بێدەنگی؛ زیندەبەچاڵکردنی هیوای کۆمەڵگە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

کنێر عەبدوڵا


لە مێژووی گەلاندا، کاتێک نادادپەروەری دەبێتە سستەم و گەندەڵی دەبێتە کلتور، گەورەترین و ترسناکترین کارەسات ئەوکاتە ڕوودەدات کە «بێدەنگی» باڵ بە سەر کۆمەڵگەدا دەکێشێت.
بێدەنگیی گەل تەنها نەبوونی دەنگ نییە، بەڵکو مۆڵەتپێدانێکی ناڕاستەوخۆیە بە ستەمکاران و گەندەڵکاران تاوەکو زیاتر مەوداو سنوری خۆیان فراوان بکەن. وە بێدەنگیی گەل لە ئاست گەندەڵی و نادادپەروەریدا تەنها ترس نییە، بەڵکو دەرئەنجامی بێهیوایی قووڵ و قۆرخکاریی حزبییە.
هەرێمی کوردستانیش بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەت لە قۆناغە هەستیارەکاندا، گەواهیدەری ئەم بێدەنگییە کوشندەیە بووە کەلە چەند ڕەهەندێکەوە سەرچاوەدەگرێت لەوانە؛
 بێهیوایی قووڵ؛ بەوەی کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات هیچ دەزگایەکی دادوەری یان یاسایی سەربەخۆ نییە تاوەکو مافەکەی بۆ بگێڕێتەوە، دەگاتە ئەو باوەڕەی گۆڕانکاری مەحاڵە و دەنگهەڵبڕین بێسوودە، هەروەها بەرژەوەندیی تەسک و حزبی؛ لەو باوەرەی لە کۆمەڵگەیەکدا کە دامەزراوەکان حزبی کرابن، بەشێک لە خەڵک لەبەر پاراستنی قوتونانی ڕۆژانەیان بە ناچاری بێدەنگ دەبن، هەروەها نەمانی متمانەش؛ کە کاتێک هێزە سیاسییەکان یان دەنگە ناڕازییەکان لە ڕابردوودا خەڵکیان بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و دواتر پاشەکشەیان کردووە، متمانەی کۆمەڵایەتی دەڕوخێت و خەڵک پەنا بۆ گۆشەگیری و بێدەنگی دەبات.
لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەم بێدەنگییە چەندین رەهەندی لەخۆگرتووە لەوانە؛
 قەیرانی مووچە و بژێوی کە بۆ ماوەیەکی درێژ، پاشەکەوتکردن، لێبڕین یان دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بووە بە دیاردەیەکی ئاسایی. سەرەڕای ئەوەی ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ و ژیانی هاووڵاتی بوو، بەڵام کاردانەوەی جەماوەری زۆر جار لە ئاستێکی کەمدا بووە، یان لە شێوەی بێدەنگییەکی ناڕازیی بێدەنگدا خۆیبینەوە کە دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریهێنا، بەدەر لە داگیرکردنی موڵکی گشتی و قۆرخکاری کە لە زۆرینەی شارەکانی کوردستاندا، زەوییە گشتییەکان، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و سامانە سروشتییەکان بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران و نزیک لە حزبی بەکارهاتوون. سەرەڕای ئاشکرابوونی بەشێکی زۆر لەو گەندەڵیانە لە ڕاپۆرتە فەرمی و نافەرمییەکاندا، بەڵام کاردانەوەی بەهێزی گشتی و فشاری مەدەنی بۆ گێڕانەوەی ئەو سامانانە بۆ خەزێنەی گشتی نەبینرا، وێڕای کۆچکردنی بەکۆمەڵی گەنجان کە لە جیاتی ئەوەی گەنجان و توێژی هۆشیار لە ناوخۆدا بمێننەوە و داوای چاکسازی و نەهێشتنی نادادپەروەری بکەن، ڕێگەی مەترسیداری کۆچی نایاساییان هەڵبژارد. ئەم کۆچکردنە جۆرێکە لە بێدەنگیی هەمیشەیی و ڕۆیشتن کە تێیدا تاک کۆمەڵگە بەجێدەهێڵێت و لە ئاستی کێشەکاندا بێدەنگی هەڵبژاردووە.
دەرئەنجام  فراوانبونی گەندەڵی لێکەوتۆتەوە، چونکە کاتێک سزایەک بۆ گەندەڵکار نەبێت، گەندەڵی لە دیاردەیەکەوە دەبێتە سستم و یاسای شاردراوەی کۆمەڵگە، هەروەها لاوازبوونی هەستی نیشتمانپەروەری بەوەی تاک کاتێک هەست بکات خاک و سامانی وڵاتەکەی دەدزرێت و ئەو ناتوانێت هیچ بکات، هەستی بەستنەوەی بە نیشتمانەوە لاواز دەبێت، جگە لە کۆیلەکردنی نەریت و یاسا کە نادادپەروەری دەبێتە باڵادەست و چینی هەژار هەژارتر دەبێت و چینی دەسەڵاتداریش دەوڵەمەندتر دەبێت.
لە ئاکامدا بێدەنگی لە ئاست گەندەڵی و نادادپەروەریدا چارەسەر نییە، بەڵکو درێژکردنەوەی تەمەنی کێشەکانە. وەگۆڕانکاری ڕاستەقینە و بونیادنانی هەرێمێکی پێشکەوتوو و دادپەروەر، پێویستی بە تێپەڕاندنی ترس و شکاندنی ئەم بێدەنگییە هەیە لە ڕێگەی بەهێزکردنەوەی هۆشیاری تاک، چالاککردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، و دروستکردنی فشاری بەردەوام بۆ سەروەری یاسا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی