عەلی زەیدیی؛ لەچاکسازیی‌و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بۆ دەستبردن بۆ گیرفانی فەرمانبەران‌و هەژاران

53 خولەک پێش ئێستا

فەرمان سادق

بڕیارەکەی حکومەتی عێراق شکاندنی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار، لە وەختێکدایە حکومەتەکەی زەیدی وەک حکومەتەکانی پێش خۆی بە شۆیەکی میدیایی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستی پێکرد، بەڵام کاتێک گەیشت بە بڕیاری یەکلاکەرەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی لە ئیدارەدانی سامان و داهاتی گشتی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی داهاتی دەوڵەت، دەستی برد بۆ داشکاندنی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی دەوڵەت.

بەم بڕیارە؛ زەیدی بێ ئەوەی یەک خاڵی لەسەر پیتێک دانابێت، لەهەر ملیار دۆلارێک کە دەیگۆڕێتەوە بۆ دینار، ئەوا 200 ملیار دینار قازانج دەکات لە جیاوازی بەهای دۆلار لە (1300 دینار بۆ 1500 دینار)، بەڵام ئەمە چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو موسەکینێکە کە مەفعولەکەی هێندە کورتە ناگاتە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتووش!

ئەگەر بڕوانینە داهات و خەرجی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ، داهاتی حکومەت بە هەموو سێکتەرەکانییەوە ٣٩.١ ترلیۆن دینار بووە، بەڵام خەرجییەکەی 6504 ترلیۆن بووە، ئەمەش مانای کورتهێنان دێت بەڕێژەی 26.3٪. هەر لەم ماوەیەدا؛ مووچەی فەرمانبەران 3509 ترلیۆن بووە، بەڵام داهاتی نەوت تەنها 30.4 ترلیۆن بووە.

لەسەر ئەم دۆخە؛ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی  (International Monetary Fund)لە هەڵسەنگاندنێکدا بۆ دۆخی دارایی، دەوڵەتی عێراقی لەوە ئاگادار کردۆتەوەکە دەسکاری کردنی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار کێشەکە چارەسەر ناکات، چونکە لە بنەڕەتدا کێشەکە لەوێدا نییە، بەڵکو کێشەکە لە خەرجی گشتی، مووچە، مووچەی خانەنشینی، دامەزراندن، کەمی داهاتی نانەوتی، گەورەبوونی قەرز و لاوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لە ڕاپۆرتەیەکەیدا ڕوونی کردۆتەوە کە کێشەکە لە مۆدێکی دارایی دەوڵەتە، هەر لە کۆکردنەوەی داهات، تا دەگات بە خەرجییەکانی. بۆیە لاوازکردنی دینار چارەسەری کێشەکە ناکات.

ئەو هەڵەیەی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) لەدوای یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارە کردیان کە بە لیست خەڵکیان لەڕێگەی مەڵبەند و لقەکان دەنار بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ دامەزراندن، عێراقی حکومڕانی شیعە بە زۆر خراپترەوە کردی، مەبەستمە بڵێم عێراق وڵاتێکی هەژار نییە لەڕووی داهاتەوە، بەڵام گەندەڵی هێندە ڕۆچووە، ڕەنگە 50٪ـی داهاتی نانەوتی بگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت!

بۆیە قۆناغی داهاتوو؛ عێراق ناچارە خەرجییە زۆرەکانی کەم بکاتەوە، هەوڵدا بۆ کۆنتڕۆڵی گەندەڵی، چاکسازی دارایی و ئیداری ئەنجام بدات، ڕێچارەی زیادکردنی داهاتی نانەوتی بگرێتەبەر، چاکسازی لە سیستەمی گومرک و باج بکات و بەرەنگاری ئەو دزییە گەورەیە ببێتەوە کە لە دەروازەکان و سێکتەری نەوت دەکرێن، دامەزراندنی سیاسی کەم بکاتەوە، بەشێک لەسێکتەرەکان بداتە کەرتی تایبەت وەک کارەبا بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، وەبەرهێنان زیاتر بکات.

مانەوەی ئەم دۆخەو ئەنجامنەدانی ئەم خاڵانەی سەرەوە، دەوڵەت دەگەیەنێت بەدوو خاڵ؛ بەردەوام سزادانی خەڵک و فەرمانبەران لەڕێگەی دابەزاندنی بەهای دینار، دەوڵەمەندترکردنی گیرفانی گەندەڵکاران، دەرئەنجامیش بە کەوتنی دەوڵەت کۆتایی دێت!

 لە ئێستادا؛ زیانی گەورەی دابەزاندنی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار، دەکەوێتە سەر شانی فەرمانبەران و کاسبکاران، بۆ نمونە ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەی یەک ملیۆن دینار بێت، ئەوا بەهای ئەم ملیۆن دینارە بۆ کڕینی کاڵا لە بازاڕ تاوەکو 40٪ کەم دەبێتەوە.

کەمبوونەوەی یەکەم؛ کەمبوونەوە بەهۆی بڕیاری دەوڵەت کە بەهای دینار بەرانبەر دۆلار 200 دینار شکاوە، کەواتە ملیۆن دینارەکە یەکسان دەبێت بە 800 هەزار. کەمبوونەوەی دووەم؛ نرخی دۆلارە لە بازاڕ، هەمیشە نرخی بازاڕ بەراورد لەگەڵ نرخی فەرمیی دەوڵەت تاوەکو ڕێژەی 20٪ گرانترە، لێرەش جارێکی دیکە بەهای ملیۆن دینارەکە تاوەکو 200 هەزار دیناری دیکە کەم دەبێت، واتە ئەو فەرمانبەرەی مووچەکەی یەک ملیۆن دینار بوو، بێ ئەوەی یەک فلسی خەرجکردبێت، ئەوا بەم بڕیارە 400 هەزار دینار زیان دەکات!

ئەم زیانە بۆ چینی هەژار زۆر قورستر دەکەوێت لەسەریان، چونکە ئەوان سەرمایەیان بە دۆلار نییە، بەشی زۆری داهاتیان بۆ خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکان خەرج دەکەن، بۆیە کاتێک بەهای خواردن، دەرمان، کەلوپەل و شتەکانی دیکە گران دەبن، بارگرانی زۆر دەخەنە سەر ژیانی ئەوانیش. بۆ چینی ناوەڕاست؛ ڕەنگە گەورەترین زیانیان بەر بکەوێت، چونکە زۆرجار ئەوانەی لەم زۆنەن خاوەن مووچەن.

کەواتە کێ سوودمەندی ئەم بڕیارەیە؟
حکومەت؛ لە کورت مەودا، بەڵام لە درێژ مەودا، ڕەنگە ئەم بڕیارە سەری دەوڵەت بخوات و دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و، لەجێگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەوا گەندەڵی زیاتر ڕۆ بچێت و ببێت بە دیاردەیەکی ئاشکرا و چیتر خەڵک لەسەر گەندەڵی دەستگیر ناکرێن. سەرمایەداران؛ سوودمەندی دووەمن، ئەوان زۆرینەیان سەرمایەکەیان دۆلارە، کاتیك بەهای دۆلار وەها بەرز دەبێتەوە هەر لە جێگەی خۆیەوە لە هەر ملیۆن دۆلارێک نزیکەی ٢٠٠ بۆ 400 ملیۆن دینار قازانج دەکەن.

جگە لەوەی ئەوان جارێکی دیکە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی لە بانک وەردەگرن، کەلوپەلی هاوردەش بەنرخی بازاڕ دەفرۆشن کە جیاوازییەکە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار دینارە، وەک پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە.

بۆیە بەکورتی؛ ئەوەی ڕوودەدات شکستی سیستەمی دارایی و چاکسازییە، بۆیە تاکە دەرچوون لەم دۆخەدا تەنیا چاکسازییە لە سیستەمی دارایی و ئیدارەدانی دەوڵەت، ئینجا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی حوکمڕان، بەرژەوەندییان لەوە دایە چاکسازی بکەن؟ من دەڵێم نا. چونکە ئەوان خۆیان بەشێکن لە سیستەمە گەندەڵەکە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی