گۆڕینی سیستم بەبێ ڕژانی دڵۆپێک خوێن!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح


پوختە
ئایا دەکرێت سیستمێکی سیاسی، ئابووری یان کۆمەڵایەتی بگۆڕدرێت، بەبێ بەکارهێنانی چەک و بەبێ ئەوەی دڵۆپێک خوێن بڕژێت؟
ئەم نوسینە مەبەستی ئەوەیە بابەتەکە لە سنووری ڕەخنەکردن لە کۆمەڵگای بەکارهێنان و سەیرکردنەوە بباتە ناو بوارێکی سیاسی و ستراتیژی:  ئەگەر هەر سیستمێک بۆ بەردەوامبوونی پێویستی بە بەشداری و هاوکاریی هاوڵاتی هەبێت، ئایا هەر ئەو هاوڵاتییە دەتوانێت بە کەمکردنەوە یان کشانەوە و بایکۆتکردن، بە شێوەیەکی ڕێکخراو و ئاشتیخوازانە، گۆڕینی سیستم فەراهەم بکەن؟
نوسینەکە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە هێزی سیاسی تەنها لە دەزگا حکومییەکان، هێزە ئەمنییەکان و سوپادا نییە؛ بەڵکو بەشێکی گرنگی ئەو هێزە لە ناو کۆمەڵگادا دابەش بووە. دەوڵەت پێویستی بە فەرمانبەر، مامۆستا، کرێکار، پیشەوەر، بەرهەمهێنەر، بەکارهێنەر، دامەزراوە مەدەنییەکان و چینەکانی کۆمەڵگا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی کارەکانی ڕایی بکات. لەبەر ئەوە، بەشداری نەکردن و بایکۆتکردنێکی ڕێکخراو دەتوانێت لە کردارێکی تاکەکەسییەوە بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی هێزی مەدەنی.
بەەڵام نوسینەکە ئەوە ناکاتە یاسایەکی گشتی کە بایکۆت و بەشدارینەکردن، خودکارانە دەبێتە هۆی گۆڕینی هەر سیستمێک. سەرکەوتنی ئەم شێوازە پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەر، لەوانە: بەشداریی بەرفراوان + ڕێکخستن + بەردەوامی + دیسپلینی بێتوندوتیژی + ئامانجی ڕوون + دروستکردنی جێگرەوە.
پێشەکی
مێژووی گۆڕانە سیاسییەکان زۆرجار بە چەک و شۆڕش و شەڕ پەیوەست کراوە. واتا شۆڕش = چەک، گۆڕینی سیستەم = کودەتا، ململانێی سیاسی = توندوتیژی. بەڵام کۆمەڵگا دەتوانێت هێز بەکاربهێنێت، بەبێ ئەوەی خاوەنی چەک بێت. ئەم بیرۆکەیە بنەمای بەرگری مەدەنی و بێتوندوتیژییە. بەرگری مەدەنی واتە دانیشتن و چاوەڕوانی کردن نییە؛ هەروەها واتای ملکەچیبوونیش نییە. بەڵکو بریتییە لە بەکارهێنانی هێزی کۆمەڵگا لە ڕێگەی خۆپیشاندان؛ بایکۆت؛ هاوکاری نەکردن؛ مانگرتن؛ بەشدارینەکردن؛ کێشانەوەی پشتگیری؛ و دروستکردنی جێگرەوە. 
پرسیاری سەرەکیی ئەمەیە: ئایا کۆمەڵگا دەتوانێت سیستمێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بگۆڕێت بە بایکۆت و بەشداریکردن، لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانە؟ لەم پرسیارەوە چەند پرسیارێکی تر دروست دەبن:
1.سەرچاوەی هێزی هەر سیستمێک لە کوێوە دێت؟
2.سیستم تا چەندە پەیوەستە بە هاوکاریی هاوڵاتی؟
3.بایکۆتی ئابووری چۆن دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی سیاسی؟
4.جیاوازی نێوان بایکۆتی تاکەکەسی و بایکۆتی کۆمەڵایەتی چییە؟
5.ئایا کشانەوە و بەشدارینەکردن دەتوانێت ببێتە جۆرێک لە خەبات؟
6.چۆن دەتوانرێت هاوکاری نەکردن لە کردارێکی هەڕەمەکییەوە بگۆڕدرێت بۆ ستراتیژ؟
7.چ فاکتەرێک سەرکەوتنی بەرگری مەدەنی مسۆگەر دەکات؟
8.بۆچی هەندێک جوڵانەوەی بێتوندوتیژی سەرناکەون؟
9.چۆن دەتوانرێت بەرگری مەدەنی لە توندوتیژی دوور بخرێتەوە؟ و چۆن دەکرێت  سیستەمێکی جێگرەوە دروستبکەین؟
گریمانەی سەرەکی
هەر سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەنها بە هێزی دەزگاکانی خۆی بەردەوامی بە خۆی نادات، بەڵکو بە تۆڕێک لە هاوکارییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان بەردەوامی بەخۆی دەدات؛ بۆیە بە کشانەوەی ئەو هاوکارییە بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی، ڕێکخراو و ئاشتیخوازانە دەتوانێت توانای بەردەوامبوونی سیستم کەم بکرێتەوە و ڕێگا بۆ گۆڕان بکاتەوە. بە زمانێکی سادەتر: ئەگەر سیستم بۆ کارکردن پێویستی بە هاوڵاتی هەبێت، هاوڵاتیش بەشێک لە هێزی گۆڕینی ئەو سیستمەیان لە دەستدایە. بەڵام ئەم هێزە تەنها کاتێک کاریگەر دەبێت کە:  ڕێکخراو بێت، هەموان تیایدا بەشداریی بکەن، بەردەوام بێت، بە دیسپلین بێت، ئامانجی ڕوونی هەبێت و جێگرەوەی هەبێت.
لە هێزی چەکدارەوە بۆ هێزی بایکۆت
دەتوانین هێزی سیاسی بە دوو جۆر دابەش بکەین:
یەکەم: هێزی زۆر/ ڕەق: وەک چەک؛ هێزی ئەمنی؛ سوپا؛ دەستبەسەرکردن؛ سزا.
دووەم: هێزی مەدەنی/نەرم: وەک بەشداری،کارکردن، بەرهەمهێنان، بەکارهێنان، ڕێکخستن، زانیاری، ڕەوایەتیی کۆمەڵایەتی، دامەزراوە مەدەنییەکان، و هاوکاریی کۆمەڵگا.
بەرگری مەدەنی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە هێزی نەرمی کۆمەڵگا هیچی کەمتر نییە لە هێزی ڕەقی دەسەڵات. دەزگایەک دەتوانێت هێزی ئەمنی هەبێت، بەڵام پێویستی بە فەرمانبەر هەیە. ئابووری دەتوانێت دامەزراوەی گەورەی هەبێت، بەڵام پێویستی بە کرێکار و بەکارهێنەر هەیە. حکومەت دەتوانێت دەزگا هەبێت، بەڵام بۆ کارکردنی بەردەوام پێویستی بە جۆرێک لە هاوکاری و ڕەوایەتیی کۆمەڵایەتی هەیە. لەوێدا هێزی هاوکاری نەکردن دەردەکەوێت.
بەشداری ناکەم وەک کردارێکی سیاسی
لە ئاستی تاکەکەسیدا، بەشدارینەکردن لەوانەیە کاریگەرییەکی زۆر کەمی هەبێت. کەسێک شتێک ناکڕێت، کەسێک لە بۆنەیەکدا بەشداریی ناکات، کەسێک کڕینی بەرهەمێک بایکۆت دەکات، ڕەنگە ئەم ڕەفتارە کاریگەرییەکی سنووردارە هەبێت، بەڵام کاتێک ئەم هەڵسوکەوتە تاکەکەسییە دەگۆڕێت بۆ هەڵسوکەوتێکی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراو، هاوکێشەکە دەگۆڕێت.
کەسێک بەرهەمێک ناکڕێت = بڕیارێکی کەسی، بەڵام کاتێک دەیان هەزار کەس بەهەمێک نەکڕن = فشارێکی ئابووری. کەسێک بەشدار نابێت = ڕەفتارێکی تاکەکەسی، بەڵام کاتێک بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا هاوکاری ناکەن = کێشەی سیستم.
هەر بۆیە بەرگری مەدەنی تەنها بە ژمارەی خۆپیشاندەران پێوانە ناکرێت؛ بەڵکو بەوەش پێوانە دەکرێت کە کۆمەڵگا تا چەند دەتوانێت ئەو هاوکارییەی سیستم پێویستی پێیەتی کەم بکاتەوە.
 بایکۆت وەک هێزێکی ئابووری و مەدەنی
بایکۆت یەکێکە لە ڕوونترین ئامرازەکانی هاوکاری نەکردن، بەڵام بایکۆتی کاریگەر تەنها ئەمە نییە: من ئەمە ناکڕم بەڵکو: ئێمە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەمە ناکڕین، تا ئامانجێکی دیاریکراو بەدەست دەهێنین. بەم شێوەیە بەکارهێنەر دەگۆڕێت لە تاکێکی بەرکاربەرەوە بۆ بەشداربوویەکی سیاسی. هەر کڕینێک بڕیارێکی ئابوورییە. کاتێک ئەو بڕیارە کۆمەڵایەتی دەبێت، دەتوانێت ببێتە هێزێکی فشار.
جۆرەکانی بایکۆتی مەدەنی
بایکۆت نابێت تەنها بە نەکڕینی بەرهەمێک سنووردار بکرێت؛ بەڵکو دەتوانێت هەموو بوارەکانی پەیوەندیی هاووڵاتی لەگەڵ دامەزراوە، میدیا و بازاڕی پەیوەست بە دەسەڵات بگرێتەوە.
1.بایکۆتی زانیاری: نەخوێندنەوە و بەکارنەهێنانی بڵاوکراوەکانی دەسەڵات، گۆڤار و کتێبەکان: ئامانج ئەوەیە کە دەسەڵات نەتوانێت بە ئاسانی بەرهەمی زانیاریی خۆی بکاتە سەرچاوەی سەرەکیی دروستکردنی ڕای گشتی. بەڵام مەبەست نەخوێندنەوەی هەر زانیارییەک نییە؛ چونکە لە توێژینەوە و میدیاکاریی پیشەییدا پێویستە هەموو سەرچاوەکان بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بخوێندرێنەوە و پشتڕاست بکرێتەوە.
2.بایکۆتی هەواڵ: نەکردنەوە، بڵاونەکردنەوە و نەکردنی هەواڵەکانی میدیای دەسەڵات بە سەرچاوەی سەرەکی زانیاری. لەبری ئەوە، خوێنەر و بەکارهێنەر دەتوانێت بچێتە سەر سەرچاوە جۆراوجۆر و سەربەخۆکان و هەواڵەکان بەراورد بکات. ئەمە لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە گرنگە، چونکە هەواڵ خۆی سەرمایەی میدیاییە؛ هەر کلیک و بینین و بڵاوکردنەوەیەک دەتوانێت بینراوی و کاریگەریی میدیا زیاد بکات.
3.بایکۆتی دیجیتاڵی: فۆڵۆنەکردنی ئەکاونت و پەیجەکانی دەسەڵات و دامەزراوە پەیوەستەکان. هەروەها لایک نەکردن، کۆمێنت نەکردن، هاوبەش نەکردن، نەکردنی ئەکاونتەکانیان بە سەرچاوەی سەرەکی زانیاری و  کەمکردنەوەی بەشدارییە دیجیتاڵییەکان.  ئامانج ئەوەیە هێزی ژمارەیی و بینراوی دیجیتاڵ کەم بکرێتەوە.
4.بایکۆتی ئابووری: نەکڕینی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیا و دامەزراوەکانی نزک لەدەسەڵات. کاتێک بە شێوەی یاسایی و ئاشتیخوازانە بڕیار لەسەر بایکۆتیان دەدرێت، دەبێت هاوکات لەسەر دروستکردنی جێگرەوەش کاربکرێت. واتە: نەک تەنها ئەمە ناکڕین، بەڵکو لە جێی ئەوە ئەمە دەکڕین. ئەم خاڵە بایکۆت دەکاتە هێزی گۆڕان، نەک تەنها هێزی ڕەتکردنەوە.
5. بایکۆتی ڕیکلام: سەیرنەکردن و بەشدارینەکردن لە ڕیکلامەکانی دامەزراوە و کۆمپانیا دیاریکراوەکانی نزیزک لە دەسەڵات، بەوپێیەی ڕیکلام تەنها پەیامێکی بازرگانی نییە؛ لە زۆر سیستمدا بەشێکە لە ئابووریی سەرنج. کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان بۆ بینراوی و گەیشتن بە خەڵک پارە دەدەن. لەبەر ئەوە: سەیرنەکردن، کەمکردنەوەی سەرنج ، کەمکردنەوەی بینراوی ، کەمکردنەوەی بەها لێسەندنەوەی هێز و کاریگەرییە لە دەسەڵات.
6.بایکۆتی بۆنە و نمایشەکان: نەچوون بۆ بۆنەی حکومی، بەشدارینەکردن لە بۆنە نیشتیمانییەکان کاتێک بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردێن، نەچوون بۆ کۆنسێرت و نمایشەکانی دامەزراوەی دیاریکراوی نزیک لەدەسەڵات،  بەشدارینەکردن لە چاڵاکییە پڕوپاگەندەییەکان کە دەچێتە خانەی بایکۆتی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەوە.
7.بایکۆتی سەرنج: لە سەردەمی دیجیتاڵدا، سەرنج خۆی سەرمایەیە. کاتێک کە کلیک دەکەیت؛ ڤیدیۆ دەبینیت؛  فۆڵۆ دەکەیت؛ لایک دەکەیت؛ کۆمێنت دەنوسیت؛ بابەتێک شێر دەکەیت؛ بە شێوەیەک سەرنجت دەدەیت، گۆڕانێک دروست دەکەیت، لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین سەرنجی هاووڵاتی سەرمایەیە؛ بایکۆتی سەرنج دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی بەرگری مەدەنی.
8.بایکۆتی کاتی: هەموو بایکۆتێک نابێت بۆ هەمیشە بێت. دەتوانرێت بایکۆت بە شێوەی ڕۆژی بایکۆت،  هەفتەی بایکۆت، مانگی بایکۆت، یان بایکۆت تا گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو ڕێکبخرێت. ئەمە بایکۆتەکە دەکاتە کەمپەینی ستراتیژی، نەک تەنها هەڵوێستێکی کەسی. بایکۆت بەبێ جێگرەوە دەکرێت ببێتە بۆشایی؛ بەڵام بایکۆت لەگەڵ جێگرەوە دەبێتە پڕۆژەی گۆڕان.
هاوکاری نەکردن و مانگرتن
سیستەم توانای مانەوەی خۆی زیاد ناکات تەنها لەبەر ئەوەی کە بەهێزە؛ بەڵکو بەهۆی ئەوە کار دەکات کە ملیۆنان کردار بەشێوەی ڕۆژانە بەردەوامی سیستمەکە دابین دەکەن وەک هێڵەکانی گواستنەوە، خزمەتگوزاری، بەرهەمهێنان، فێرکردن، و بەکارهێنان. لە چوارچێوەی یاسایی و ئاشتیخوازانەدا، ئەم بوارانە دەتوانن ببنە شوێنی داواکاریی گۆڕان.
 ڕەوایەتی لە هێز گرنگترە
یەکێک لە گرنگترین بیرۆکەکانی ئەم نوسینە ئەوەیە کە سیستم تەنها بە هێزی ڕەق بەردەوامی بەخۆی نادات؛ بەڵکو پێویستی بە ڕەوایەتی هەیە. خەڵک لەگەڵ دامەزراوەکان مامەڵە دەکەن چونکە بە شێوەیەک بە ڕەوای دەزانن، کار لە دامەزراوەکان دەکەن، پارەیان پێ دەدەن، لەپرۆسە سیاسییەکاندا بەشداری دەکەن. پەیوەندییان لەگەڵ دامەزراوەکان هەیە. ئەگەر بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەست لەو هاوکارییە بکێشێتەوە، کێشەکە تەنها کێشەی خۆپیشاندان نابێت؛ دەبێتە کێشەی ڕەوایەتی.
 

بۆچی تەنها خۆپیشاندان بەس نییە؟
دەکرێت سەدان هەزار کەس بێنە سەر شەقام و دوای چەند ڕۆژێک بگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام سیستەم پەکی ناکەوێت و بە شێوەی ئاسایی بەردەوامی بە کارەکانی بەخۆی دەدات. لێرەدا جیاوازیی نێوان خۆپیشاندان و بەرگری مەدەنیی ستراتیژی دەردەکەوێت. خۆپیشاندەران دەڵێن ئێمە ڕازی نین، بەرگری ستراتیژی دەڵێت: ئێمە ڕازی نین، هاوکاری ناکەین، بەردەوام دەبین و جێگرەوە دروست دەکەین، ئەم گۆڕانە لە ڕەتکردنەوەوە بۆ ستراتیژ. هاوکاری لەگەڵ ئەوەی دەمانەوێت بیگۆڕین کەم بکەینەوە، و هاوکاری لەگەڵ ئەوەی دەمانەوێت دروستی بکەین زیاد بکەین. ئەم خاڵە زۆر گرنگە. چونکە بایکۆت بە تەنیا دەتوانێت ڕەتکردنەوە بێت. بەڵام: بایکۆت + جێگرەوە = گۆڕان.
پێنج قۆناغی گۆڕان
قۆناغی یەکەم: هۆشیاری، تێگەیشتن لەوەی کە سیستم بۆ بەردەوامی خۆی پەیوەستە بە بەشداریی پێکردنی کۆمەڵگا.
قۆناغی دووەم: ڕێکخستن، گۆڕینی هەوڵی تاکە کەسی پەرتەوازە بۆ تۆڕێکی مەدەنیی ڕێکخراو.
قۆناغی سێیەم: هاوکاری نەکردن، بە شێوازی ئاشتیخوازانە و یاسایی دەستبکرێت بە بایکۆت و بەشدارینەکردن  کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغ لەوەی کە پەیوەستە بە دەسەڵاتەوە.
قۆناغی چوارەم: کێشانەوەی ڕەوایەتی، گۆڕینی کێشەکە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بۆ ئاستی سیاسی.
قۆناغی پێنجەم: دروستکردنی جێگرەوە، دروستکردنی دامەزراوە و یاسا و شێوازی نوێی هاوشان بۆ ئەوەی کێشەکە دووبارە نەگەڕێتەوە. ئامانج تەنها ڕووخاندنی کۆن نییە؛ بەڵکو گۆڕینی یاساکانی یارییە.
 بۆچی بەبێ دڵۆپێک خوێن؟
بەهای بەرگری بێتوندوتیژی تەنها ئەخلاقی نییە؛ ستراتیژییشە. کاتێک ململانێ دەگۆڕێت بۆ توندوتیژی، دەسەڵات دەتوانێت خەباتەکە وەک مەترسییەکی ئەمنی پیشان بدات. بەڵام بەرگری بێتوندوتیژی پرسیارێکی جیاواز دروست دەکات: بۆچی هاووڵاتییەکی بێچەک سزا بدرێت تەنها لەبەر ئەوەی هاوکاری ناکات؟ ئەمە دەتوانێت هۆی زیادبوونی پشتگیریی کۆمەڵایەتی، فراوانبوونی بەشداری، دابەشبوونی ناوخۆیی لە دامەزراوەکان، گۆڕینی هەڵوێستەکان، فشار لەسەر دەسەڵات، و دروستکردنی کێشەی ڕەوایەتی.
 پاراستنی بەکارنەهێنانی توندوتیژی
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئەم ستراتیژییە جوڵانەوەکە نابێت بگۆڕێت بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی. چونکە توندوتیژی دەتوانێت پشتگیریی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە، جوڵانەوەکە دابەش بکات، پاساو بە دەسەڵات بدات بۆ سەرکوتکردن، کەسانی دوودڵ بترسێنێت، بەشداریی گشتی کەم بکاتەوە، وناوەڕۆکی کێشەکە بگۆڕێت لە کۆمەڵگا دژی کێشەکە بۆ دوو لایەن دژی یەکتر. لەبەر ئەوە دیسپلینی بێتوندوتیژی تەنها بنەمایەکی ئەخلاقی نییە؛ بەڵکو بنەمایەکی ستراتیژییە.
 دروستکردنی جێگرەوە
هەڵەی ستراتیژی ئەوەیە کۆن تێکبشکێنین، بەڵام نوێ دروست نەکەین. ئەگەر هاوڵاتی هاوکاری لەگەڵ سیستمێک کەم بکەنەوە، پرسیاری دواتر ئەمەیە  چی جێی دەگرێتەوە؟ بۆیە بەرگری دەبێت دوو ڕێڕەوی هاوکاتی هەبێت: 
ڕێڕەوی یەکەم: کێشانەوەی هێز: بایکۆت، هاوکاری نەکردن، خۆپیشاندان، مانگرتن، بەشداری نەکردن لە بوارە گونجاو و یاساییەکان، و دروستکردنی فشار و چالاکیی مەدەنی.
ڕێڕەوی دووەم: دروستکردنی هێز: دامەزراوە مەدەنییەکان، میدیای سەربەخۆ، هاوکاریی کۆمەڵایەتی، تۆڕە پیشەییەکان، دامەزراوە ئابوورییە جێگرەوەکان، سیستمی نوێی نوێنەرایەتی، و ڕوانگەیەکی سیاسیی ڕوون. لەم خاڵەدا جوڵانەوەکە لە خۆپیشاندان تێدەپەڕێت و دەبێتە پڕۆژەیەکی گۆڕینی کۆمەڵگا.
 بۆچی هەندێک بایکۆت سەرناکەون؟
بەشدارینەکردن لەبەر ئەم هۆکارانە سەرکەوتوو نابێت: بەشدارییەکە زۆر کەم بێت، ئامانجی ڕوون نەبێت، ڕێکخستن نەبێت، بەردەوامی نەبێت، تەنها هەڵوێستێکی سیمبولی بێت، سیستم بتوانێت زیانەکە قەرەبوو بکاتەوە، جێگرەوە نەبێت، جوڵانەوەکە دابەش ببێت، یان بەشێک لە جوڵانەوەکە بگۆڕێت بۆ توندوتیژی. لەبەر ئەوە: بایکۆت خۆی ئامانج نییە؛ بەڵکو ئامرازێکە لە ناو ستراتیژییەکی گەورەتردا.
 کۆتایی
سیستم، هەرچەندە بەهێز بێت، پەیوەستە بە تۆڕێکی فراوان لە هاوکارییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان. لەوێشەوە ئەم بیرۆکەیە سەر هەڵدەدات: ئەگەر هاوڵاتی ئەو کەسە بێت کە سیستم بەهێز و کارا دەکات، ئەوا کشانەوەی هاوکاریی ڕێکخراوی ئەو هاوڵاتییە لەگەڵ دەسەڵات، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هێزی گۆڕان. بەڵام ئەم هێزە تەنها کاتێک کاریگەرە کە بگۆڕێت بۆ ڕێکخستن، دیسپلین، بەشداریی بەرفراوان، بەردەوامی، ئامانجی ڕوون و جێگرەوەیەکی واقعی. بۆیە دەکرێت پەیامی سەرەکیی نوسینەکە لەم ڕستەیەدا کورت بکرێتەوە: لەوەی دەمانەوێت بیگۆڕین، هاوکاری مانەوەی ناکەین؛ ئەوەی دەمانەوێت دروستی بکەین، بەهێزی دەکەین. ئەمە گۆڕینی هەڵوێستی بەشدارینەکردنە لە کردارێکی تاکەکەسییەوە بۆ هێزێکی مەدەنی و ستراتیژی.
لە کۆتاییدا
گۆڕینی سیستم نابێت بە مانای وێرانکردنی کۆمەڵگا بێت؛ دەکرێت بە مانای گۆڕینی ئەو ڕێگایە بێت کە کۆمەڵگا لەڕێگەیەوە بەڕێوە دەبرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی