رەنگە هەوڵێك هەبووبێت بۆ دیداری سەرۆكی هەردوو حزب
(پارتی و یەكێتیی) بەڵام پێناچێت ئەنجامێكی ئەوتۆی هەبێت، چونكە تێگەیشتنی هەردوولا
بۆ پێكهێنانی حكومەت و حوكمڕانی هێشتا زۆر لەیەكترییەوە دوورە.
دوێنێ پارتی نوێنەرێكی ناردە سلێمانی و نامەیەكی سەری سەرەوەی
حزبەكەی گەیاندە یەكێتیی. دەگوترێت ناوەرۆكی نامەكەی پارتی وەك پێویست روون نەبووە،
چونكە بەدیداری سەرۆكی هەردوو حزب گرێدراو بووە، لەبەرامبەردا یەكێتیش وڵامێكی یەكلاكەرەوەی
پێشنیارەكەی پارتی ، بەبەڵێ یان نەخێر نەداوەتەوە، بەڵكو داوایكردووە رێككەوتنی تەواوەتی
پێكهێنانی حكومەت بكرێت بەر لەهەر كۆبونەوەیەكی سەرۆكی هەردوو حزب.
بەپێی ئەم
منتقەو لێكدانەوەی ئەم بارودۆخە، بەدوور نازانرێت ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، ئەمجارە
پارتی پەنا بباتە بەر بەغداو داوای دووبارە هەڵبژاردن یان هەڵبژاردنی پێشوەختە
بكات. بەڵام دەبێ چاوەڕێ بكەین، چونكە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن هیچ لەتێگەیشتنی
هەردوولا بۆ پێكهێنانی حكومەت ناگۆڕێت.
ئەو گۆڕانكارییانەی چەند رۆژە لەهەڵسوكەوتی حكومەتی هەرێم
هەست بەجۆرێك لەترس و فشار دەكرێت لەسەر هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبینین حكومەتی هەرێم
بەپەلە چارەسەركردنی گرفتی سوتەمەنیی، راگەیاندنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران،
هاوكات نەرمبوونی زمانی راگەیاندن، وا هەستدەكرێت هەنگاوی پێشوەختەیە بۆ بەرگرتن لەدۆخێكی
خراپتر. بەتایبەت پێدەچێت نەوت و گازی وەك جاران ئەوەندە لەدەستی هەرێم نەمابێت، ئێرانیش
لەم چەند رۆژە راستەوخۆ لەڕێی ناردنی درۆن بۆ سەر نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم،
فشارەكانی سەر هەرێمی یان پارتی زیاتر كردووە! ئەم هێرشانە، نامەی نوێی ئێرانە بۆ
هەولێر.
لەلایەكی دیكە وا لێكدەدرێتەوە كە فشارەكانی ئێران بەمشێوەیەی
ئێستا، رەنگە لەنامەیەك واوەتربێت بۆ پارتی. واتە لەفشاری سیاسی واوەترەو رەنگە ئەگەر
هەڵبژاردنیش بكرێتەوە پرسی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ كابینەی داهاتوو ببێتە
گرێیەكی نوێ. ئەم ماوەیەش نێچیرڤان بارزانیی كە جێگری سەرۆكی پارتییە، رۆڵی زیاتربووەو
وەك نێوانگر لەناوچەكە دەردەكەوێت، نابێ ئەو زانیارییە نادیدە بگرین كە نێچیرڤانی
بارزانیی چانسی زیاتر ببێتەوە، بەتایبەت بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لەم ماوەیە
نێچیرڤان بارزانیی رۆڵی هەبووە لەگۆڕینەوەی نامە لەنێوان سوپای پاسداران و ئەمریكا،
بەڵام گۆڕینی كاندید لەلایەن پارتییەوە زۆر قورسەو ئاسان نییە.
بەپێی لێكدانەوانەی هەندێك زانیاریی، پارتی دەیەوێت هەرچۆنێك
بێت حكومەت بەتەنها لەگەڵ یەكێتیی دروستبكات و نایەوێت مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانێتی یەكێتیی
و نەوەی نوێدا بكات. لەبەرامبەردا هەندێك نەرمی بۆ یەكێتیی بنوێنێ بۆنمونە پێدانی
وەزارەتێك یان دووانی دیكەی زیاتر بەیەكێتیی واتە 9 یان 10 وەزارەت، گۆڕینی چەند وەزارەتێك
كەپێشتر هەردوولا لەسەری ناكۆك بوون یان یەكێتیی داوای دەكرد، دانانی یەك جێگر بۆ
سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێم، پێدانی هەندێك دەسەڵاتی زیاتر بەجێگری سەرۆك وەزیران..تد.
لەبەرامبەردا بەهیچ شێوەیەك ئامادەی دەستبەرداربوونی سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و هەندێك
دەسەڵات نابێت لەحكومەت و بەهێڵی سوریان دەزانێت، ئەمەش ئاستەنگی گەورەیە لەنێوان یەكێتیی
و پارتی.
سەرباری هەوڵی پارتی، یەكێتییش لەبەردەم ئاڵنگارییدایە.
لەلایەك رێككەوتنێكی روونی لەگەڵ نەوەی نوێدا كردووەو چەندین مانگە بانگەشە بۆ گەڕاندنەوەی
هاوسەنگیی لەكوردستان دەكرێت، بەتەنها رێككەوتنی لەگەڵ پارتی، زیانی گەورەی پێدەگەینێت،
بۆیە زەحمەتە دەستبەرداری ئەو رێككەوتنە ببێت، بەتایبەتیش وەزارەتێكی خۆی لەبەغدا
بەنەوەی نوێ داوەو رێككەوتنەكە چۆتە واری جێبەجێبوون.
ئەوەی یەكێتیی لەكۆبونەوەكانی خۆیدا دەیخاتەڕوو، بریتیە
لەگۆڕینی شێوازی بڕیاردان و بەرزەفتكردن و روونكردنەوەی دەسەڵاتە لەوەزارەت و جومگەكانی
حكومەت، نەك بەدەستخستنی وەزارەتی زۆرتر، بۆیە پێویستی بە رێككەوتنێك هەیە تێیدا
ئاماژەی جۆرێك لەهاوسەنگی تێدابێت.
جگە لەپارتی، یەكێتیش لەژێر فشاردایە. پەلاماردانی چەند
شوێنێكی هەستیار لەسلێمانیی و قەڵاچوالان لەلایەن ئێرانەوە نامەیەكی روونی
فشاركردنی ئێرانە لەیەكێتیی. بەپێی هەندێك زانیاریی بڕیارە لەم ماوەیە رەنگە هەفتەی
داهاتوو بێت، سەرۆكی ئەو حزبە یان وەفدێك بچێتە ئێران بۆ گفتوگۆی فشارەكانی ئێران
و پەیوەندییەكانیان.
خولاسە، پێناچێت پارتی و یەكێتیی بەئاسانی رێككەون، هەردوولا
سورن لەسەر داواو خواستی خۆیان، پارتی واقعی نوێ قبوڵناكات و یەكێتییش سەقفی
داواكارییەكانی بەرزتركردۆتەوە بەراورد بەداواكارییەكانی پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
ئەمە پێشبینیكراوبوو. بەپێی ئەم بارودۆخە بێت، پێدەچێت بارودۆخی هەرێم بەمشێوەیەی
هەیە بەردەوام بێت پێكهاتنی حكومەتی نوێ زیاتر دوابكەوێت.
بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە لەكاتێكدایە كە بەهۆی گرژییەكانی
ناوچەكە عیراق بەرەو بارودۆخێكی ئابوریی سەخت دەڕوات و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێم
دەبێت. هاوكات ئێرانیش فشارەكانی سەر هەرێمی زیاتر كردووە، بۆیە رێكنەكەوتنی پارتی
و یەكێتیی، هەرێم دەباتە قۆناغێكی زەحمەتتر، واچاكە هەردوولا بیر لەڕێگەچارەیەكی
نوێ بكەنەوە، لەبەرخاتری گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان. حوكمڕانی هەرێم زۆر
خراپ بووەو خراپتر دەبێت، هەمیش ژیانی خەڵك زەحمەتەو زەحمەتتر دەبێت و قەوارەی هەرێمیش
دەكەوێتە بەر رەحمەتی هەموو ئەگەرێكی نەخوازراو.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی