ئەنتیگراسیۆنی پێشمەرگە!

50 خولەک پێش ئێستا

ئاسۆ عەبدوللەتیف

پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو دابەشبوونەوەی بەفۆڕمێکی نوێ بەسەر هەردوو دەڤەری یەک و دوودا، زادەی تێگەیشتنێکی قووڵ و بابەتیە بۆ ئەو ئەگەرانەی لەپێشن وەک مەترسی و ئاڵنگاریی دژی هەرێمی کوردستان بەتایبەت قسەکردن لەسەر هەمواری دەستوریی و دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێم. پێشخستنی ئەم پرۆسەیەو بازدانی بەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ و کابینە وەزاریەکاندا، دەرخەری ئەوەیە هەڕەشەی جددی و مەترسی لەئارادایە بەرامبەر قەوارەی فیدڕاڵی هەرێم، ئەوە زانراوە میلیشیاو هێزی ئایدۆلۆژی پەرت و عەقائیدی و مەزهەبی و ئیتنی و حیزبی بەرەو کۆتایی لاوازیی دەڕوات، هەرێمی کوردستان دوای کۆتایی هەسەدەو دۆخی ئاوارتەی باکور، یان دەبێ خۆی ڕێک بخاتەوە یان دەبێ چاوەڕوانی گورزی کوشندەبێت. ناسنامەی دەستوری مەدەنی گرنگترین هەنگاوە بۆ گەردنی پێشمەرگە لەبری ناسنامەی حیزبی و ئایدۆلۆژی و ئاینی، کورد لە دۆخی حوسیەکان و هیچ بزوتنەوەیەکی نافەرمی چەکدارو میلیشیاییدا نیە.

ئەم دیدگایە بۆ یەکگرتنەوە - ئەنتیگراسیۆنی پێشمەرگە لەباشوور، دیدێکە تەواو ڕادیکاڵانەو ناسیۆنالیزمانەیەو هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەییش دەباتە پێش، تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سامناکەیە، کەئیرادەیەک دەیویست دوو ئیدارەیی بکاتە ئەمری واقیع و ئامڕازی دەستی خۆی بۆ لێدانی ڕاستەوخۆ لە قەوارەی هەرێم. ئەمەریکا تا ساڵی ٢٠٢٦ یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە هەبوو بۆ ڕاهێنان و ناردنی هاوکاری ماددی و لۆجیستی پێشمەرگە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ و نوێ کرایەوە تا ساڵی ٢٠٢٦، بۆیە هەر ئەم مەتبەخە ئەمریکیە نایەوێ پێشمەرگە ئاوا جێبهێڵێت، ویستی وابوو ئەم ئەنتیگراسیۆنە بەتۆپزیی ڕووبدات پێش ئەوەی دەستێوەردانی هەرێمایەتی بێتەئاراو پێشمەرگە دابەشبێت لە سوپاوە بۆ میلیشیا، بەڵام گرنگە یەکگرتنەکە مۆدێلێکی تەواو فۆڕماتیک و زانستی و جەوهەری بێت و پێشمەرگە پاک بکاتەوە لەو دیدە ئایدۆلۆژیە بەرتەسک و لۆکەڵیەو وەک سوپای نیزامی بناسرێ تاوەکو نەکەوێتە بەردەم هەڵمەتەکانی هەڵوەشاندنەوەو هەڕەشەکانی هەمواری دەستووریی و تانەکانی دادگای فیدڕاڵی وەک چۆن ئێستا ئەم هەوڵانە لەپرۆسێسدایە لەکابینەکەی عەلی زەیدی، دژی فەسائیل و گروپ و میلیشیا شیعەکانی عێراق و نابێ چەک بمێنێ لەدەستی گروپی نانیزامی و نادەوڵەتیدا.

کورد لە تورکیا - باکور ئەنتیگراسیۆنی دیموکراسی بەتەرحی ئۆجەلان - باخچەلی بۆ چارەسەری دۆزی کورد خستۆتە واڕی جێبەجێکردن و ڕای گشتی، تەنانەت وەک پڕۆژەیاسا دەنگی لەسەردرا لەپەڕلەمانی تورکیاو پەکەکەیان هەڵوەشاندەوە وەک ڕێکخراوێکی چەکداریی لە ١٢-٥-٢٠٢٥ ئەوەش دەرەنجامی کۆنگرەی کەجەکە بوو، دواتر بە چەند قۆناغێک گەریلاکان لە ناوچە هەستیارەکانی زاب و هەفتانین و گارا کشانەوەو دیداری ئاپۆ و سەرکردایەتی پەکەکە بەسترا لە ئیمرالی لە شوباتی ٢٠٢٦، گەیشتە ئەو دۆخەی لەپەڕلەمانی تورکیا لەدوای ١٢ کاتژمێر گفتوگۆ دەربارەی یاسای چوارچێوە دەرچوو، بەکۆی ٤٦٠ دەنگ یاساکە پەسەندکرا بەدڵی تورکیا بۆ ئاشتی تەنها ٨٨ دەنگی دژی لەسەرهات. گۆڕانێک هەیە دەبێ کورد هۆشیاربێ و بەئاگابێ تیایدا یان چەکی نیزامی و دەوڵەتیانەت پێ بێ یان دەبێ بێچەک بژیت لەناو کۆمەڵگەی دیموکراسی و خەباتی ناتوندوتیژیدا ئەوەی ئۆجەلان بەسەدەی کۆمارو سۆسیۆلۆژیای مۆدێرنێتەی دیموکراسی ناوی دەبات. لەگەڵ ئەوەی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەی دیموکراتی، هێشتا زەماناتی ناوخۆیی و دەستەبەریی ئازادیەکان و دیموکراسیەتی ڕەهای نیەو مافی هیوا وەک تورکەکان دەڵێن Umut Hakki فەراهەم نیەو دۆزی کورد لەبەردەم هەڕەشەدایە. ئیدی کورد لە باکور و ڕۆژاڤاو ڕۆژهەڵات بەو دۆخەدا دەڕوات، نازانرێ باشە یان خراپ، ئەزمونێکی نوێیە، لەباشور کورد دەبێت هێزو نیزامێکی سەربازیی نیمچە یەکگرتووی هەبێ و چاو نەبڕێتە نەعلی حوسیەکان و ئەو نەشئەی سەرکەوتنە کاتیەو لەو فەوزەویەتە بێتەدەرەوە کەخەریک بوو بەرەو بلۆکی مافیایی دەچوو، نابێ چەک لەدەستی حیزب و گروپەکانی پەتڕۆڵدا بێ بۆ بەرژەوەندی حیزبی، ڕەنگە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو ئەم ئەنتیگراسیۆنەی ڕۆژی ٢١-٩-٢٠٢٨ قوڵاییەکی ئەمریکی هەبێ گەرچی ئیرادەی کورد خۆیەتی بۆ دۆخە پێشبینیکراوە لەناکاوەکان، تا دوور بخرێتەوە لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی، دەیانەوێ پێشمەرگە لەو سیاقە مێژوویی و شۆڕشگێڕیەدا حسابی بۆبکرێ و لەچنگی بەرژەوەندی ناوچەیی و حیزبی و تاکڕەوی ڕزگاری بێت ئەگەرنا تێپەڕاندنی ئەو دۆخە بۆ کورد سەخت دەبێ هەم لەگەڵ مۆدێلە تازەکەی بەغدادو هەم لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی ئەنکەرەو تاران و دیمەشق. مێژووی ئەم بزوتنەوە چەکداریانەش بەهۆی ئەوەی دەوڵەتیان نەبوە هەمیشە چارەنوسەکەی وابوە، لەبزوتنەوەی حەماسەوە تا بزوتنەوەی ئاپۆیزم و هەسەدەو حوسی و حیزبوڵا، لە سوپای رزگاری کۆسۆڤۆ کە لە ساڵی ١٩٩٩ لەسەر خواستی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی هەڵوەشاندەوە، تا سوپای رزگاریخوازی ئیرلاندا کە بۆ یەکگرتنەوەی خاکی ئیرلەندا دژی بریتانیا خەباتیان کردو دەجەنگان کەلە ٢٠٠٥ خۆی هەڵوەشاندەوەو نەمان، بزوتنەوەی پڵینگەکانی تامیل لە وڵاتی سریلانکا لەساڵی ٢٠٠٩ دوای دەیان هەزاران قوربانی و خوێنڕشتن تراژیدیانە کۆتاییان هات، سوپایەکی بەهێزی چەپگەرای مارکسی شۆڕشگێڕی کۆڵۆمبی بەناوی فاڕك وەک رێکخراوێکی لەساڵی ٢٠١٦ رێککەوتنی ئاشتیان واژۆ کردو بەتەواوی چەکیان دانا و وەک حیزبێکی سیاسی مەدەنی خۆی ناساند «بۆیە پێشمەرگەو چەکی پێشمەرگە بەیاسایی بکەن و دەستەبەری مافەکانیان بۆبکەن و لەدەستی حیزب دەری بهێنن و شۆی ئیعلامییان پێ مەکەن لەستۆدیۆکان بۆ لایک و ڤیوی بێماناو لەبری ئەوە دەستوریزەی ماف و ئازادی و داهاتوویان بۆ بکەن لەچوارچێوەی دەوڵەتدا».

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی