی ئێران.
٤. چارەسەرکردنی پرسی pkk.
٥. پاڵپشتینەکردنی سوونەکانی عێراق بەرامبەر هەڵمەتەکەی زەیدی و حکومەتی عێراق.
٦. پاڵپشتیکردنی تەواوی حکومەتی زەیدی .
٧. بەردانەوەی ئاوی پێویست بۆ عێراق. لەبەرامبەر هەموو ئەمانەش تورکیا هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو دەبێتە ئامانجێکی کراوە بۆ مووشەکەکانی ئێران و ئابڵوقەکانی ڕوسیا لەسەر دەریایی ڕەش. ئابڵوقەی ئابووری چین و هندستان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی