عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی چارەنووسسازدایە،لە کاتێکدا حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی "عەلی فالح زەیدی" ڕێککەوتنی ستراتیژیی بە بەهای 60 ملیار دۆلار لەگەڵ زەبەلاحەکانی وزەی ئەمریکا، وەک (ExxonMobil، KBR، GE Vernova، Shell، Halliburton) واژۆ دەکات،لەکاتێکدا شەقام و دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق لە ژێر هەڕەشەی شەڕێکی گەورە و سێبەر و بەوەکالە دایە.
ئەم دۆخە،رەنگە عێراق بکاتە گۆڕەپانێک کە تێیدا ئابووری و سەربازی تێکەڵ یەک بن ، وەک ئەوەی چارەنووسی دەوڵەت لەسەر بەتانییەکی گڕگرتوو هەڵچنرابێت.
لێرەدا لەمەسەلەی دۆلار کە ئابوری عێراقی پێوە گرێدراوە،کە نەوتەکەی بەدۆلار و لەژێر چەتری ئەمریکایە وەک قەڵغان یان ئامانج زۆر جار بەکار دێت؟
واژۆکردنی 48 ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، لەوانە دروستکردنی بۆری نەوتی عێراق-سوریا، پەیامێکی ئابووریی ڕوونە: کە عێراق دەیەوێت بە تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا خۆی لە قەیرانی وزە ڕزگار بکات،وەلی ئەم ملیارانە دوو ڕووی هەیە: کە ئەمانەن
ڕووی گەشەپێدان: ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ژێرخانی وزەی عێراق دەبوژێتەوە و وڵات لە گەمارۆ ئابوورییەکان ڕزگاری دەبێت.
راکێشانی بەرەو ئاگر: لە دیدگای میلیشیاکان و ئێرانەوە، ئەم دەستکەوتانە نیشانەی باڵادەستیی ئەمریکایە لە عێراقدا،بۆیە ئەم پڕۆژانە دەبنە ئامانجی ڕاستەوخۆی گرووپە چەکدارەکان بۆ تێکدانی هاوسەنگیی هێز، لێرەدا پرسێک دێتە پێشەوە ئەویش عێراق لە چەقۆی شەڕی سێبەرەکاندا ،لێرەدا ئاماژەیەک دێتە پێشەوە کە
ئەو بارودۆخەی کە ئەمڕۆ لە کەنداو و دەریای سوور (باب المندب) دەگوزەرێت، تەنها شەڕی درۆن و موشەک نییە، بەڵکو شەڕی ڕێڕەوی ئابووریی جیهانییە، و عێراق بەداخەوە ناتوانێت لەم ئاگرە بەدوور بێت، ئەمریکا دەیەوێت عێراق وەک دڵێکی وزە بمێنێتەوە کە ئابووریی جیهان لە شەڕی دژی ئێران بپارێزێت، لەلایەکی دیکەوە ئێران ئاگاداری لاوازیی لۆجیستیی ئەمریکایە ، کە ڕەنگە عێراق بەکاربهێنێت وەک "کارتێکی فشاری نەرم" یان "مەیدانێک بۆ مانۆڕ" بۆ ئەوەی ڕێگری لە پڕۆژە ئەمریکییەکان بکات.
خالێکی تر ململانێی ناوخۆیی ییە : کە گەندەڵی و میلیشیا
کۆسپێکی گەورە لەبەردەم سەرکەوتنی ئەم پڕۆژە زەبەلاحانە،و دۆخی ناوخۆیی عێراقە:
پرسی تەڵەی گەندەڵی لە وڵاتێکدا کە سیستەمی ئیداریی بە گەندەڵی داخوراوە، بەڕێوەبردنی پڕۆژەی 60 ملیار دۆلاری پێویستی بە شەفافییەت و هێزی یاسایە، ئایا ئەم پڕۆژانە ڕێگەیەک دەبن بۆ ئاوەدانکردنەوە،یان دەبنە پاروویەکی چەور بۆ ئەوانەی قازانجی تایبەتەوەن؟
لە ئێستادا حکومەتی زەیدی لەنێوان دوو بەرداشدایە،لەلایەک دەخوازێت لەگەڵ واشنتۆن پەیوەندی ستراتیژی هەبێت،لەلایەکی تر میلیشیاکان خاوەنی چەکی قورس و بڕیاری سیاسیی نادەوڵەتین،و بوونی ئەم هێزانە ڕێگرێکی سەرەکییە لەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بتوانن بەبێ ترسی ئەمنی کار بکەن.
لێرەدا پرسیارەک دێتە پێشەوە کە ئایا حکومەت دەتوانێت ڕایبگرێت؟
ئەو سیاسەتەی عەلی زەیدی پەیڕەوی دەکات، دەکرێت ناوی بنێین,سیاسەتی هاوسەنگیی مەترسیدار، و ڕێککەوتنی 60 ملیار دۆلاری، ئەگەر سەرکەوتوو بێت، عێراق دەکاتە خاوەن بڕیارێکی ئابووری لە ناوچەکەدا، بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات، پێویستی بە بڕیاری سیاسیی یەکگرتوو هەیە ، حکومەت دەبێت لە ناوخۆدا قەناعەت بە هەموو لایەنەکان بکات کە بەرژەوەندیی نیشتمانی لەسەرووی ململانێی هەرێمییەوەیە.
ئەگەر حکومەت نەتوانێت ئاسایشی کۆمپانیا بیانییەکان و بۆرییە نەوتییەکان لە بەرامبەر هێرشی درۆن و میلیشیاکان بپارێزێت، ئەوا ئەم 60 ملیار دۆلارە تەنها دەبێتە ژمارەیەکی سەر کاغەز.
ئەوەی پێویستە لەبەر چاو بگیرێت ئەوەیە کە عێراق لە ئێستادا وەک یاریزانێک وایە لە گەمەیەکی شەترەنجی گەورەدا، و خاوەنی باشترین پارچەکانی نەوت و وزەیە، بەڵام کێڵگەی یارییەکە لەلایەن میلیشیا و گەندەڵی و ئاگری ململانێی دەرەکییەوە سووتاوە. ئەگەر (زەیدی) نەتوانێت ئەم قەڵغانە ئابوورییە بکاتە دیوارێکی سیاسی بۆ پاراستنی وڵات، ئەوا ئەم پڕۆژانە ئەگەری هەیە هەر زوو لەبەردەم شەپۆلی ململانێکاندا ببن بە خۆڵەمێش.
پرسیاری داهاتوو ئەوەیە ئایا ئەم 60 ملیار دۆلارە دەبێتە هۆکاری بوژانەوەی عێراق، یان دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەم سامانە زەبەلاحە؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی