بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە دوو درۆنی بۆمڕێژکراو هێرشکرایە
سەر نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی راگەیەنراوی
دژە تیرۆری کوردستان درۆنەکان لە دیوی ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
ئەوەی لەهێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆدا بەڕوونی دەردەکەوێت
ئامانجەکە مەسرور بارزانی نەبووە، بەڵکو بەهێرشەکەدا پەیام نێردراوە، بەوپێیەی شوێنی
مانەوەی بارزانی نەکراوەتە ئامانج و ئێران خۆشی پەیامەکەی راستەوخۆ ناردووە، لەکاتێکدا
دەیتوانی ئەم کردارە لەرێگەی میلیشیاکانەوە ئەنجام بدات.
پەیامی پشت هێرشەکە
ماوەیەکە ئێران لەهەڵوێست و جموجۆڵی پارتی و یەکێتی نیگەرانە
و بەگومانە لێیان، هەربۆیە ناوبەناو شوێنە سەربازیی و هەستیارەکانیان بەئامانج دەگرێت.
زۆربەی ئەو شوێنانەی لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج،
شوێنی سەربازیی، جبەخانە و ناوەندی هەواڵگیریین، نەک ماڵ و شوێنی حەوانەی بەرپرسانی
پلە یەکی ئەو دوو حیزبە، دەوترێت ئەو نوسینگەیەی بارزانی کەکراوەتە ئامانج بەتەنیشت
دەزگایەکی ئەمنییەوەیە.
ئێران لەمڕێگەیەوە پەیام دەنێرێت، واتە هەر درۆن و موشەکێک
پەیامێکی پێوەبەستراوە، ئەگینا ئێران بیەوێت خێزانی بارزانی و تاڵەبانی بکاتە
ئامانج، بۆی قورس نییە، بەڵام هەموو هێرشەکانی پەیامئامێزن.
لەم دواییانەدا، مەسرور بارزانی جوڵەیەکی ئاشکرای ئەوتۆی
نەبووە، بۆیە دەکرێت بپرسین پەیامەکانی ئێران پەیوەندییان بەچییەوە هەیە؟
ئەوەی روونە لەهەرێمەوە کۆمەڵێک بەڵێن بەئێران دراوە لەبارەی
حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات و ئەو وڵاتە پێیوایە مومامەتەڵە دەکرێت لەجێبەجێ کردنیان،
جگە لەوەش ئێران گومانی هەیە لەهەندێک جوڵەی سنور، ئەمە جگە لەوەی لەگەرمەی شەڕیشدا
ئێران هەر بە گومان بووە لەهەرێم.
ئەمانە ئەو شتانەن کە روون و ئاشکران، رەنگە شتی تریش هەبێت
لەپشت پەردەوە و ئێمە پێینەزانین، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا هێرشەکە پەیامبوو.
بێگومان پێش ناردنی درۆنەکانیش، پەیامی زارەکی نێردراوە،
بەڵام ناردنی درۆنەکان بەدوای پەیامە زارەکییەکاندا جەختکردنەوەن لەسەر جدیەتی ئێران
لە پەیامەکانی.
چیتر لەئارادیە؟
هەرچەندە دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت هێرشەکە لەدیوی ئێرانەوە
ئەنجامدراوە، بەڵام هەندێک زانیاریی پشتڕاست نەکراوەش هەن، بەوەی میلیشیاکان درۆن
و چەکیان هێنابێتە نزیک هەرێم و بەشێکیشیان بۆ سنوری سعودیە بردبێت.
وردە وردە لە مانگی ئەیلول نزیک دەبینەوە، وادەی چەککردنی
میلیشیاکان کە حکومەت و ئەمەریکا فشار دەکەن و ئێرانیش دژیەتی، بۆیە روودانی ئاڵۆزیی
زیاتر پێشبینیکراوە.
فراوانکردنی ئاڵۆزیی بەشێکە لەستراتیژییەتی ئێران، هەرێمیش
بەشێکە لەعێراق، بۆیە دوور نییە بۆ ئاستەنگ دروستکردن و شکستهێنان بە پرۆسەکە، میلیشیاکان
لەمەودا ئاڵۆزیی زیاتر دروست بکەن، بەتایبەت بەرپرسانی هەرێم بەئاشکرا پشتیوانی خۆیان
بۆ چەککردنیان دەربڕیووە.
ئەگەر دیقەت بدرێت دوای سەردانەکەی قائانی بۆ عێراق، تۆنی
دەنگی بەرپرسانی شیعە و میلیشیاکان گۆڕاوە، بەئاشکرا رادەستکردنی چەک رەتدەکەنەوە.
بەمپێیە هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاڵۆزیی و گەیشتنی پریشکی ئاڵۆزییەکان
بە هەرێم چاوەڕوانکراوە، ئەمەش لەپێناو سەرقاڵکردنی عێراق و شکستهێنان بەپرۆسەی چەککردن.
ئامانجیتر
دوێنێ هەواڵی نێوەنگیریکردنی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەلایەن
نێچیرڤان بارزانییەوە، میدیای نێوخۆیی و نێودەوڵەتی تەنی، ئەمە دەستکەوتێکی ئێجگار
گەورەبوو بۆ ناوبراو.
نێچیرڤان بارزانی بردە ئاستی زلهێزێکی وەکو پاکستان و پێگەداری
وەکو کەنداو، ئەمیش ناوی لەپاڵ ئەواندا هێنرا وەکو نێوەنگیر لەسەر ئاستی دونیا هێنرا.
رەنگە ئەمە لەسەر ئاستی ناوخۆ هەندێک نیگەرانی دروست
کردبێت، بۆیە گەر دیقەت بدەین هێرشەکانی ئەمڕۆ گەورەتر کرانەوە و بایەخی زیاتریان
پێدرا، بەراورد بە هێرشە چڕەکانی رابردوو، رەنگە ئەمە جۆرێک لە تێکەڵکردنی کارتی تێدا
بێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی