کامەیان بەهێزترە... سعودیە یان ئێران؟

48 خولەک پێش ئێستا

عەبدولڕەحمان ڕاشد


لە گەرمەى ئەم شەڕەى ئێستادا زۆرجار ئەو پرسیارە دەکرێت کە بۆچی ئێران، کە وڵاتێکی کەم‌سامانترە و لە ژێر گەمارۆدایە، بەتواناترە لە شەڕکردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعودیە؟ ئایا لە پشت ئەمەدا شتێکی تر هەیە؟
ئەم ئەنجامەی کە ئێران نموونەی سەرکەوتوویی یان باڵادەستییە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە ساڵانێکی زۆرە بەهۆی ئەو سەرکەوتنانەی کە لە بواری سەربازیدا بەدەستی هێناوە، باسیلێوەدەکرێت؛ بە تایبەتی لە بەرامبەر زیاتر لە نیوەی وڵاتانی ناوچەکە، نەوەک تەنها ئیسرائیل.
بەشێک لەم بۆچوونە ڕاستە؛ چونکە ئێران هێزێکی ناوچەیی مەترسیدارە. لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، گەیشتنی نفووزی ئێران و میلیشیاکانی بۆ سنووری دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، و هەژموونی لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن، پیشانی داوە کە ئێران لە ڕووی هێزی هێرشبەری ناوچەییەوە، بە شێوەیەکی مێژوویی لە نفووزی میسر لە سەردەمی ناصر و عێراقی سەددامی بەعسی بەهێزتر بووە.
سعودیە و ئێران هەردووکیان وڵاتی گەورەی نەوتین، بەڵام هەردووکیان ڕێگای جیاوازیان بۆ دروستکردنی هێز هەڵبژاردووە. هەر وڵاتێک تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ سەرکەوتن هەیە. سعودیە بە شێوەیەکی سەرەکی وەبەرهێنان لە هێزی ئابووری و دامەزراوەی دەوڵەت دەکات، لە کاتێکدا ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی وەبەرهێنان لە هێزی چەک و نفووز لە دەرەوەی سنوورەکانی دەکات.
سعودیە پێی وایە سەرچاوەی هێز، ئابوورییەکی بەهێز، ژێرخانێکی پێشکەوتوو، شارە مۆدێرنەکان و وەبەرهێنانی جیهانییە. بەڵام لە ئێراندا، لێکدانەوەی سەرکەوتن و هێز زیاتر لە بواری سەربازیدا دەبینرێت؛ لە مووشەک و درۆنەوە بگرە تا بەرنامەی ناوکی، و هەروەها کۆکردنەوەی دەیان هەزار کەس لە ئەفغان و عێراقی و لوبنانی و یەمەنی وەک هێزێکی گەورەی شەڕکەر، کە ئێران ڕاهێنانیان پێدەکات، داراییان بۆدابین دەکات و ئاراستەیان دەکات بۆ خزمەتکردن بە ستراتیژییەکەی و شەڕکردن لە پێناوی پڕۆژەی فراوانبوونی خۆی.
لە کاتێکدا سعودیە یەمەنییەکان لە خاکی خۆیدا پەنا دەدات و پشتگیرییان دەکات لە ڕوو ئابووری و بژێوییەوە، ئێران دەیان هەزار کەس لە هەژارانی یەمەن کۆدەکاتەوە و بەکاریان دەهێنێت بۆ شەڕکردن لە بری خۆی، هەمان شتیشى لەگەڵ زەینەبییون و فاطمییون و حیزبوڵڵا و عەسائبى ئەهلی حەق و میلیشیاکانی تری ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی لە ئەفریقا کردووە. ئەوانی بۆ مەبەستی سەربازی کۆکردووەتەوە و لە بارودۆخی مرۆیی و نائاسایی ژیانیان کەڵکی وەرگرتووە.
لە بەرامبەردا، سعودیە زیاتر لە دە ملیۆن کەسی لەم وڵاتانەی لەخۆ گرتووە، بۆ ئەوەی بتوانن بۆ خێزانەکانیان پارە بنێرنەوە، داهاتیان باشتر بکەن و بەشداری لە پەرەپێدانی وڵاتەکانیان بکەن.
هەروەک سعودیە تۆڕی گەورەی شەمەندەفەر و مێترۆ لە نێوان ناوچە و شارەکانی خۆیدا دروست دەکات، ئێران زەوی هەڵدەکەنێ و شاخەکان دەبڕێت بۆ دروستکردن تونێل و هەڵگرتنی ئەو چەکەکانی کە ئاراستەی ناوچەکە دەکرێن.
کاتێک سعودیە بەرهەمەکانی خۆی بە شانازییەوە نمایش دەدات، وەک لە نوێترین نموونەکاندا هەفتەی ڕابردوو ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی سیرـ ی خستە ڕوو، ئێران بە شانازییەوە بە تازەیی کەشتی سەربازیی درۆن هەڵگر نمایش دەکات بە ناوی شەهید باقری  کە پێشتر کەشتییەکی بازرگانی بووە و کراوە بە بنکەیەک بۆ گواستنەوە و بەکارهێنانی درۆنەکان بۆ شەڕ.
سعودیە هێزێکی ئابووریی گەورەیە، لە کاتێکدا ئێران هێزێکی گەورەی هێرشبەرە. ئەمە بە هیچ شێوەیەک لەهێزی بەرگریی سعودیە کەم ناکاتەوە؛ چونکە سعودیە لە هێزی ئاسمانی و فڕۆکە جەنگییەکاندا توانای بەرچاوی هەیە، بەڵام ئەم توانایە نەگۆڕدراوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی هێرشبەرانە.
پڕۆژە دەرەکییەکانی سعودیە زیاتر ئابووریین، لە کاتێکدا پڕۆژەکانی ئێران سەربازین. ئێران لە ماوەی چوار دەیەدا ملیارەها دۆلاری بۆ حیزبوڵڵای لوبنان خەرج کردووە، لە کاتێکدا دانیشتووانی خۆی بەدەست هەژاریی و دابەزینی بەهای دراوەکەیانەوە دەناڵێنن؛ دراوەکەیان لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستی دوو ملیۆن ڕیاڵ بۆ هەر دۆلارێک.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، گفتوگۆ و کارکردن لە ڕیاز لەسەر ئەوە بووە کە چۆن ئابووریی خۆیان بۆ دوای قۆناغی نەوت بگوازنەوە و پلانی جێگرەوە بۆی دابنێن.
بێگومان هەنگاوەکانی سعودیە کە لەدوای ساڵی ٢٠١٥ دەستیپێکردووە، ئەو شتانەن کە ئەمڕۆ لە بەرامبەر دابەزینی داهاتە نەوتییەکانی بەهۆی جەنگەوە یارمەتیی دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەکە.
بەڵام لە ئێراندا پرسیار و بیرکردنەوە هەمان ئەو شتەن کە لە دەیەی نەوەتەکانەوە هەبوون: چۆن هێزێکی گەورەتر دروست بکەین و نفووزمان لە ناوچەکە فراوانتر بکەین و بەرەو دەرەوەی سنوورەکانمان بڕۆین، و هەموو تواناکانی وڵات بۆ جەنگ بەکاربهێنین؟
ڕاستییەکە ئەوەیە کە مۆدێلی ئێرانی شتێکی نوێ بۆ ناوچەکە پێ نییە. هەمان ئەو نەریتەیە کە سەددام دەستی پێکرد و ڕژێمی تارانی هاندا کە پڕۆژەی سەربازی بکاتە بنەمای کارەکەی و هەموو تواناکانی دەوڵەت بخاتە خزمەتکردنی ئەو پڕۆژەیە، نەک بە پێچەوانەوە.
سەددام توانی توانای مووشەکی و سوپایەکی نزیکەی یەک ملیۆن کەسی دروست بکات، بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەگەڵ ئێران شەڕ بکات، هەڕەشە لە سوریا بکات، کوێت داگیر بکات و هەڕەشە لە سعودیە بکات؛ بەڵام دوای داگیرکردنی کوێت، کۆتایی بە ڕژێمەکەی هات و تێکشکا.
خودی سعودیەش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین خەرجی بۆ بەرگری دەکات؛ بەڵام ئەم خەرجییە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەتر بۆ دەوڵەت، کە ئامانجی پاراستنی ئابووری و دامەزراوەکان و شارەکانە، نەک فراوانبوون و داگیرکارى.
لەوانەیە خەرجی سەربازیی ڕاگەیەنراوی ئێران زۆر کەمتر بێت لە سعودیە، بەڵام بەراوردکردنی تەنها ژمارەکان دەتوانێت گومڕاکەر بێت؛ بەهۆی نزمبوونی تێچووی بەرهەمهێنان و مووچەکان لە ئێران، و فرەبوونی کەناڵەکانی دابینکردنی پارە بۆ سوپای پاسداران، و دابینکردنی دارایی بۆ هاوپەیمان و گرووپە چەکدارەکان، و هەروەها نەبوونی شەفافییەتی تەواو لە بودجەدا.
ئێران بەشێکی زۆر لە داهاتەکانی بۆ ئامێری جەنگ خەرج دەکات و کەرتەکانی تری وڵات دەخاتە دواوە . ڕاستییەکە لە جیاوازی بودجەی نێوان ئەو دوو دراوسێیەدا نییە، بەڵکو لە شێوازی خەرجکردنی سامانەکانە.
سامانەکانی سعودیە دەچن بۆ گەشتوگوزار، کانزا، وزە، پیشەسازی، تەکنەلۆژیا، وەرزش و گواستنەوەی ئاسمانی؛ لە کاتێکدا بەشێکی گەورەتر لە سامانەکانی ئێران دەچێت بۆ سوپای پاسداران، پڕۆژەی پیتاندنی ماددە ناوەکییەکان، مووشەک، درۆن و گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی.
زۆر قورس نییە بۆ زانینی ئەوەی کامەیان وەک دەوڵەت بەهێزترە، نەک وەک هێزێکی هێرشبەر. زۆربەی چالاکییەکانی سعودیە لە جۆری دروستکردنی کۆمپانیا و پڕۆژە نوێکانە؛ وەک فڕۆکەوانی ڕیاز، پڕۆژەکانی دەریای سوور، دەرعییە، قەدیە و عەلا، لەگەڵ فراوانکردنی کەرتی کانزا، وزەی نوێبووەوە و هایدرۆجین و پیشەسازییە تەکنەلۆژییەکان.
لە بەرامبەردا، ناوەندی خەرجکردنی ئێران تایبەتە بە پڕۆژەکانی وەک پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی، کە گەورەترین پڕۆژەیە کە پارەى بۆ خەرجکراوە لە مێژووی ئەو وڵاتە و لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا تێکدرا.
نابێت هەڵە بکەین لە ناسینەوەی مانای ڕاستەقینەی هێز و سەرکەوتنی ڕاستەقینە بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو. هەموو ئەو وڵاتانەی کە تەنها پڕۆژەیەکی سەربازی و هێرشبەریان هەڵبژاردووە، لە کۆتاییدا تووشی لاوازی یان وێرانبوون بوون. ئێران لە ئەمڕۆدا نموونەیەکی دیارە، و پێش ئەویش کوبا هەبوو. لە هەمان کاتدا کۆریای باکوور هەیە کە هێزێکی سەربازیی ترسناکە، بەڵام لە هەمان کاتدا یەکێکە لە هەژارترین و خراپترین وڵاتانی ناوچەکەی لە ڕووی بارى بژێوی و ئابوورییەوە.
بێگومان جەنگی ئێران و عێراق و یەمەن بۆ سعودیە هاندەرێکە بۆ ئەوەی گرنگییەکی زیاتر بە تواناکانی بەرگری بدات، ئەگەر ناوچەکە گۆڕانێکى لەناکاو بە بەخۆیەوە نەبینێت وکۆتایی بە ئاڵۆزی و جەنگەکان نەیەت.
لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە:  بۆچی سعودیە نایەوێت جەنگێکی گەورە لەگەڵ ئێران بەرپابکات؟من پێم وایە هۆکارەکە ڕوونە. ڕیاز بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆی لە ئاشتی و لێتێگەیشتن هەیە؛ چونکە سامانی ئابووری و ژێرخانێکی گەورەی دروست کردووە و نایەوێت ئەوەی دروستی کردووە بخاتە مەترسییەوە. بۆیە بەبێ ئەوەی ناچار بکرێت، ناچێتە ناو جەنگەوە.
بەڵام ئێران شتێکی کەمترى هەیە کە لە دەستی بدات؛ چونکە بەشێکی گرنگی سامان و تواناکانی لە بواری سەربازیدان و لە ژێر زەویدا هەڵگیراون.
بۆیە پرسیاری کامەیان بەهێزترە؟ تەنها بە بەراوردکردنی ژمارەی فڕۆکە و مووشەک و بودجە و سوپا و چەک وەڵام نادرێتەوە؛ چونکە هێزی دەوڵەت تەنها هێزی سەربازی نییە. هێزی ئابووری، ژێرخان، توانای بەرهەمهێنان، دیبلۆماسی، تەکنەلۆژیا، کۆمەڵگە، دامەزراوە و توانای بەردەوامبوونیش بەشێکن لە هێزی ڕاستەقینەی دەوڵەت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی