نەخوێندنەوە یان تێنەگەیشتن؟ وەڵام بۆ هۆمەر محەممەد

10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد ڕەسوڵ

بەڕێز هۆمەر محەممەد نووسینێکی بە ناونیشانی "پشیلەی مردوو یان ئەژدیهای زیندوو؟" وەکو وەڵامێک بۆ وتارێکی پێشتری من بە ناونیشانی "تەعریب، ستراتیجی پشیلەی مردوو" بڵاوکردووەتەوە.
من کاک هۆمەر ناناسم و هیچ لەبارەی پاشخانی سیاسیی ئەو بەڕێزە نازانم و گرنگیش نییە بۆم، بەڵکو من مامەڵە لەگەڵ دەقی نووسینەکەی دەکەم. هەڵبەت ئەوە دەزانم کە نووسەرێکی بواری پڕۆسەی ئەنفالە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە تا ئێستا کۆمەڵێک هاوڕێی فەیسبووک لە مەسنجەرەوە لینکی وتارەکەیان بۆ ناردووم و پرسیاریان کردووە ئایا هیچ وەڵامێکم دەبێت لە کاتێکدا پێش ئەو هاوڕێیانە، خۆم بینیم. دوای ئەوەی بە وردیی وتارەکەم خوێندەوە تێنەگەیشتم ئایا کاک هۆمەر وتارەکەی منی بەو شێوەیەی کە هەیە نەخوێندووەتەوە یان تێینەگەیشتووە لە کاتێکدا ڕوون و سادە بە خوێندنەوەیەکی ورد لە مانا و مەبەستە دروستەکانی وتارەکە تێدەگەیت. سەرەتا نەمویست وەڵامی بدەمەوە لەبەرئەوەی پێم وابوو کاک هۆمەر وتارێکی نووسیوە کەمترین وەڵامدانەوەی تێدایە بۆ وتارەکەی من سەرباری ئەوەش کە هەڵەی لۆژیکی زۆری تێدایە، بەڵام دوای سەرنجی چەند هاوڕێیەکم کە وتارەکەشیان بۆ ناردبووم، ئەوەم بە باشتر زانی کە وەڵامی بدەمەوە.

هەڵە لۆژیکییەکان

ڕاستە نووسینەکەی کاک هۆمەر، هەندێ کۆتەیشنی "کۆتەیشن واتا وەرگرتنی واژەیەک، دەستەواژەیەک، ڕستەیەک، دێڕێک یان چەند دێڕێک یان بەشێک لە نووسینێک و لە نێو کەوانەدا دایدەنێین بۆ پشتگیریکردن یان وەڵامدانەوە یان ڕەخنەکردنی نووسینێک" وتارەکەی منی تێدایە، بەڵام لە پەیوەند بە کۆتەیشنەکانەوە  چەندین جۆر هەڵەی لۆژیکی تێدایە کە ئەمانەن:

یەکەم: لە هەندێکیاندا مانای پێچەوانەی پێداون "misrepresenting"  و لەسەر ئەو مانا پێچەوانانە بینای گوایا ئارگیومێنتەکانی خۆی کردووە، ئەمەش پێی دەگوترێ "Straw man"  واتا داهۆڵ کە یەکێک لە هەڵە لۆژیکییەکانە "Logical Fallacies" واتا بیناکردنی ئەرگیومێنت لەسەر مانا و تێگەیشتنی هەڵە، کە دەرئەنجام ئارگیومێنتێکی نادروستی لێدەکەوێتەوە.
نموونە: کاتێک دەڵێت: "پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: تۆ بۆ لۆژیکی پشیلەی مردوو دەکەیتە ئارگیومێنت لەکاتێکدا ئەوەی مەترسییە ئەژدیهای زیندووە. "
هەر لە بنەماوە کاک هۆمەر کێشەی تێگەیشتنی هەیە لە کڕۆکیترین بەشی وتارەکەی من و لە ستراتیجی پشیلەی مردوو. من لە وتارەکەمدا بە وردیی و ڕوونیی هەم ستراتیجی پشیلەی مردووم باسکردووە و هەم هۆکار و ئامانجی بەکارهێنانی ئەو ستراتیجەم باسکردووە و هەم ئەوەشم ئاماژە پێداوە کە ئەوانە کێن کە ئەم ستراتیجە وەکو تاکتیک بەکاردەهێنن و هەروەها لە چ کاتێکدا و کەی بەکاریدەهێنن. هەر کەسێک بگەڕێتەوە بۆ وتارەکەی من و بە سادەیی بیخوێنیتەوە لێی تێدەگات.
ستراتیجی پشیلەی مردوو، چەمکێکە یان ناوێکە بۆ هەر پرس و بابەتێک بەکاردەهێنرێت لە نێو چێوەی سەرقاڵکردنە سیاسییەکان و بە ئامانجی دابەشکردنی کۆمەڵگای سیاسیی بەکاردەهێنرێت کە وەکو تاکتیک لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پەنای دەبرێتە بەر بە ئامانجی لابردنی سەرنجی دەستەبژێری کۆمەڵگا و ڕووبەری میدیایی و هاونیشتمانیان بە گشتی لەسەر ئەو پرس و بابەتانەی کە دەسەڵاتداران لاواز و دۆڕاون تێیاندا و نیگەرانن بە باسکردنیان. لینتن کڕۆسبی ئەو ستراتیجەی ناوناوە پشیلەی مردوو کە مەبەست لە وروژاندنی هەستی خەڵکە و ڕاکێشانی سەرنج و بیرکردنەوەی ئەوانە بۆ ئەو بابەتێکی سیاریکراو و لابردنی سەرنجیان لەسەر بابەتێک یان بابەتگەلی دیاریکراوی دیکە.
بە کورتیی، ئەگەر ئەم کێشەیەی کە ئێستا بە تەعریب لەلایەن کاک هۆمەر و ئەوانیدیکەوە باسی لێوە دەکرێت و دەیانەوێت هاونیشتمانیان و میدیا و ڕووبەری گشتی کۆمەڵگای ئێمەی پێوە سەرقاڵ ببێت و دابەشکاریی سیاسیی بهێنێتە ئاراوە، تەنانەت ئەگەر بە ئەژدیهای زیندووش ناویبەرین هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و لەو کاتەدا ئەوە ئەژدیهای زیندووە کە دەسەڵاتداران لە ژێرەوە و ناڕاستەوخۆ هەڵیانداوەتە سەر مێزی گفتوگۆی دەستەبژێران و میدیا و کۆمەڵگا بەگشتیی و هەمووانیان پێوە سەرقاڵکردووە لە کاتێکدا بابەت و پرسی سەرەکیی و گرنگی خەڵک پشیلەی مردوو یان ئەژدیهای زیندوو نەبووە بەڵکو پرس و بابەتگەلی دیکە بوون کە مایەی گفتوگۆ و پێوەسەرقاڵبوونی خەڵک بوون بەڵام ئەوان بەو پرس و بابەتانە نیگەران بوون و تێیاندا لاواز و دۆڕاو بوون و بابەتەکان لە دژی ئەوان بوون کە واقعییەتیان هەبووە. لە وتارەکەمدا باسی ئەو پرسە گرنگ و کاریگەرە واقعیی و ڕاستەقینانەم کردووە کە بابەتی ئێستایی خەڵکن و لە دژی دەسەڵاتدارانن و بەڵام بەهۆی پشیلەی مردوو یان تۆ بڵێ ئەژدیهای زیندووەوە هەوڵدەدرێت کە خەڵک بابەتە گرنگ و ڕۆژانەیی و واقعییەکانی خۆی لە بیرببرێتەوە و بە بابەتێکی ترەوە سەرقاڵ بکرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی کە کاک هۆمەر دەستەواژەی ئەژدیهای زیندووی لە شوێنی ترەوە وەرگرتووە بەبێ ئەوەی ئاماژەی پێبکات.
واتا کاک هۆمەر ئەوەی فەرامۆش کردووە یان تێینەگەیشتووە کە ستراتیجی پشیلەی مردوو، تاکتیکی دەسەڵاتدارانە بۆ سەقاڵکردنی کۆمەڵگا بە بابەتێکەوە و لابردنی سەرنج و بیرکردنەوەی گشتی لەسەر بابەتێکی تر. واتا ئەوە دەسەڵاتدارانن کە گەمەکەیان دیاریکردووە و کاک هۆمەر و ئەو بەڕێزانەی دیکەش کە وەکو کاک هۆمەر هەموو وزەی خۆیان خۆیان خسووەتە گەڕ لەو پێناوەدا و لە بەرئەنجامدا منیش و زۆری دیکەشی پێوە سەرقاڵ کراوە. ناوی ستراتیجەکە هەرچییەک بێت هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەمە تاکتیکی سەرقاڵکردنی نوخبە و فەزای میدیایی و ڕووبەری گشتی کۆمەڵگایە بەو پرس و بابەتانەوە کە دەسەڵاتداران لە پشتییانەوەن، کە من لە وتارەکەمدا بە دروستکراو یان بەرهەمهێنراوە سیاسییەکان "مانیفاکتۆرکراوە سیاسییەکان" ناومهێناون.
واتا ئەگەر تەعریب وەکو ئەوەی کاک هۆمەر و ئەو بەڕێزانەی دیکەش کە باسی لێوە دەکەن ڕاستییەک و ڕەوایەتییەکی لە نێو خۆیدا هەڵگرتبێت، هێشتا هەر وەکو تاکتیک یان ستراتیجی پشیلەی مردوو یان بەو شێوەیەی کە کاک هۆمەر دەیخوازێت ئەژدیهای زیندوو، بەکارهێنراوە و مامەڵەی لەگەڵ کراوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی بریکارە بەر سێبەرەکانیانەوە توڕهەڵدراوەتە سەر مێزەکە و هەمووانی پێوە سەرقاڵکراوە و لێرەوە دەستەبژێڕ و میدیا و کۆمەڵگا دوورخراوەتەوە لە بابەتە ڕۆژانەیی، واقعیی و ڕاستەقینەکان.
کاتێکیش کۆمەڵگا بەو بابەتەوە سەرقاڵکراوە، خۆ ئەمە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نییە، یان ڕێگە گرتن لە زیاتر گەورەبوونی کێشەکە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. تەنها سەرقاڵکردنە و هیچی تر. لە وتارەکەشمدا ئاماژەم بەوە کردووە کە دەشێت دەرئەنجام دەسەڵاتدارێتییە خێڵەکییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی، بیکاتە دەستمایەی خۆی بۆ ساتوسەودا لەگەڵ بەغدا بۆ خۆ دەربازکردن لە هەندێ کێشەی شەخصیی و حزبیی و بنەماڵەیی خۆیان و بەدەستهێنانی هەندێ دەستکەوتی شەخصیی، سیاسیی و بنەماڵەیی.
نموونەیەکی دیکە: کاتێک کاک هۆمەر دەنووسێت: "ئەوەی دێت بۆ بازرگانی و سپیکردنەوەی پارە دەیفرۆشێتەوە" کە مەبەستی خەڵکی هاتووی عەرەبە بۆ کوردستان، کە گوایا ئەمەی لە وتارەکەی منەوە وەرگرتووە و دەرئەنجامگیریی کردووە و گوایا بەڵگەیەکە لە دژی خۆم. بەڵام ئەمە پێچەوانەی مانا و مەبەستی ڕوونی نێو نووسینەکەی منە لەبارەی سپیکردنەوەی پارە کە من لە وتارەکەمدا باس لە بەڵێندەران و وەبەرهێنەرانی کورد دەکەم کە بەشێکیان "ڕەنگە ئەگەر بڵێم زۆرینە هەڵە نەبێت" بە هاوبەشیی لەگەڵ دەسەڵاتداران یان وەکو بریکارێکی ئەوان، پڕۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بونیاد دەنێن و ئەمەش لە بەشێکی زۆریدا سپیکردنەوەی پارەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە.
ئەمە لە وتارەکەی مندا کە ماناکەی سادە و ڕوونە، بەڵام کاک هۆمەر مانایەکی پێچەوانەی دەداتە پاڵ، کە هەڵەیەکی لۆژیکییە.
ئەم دوو نموونەی سەرەوە، هەڵەی لۆژیکی نێو وتارەکەی ئەو بەڕێزەن کە مانای پێچەوانە "misrepresenting" دەداتە پاڵ دەستەواژە یان دەربرێنەکانی نێو وتارەکەی من. جا هەڵە لۆژیکییەکە بە مەبەستەوە بێت یان بەبێ مەبەست و لە تێنەگەیشتنەوە بێت هیچ جیاوازی نییە. لەنێو هەڵە لۆژیکییەکاندا ئەم هەڵە لۆژیکییە پێی دەگوترێ داهۆڵ "Straw man" و تۆ دێیت لە دەستەواژە و ڕستەکانی نووسینی ئەو کەسەی کە بە ئامانجت گرتووە، مانای پێچەوانە دەسازێنیت و ڕەخنەیان دەکەیت. واتا داهۆڵێک دروست دەکەیت و دەیکوتی لە جێگای مانا دروست و ئارگیومێنتە ڕاستەقینەکان. ئەمەش لەبەرئەوەی ئاسانترە و ناتوانیت مانا دروست و ئارگیومێنتە ڕاستەقینەکانی نووسینەکە ڕەخنە بکەیت و پووچەڵیان بکەیتەوە.

دووەم: لەهەندێک کۆتەیشنی دیکەدا، هەندێ واژە یان دەستەواژەی بەکارهێناوە کە وایدادەنێت "assuming" و وەها پیشاندەدرێت کە من وام نووسیوە یان مەبەستم ئەوە بووە لە کاتێکدا وتارەکەی من هیچ واژەیەک و دەستەواژەیەکی وەهای تێدا نییە و بە تێگەیشتنێکی سادە و خوێندنەوەیەکی سادەش ناگەیت بە وەها مەبەستێک ، کە دیسانەوە ئەمەش هەڵەیەکی تری لۆژیکییە.
نموونە: کاتێک دەڵێت: "من نە حزبییم نە شۆڤێنیی" یان لە شوێنێکی تردا دەڵێت: "لە کاتی دەنگ بەرزکردنەوەم لە دژی ئەم نادادییە بکرێم بە شۆڤێنیی" لە چەند شوێنێکی تریشدا واژەی شۆڤێنی یان شۆڤێنیستی بەکارهێناوە کە لە کۆنتێکستی نووسینەکەیدا ئەوە پیشان دەدات و ئەو مانایە دەدات کە گوایا وەکو ئەوەی من لە وتارەکەمدا وەهام نووسیوە یان مەبەستێکی وەهام هەبووە و ئەویش هاتووە وەڵامی داوەتەوە.
لە کاتێکدا لە وتارەکەی مندا، بەهیچ جۆرێک ووشەی شۆڤێنی یان شۆڤێنیست نەهاتووە و لە هیچ شوێنێکی وتارەکەشمدا ئەو مانایە یان ئەو مەبەستە نادۆزیتەوە لە ئاست ئەو کەسانەی باسی تەعریب دەکەن.
واتا کاک هۆمەر، هەر بە خەیاڵی خۆی واژەیەک دەداتە پاڵ نووسینەکەی من، چ ئەوەی وەهام نووسیبێت یان مەبەستم ئەوە بێت، و دواتر دێت وەڵامی دەداتەوە. لێرەدا دەردەکەوێت، کاک هۆمەر وەڵامی خەیاڵ و لێکدانەوەی خۆی دەداتەوە نەوەکو نووسینەکەی من و مانا و مەبەستەکانی. کاک هۆمەر هێندە ترس و خەیاڵی لای ئەوە بووە بە شۆڤێنی لە قەڵەم بدرێت، هاتووە ئەمەی بەسەر نووسینەکەی من و مانا و مەبەستەکەیدا شکاندووەتەوە و ئینجا وەڵامی داوەتەوە و بەرگری لە خۆی کردووە، گوایا شۆڤێنی نییە. ئەمە هەڵەیەکی لۆژیکییە کە پێی دەگوترێت: وەها دانان "assuming"

سێیەم: لە هەندێک شوێنی تردا هەمان ئارگیومێنتی نێو وتارەکەی من دەهێنێت و دەیکاتەوە بە گژ مندا. لە کاتێکدا من ئەو ئارگیومێنتەم بونیاد ناوە و دەرئەنجامی وتارەکەی منی لەسەر بینا کراوە، چۆن دەکرێت لە بەرانبەر مندا بەکاربهێنرێتەوە، کە ئەمەش هەڵەیەکی تری لۆژیکییە.
نموونە: کاک هۆمەر باسی ئەوە دەکات کە منیش هەر وەکو ئەو هیچ ئامارێکی ورد و ڕاستەقینەم لەبەردەست نییە. واتا وەکو ئەوەیە کە چۆن من داوای ئامار لە ئەوان دەکەم؟ ئەوانیش داوای ئامار لە من دەکەن؟
بەڵام ئەمە چ بێمانایییەکە! ئەوانەی بانگەشەی مەترسیی گەورەی! تەعریب! لە نێو هەرێمی کوردستان دەکەن، داوای ئامار لەو کەسانە بکەن کە ئەو بانگەشەیە لەم کاتەدا و بەو قەبارەیە و لەلایەن گروپێک لە دەستەبژێرانەوە، بە سیناریۆیەکی تاکتیکیی سیاسیی و حزبیی بزانن.
ئەوە کاک هۆمەر و هاوبانگەشەکارانی کاک هۆمەرن کە باسی تەعریب دەکەن، دەبێت ئامارێکی ورد و ڕاستەقینە و باوەڕپێکراویان لەبەردەست بێت و بیخەنە پێش چاوی ئێمە و خەڵکی کوردستان و بەمەش بەڵگەی بەهێز بۆ ئارگیومێنتی خۆیان دەستەبەر بکەن و قەناعەت بە خەڵک بهێنن.
بەڵام سەیرەکە لەوەدایە، من لە وتارەکەدا باسی ئەوەم کردووە کە هیچ ئامارێکی وورد و ڕاستەقینە لەبەردەست ئەو بەڕێزانەدا نییە، بەڵام کاک هۆمەر هەمان ئارگیومێنتەکەی خۆم دەکاتەوە بە گژ مندا. ئەمەش هەڵەیەکی تری لۆژیکییە.

هەندێک هەڵەی لۆژیکی دیکە

کاک هۆمەر هەندێک بابەت باس دەکات کە لە وتارەکەی مندا باس نەکراون لەسەر ئەمەش حوکم دەدات. ئایا دەبێت وتارێک بخرێتە ژێر لێپرسینەوە لەسەر ئەوەی کە باسی بابەتێک یان کۆمەڵە بابەتێکی نەکردووە؟ لە دوای ئەوەش بڕیار بدەین کە ئەو کەسە دیارە ئاگاداری ئەو بابەتە یان بابەتانە نییە. چۆن ئەزانی و چۆن بڕیارتدا کە دیارە ئاگاداری ئەو بابەتە یان بابەتانە نییە؟ هیچ و هەر لە خۆڕا بەبێ هیچ بەڵگەیەک و تەنها لەبەر ئەوەی لە وتارەکەیدا باسی نەکردوون؟ ئاخر ئەمە چ لۆژیکێکە بەبێ بنەما وایدابنێی کەسێک ئاگاداری بابەتێک یان بابەتگەلێک نییە، تەنها لەبەرئەوەی باسی نەکردوون؟ ئەمە هەڵەیەکی گەورەی لۆژیکییە کاتێک لە ڕەخنەکردن، گفتوگۆکردن و وەڵامدانەوەی وتارێکدا، بابەت یان بابەتگەلێک بکەیتە بنەمای بڕیاردان و حوکمدان لەبەر ئەوەی باسیان لێوە نەکراوە.
نموونە: دەنووسێت: "دیارە ئاگادار نییە کە تەعریب وەک دیاردە لە سەردەمی فتوحاتەوە نەک تەنها دژی کورد، بەڵکو دژی هەموو نەتەوەکانی ژێر دەستی سوپای ئیسلام دەستیپێکردووە. بەڵام ئەگەر باس لە تەعریبی چڕی دەوڵەتی عێراق بکەین، ئەوا بە پراکتیکی لە ساڵی ١٩٢٤ ەوە دەستیپێکردووە، نەک تەنها لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ کە ئەو ئاماژەی پێداوە. تەنانەت مێژووی نزیکیشی لە دەرکردنی کوردە فەیلییەکانەوە دەستپێدەکات کە تەواوی شارەکانی کوت و عەلی غەربی و عەلی شەرقی و بەشێکی گرنگی بازاڕەکانی بەسرەو بەغدا و دیالەیان بەدەستەوە بووە. تۆبڵێی کاک ئەحمەد لە سێدارەدانی (٤٠٠) بازرگانی فەیلی لەساڵی ١٩٨٠دا نەبیستبێ ؟!"
ئاخر ئەو بەشە لە نووسینەکەی ئەم نووسەرە، کوا پەیوەندی بە تەوەری سەرەکیی بابەتەکەی منەوە هەیە کە برێتییە لە بانگەشەی ئەو بەڕێزانە لە مەترسیی گەورەی تەعریبکردنی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و منیش باسی ئەوەم کردووە. هەروەها لە وتارەکەمدا ئاماژەم بەوە کردووە کە بە ئامانجگیراوی من بۆ قسەلێکردن چوار پارێزگاکە و چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستانە "چوار پارێزگاکە: هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و هەروەها چوار ئیدارە سەربەخۆکەش: گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران و زاخۆ" و تەنانەت ناوچە دابڕێنراوەکان یان ناوچە کێشە لەسەرەکان یان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان "کەرکوک، خانەقین، جەلەولا ... هتد" ناگرێتەوە، ئەمەش لەبەر هۆیەکی سادە و ڕوون، ئەویش ئەوەیە لەبەر ئەوەی هەموو ئەوانەی باس لەو مەترسییە گەورەیەی تەعریب دەکەن، ئاماژە بە چوار پارێزگاکە و چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستان دەکەن و منیش وەڵامی ئەوانم داوەتەوە.
بۆیە ئەوە هەڵەیەکی گەورەی لۆژیکییە کە کاک هۆمەر ئەو بابەتانەی لە چەند دێڕێکدا ڕیز کردووە و دواتر بڕیاریداوە دیارە من ئاگاداریان نیم. کاک هۆمەر هەر بەو لۆژیکە هەڵەیەی خۆی دەیتوانی چەندین بابەتی دیکە ڕیز بکات جا تەنها بە ناونیشان بێت، یان چەند دەستەواژە و ڕستەیەک لەبارەیانەوە بنووسێت و بڕیاریبدایە کە ئاگاداری ئەوانەش نیم، بە کورتییەکەی لە کۆتاییدا بڵێت کە من ئاگاداری هیچ نیم.

تەنها ڕاستییەک و ڕەوایەتییەکی سادە

ڕەنگە تەنها ڕاستییەک و ڕەوایەتییەک لە نێو وتارەکەی کاک هۆمەردا ئەوە بێت کە باس لەوە دەکات کە ئەو نە حزبییە و نە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەر بە دەسەڵاتدارێتییە خێڵەکییەکەی کوردستانە و بگرە لە دژیشیان وەستاوەتەوە. ئەو مافی ڕەوای خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرانبەر ئەو پەرەگرافەی مندا کە وتومە ئەوانەی بانگەشەی تەعریب دەکەن لە پەرلەمانتار و وەزیری خانەنشینکراوی کوردستان و عێراق، نووسەر و شیکەرەوەی سیاسیی و میدیاکارانە و ... هتد، پێکڕا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سەر بە دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین یان بە ناڕاستەوخۆ و بە دەستی دوو و سێ و لە سێبەردا سەر بە ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین.
لە ڕاستییدا، ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێم بەبڕی هەرە گەورە وتارەکەی کاک هۆمەر لەبەر ئەم خاڵە نووسراوە و ئەمە هەرە گرنگ و لەپێشینە بووە بۆ ئەو بۆ وەڵامدانەوە. لەمەشدا مافی خۆیەتیی و ڕەنگە ڕەوایەتیی و ڕاستییەکی تێدا بێت. هەروەها ڕەنگە کەسانی دیکەش هەبن وەکو کاک هۆمەر، کە ئەو گروپە لە دەستەبژێری کۆمەڵگای ئێمە کە من ئاماژەم پێکردوون، نەیانگرێتەوە. بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە زۆرینەی ئەوانەی باس لە تەعریب دەکەن لەو تایپە لە دەستەبژێرن کە من باسم کردوون.
بەڵام ئەم تەوەرەیەش هێشتا خاڵی نییە لە کێشە. کاتێک کۆتەیشنی لە وتارەکەی منەوە وەرگرتووە ئەو دەستەواژەیەی فەرامۆش کردووە کە ووتوومە سەر بە ئایدیۆلۆژیای دوو خێڵەکەی کوردایەتیین. واتا مەرج نییە ئەو کەسانەی ئەم بانگەشەیە دەکەن ڕاستەوخۆ سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کورایەتیی بن بەڵکو دەکریت سەر بە ئایۆلۆژیای کوردایەتیی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە بن. لێرەدا مەبەست ئەوەیە نووسەرێک یان چالاکوانێک ڕەنگە لە ئاستە ڕاستەوخۆ و ڕواڵەتییەکەدا دژ و ناکۆک بێت بە سیاسەت و کار و کردەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و ئەکتی بەرەنگاریشی هەبێت لەبەرانبەریاندا. بەڵام لە ئاستێکی قووڵی فیکریی سیاسییدا سەر بە هەمان دەزگا گوتارییەکەی ئەوان بێت و بۆ ئەمەش لە نێو هەمان چێوەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی ئەواندا چالاک بێت و ڕۆڵ بگێڕێت. واتا ڕەنگە کەسێک دژ بە سیاسەتی ڕاستەوخۆ و ڕواڵەتییانەی دەسەڵاتداران بێت بەڵام لەسەر ئاستە قووڵە فیکرییەکەیدا هەر لە هەمان فەلەکی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتداراندا خول بخوات. ئەمەش وا دەکات بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات و دەرکی بکات، بەشێکی گەورەی وزە و چالاکیی و هەڵوێستوەرگرتنی ئەو کەسە بڕژێتەوە نێو جۆگەی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانەوە و دەچێتەوە خزمەتی ئەجێنداکانی ئەوانەوە.
هەڵبەت لە نێو ئەو گروپەی دەستەبژێری کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوانەش هەن، کە خۆیان وەکو نەتەوەپەروەر نمایشدەکەن و لەسەر شاشەکان خۆیان توڕە دەکەن بەڵام لە ژێرەوە بە ئاغاکانی دەسەڵاتدارانی کوردایەتییەوە گرێدراون.

تێکەڵکردن یان دیسانەوە هەڵەتێگەیشتن

کاک هۆمەر پرسیار لەبارەی ئیسلامیی ساسییەوە دەکات لە پەیوەند بە مەەسەلەی تەعریبەوە.

من لە بارەی تەعریبەوە لە وتارەکەمدا بە وردیی قسەم کردووە و شەش خاڵم لەو بارەیەوە ڕیز کردووە و هەروەها ئەوەی لە کەیەوە دەستپێدەکات و هەروەها بۆچی پرسی تەعریب لەم کاتەدا کراوە بە ڕۆژەڤ و هەمووانی پێوە سەرقاڵکراوە و هۆکار و ئامانجی ئەم ماجەرایە چییە و بە پێویستی نازانم لێرەدا و لەم وتارەشدا دووبارەیان بکەمەوە و خوێنەر بۆ خوێندنەوەی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وتاری "تەعریب، ستراتیجی پشیلەی مردوو"
ئێستا با بێمە سەر ئەو تەوەرەیەی کە کاک هۆمەر باسیدەکات، ئەویش پەیوەندیی نێوان ئیسلامی سیاسیی و پرسی تەعریبە.
لەمەشدا کاک هۆمەر کەتووەتە هەڵەوە و هەردوو پرسی تەعریب و داگیکاریی کولتوریی تێکەڵ کردووە لە کاتێکدا ئەو دوو پرسە جیاوازیی گەورە لە نێوانیاندایە.

داگیرکاریی کولتوریی "Cultural Conquest"

ئیسلامیزم ئادیلۆژیایەکە وەکو هەر یەک لە ئایدیۆلۆژیاکانی لەدایکبووی مۆدێرنیتی وەکو ئایدیۆلۆژیای نازیزم و فاشیزم. ئیسلامیزم سەرەتای سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم. ئیسلامیزم واتا ئایدیۆلۆژیزەکردنی ئیسلام کە هەردوو ئیخوانیزم و سەلەفیزم دەگرێتەوە.
ئیخوانیزم لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە میصر سەریهەڵدا وەکو بە ڕووداوەستانەوەی خۆرئاوا و داگیرکارییەکانی پیاوی سپی "White Man" بۆ دنیا. سەلەفیزمیش بە مەبەستی بەڕووداوەستانەوەی ئیخوانیزم و بەرگرتن لە هەژموونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئیخوانیزم لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسلامییدا، لە سعودییە سەریهەڵدا.
ئیخوانیزم و سەلەفیزم سەرباری ناکۆکیی و دژبەرییەکی قووڵ لەنێوانیاندا بەڵام لەوەدا هاوبەشن کە ئیسلام لە دینێکی ترانسدێنتاڵەوە دەگۆڕن بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی مێژوویی و زەمینی. ئیسلامیزم واتا مامەڵەکردنێکی ئایدیۆلۆژیی لەتەک دینی ئیسلام. ئیسلامیزم، لە دین خستنی ئیسلامە و کردنییەتی بە ئایدیۆلۆژیا. ئیسلامیزم لە ئاستە دەسەڵاتدارێتیی و سیاسییەکەیدا هەوڵدانە بۆ هەژموونکردنێکی ستوونیی "ڤێرتیکاڵ" کە بریتییە لە ئیخوانیزم. ئیسلامیزم لە ئاستە میللیە کۆمەڵایەتییە جڤاکییەکەیدا کە هەوڵدانە بۆ هەژمووونکردنێکی ئاسۆیی "هۆریزۆنتاڵ" بریتییە لە سەلەفیزم.
لێرە لە هەرێمی کوردستان، دوای هاتنی ئیسلامیزم وەکو ئایدیۆلۆژیایەک "ئیخوانیزم بە تەمەنی پەنجا ساڵە و سەلەفیزم بە تەمەنی سی و شتێک ساڵەی خۆیەوە لە هەرێمی کوردستان" بکەرانی پلە یەک و پلە دوو و سێی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم "ئیخوانیزم و سەلەفیزم" خەڵکی کوردن و بە کڵاو و جامانە و جلوبەرگی کوردییەوە هەوڵ بۆ ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگای کوردستان دەدەن.
بەڵام ئەوەی ئیسلامیستەکان "ئیسلامیست واتا بکەر و چالاکوان و قسەکەرانی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم" دەیکەن و ئەنجامی دەدەن بەرانبەر بە کۆمەڵگای کوردستان، پێی ناگوترێ تەعریب، بەڵکو پێی دەگوترێ داگیرکاری کولتوریی "Cultural Conquest"
ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم، لە نێو خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێک بەها و نۆڕمە. شێوە ژیانێکی دیاریکراو و فەرهەنگ و کولتورێکی تایبەت بە خۆی هەیە و سیستمێک لە بونیادی کۆمەڵایەتیی و هیرارکییەتی هەیە، کە هەڵگران و باوەڕداارانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە لەگەڵ بکەران و ئایکۆنەکانیدا، هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو کولتورە و ئەو بەها و نۆڕمانە دەدەن لە کۆمەڵگای ئێمەدا و دەیانەوێت بە کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە مێژووی دێرینی دینی ئیسلام لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ڕێگە خۆشبکەن و زەمینەسازیی بکەن بۆ ئەو هەژموونە ئایدیۆلۆژییەی ئیسلامیزم بەسەر کۆمەڵگای ئێمەوە.
بۆیە گرنگە لە ناونان و ناسینەوەی دیاردەکاندا ووریا و هۆشیار بین و چەمکەکان تێکەڵ نەکەین.
واتا ئەوەی ئیسلامیزم دەیکات، داگیرکارییەکی کولتورییە و هەڕەشەیە لەسەر کولتور و شوناسی کولتوریی و فەرهەنگیی کۆمەڵگای ئێمە و بەها و نۆڕمەکانی کە هەر ئێستا مەترسییەکەی لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگای ئێمەدا و لەسەر هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەرکەوتووە. بەڵێ هاوڕام لەگەڵ کاک هۆمەر کە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە، بەڵام ئەمە جیاوازە لە تەعریب وەکو ئەوەی کاک هۆمەر دەیڵێت و ناوی دەنێت.
واتا داگیرکاریی کولتوریی لەلایەن ئیسلامیزمەوە بۆ سەر کۆمەڵگای ئێمە هەژموونی بەسەر هەموو توێژ و پنتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێمەوە دەرکەوتووە کە جیاوازە لە تەعریب و هەموو ئەوانەی ژێر ئەم هەژموونکاریی یان داگیرکارییە کولتورییە کەوتوون هەموویان کوردن و قسە لە ڕەسەنێتیی کوردبوونی خۆیان دەکەن. لەبەرئەوە ناونانی دەرکەوتە و دیاردەکان و بەکارهێنانی دروستی چەمکەکان بۆ مەبەستی دیاریکراوی خۆیان بەشێکی گرنگە لە توانای تێگەیشتنمان وشیکردنەوەی ئەو دیاردە و دەرکەوتانە.

پرسی هەنووکەیی خەڵکی کوردستان

قسەکردنی کاک هۆمەر بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە کە هاتوونەتە دەنگ لە دژی تەعریبی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، زێدەڕۆییکردنە " Exaggeration" و کە ئەمەش هەڵەیەکی لۆژیکییە، بەڵام بەڕاستی با بپرسین، خەڵکی کوردستان لە تەعریب هاتوونەتە دەنگ یان لە کەمئاویی ماڵان، قەیرانی مووچە، قەیرانی سووتەمەنی "بەنزین، گاز و نەوت" و نرخ بەرزیی لە ڕاددەبەدەری کارەبا و ... هتد.
بەڕاستی خەڵکی کوردستان داد و بێدادیانە لە دەست تەعریب یان لە دەست قەیرانە دروستکراوەکانی دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتی و گەندەڵیی بێسەروبن و تاڵانکردنی سەر لەبەری سەرزەویی و ژێرزەویی کوردستان؟!
بەڕاستی بابەتی گرنگ، ڕۆژانەیی و واقعیی بۆ خەڵکی کوردستان بابەتە هێما بۆکراوەکانی پێشترن یان تەعریب؟
کاتێک بابەتی هەرە گرنگ و لەپێش بۆ خەڵکی کوردستان بابەتە واقعیی و ڕۆژانەییەکانی قەیرانگەلی دروستکراوی دەسەڵاتدارانی دوو حزبخێڵەکەی بزووتنەوەی کوردایەتین، خێرە گروپێک لە دەستەبژێران لە نووسەر، ئەکادێمیست، چالاکوان، میدیاکار و شیکەرەوە سیاسییەکان و وەزیر و پەرلەمانتارە خانەنشینکراوەکانی کوردستان و عێراق، قسەیەکیان لەسەر بابەتە ژیانییەکانی خەڵکی کوردستان نییە و بەڵام نووسین و شرۆڤە لەسەر تەعریب  بە ڕیز بڵاودەکەنەوە؟
بەڕاست، ئەوە چ جۆرێک بەرپرسیارێتیی، گروپێک لە دەستەبژێر "ئێلیت" ە لە ئاست خەڵکی کوردستان و هاونیشتمانییەکانی خۆیاندا، کاتێک قسەیەک لە وێرانبوونی ژیانی خەڵک ناکەن بە دەست دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتیی؟ قسەیەک لە هەڵلوشینی داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان ناکەن لەلایەن بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە و ئەم هەموو ستەم و فەقر و فەلاکەتەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندوویانە؟ ئەمە چۆن بەرپرسیارێتییەکە بەرانبەر نەتەوە و کۆمەڵگاکەی خۆت؟ ئەمە چۆن لە خەمدابوونێکە بۆ ئایندەی کۆمەڵگاکەت کە قسەیەک لە کێشە ڕۆژانەیی و پرسە هەنووکەییە گرنگ و ڕاستەقینەکانی ناکەیت، بەڵام شرۆڤە و وتار لەسەر گوایا گورگی تەعریب و ئەژدیهای زیندوو بە ڕیز بڵاودەکەیتەوە؟ ئەمە جگە لەوەی کە ئەو دەستەبژێرە بە ئاگاوە بێت یان بێئاگا بوونەتە گەمەکەری نێو گەمەی دیاریکراوی دەسەڵاتداران چیدیکە دەگەیەنێت؟!
ئەمە ئەگەر سەرقاڵکردنی سیاسیی و دابەشکاریی سیاسیی و کارکردن لەسەر مانیفاکتۆرکراوە سیاسییەکانی دەسەڵاتداران و پشیلە مردووکانی نەبێت چیدیکەیە؟!
بەڕاستی ئەگەر باسی خاڵ بە خاڵی هەڵەکانی نێو وتارەکەی کاک هۆمەر بکەم و وەڵامیان بدەمەوە  "بۆ نموونە ئەو تەوەرەیەی کە باسی یاسا و دەستوور دەکات" وتارەکە گەلێک درێژ دەبیتەوە کە هەر ئێستاش ڕەنگە لە حەوسەڵەی خوێنەر درێژتر بێت.
بەهەرحاڵ، لە کۆتاییدا منیش هەمان دەربڕینی کۆتایی وتارەکەی کاک هۆمەر دووبارە دەکەمەوە، لە دڵسۆزیی بۆ گەل و نیشتمانەکەت، گرنگتر ئەوەیە کە مرۆڤ بە تایبەت نووسەر، ئەکادێمیست، چالاکوان و شیکەرەوە سیاسییەکان و میدیاکارەکان خودان هۆشیارییەکی قووڵ و تێگەیشتنێکی ڕیشەیی بن دواتر دڵپاکیی و دڵسۆزیی. چونکە بەگەڕخستنی وزە و چالاکییەکانت ئەگەر بە تەنها دڵپاکیی، سادەیی و دڵسۆزیی سەرچاوەکەی بێت، دەشێت ناڕاستەوخۆ و نائاگا ببیتە خزمەتکاری ئەجینداکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان. گرنگە هێندە هۆشیار بین نەبینە گەمەکارێک لە نێو گەمەیەکدا کە دەەسەڵاتداران بۆ ئیمەیان دیاریکردووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی