هەربژی ژەنەڕال مەزڵوم ، هەولێر جێتانناهێڵێت !

53 خولەک پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو

 چەند ڕۆژێکە هەندێک لە کەسانی ناو مێگەل ، لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لەسەر ڕێککەوتنی  نێوان ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە سەبارەت  هەڵوەشانەوە و تێکەڵبوونی هەسەدە بۆناو سوپای سوریا و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ، کردۆتیانە هەڵایەک کە ئەمەیان بە تەسلیمبوون  و چۆکدادان بۆ ڕژیمی سوریا و گورگانخوارد و فرۆشان و ئەو جۆرە قسە بێمانایانە دانەوە ، لەکن ئێمە گرفتێکی گەورەمان لە هۆشیاریمان لە شوناسە هاوچەرخەکەمان  هەیە ، کە خۆی لە تیرۆرکردنی مەعنەوی پیاوە بەنرخەکان و گۆڕانە بەرچاوەکان دەبینێتەوە ، جاری واش هەیە مرۆڤ سواری عاتیفەی خۆی دەبێت و تاکەکەس سەربەخۆیی تاکەکەسیەکەی لەدەست دەدات و عەقل وەلا دەنێت ، وەک ئەوەی «کانت» فەیلەسوف پێی دەڵێت  کەموکورتی عەقلی ) و دەچێتە ژێر سەرکردایەتی عەوام و مێگەل و دەبێتە بەشێک لە مێگەل ، وەک ئەوەی کە هەندێکمان لەسەر ئەو ڕێککەوتنە هاتینە پاڵ مێگەل  ، تەنها بەوانەی ناو گاڕان و میگەلەکانی کوردستان  دەڵێم ، ئایا ئێوە مێژووتان خوێندۆتەوە ؟! کوردانی سوریا لەنێو ئەو دارستانە پڕ لە دڕندەیە کە دەورە دراون بەجۆرەها دڕندە  ، ئەگەر ئەو ڕێکەوتنەیان نەکردبا هەر خوا دەزانێت کە چۆن هەڵدەلوشان و خۆرئاوا و جیهانیش سەیری دەکرن ، وەک سەیرکردنی ئەو قەسابخانە خوێناویەی عەلەویە مەدەنیەکانی کەناراوەکانی خۆرئاوای سوریا !! هەسەدە بە ناچاری ئەو بۆچوونە عەقلانیەیان هەڵبژارد ، مرۆڤی مەزن بە هەڵچوون یان دروشم لەگەڵ نەیارەکانیان هەتا لەگەڵ دوژمنەکانیان مامڵە ناکەن ، کورد بە گشتی کەوتۆتە ناو زلهێزی وا کە تواناکانیان زۆر گەورەترن لە توانای کورد ، ئێمە دەبێت دان بەوەش بنێین کە بەدرێژایی مێژوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان شکستمان بینیووە و ئیهانەش کراوین ، شکست برین و ئاگرە ، برین ، سەربەرزی هەموو گەلێکی زیندووە و ، ئاگرە ، هەڵگیرساوە لە چارەنووسی گەلان پێش بەسەرهاتەکانی ، هەولێر هەر لەسەرەتای شەڕی داعش تا دەگاتە ئەو ڕێککەوتنەی شەرع و عەبدی لەگەڵ کوردانی سوریا بووە و بەردەوامیش پاڵپشتیان دەکات و بەجێیانناهێڵێت ، خۆ ئەگەر لە هەندێک ویستگەدا بەقسەی هەولێر-یان کردبا ، کارەکە لەوە قورستر نەدەبوو وەک ئەوەی ئێستا کە ناچار بیت ئەو ڕێککەوتنە بکرێت  ، جگە لەمە قورسە بڵێین ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی قەیرانی چارەسەرنەکراوی نێوان دیمشق و کورد دەبێت ، هەروەها لە سێبەری ڕێکەوتنی نێوان ئەنقەرە و ئۆجئالان-یش دوور نیە ، ئەمە کەم نیە دان بە نەتەوەیەکی بێڕەگەزنامە و زمانی کوردی و بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت بنێیت ، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئەمانە بچنە ناو ڕەشنووسی دەستور ، کوردانی سوریا  لەوە زیاتر بەرگەی دواخستنی کێشەکەیان نەدەگرت ، چونکە کێشە و گرفت لە بەفر ناچن کە خۆر بیتوێنێتەوە ، کێشە و گرفت جێی ترسن کە بێ چارەسەر بەجێبهێڵدرێن ، مێژوو فێریکردووین کە قەیرانە دواخراوەکان نامرن ، بەڵکو شێوە و قەبارەیان بەجۆرێک دەگۆڕێت کە چارەسەرکردنی زۆر زەحمەت و قورس دەبێت ، ئەو نەتەوانەی کە شکۆمەندی دروستدەکەن ئەوانەن کە بە ئازایەتی سەیری ئاوێنە دەکەن و ، دان بەو عەیبانە دەنێن کە لە ئاوێنەدا  دەیبینن و ، پاشان بێ دوودڵی دەست بە چاککردنی دەکات ، هەسەدە هەر لەسەرەتاوە هەندێک هەڵە و  عەیبی هەبوو ، بەڵام توانی بەسەریدا  زاڵ بێت ، شکۆمەندی لەسەر ڕازاندنەوەی واقیع بونیاتنانرێت ، شکومەندی لەسەر بەروەڕوبوونەوەی واقیع وەکو خۆی بونیاتدەنرێت و ، پاشان کارکردن بۆ گۆڕینی ، عەبدی بەروەڕووی ئەو واقیعە بووەوە و بە ناچاری قبوڵی کرد ، ئەمەی بە کۆتایی ڕێگاکە دانەنا ، بەڵکو سەرەتای تەحەدیاتی نوێ ، ڕێگا بۆ ئاییندە پێویستی بە فەرشێکی گەورە نیە کە هەڵەکانمان لەژێریدا بشارینەوە و ، دەستکەوتیش  بە یەک جار وەک بەمەلەرزەیەکی لەناکاو نایەت ، بەڵکو وەک زەردەپەڕە هەنگاو بە هەنگاو دێت ، ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە  بیکەین ئەوەیە : ئایا سوریا دەتوانێت کەوتنی ڕژێمی پێشوو بگۆڕێت بۆ لەدایکبوونی دەوڵەتێکی نوێ یان هەمان هەڵە لەمیانی بەرهەمهێنانی دەسەڵاتێکی مەرکەزی و وەدەرنانی سیاسی لەژێر ناوی جۆراوجۆ و گۆڕینی هەمەڕەنگی سوریا بۆ گرفتێکی ئەمنی و بەسەربازکردنی سیاسەت دەکات ؟!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی