ووتراوە: "جەنگ
سیاسەتە کاتێک وشەکان شکست دێنن، ئابووریـیە کاتێک بەرژەوەندیـیەکان بەریەک
دەکەون، و کارەساتە کاتێک بێتاوانەکان باجەکەی دەدەن".
جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل
بۆ سەر ئێران، وەک درێژەپێدەری ئەو هێرشە تێرۆریستییە دێت کە بزووتنەوەی حەماس لە
٧ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامی دا، بە پاڵپشتی و
پشتگیری و هاندانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و دەستوپێوەندەکانی لە ناوچەکەدا، ئەوەشی
بە دوایدا هات لە تاوانەکانی پاکتاوکردنی دانیشتوانی کەرتی غەزە لەلایەن حکومەتی
فاشیستی ڕاستڕەو لە ئیسرائیل و هێنانی هەموو ئەم تراژیدیایە بۆ سەر
فەلەستینییەکان، پاشان جەنگی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە بە
نۆرەی خۆی بارودۆخێکی سیاسی و سەربازیی نوێی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێنایە
کایەوە بە شێوەیەک دەکرێت بخرێتە چوارچێوەی ئەوەی کە هەندێک پێی دەڵێن
"ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ".
دیارە لێکەوتەکانی ئەم
شەڕە چەند ڕەهەندێکی گرنگ لە خۆی دەگرێ لەپێشیانەوە ڕەهەندە ئابووریـیەکان،
کۆمەڵایەتیـیەکان و ئەمجا سیاسیـیەکان. ئەگەر بەکورتی بەلایەنە ئابوورییەکەیدا
بچین دەبینین کە کاریگەری ئەم شەڕە نەک تەنیا کەوتۆتە سەر وڵاتانی ناوچەکە، بگرە
سەر تەواوی ئابووری لە جیهاندا و نرخی کاڵاو شمەکی تا ڕادەیەکی بەرچاو بەرز
کردۆتەوە، ئەویش بەهۆی بەستنی گەروی هۆرمزەوە لەلایەن ئێران و کەمکردنەوەی
هەناردەی وزە لەسەر ئاستی جیهان. لەباری کۆمەڵایەتیشەوە، جگە لە بارگرانیـیەکی بێ
وێنە بۆسەر خەڵکی ئێران بەتایبەتی، هەڕەشەی لە گرێژەنە چونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان،
ئەوە جیا لە سەرکوت و زیندان و سێدارە. ئەم شەڕە کاریگەری، تا ئەندازەیەک، بەرچاوی
لەسەر دانیشتوانی ناوچەکەش دروست کردوە بەجۆرێک کە خەڵکی لە دڵەڕاوکێیەکی
بەردەوامدا ڕاگرتووە.
ڕەهەنەدە سیاسیـیەکانیش
کە کرۆکی ئەم باسەن، ڕوون و ئاشکرا دیارن، یەکێک لەوانە سەرەتای پرۆسەی بەرەو ئاوابوونی
ڕۆڵی میلیشیاکان لە دەستوەردان لە سیاستەکانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا، واتە ئەوەی بە
زمانی سیاسی پێی دەوترێت "دەوڵەتی قووڵ"؛ وەک حەماس لە غەززە، حزبوڵڵا
لە لبنان، میلیشیا شیعییەکان لە عێراق، هەروەها ڕەوەندی بەرەوئاوا بوونی ڕۆڵی،
بزوتنەوە چەکدارەکان، ئەوەی پێی دەوترێ "خەباتی چەکداری" وەک (پەکەکە لە
تورکیا، هەسەدە لە سوریا..).
ئەوەی زۆر زەق و
ئاشکرایە لەم ڕەهەندە سیاسییە فەشەلی ڕۆڵی ئەمریکایە لە پاراستنی ئەمنیەتی
هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، واتە چەتری پارێزگاری ئەمریکا، بەتایبەت بۆ وڵاتانی
کەنداو نەیتوانی چەترێکی جێگای متمانەی تەواو بێ. ئامانجی ئێمە لەم نوسینە، تیشکخستنە سەر
دەرئەنجام و ئاسۆی ڕەهەندە سیاسییەکانی ئەو شەڕەیە، کە یەکێک لە دیارترینیان
دامەزراندنی هاوپەیمانی سەربازیی سێقۆڵیی ئاماژەپێکراوە.
لە ٧ی ئابی ٢٠٢٦،
سعودیە، تورکیا و پاکستان هاوپەمانەتییەکی سەربازیان واژۆ کرد بە ناوی "ڕێککەوتنامەی
مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" کە چوارچێوەیەکی بەرگریی سێقۆڵیـیە و جەخت لەوە
دەکاتەوە کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەم سێ دەوڵەتە بە هێرش بۆ سەر
دەوڵەتەکانی تر ئەژمار دەکرێت، ئەمەش سیفەتێک دەبەخشێتە ئەم هاوپەیمانیـیە کە لە
ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی "ناتۆ" دەچێت.
ئەوەی سەرەتا بە مێشکدا
دێت ئەم پرسیارەی خوارەوەیە: هۆکارەکانی دامەزراندنی ئەم هاوپەیمانیـیە چیین؟ و چیـیە
ئەوەی هەر یەکێک لەم سێ دەوڵەتە هەوڵی بۆ دەدات لە پشتی چوونە ناو ئەم
هاوپەیمانییە و ڕۆڵی هر یەکێکیان چیـیە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم
پرسیارە، دەبێت سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ ڕاستییەک کە جەنگی ئێستا سەلماندویەتی، ئەویش
شکستی سەربازی و سیاسی ئەمریکا لە دەست گەیشتن بەو ئامانجەی شانبەشانی ئیسرائیل و
حکومەتە ڕاستڕەوەکەی نەخشەیان بۆ کێشابوو، نیشانەکانی ئەم شکستە لە سەرەتای
جەنگەکەوە دەرکەوتن کاتێک ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە تێکشکان و خاپوور کردنی
بەرنامە ئۆتۆمیـیەکەی ئێران، گۆڕا بۆ ئامانجێک، کە ڕەنگە ئەوەندە لە بەرچاو
نەگیرابێت، ئەویش داخستنی گەرووی هورمزە لە لایەن ئێرانەوە کە بووەتە گرێ کوێرەیەک
بۆ تڕامپ و هاوپەیمانەکانی، هەروەها کردنەوەی گەروەکەش بووەتە یەکێک لە پێشینەی
ئامانجەکانی ئەم جەنگە و هەر ئەوەشە کە بۆ ئێران بۆتە کلیلی سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر
ئەمریکادا بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە. ئەم جۆرە لە شکست، بێگومان بۆ ئەمریکا، دەشکێتەوە
بەسەر تەرازوی ململانێی لەگەڵ ڕکەبەرە نێودەوڵەتییەکانیشی لە ناوچەکە وەک چین و
روسیا.
بێگومان، زەرەرمەندی
سەرەکی لەم تەنگژەیەدا، جگە لە جەماوەری ماندو وە برسیکراو سەركوتکراوی ئێران بە تایبەتی و جەماوەری ناوچەکە بە گشتی،
وڵاتانی کەنداون، ئەوان سەرچاوەی سەرەکی ئەو دەرامەدە زەبەلاحەی هەیانە لە ڕێی هەناردەی
ئەو نەوت و گازەیە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئابوورییانە، ئەویش کەوتووەتە ژێر پەلاماری
ئێران و تێپەڕبوونی بە گەروی هۆرمز بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندیی و ئۆکەی ئەو،
سەرەڕای ئەوەش ئەم وڵاتانە بوونەتە ئامانجێکی سەربازیی "نەرم" بۆ ئێران کە
هەرکاتێک بیەوێ هێرشیان دەکاتە سەر، بە بیانوی بوونی بنکەی سەربازیی گەورەی
ئەمریکی لەسەر خاکەکەیان.
دەربارەی ئیسرائیلیش،
هاوپەیمانی جێکەوتوی ئەمریکا، کە دەستی واڵا بۆتەوە، لە ڕووی سەربازییەوە، لە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەر کاتێک بیەوێت پەلامار دەدا و هێرش دەکاتە سەر بەشێک لە
دراوسێکانی (غەزە، لوبنان، سوریا) و
خاکەکانیان داگیر دەکا بەبێ هیچ ڕێگرێەک، بەمەش ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە
بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە دەکات بە گشتی.
لە دوای ئەم
گۆڕانکارییانە، کە بە گۆڕانکاریی ستراتیجی هەژمار دەکرێن، پێویستیی دروستبوونی ئەم
هاوپەیمانییە دەرکەوت، ئەگەرچی وەک دەزگا ئیعلامییەکانی ئەو سێ دەوڵەتە باسی دەکەن
گوایە ئەم هاوپەیمانییە ئەنجامی نزیکەی دوو ساڵ لە دانوستان بووە و ئامانجی، بەپێی
ئیدعای لایەنەکانی، بریتییە لە "بونیادنانی سیستەمێکی ئاسایشی هەرێمیی
سەربەخۆ کە هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییەکانی هەرسێ دەوڵەتەکەدا بپارێزێت".
هەروەها وەک پاشەکشەی متمانە بە ئەمریکا لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لە چنگ ئێران و
دواتر ئیسرائیل ئەمەش وای لەو سێ دەوڵەتە کردووە کە بە دوای ڕێکارە بەرگرییە
سەربەخۆکاندا بگەڕێن.
"ڕێککەوتنامەی
مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" وەک سێ دەوڵەتەکە ئاماژەی پێدەدەن، سەرلەنوێ
دارشتنەوەی هاوسەنگیی هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بە تێکەڵکردنی تەکنەلۆجیا
و پێشەسازیی سەربازیی پێشکەوتووی تورکی لەگەڵ پاڵپشتیی دارایی سعودیە و توانای
سەربازیی و ئۆتۆمی پاکستانی، ئەمەش هاوکێشەیەکی هێزی نوێ دەسەپێنێت کە ئامانجی
شکاندنی قۆرخکاریی سەربازیی ئیسرائیلە لەلایەک و سنوردانانێکە بۆ ئەجیندا و خەونەکانی
جمهوری ئیسلامی لە ناوچەکەدا لە لایەکی ترەوە، ئەم ڕێککەوتنە هەڵبژاردنێکی ئاسایشی
سەربەخۆ بە سعودیە دەبەخشێت کە پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل و چوونە ناو
ڕێککەوتنەکانی ئابراهام کەم دەکاتەوە بەو شێوەیەی کە تڕەمپ هەوڵی بۆ دەدا.
هێزی ئەتۆمیی پاکستان
دەبێتە بەربەستێک بۆ هەر لایەنێک کە بەنیازی بەزاندنی "هێڵە سوورەکان"
بێت لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی هاوپەیمانی، ڕەنگە ئەم چەکە، لەلایەکی ترەوە، بشبێتە
هۆی سەقامگیری سیاسی و سەربازی! لە بەرامبەردا، پاکستان سوودمەند دەبێت لەو
سەرمایە زۆرەی سعودیە بۆ ڕێگری لە داڕمانی ئابوورییە بێتواناکەی، سەرەڕای
هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ستراتیجی
لە ململانێ مێژووییەکەیدا لەگەڵ هیندستان.
سەبارەت بە تورکیا، کە
وڵاتێکە لە پەیمانی ناتۆ و بەهێزترین سوپای ناوچەکەی هەیە، بەردەوام
بەرژەوەندییەکانی بە هەڕەشە لێکراو دەبینێت لەلایەن ئیسرائیلی هاوپەیمانی
ئەمریکاوە، ئەویش بەهۆی سیاستەکانی حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر سوریا کە بە
گرنگترین هاوپەیمانی تورکیا لە ناوچەکەدا دادەنرێت (دوایین هێرشی سەربازییان بۆ
سەر فڕۆکەخانەی "أبو الضهور" لە ئیدلیبی ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر سنووری
تورکیا بوو). لەبەر ئەوە، تورکیا پێویستی بە هێزی ئەم هاوپەیمانییە هەیە بۆ
پاراستنی هاوسەنگیی ستراتیجی، سیاسی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل. لە لایەکی ترەوە،
دوو هاوبەشەکەی تر، بە تایبەتی سعودیە، دەبێتە بازاڕێکی بەرچاو بۆ کڕینی
پێشەسازییە سەربازییە پێشکەوتووەکانی تورکیا.
سەبارەت بە سعودیەش، کە
متمانەی بە ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیجی، بەتایبەتی لەبەرامبەر ئێراندا، بە
جۆرێک لە جۆرەکان، لەق بووە، دەیەوێت ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت بەدوور لە
گۆڕانکارییەکانی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان. لەبەر ئەوە، لە ڕێگەی ئەم
هاوپەیمانییەوە هەوڵ دەدات پەیامێک ئاڕاستەی هەر لایەنێک بکات کە مەبەستی بێت
زیانی پێ بگەەیەنێت و بڵێت: "ئێمە خاوەنی چەتری ئەتۆمی و هێزێکی سەربازیی
گەورە و ئایدۆلۆجیایەکی ئایینین کە لەگەڵ دوو هاوپەیمانەکەی تردا کۆمان دەکاتەوە،
و بەمەش هەوڵ دەدەین تەنیا پشت نەبەستین بە چەتری ئەمریکی".
بێشک پەلاماری ئەم
دواییەی حوسیەکانی یەمەن بۆ سەر سعودیە ، تا ئەمڕۆش، بەو پەلامارە هەژمار ناکرێ کە
پێویستی دەخالەتی ڕاستەوخۆی تورکیا و پاکستان بکا بۆ بەرگری لە سعودیە، بەتایبەت
کە ئەمریکا خۆپارێزی نیشاندا لەبەرامبەر هێرش بۆ سەر حوسیەکان، جگە لەوەش حوسیەکان
ناتوانن مەترسی وجودی بن بۆ سەر سعودیە.
پرسیارێکی تر کە لێرەدا
خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: ئەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ئەم کێشمەکێشەدا
چیان بەسەر دێت و چی چاوەڕێیان دەکات لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانەدا؟
ئاشکرایە عێراق وە
هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ بێ، لە دوای داگیرکاریی ئەمریکا و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە
ساڵی ٢٠٠٣ەوە، بڕیاری سیاسیی سەربەخۆیان لەدەستداوە و لە کەشتییەک دەچن کە
شەپۆلەکان یارییان پێ دەکەن؛ چونکە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەستی واڵایان
هەیە لە داڕشتن و پیادەکردنی سیاسەتەکانیان. ئەم جەنگەش بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردوە،
بە شێوەیەک کە سیاسەتی "بەدەستەوە گرتنی دارەکە لە ناوەڕاستەوە" بووە بە
یەکێک لە ناکارامەترین و فاشیلترین سیاسەت.
لەو کاتەی عەلی زەیدی، ئەو
ملیۆنێرە تازەپێگەیشتووەی لە ناو ژینگەیەکی سیاسی تائیفی و قەومی و ژینگەیەکی
ئابووری گەندەڵی، مەحسوبییەت و بەرتیلخۆریدا هەڵتۆقیوە و بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ڕۆژئاوا
هاتۆتە سەر دەسەڵات، وەک کۆپییەکی تەواوی حکومەتەکانی پێشوو لە ڕووی سیاسی و
ئابوورییەوە، هەژمار دەکرێ، ئەویش بە پابەندبوونی بە "پەڕەی سپی"ی
نیولیبرالییەوە، واتە سەپاندنی ژیانێکی کولەمەرگی و خنکێنەر بە سەر کرێکاران و
زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەدا و واڵا کردنی دەستی کەرتی تایبەت بۆ چنینەوەی سود و قازانچی
بەربڵاو.
لە دەستپێکی کارەکانی
ئەم دەسەڵاتەدا چووە ناو جۆرێک لە ململانێی نوێوە؛ لادان بەرەو ئەمریکا و هەوڵدان
بۆ دوورکەوتنەوە لە هەژموونی ئێران، ئەویش لە سیاسەتی (کۆکردنەوەی چەک لە دەستی
دەوڵەت)دا ڕەنگی دایەوە، ئەمەش کەشوهەوایەکی ئاڵۆزی لە نێوان بڕیار بەدەستەکان لە وڵاتدا
دروست کرد (چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی) کە زۆربەی لایەنەکانی خاوەنی میلیشیای
چەکدارن و ئەم سیاسەتەش دەچێتە خانەی چەککردن و تێکەڵبوونیان لەگەڵ هێزە سەربازییە
فەرمییەکانی دەوڵەتدا. پرۆسەی ئەم چەکداماڵینە ناکرێ وەک کارێکی ئاسایی سەیر بکرێ
بەڵکۆ قۆرت و پێچی زۆری لەبەر دەمە، هەر ئێستا دەنگۆی (شاردنەوەی چەکەکانیان نەک
ڕادەستکردن) وەک بژاردەیەک هاتۆتە ئاراوە، ئەمەش دەبێتە ئۆلگۆیەک بۆ
دەرکەوتنەوەیان لە فۆرم و شکڵێکیتردا. دەکرێ ئەم حاڵەتە لە هاوکێشەیەکی کورتدا
کۆبکەینەوە ئەویش وەک ئەوەی(حەیدەر عەبادی) بەئاشکرا دانی پێدا نا: عێڕاقی ئەمڕۆ بەمانای
دەوڵەتی میلیشیا، نەمانی میلیشیا واتە نەمانی ئەم دەوڵەتە!!
ئەم بارودۆخە کاریگەریی
نەرێنی لەسەر سیاسەتێکی تری دەوڵەت دروست کرد کە بریتی بوو لە
"ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی"؛ سیاسەتێک بە ڕاوی ماسیـیە بچکۆلەکانی
گەندەڵیی دەستی پێ کرد دوور لە حوتە زەبەلاحەکان. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەم
حکومەتە ئەو دارعەسایە سیحرییەی پێ نییە کە وڵات بەرەو سەربەخۆیی لە بڕیارداندا
ببات، ئێستا عێڕاق لە نێوان هەردووک بەرداشی ئێران – ئەمریکا تلاوتلیەتی، سەرەڕای
ئەوەش لە گەڵ ئەو قەیرانە داراییە
خنکێنەرەدا دەست و پەنجە نەرم دەکا کە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوە دروست بوە
سەرباری گەندەڵیی بێوێنە کە دەمێکە بەرۆکی
عێراقی گرتووە.
سیاسەتی عێراق، بەپێی
ئیدعای بەرپرسان، لە: "بێلایەنی، هاوسەنگی و دیپلۆماسی، لەگەڵ پێدانی ئەولەویەت
بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی، سەروەری و سەقامگیری"دا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش
بۆخۆی هیچ نییە جگە لە دروشمێک کە حکومەتەکانی پێشوو بەرزیان کردبۆوە و
ئەنجامەکەشی دەرکەوت؛ لەبەر ئەوە، ئومێد بەستن و هەڵچنینی هیوایەک بەم سیاسەتانە
بازێکە لە بۆشاییدا.
کوردستانیش، وەک بەشێکی
دانەبڕاوی عێڕاق کە هەمان ئەو بارودۆخە دەیگرێتەوە، لەباری سیاسیـیەوە، لەلایەک
دەست و پەنجە لەگەڵ ململانێ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار نەرم دەکا و پاشاگەردانیـیەکی
ئابووریش کە باجەکەی بۆتە بارگرانیـیەکی قورس بەسەر شانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش
و کەمدەرامەدی کۆمەڵگا، ئەمە و سەرباری سەرکوتی سیاسی و خەفەکردنی دەنگی ئازاد. لەلایەکی
ترەوە ئۆپۆزۆسیونی پرۆ دەسەڵاتیش لە کوردستان جگە لە هاشوهوش و بۆڵە بۆڵ بەمەبستی
بەدەستەوە گرتنی چەمکێکی دەسەڵات ناکرێ و ناتوانێ شتێکی تری لێ چاوەڕوان بکرێ.
حزب و ڕێکخراوە
چەپەکانیش بەتایبەت، باڵە پرۆ ناسیۆنالیستەکەی چەپ، کە ئۆلگۆی کوردستانی سوریای
وەک ئامانجێک بەدەستەوە گرتبوو بانگەشەی بۆ دەکرد، ئێستا و دوای جوڵە لۆژیکییەکەی
(هەسەدە) لە چوونە ژێر عەبای ئیسلامییەکان، بۆیە دەڵێین لۆژیکی چونکە ئەو، واتە
(هەسەدە)، وەک حزبێکی چینی بۆرژوازی، قازانجی چینەکەی لەم ڕێڕەوەدا بەدیکرد بۆیە ملی لێنا، ئەمەش ناکرێ
وەک شکست هەژمار بکرێ، تاکە شکستێک کە لەمنێوەدا هەبێ ئەوە وەهم و خۆشخەیاڵی چەپی
پرۆ (هەسەدە)یە.
ئەم گێژاوەی ئەمڕۆ عێراق
و کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێ، هیچ ڕێگەیەک بۆ تێپەڕاندنی نییە جگە لە ڕێکخستنی
ڕیزەکانی کرێکاران، زەحمەتکێشان، بێکاران لە گەنجانی کوڕ و کچ، و سەرجەم توێژە
چەوساوەکان، ژنان و پیاوان، لە ڕیزێکی خەباتکارانەی سەربەخۆی یەکگرتوودا و
جیاکردنەوەیان لە ڕیزەکانی پێکهاتەی چینی دەسەڵاتداری باڵادەست (واتە بۆرژوازی)،
بەرەو هەڵچونێکی شۆڕشگێڕانە کە دەسەڵات و مافەکان بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی
بگەڕێنێتەوە و ئازادی و ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم کۆمەڵگا دابین بکات لە ژێر ئاڵا
و ئاسۆی سۆشیالیزمدا بەدوور لە هەر ئاسۆیەکی نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی،
ڕەگەزپەرستانە و جێندەری.
٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی